ترسی دووئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ

 

لە هەر شتێک ترسایت، ئەو شتەت دێتە پێش و ڕوو دەدات. ئەمە بنەمایەکی دەروونناسییە. ساڵانێکە ترسی دووئیدارەیی و براکوژی، پارتیی ترساندووە و تووشی شەلەلی سیاسی کردووە، پارتیی وا لێ کردووە چەندین سازش بۆ حزبە نەیارەكانی بکات.


ئایا ئەم ترسە هیچ بنەمایەکی هەیە؟ ئایا لەنێوان (سازش و دووئیدارەیی)دا، پارتی هیچ ڕێگەیەکی تری نییە؟ ئایا سیاسەتکردن لە وڵاتی ئێمەدا لەم دوو بژارەیە زیاتر هیچ چارەیەکی تری نییە؟ پارتی دەترسێ چی لەدەست بدا، تا ئێستە بەهۆی ئەو ترسەوە لەدەستی نەدابێ؟


ترس بنەمایەکی ڕاست یا ناڕاستی هەبێت وەک یەکە؛ ترس خۆی خراپە و مرۆڤ تووشی وشکبوون و وەستان دەکا. تیرۆریزم لەسەر بنەمای ترساندن و تۆقاندنە، چ تیرۆری فیکری یا تیرۆری جەستەیی. پیاوە ئایینییەکان هەمیشە ترس و تۆقاندنیان بۆ کۆیلەکردنی مرۆڤەکان بەکار هێناوە، ترس لە ئاگری دۆزەخ، ترس لە ئەو دنیا… تاد. ئایدیۆلۆژیاکانیش ئەم چەمکەیان بەکار هێناوە: ترس لە بێسەروبەری و ئاژاوە، ترس لە بێگانە، ترسی مردن لەبرسان، ترس لە نەمانی شیرازەی خێزان، ترس لە نەمانی بەهاکان.


پیاوە ئایینییەکان خورافە بۆ دروستکردنی ترس و تۆقاندن بەکار دێنن، ئایدیۆلۆگەکان بەرگێکی لۆژیکی دەکەنە بەر ئەو ترس و تۆقاندنە، بەوەی هەمیشە ڕابردووی ڕەش و تاڵ بیری خەڵک دێننەوە. ئامانجی ئەو ترس و تۆقاندنە ئیفلیجکردنی نەیارەکانە، کۆیلەکردنی خەڵکە. ئەو ترسە بنەمایەکی ڕاستیی هەبێت یا نا، ئەنجامەکەی یەکە.


پارتی بەهۆی ئەو ترسەوە ساڵانێکە سازش دەکا، خۆی بۆ لایەنە بەکرێگیراوەکان شل دەكات و لە مافی خۆی خۆش دەبێت و بەشی خۆی دەدات بەوان.


سەرکەشی نەک سەرەڕۆیی. مرۆڤ دەبێ سەرکەش بێت، سەرەڕۆ نەبێت. جیاوازیی ئەم دووە لەوەدایە سەرکەشیی بیرکردنەوە و هزر و پلان و نەخشەی لەپشتە، سەرەڕۆیی بیر لەداهاتوو ناکاتەوە. سەرکەشی لەسەر بنەمای بیر و هزرە، سەرەڕۆیی لەسەر بنەمای هەڵچوون و هەست و سۆزە. سەرکەشی لەسەر بنەمای ئایندە و ئامانج و ستراتیژێکی ڕوون و پتەوە، سەرەڕۆیی تەنیا بیر لەو ساتەوەختە دەکاتەوە، بێ گوێدان بە ئەنجام و دواڕۆژ. مرۆڤی سەرکەش دەزانێ چیی بەدەست هێناوە و نابێ لەدەستی بدا، دەشزانێ دەبێ چی بەدەست بێنێت و چۆن هەنگاوی ئازایانە بۆ بەرەو پێشچوون بنێ. مرۆڤی سەرەڕۆ نە ڕابردووی لەبەرچاوە، نە ئەوەی هەیەتی و نە ئەوەی لە دەستی دەدا، لە سەری لووتی خۆی دوورتر نابینێ، تا لەوە بترسێ کە لەدەستی دەدا، یا ئەوەی کە دەتوانێ بەدەستی بێنێ.


