ژن لە ژیانی دیکتاتۆرەکاندا

ئایلانا بە ژنەکەی کارتر دەڵێت: ژنەکەی فستەق، نایەوێ دیارییەکم بۆ بنێرێت

 

نووسینی: دیان دوکریە
و. شێرزاد هەینی

 

پیاوێکی زیرەک و بەتوانا لەناو حکوومەتەکەی نیکۆلا بەناوی کۆرنیلیۆ مانیسکۆ، لە ساڵی١٩٦١ تا ساڵی ١٩٧٢ وەزیری کاروباری دەرەوە دەبێت، ژنێکی ناسک و نازداری هەبوو، بەیەکەوە لەگەڵ سەرۆک سەردانی تورکیا دەکەن، لەوێ سەرۆکی تورکیا وا دەزانێت ژنەکەی وەزیر، هاوسەری نیکۆلایە، بە دیدی ئەو ناکرێ ئایلانا بە هەیبەت و سیمای ژنی سەرکۆمار بێت، پێشوازییەکی گەرمی شیاو بە سەرۆکایەتی لەو ژنە دەکات، ئەمەش سەرۆک و ژنەکەی تووڕە دەکات، پاش چەند رۆژ لە گەڕانەوەی شاندەکە، یەکسەر فەرمان دەدەن، وەزیرەکە بگۆڕن!


ستیڤان ئەندرایی گەورە دبلۆماتی حکوومەت، هاوسەرگیریی لەگەڵ ئەکتەرێکی گەنجی جوان بەناوی ڤیولاتا کردبوو، جوانییەکەی مایەی ئێرەیی ئایلانا دەبێت، ناوی نابوو، بووکە شووشەکەی رەنگکراو، بە ئاکار و هەڵسوکەوتەکانی نیگەران و خەمبار دەبوو، بۆیە ژەنراڵ سیپا چاودێری دەخاتە سەر قسە و پەیوەندییەکانی ژنەکە، تا رۆژێکیان دەنگی تۆماری ژنە جوانەکە، لەگەڵ گەنج و قوتابییەک بۆ ئامادە دەکەن، ئایلانا بەو دڵی خۆش دەبێت و بە قاقاوە دەڵێت: هەی رووڕەش! حزب جوانترین کوڕ و پیاوی پێشکەش کردووە. ئەویش تەنوورەی بۆ خەڵکی تر بەرز دەکاتەوە، ئەگەر هات من دەزانم چۆن زمانە درێژەکەی دەبڕم. پاش ئەوە مێردی ژنەکە لە پۆستەکە لادەدەن و ئایلانا ژمێریارەکەی خۆی لە پۆستەکە دادەنێت.


نووسینگە نهێنییەکەی ئایلانا، بەردەوام و بە هەموو توانا و هێزێکەوە، بە زیرەکی و لێهاتوویی پاسیبا، جاسووسیی زۆری لەسەر پیاوە گەورەکانی ناو دەوڵەت دەکرد و شەرمەزاری زۆری لەناو رۆمانیا دەدۆزییەوە.


جۆرج پانا یەکێک بوو لە وەزیرەکان، چالاکوانێکی لادێی، زیرەک و بەتوانا بوو لە نووسینی شیعری پێداهەڵدان بە سەرۆک و ژنەکەی، رۆژێکیان هەڵەیەکی بچووک دەکات، بۆیە زۆر لە شانازییەکانی لێ وەردەگرنەوە، بەڵام ئەو زۆر پەرۆشی شیعرەکانی دەبێت و پێویستی پێی دەبێت، بۆیە داوای دەکاتەوە، تا نیازپاکی بەرامبەر شاعیرەکە دەربخات، ئایلانا لە ناوچەیەکی باشی پایتەخت خانووێکی جوانی پێ دەبەخشێت، بەڵام دارودیوارەکەی بە مایکرۆفۆن و دەنگ تۆمارکردن دەچێنێت، دەیەوێ شتێک لەسەر ژنەکەی بدۆزێتەوە بە جاسووسەکەی دەڵێت: دەمەوێ تۆماری رووتی ئەو ژنەم لەبن یەکێک لە پیاوەکان بۆ بهێنیت، بەڵام پاش تەواوبوونی مۆڵەتی سی مانگەکەش، ناتوانێت ئەو تۆمارە بۆ ئایلانا تۆمار بکات و ژنەکە بە رووتی بگرێت.


پاسیا ژەنراڵەکەی جاسووسی بۆ ئایلانا دەکرد، کاری تۆماری ژنە سۆزانییەکانی رۆمانیا نەبووە و بەس، ئایلانا دۆسیەی نهێنی لەسەر ئەندێرا غاندی و گولدا مائیر و ژنی سەرۆکی ئەمریکی جیمی کارتریش دەکرد، چونکە خۆی لەوانە بە شانازتر دەزانی.


