شەوی ئەوەل و ئاخیری باوکم لە ئەگلەنجە

ته‌یراوه‌.. هه‌ر به‌ پیاسه‌ - 21

رۆژانێك ئێمه‌ تۆلاز و مێردمنداڵ و تازه‌پێگه‌یشتوو بووین، له‌م هه‌ولێره‌، له‌م ته‌یراوه‌یه‌، ئاهه‌نگ و بووك گواستنه‌وه‌ كه‌شێكى تایبه‌تى و تام و له‌زه‌تى خۆى هه‌بوو.


ئێوارانى پێنجشه‌ممه‌، له‌گه‌ڵ بانگى، خزم و دۆست و ئه‌حباب خڕ ده‌بوونه‌وه‌ و چاوه‌ڕێى ته‌واوبوونى نوێژى مه‌غریبێیان ده‌كرد. ئیدى له‌سه‌ربانێ سه‌ید ئیسماعیل و حاجى جه‌میل قاپقاپچى و براده‌رانیان و به‌ ده‌ف و دمبك و ده‌نگ و سه‌ڵا و كه‌وا و سه‌ڵته‌یان، بنه‌بانێیان ده‌گرت و مه‌راسیمى خوێندنه‌وه‌ى مه‌ولوودى پێغه‌مبه‌ر به‌ڕێوه‌ ده‌چوو. له‌ولاش، ده‌سته‌یه‌كى دى گه‌نج و سه‌رچڵ له‌ ژوورێكى خواره‌وه‌ ته‌داره‌كى خواردنه‌وه‌ له‌ زه‌ڵاته‌ و جاجیك به‌ سیر و نۆكاو و مه‌نجه‌ڵى ته‌شریب و هه‌ندێ جار مه‌نجه‌ڵى گه‌وره‌ى گیپه‌ و سه‌روپێیان ئاماده‌ ده‌كرد.


چ سه‌ید ئیسماعیل و جه‌ماعه‌ته‌كه‌ی و چ دینداره‌ به‌ڕواڵه‌ته‌كان ده‌یانزان مه‌راسیمى ئه‌وان كاتییه‌ و زوو یان دره‌نگ هه‌ر ده‌بى ته‌واو بى. ئیدى له‌ گه‌نجانى خواره‌وه‌ هه‌ر بۆ ده‌ربڕینى جۆش و خرۆش سڵاوات لێدان و له‌سه‌ره‌وه‌ش ئیمانداره‌كان به‌ مله‌قوته‌ و به‌ سه‌یركردنى سه‌به‌ته‌ى شیرینى (پاقڵاوه‌ و حه‌لواى به‌تام و چوكلێت و به‌داملى) و دابه‌شكردنیان، كۆتایى به‌ خوێندنه‌وه‌ى مه‌ولووده‌كه‌ ده‌هات.


لێره‌وه‌ نۆره‌ى ئه‌گله‌نجه‌ بوو. له‌ ئه‌گله‌نجان ده‌بوایه‌ واحید مه‌رجان و جه‌وده‌ت شاكر و مسته‌فا ره‌ئوف و قه‌سابه‌كه‌ى دمبك به‌ده‌ست، پێشوه‌خته‌ حازر بن، ئینجا له‌سه‌ربانی مێز داده‌نران و كورسییان له‌ ده‌وره‌ خڕ ده‌كردنه‌وه‌، هه‌ینێ ماڵى زاوا به‌ گه‌نجه‌ خورته‌كانیان سێنیى گه‌وره‌ى پڕ له‌ زه‌ڵاته‌ و جاجیك و نۆكاویان به‌سه‌ربان ده‌خست و مێزه‌كانیان پێ ده‌ڕازانده‌وه‌. ئیدى ورده‌ ورده‌ میوانه‌كان، ئه‌وانه‌ى ئه‌هلى شیرى شێر و سیفۆنه‌ تاڵه‌كه‌ن، هه‌ر ده‌سته‌ و ده‌ورى مێزێكیان ده‌دا.


له‌و سه‌روه‌خته‌دا مامم ئه‌نوه‌ر، دۆستى ئه‌گله‌نجه‌چییه‌كان بوو. شه‌وانه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى شار یان له‌ یانه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ سه‌ریان گه‌رم ده‌كرد و ره‌فاقه‌تى یه‌كتریان تۆخ ده‌كرده‌وه‌.


مشكۆ و محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د ئه‌ربیلى و جه‌بار و جه‌لال حه‌ردان و تایه‌ر تۆفیق و فواد ئه‌حمه‌د و ته‌حسین ته‌ها و باكوورى، ئه‌ستێره‌ى ئه‌و شه‌وه‌ جوان و هه‌ستڕفێنانه‌ بوون.


له‌ شه‌سته‌كان، من تازه‌ ده‌مزانى گۆرانى بۆ گۆرانییه‌ و بۆ ده‌بێ گوێ له‌ گۆرانى و مۆسیقا و به‌سته‌ و حه‌یران رابگرین.