سیاسەت وەک بازرگانی وایە، لە ترس و لەرزدا ناکرێ. بازرگان کە ترسا، هەرگیز ناتوانێ سەرکەشیی بازرگانی بکا. سیاسەتیش پێویستی بەو سەرکەشییەیە. هەموو بازرگان و سیاسییە گەورەکان مرۆڤی سەرکەش بوون، سەرکەشییان بە ژیان و سەری خۆیانەوە کردووە.


تا پارتی ئەو کێشەی ترس و تۆقینە چارەسەر نەکا، دەبێ بەردەوام سازش بۆ حزبە نەیار و بەكرێگیراوەكان بکا. مەرج نییە تۆ دەبێ یا بجەنگیت و براکوژی و شەڕی ناوخۆ بکەیت، یا دەسبەرداری ماف و هێز و دەسەڵاتی خۆت بیت. سیاسەت مامەڵەکردنە لەگەڵ ئەمانەدا. پاراستنی ئەو هاوسەنگییەیە، بردنەوەیە بەبێ شەڕ، بەڵام بردنەوە، نەک دەستبەردان.


پێویست ناكا پارتی ترسی لە دووئیدارەیی هەبێت، چونكە لەسەر زەمینەی واقیعدا دووئیدارەیی هەر هەیە و بەردەوامە، براکوژی و شەڕی ناوخۆش، ئەگەر گەرمیش نەبێ، بە شێوە ساردەکەی هەر هەیە و هەبووە. کەرکووک و نیوەی کوردستان لەدەست پارتی چوو، زۆنێکی هەرێمی کوردستان هەیە حکوومەتی هەولێر و پارتی هیچ دەسەڵاتێکی تێدا نییە، ئیتر لە چی دەترسێت لەمانە خراپتر بێت؟ ناکرێت ئەمانە چارەسەر بکەیت، بێ ئەوەی بکەویتە شەڕ؟ ئەی سیاسەت واتە چی؟ واتە تەسلیمبوون بەم ئەمری واقیعە ناشیرینە، یا گۆڕینی؟


هەر هۆکار و بنەمایەکی هەبێ، ترس کوشندەترین هەستە بۆ سیاسییەک. کێشە ئەوە نییە تیرۆری فیکریی هەیە، کێشەکە ئەوەیە ئەو تیرۆرە کاریگەریی هەبێت. سیاسەت دوای ئەو ترسە و هەموو ترسەکان دەست پێ دەکات.


بۆ ئەوەی لە ترسی دووئیدارەیی ڕزگارت بێت، کوردستان وەک سویسرا و بەلجیکا بکە فرەئیدارەیی و لامەرکەزی. هەولێر ببێتە پایتەختی کارگێڕی و سیاسی و دیپلۆماسیی هەموو کانتۆنەکان، ئەوها دەتوانیت ناوچە داگیرکراوەکانیش لە ڕووی کارگێڕی و ئابوورییەوە بگەڕێنیتەوە و بەڕێوەیان ببەیت، چونکە ئەوانیش نوێنەریان لە هەولێر دەبێت. بۆ ئەوەی لە ترسی براکوژی و شەڕی ناوخۆ ڕزگارت بێ، پێشمەرگە بکە بە هێزی نیشتمانی، تا ئەوانەی هەڕەشەی براکوژی دەکەن، ببنە میلیشیای نایاسایی و بە یاسا بەرەنگاریان بیتەوە. هەڵبژکاردنەکان با دوا نەکەون، پێشبڕکێی هونەری و وەرزشی جێی براکوژی و شەڕی ناوخۆ دەگرنەوە. دەبێ زۆر بەجدی بڕوانینە هەڵبژاردن و پێشبڕکێی هونەری و وەرزشی، یۆنانییەکان بەمانە ڕێیان لە براکوژی و شەڕی ناوخۆ دەگرت، چونکە لەڕێی ئەمانەوە خەڵک ڕق و کین و وزە و ئینێرژیی نەرێنی و نێگەتیڤ دەگۆڕنەوە بۆ ئەرێنی و پۆزەتیڤ.