ئایلانا، دەیەوێ لە زانکۆیەکی ئەمریکی بڕوانامەی دکتۆرای شەرەف وەربگرێت، بەڵام سەرۆک جیمی کارتر داواکەی رەفز دەکاتەوە، بەوەش ژنەکەی نیکۆلا رقی ئەستوور لەسەر سەرۆکی ئەمریکی هەڵدەگرێت، دەبێتە مایەی نەمانی پەیوەندیی سیاسیی هەردوو دەوڵەت، کە ئایلاناش داوای پاڵتۆی فەرووی فیزون دەکات، ژنەکەی سەرۆکی ئەمریکی، لەجیاتی ئەوە کتێبێکی مێردەکەی و چەند وێنەی وەرگیراو بە مانگی دەستکردی وڵاتی رۆمانیای بۆ رەوانە دەکات، ئایلانا بەوەش تووڕە دەبێت، بە ژنەکەی کارتر دەڵێت: ژنەکەی فستەق، نایەوێ دیارییەکم بۆ بنێرێت، دیارە لەناو سەبەتێک فستەق ئەوەم بۆ دەنێرێت. ئەوەش ئاماژەیە کە کارتر زووتر بازرگانی فستەق بووە.


ئەلکساندرۆ داگیسی، ماوەی بیست ساڵ رکابەری یەکەمی سەرۆکایەتیی نیکۆلا بووە، بۆیە لە کاتی یاریی فوتبۆڵی دوو تیمی هەردوو سەرکردەی رۆمانیا، تیمی تشاوتشیسکو دینامو و تیمی ئەلکساندرۆ سی سی ئا، دەبێتە شەڕی نێوان هەردوو ژنەکە، بۆیە خەڵکەکە لەجیاتی سەیری ستادیۆم و یارییەکە بکەن، سەیری شەڕەژنەکەی سەر سەکۆکە دەکەن.


زویا، کچکەی تشاوتشیسکۆش لە دەست ملهووڕییەکانی دایکی دەیناڵاند، کە کیژەکە دەگاتە تەمەنی عیشق و دڵداری، ورد لەلایەن دایکی دەخرێتە ژێر چاودێری. چونکە دایکەکە دەزانێت کیژەکەی لەگەڵ رۆژنامەنووسێکی گەنجی نووسەر لە گۆڤاری لومیای کاروباری سیاسەتی دەرەوەی رۆمانی، پەیوەندی هەیە. بەرلەوە کوڕەکە داوای کیژەکە بکات، بێتە پێشەوە، دایکەکە دۆسیەیەکی گەورەی لەسەر بنەماڵەی کوڕەکە دەکاتەوە و زانیاریی هەمەجۆری لێیان دەزانێت: لە فیلمە ڤیدیۆییەکان و وێنەکان سەیری رۆژانەی بنەماڵەکە دەکات و دەڵێت: سەیر کە چۆن بە رێگادا دەڕۆن، سەیری قاچە خوارەکانیان بکە، سمتە گەورەکانیان و پێیان لە پێی کۆتر دەچێت.


دایکەکە دەڵێت: نامەوێ ئەو کوڕە چەپەڵە بەدوای کیژەکەمان بسووڕێتەوە، وەک کێچ دەیکوژم. بە کارەسارتێک لەناوی دەبەم، رووداوی ئۆتۆمبێل، یان شتێک لەو جۆرە، کیژەکەم سەیرە، بۆیە دەمەوێ کوڕەکە لە وڵات دوور بکەوێتەوە، با لەوێ برز بێت و بۆگەن بێت. لەبیرتانە کە چووینە کوناکری لە گینیا، لەوێ سەفیرەکەمان گوتی لێرە یەکێک لە گەنجەکانمان سەری پڕ کرم بووبوو، سەری وەک گندۆرە تەقی و مرد، با ئەوە بنێرینە ئەو وڵاتە.


ژنەکە چەند هەناوی رەش و بۆگەن بوو، ئەوەندە خۆی بێگەرد و خاوێن دەردەهێنا و جلی سپیی پاکی لەبەر دەکرد، وێنەی لەگەڵ منداڵ و کۆتر بڵاو دەکردەوە، ئەو جۆرە فۆتۆیانە، لەناو وڵات بەزۆری بڵاو دەبوونەوە.


لە سەردانە تایبەتییەکانی، بۆ شارەکان، گارکە و دامودەزگاکان، منداڵان دەست بە نان و خوێ پێشوازییان دەکرد، ژنەکە وەک قەدیس سەیری دەکرا، ئایلانا بووبووە دایکی نیشتمان و منداڵ.


ژنەکە، چەند دید و ئاکارەکانی بە جوانی و نیانی لەناو وڵات بڵاو دەکردوە، زۆرتر لە دەرەوە کاری سەیر و ناوازەی شەرمەزاری دەنواند.