به‌ عاده‌تى، هه‌ر كه‌ ده‌بووه‌ ئه‌گله‌نجه‌ى پاش مه‌ولوود خوێندنه‌وه‌، پیاوان له‌ سه‌ربان و مه‌یخۆره‌كان له‌ ده‌ورى مێز خڕ ده‌بوونه‌وه‌، له‌ولاشه‌وه‌ تیپى جوق و مۆسیقا داده‌مه‌زرا و له‌گه‌ڵ گۆرانیبێژه‌كان پێش مێزیان پڕ ده‌كرا له‌ قاپى عاره‌قى مه‌سته‌كى و مه‌زه‌ و دۆلكه‌ى ئاو و په‌قره‌جى گچكۆكه‌ى پڕ له‌ بووز.


هه‌ینێ، باپیرم سمێرسۆر، نانه‌واخانه‌یه‌كى له‌ژێر قه‌ڵا هه‌بوو، باوكم و مامم، شه‌لاع و نان پێوه‌ده‌ر و ئه‌نگوتكبڕى نانه‌واخانه‌كه‌ بوون.


هه‌ر هه‌ینێ، له ‌كۆتایى په‌نجاكان و سه‌ره‌تاى شه‌سته‌كاندا، تازه‌ رۆڵى ژنه‌ نانه‌واكانى گه‌ڕه‌كى عاره‌بان كز بووبوو. لێره‌ و له‌وێ له‌ناو بازاڕى نانه‌واخانه‌ قیت ده‌بوونه‌وه‌ و پیاو هه‌ویریان ده‌شێلا و ئه‌نگوتكیان ده‌بڕى و نانیان پێوه‌ ده‌دا، ئه‌م رۆڵه‌ جوان و پێشه‌نگه‌یان له‌ ژنانى گه‌ڕه‌كى عاره‌بان سه‌نده‌وه‌.


هه‌ر ئه‌و عه‌یامى مامم ئه‌نوه‌رى نانه‌وا، ئێواره‌یه‌كیان داوه‌تى ئه‌گله‌نجه‌یه‌ك ده‌بێت، كه‌ مۆسیقار و گۆرانیبێژه‌كان هه‌ر هه‌موویان دۆست و ئه‌حبابى ماڵه‌ زاوا بوون.


عه‌سره‌كه‌ى مامم، باوكم ده‌باته‌ په‌نایه‌ك و رازى ده‌كات كه‌ ده‌بێ ئه‌م شه‌و له‌به‌رخاترى (عه‌دنان)ى زاوا، كه‌ براده‌ر و خۆشه‌ویستى هه‌ردووكیان بوو، ئه‌ویش بچێته‌ ئه‌گله‌نجه‌كه‌ و به‌شداری له‌ دانیشتنه‌كه‌دا بكات.


مه‌غریبێ، له‌ كاتى دیاریكراو مامم و باوكم ده‌چنه‌ ماڵه‌كه‌ و به‌ سه‌ربانی ده‌كه‌ون، له‌وێ تازه‌ مۆسیقا ده‌نگ و سه‌داى به‌رز ده‌بووەوه‌ و موتریبه‌كان نه‌منه‌مه‌ى مه‌ی و مه‌زه‌ و سه‌رگه‌رمكردن بوون، ئه‌وانیش له‌ مێزێكى براده‌ره‌كانى مامم جێگیر ده‌بن، ئیدى پێك دروست ده‌كرێت و به‌رز ده‌كرێته‌وه‌ و نۆش ده‌كرێت و مه‌زه‌ به‌تام و له‌زه‌ته‌كان حه‌په‌لووش ده‌كه‌ن، له‌و عانه‌شدا مشكۆ ده‌نگى زوڵاڵى و ئاسمانى به‌رز ده‌كاته‌وه‌ و ده‌فه‌رموێ:
- ”له‌پاش مه‌رگم چ فایده‌یه‌ بێیه‌ سه‌ر قه‌برم“ و ئینجا به‌ به‌سته‌ى نه‌ ماڵم ده‌وێ نه‌ گه‌نجى دونیا، سه‌رخۆشه‌كانى سه‌ربان ده‌خاته‌ هه‌له‌كه‌سه‌ما.


به‌زم و ره‌زم گه‌رمتر ده‌بێت، مامم و ئه‌حبابه‌كانى ته‌كلیف له‌ باوكم ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌ویش پێكێك نۆش بكات، باوكیشم كه‌ قه‌ت نه‌یده‌توانى دڵى كه‌س بڕه‌نجێنێ، قایل ده‌بێ و پێكێك عه‌ره‌قى مه‌سته‌كیى خه‌ست و خۆڵى بۆ ده‌گرنه‌وه‌ و هه‌موو به‌یه‌كه‌وه‌ پێكه‌كانیان به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌ و یه‌كێكیشیان هه‌ڵده‌داتێ و ده‌ڵێ:
- نۆش.. به‌ سیحه‌ت و خۆشیى كوڕى سمێرسۆرى.


هه‌موو به‌ یه‌كه‌وه‌ پێكه‌كان هه‌ڵده‌قوڕێنن.