ئەگەرچی ئایلانا زمانی فەرەنسیی نەدەزانی، بەڵام لە دیدارە دبلۆماسییەکان و سەردانەکانی داوای مینەی خواردنی بە زمانی فەرەنسی دەکرد، ژنەکە لە کولتووری فەرەنسی تەنیا شارەزای پۆشاکە شل و فشەکانی بوو، دۆلابی جلەکانی پڕ کردبوو، لەو جلوبەرگانەی لە کارگە نوێیەکە بۆ ساز دەکرا، کە مێردەکەی دروستی کردبوو، بەڵام کە لەو مۆدە خۆمالییە بێزار دەبێت، داوا دەکات لە پاریس جلی بۆ بهێنن، تا ژنەکە سەرەنجراکێش و نازدار دەربکەوێت، پۆشاکی رازاوە بە گوڵی دەپۆشی، پێیە وشکەکانیشی بە پێڵاوی گونجاوی شایستە دەشاردەوە.


لە حەفتاکانا ئایلانا لە سەیران و گەشتەکانی دەرەوەی، بە مۆراڵ و هەڵسوکەوتەکانی نەک بە چالاکی و شانازییەکان دەردەکەوت. کارمەندەکانی دەرەوەیان، بە پارە و دیارییەکانی نازناو و رێزلێنانیان بۆ وەردەگرت، بەوەش لەبەر چاوی میللەت شاناز و مەزن دەردەکەوت. ژنەکە وەک زانایەکی گەورە و سومبڵی زانستی وڵاتەکە دەردەکەوت.


ژنەکەی هەشتاکان

لە رۆژی ٧ی ینایری ساڵی ١٩٧٩ یەکەمین قەداسی نیشتمانی لە یادی لەدایکبوونی ئایلانا ساز دەکرێت، رۆژنامەکانیش، بەناوی شکۆداری لەلایەن حزب و میللەت بۆ ژنەکە هەواڵەکە بە مانشێتی سوور بڵاو دەکەنەوە، وەک زانا و ژنە گەورەکەی وڵات و کیژی نازداری نیشتمان ناوی دەهێنن. ئامۆژگای کیمیاش، وەک رێزگرتن بۆ هاوڕێیەکەیان ئایلانا باسی دەکەن و یادی دەکەنەوە. لە یادی چل ساڵی خەبات و شێست ساڵی لەدایکبوونی ژنەکە وەک ژنی رۆشنبیر و مەزن یادی کراوەتەوە، رێوڕەسمی مەزن و گەورە بۆ (ژنە رۆشنبیرە مەزنەکە) ساز کراوە، تێیدا ئەستێرەی پلەی یەکەمی کۆماری رۆمانیای سۆسیالیزمی لە یەخە دراوە.


لە لاپەڕەی یەکەمی رۆژی دووەمی یادەکە، لە رۆژنامەکان نووسرابوو، ئێستا ئەو ژنە دەبێتە پاڵەوان، وێنەی کاتی وەرگرتنی دکتۆرا لە کیمیا، لە لەندەن لە رۆژنامەکان دادەنێن، لە هەموو گۆشە و دەزگا و ئەکادیمیای وڵات و دەزگاکانی توێژینەوە پیرۆزبایی ئاراستە دەکرێت، لە لاپەڕەکانی ناوەوەی رۆژنامەکانیش مێژووی ژیانی شاناز دەنووسن، کە خاوەنی حەڤدە دکتۆرایە و لە کۆتاییەکانی ژیانی ٧٤ ناسناوی لەلایەن زانکۆکانی رۆمانیا و جیهان پێ بەخشراوە، نووسینەکانی بۆ ١٩ زمانیش وەرگێڕدراوە، دوا دەقی ئەو ژنەش بە زمانی یونانی لە ئەسینا بڵاو کراوەتەوە.


لە نۆڤمبەری ساڵی ١٩٧٩ پەرستن و شانازکردنی ژنەکە هەنگاوێکی تر دەبڕێت، یەکەم جارە لەسەر ئاستی میللی شانازی بەو ژنە دەکەن، کۆنگرەی دوازدەی حزبی شیوعی سوپاسی چالاکییە شۆڕشگێرییە مەزنەکانی ژنەکە دەکات، چونکە ئەو ژنە دەبێتە مایەی چەسپاندنی بنچینەکانی زانستی لە وڵات، دەڵێن هەموو شانازییەکانی ئەو پێشکەوتنە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ژنە. هەر بەو بۆنەیە، یەکەمین بەڵگەنامەی پەیڕەوی زانستی رۆمانی و پیشەسازی رۆمانی دادەمەزرێت: نەخشەی پێنج ساڵە دادەنێن تا دەگاتە ساڵی ٢٠٠٠.