به‌م شێوه‌یه‌ باوكم، له‌گه‌ڵ ده‌نگ و سه‌داى مشكۆ و لاواندنه‌وه‌ى قۆریات و لاوكى لێ لێ جه‌وێ و به‌سته‌ى ده‌چمه‌ سلێمانى گۆیژه‌م لێ دیاره‌ و گۆرانیى یار زه‌ینه‌ب زه‌ینه‌ب و به‌ ده‌نگى محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د ئه‌ربیلى و گۆرانیى (قه‌لعانن دیبنده‌ و سه‌مانچ قز و نافووره‌) سه‌ر گه‌رم ده‌كات و نه‌شئه‌یه‌ك وه‌رده‌گرێ، براده‌رانیش له‌گه‌ڵ قۆریات و به‌سته‌كان پێك له‌ پێك ده‌ده‌ن و په‌رداخى سپیى عه‌ره‌ق به‌ قیتى ده‌خه‌نه‌ سه‌ر تۆقه‌ره‌ى سه‌ر و ره‌قسیش ده‌كه‌ن.


ئیدى به‌م جۆره‌ شه‌و راده‌كشێ و مه‌یخواردنه‌وه‌ و به‌سته‌ و گۆرانى و قۆریات تا دره‌نگى شه‌و به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌و شه‌وه‌ باوكیشم ته‌واو سه‌رخۆش و مه‌ست ده‌بێت.


ئاى.. خۆ ده‌بوایه‌ دره‌نگى شه‌و بۆ به‌یانییه‌كه‌ى سه‌عات دوو و نیو تا سێ، باوكم و مامم بچن نانه‌واخانه‌ بكه‌نه‌وه‌ و هه‌ویر بشێلن و ته‌ندوور ئاگر بده‌ن و گه‌رمى بكه‌ن، تا له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنى تیشكى خۆر مشته‌رییه‌كان هه‌ر كه‌سه‌ و باى پێویستى خۆى نانى گه‌رم بكڕى و بباته‌وه‌ ماڵێ.


دره‌نگى شه‌و، مامم فووله‌، باوكم هه‌ندۆكه‌ك باشتره‌ له‌ هیكه‌وه‌ ده‌ڵێ:
-كوڕه‌ ئه‌نوه‌ر ئه‌وه‌ سبه‌ینه‌یه‌ ئه‌من ده‌چم دوكانى ده‌كه‌مه‌وه‌ و هه‌ویرى ده‌شێلم و فڕنى گه‌رم ده‌كه‌م، ئه‌توش زۆر تاخیر نه‌بى، ده‌ست و برد بكه‌ و بمگه‌یێ.. باشه‌؟
مامم ئه‌نوه‌ر:
+بڕۆ كاكه‌ بڕۆ خه‌مت نه‌بى، ئه‌منیش ئه‌و پێكه‌ى ته‌واو كه‌م فه‌وڕى ده‌تگه‌مێ.


باوكم ده‌ڕوا، سه‌رخۆشه‌، له‌بن قه‌ڵاتێ به‌رامبه‌ر نانه‌واخانه‌كه‌ى خۆیان سه‌ر به‌ شۆسته‌ى شه‌قامه‌كه‌ ده‌كات و پڕخ و هۆڕ خه‌وى لێ ده‌كه‌وێت. مامیشم هه‌ر له‌گه‌ڵ براده‌ران له‌ ره‌قس و سه‌ما و ئه‌گله‌نجه‌یه‌.


بۆ سبه‌ینێ، سمێرسۆر به‌ره‌و نانه‌واخانه‌ ده‌چێت، واى واى چ ببینێت، خۆ دوكان قه‌پاته‌ و ده‌ڕابه‌ هه‌ڵنه‌دراوه‌ته‌وه‌، ده‌هرى ده‌بێ و سه‌ر هه‌ڵده‌بڕێ چاوى به‌ باوكم ده‌كه‌وێ سه‌رى به‌ ڕه‌سیفى شه‌قامه‌كه‌ كردووه‌، ئیدى گڕ ده‌گرێ.


ئه‌نجامى ئه‌و شه‌وه‌ ئه‌گله‌نجه‌یه‌ و نانه‌واخانه‌ نه‌كردنه‌وه‌یه‌، مه‌گه‌ر هه‌ر باوكم بیگێڕێته‌وه‌، كه‌ سمێرسۆر چ دكره‌كى پێ كردوون!


ئیدى له‌و رۆژه‌وه‌، به‌ڵكوو له‌و شه‌وه‌وه‌ باوكم ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین و ئاخیرین جارى ئه‌گله‌نجه‌ و مه‌یخواردنه‌وه‌ى ده‌بێت و ببڕاى ببڕ ده‌مى لێ ناداته‌وه‌.


به‌داخه‌وه‌ خۆى له‌ خۆشیى ئه‌گله‌نجه‌ى شه‌وانه‌ى هه‌ولێرییان مه‌حڕوم ده‌كات.