شێرپەنجە (Cancer)

بەهۆی ئاسەواری جەنگەوە لەدوای ڕاپه‌ڕینه‌وه زیاتر تەشەنەی کردووە

زیادکردنی سێله‌کانی کانسه‌ر
شێرپەنجە، Cancer، کانسەر من پێم باشه که تاک و کۆی کورد له‌پاڵ ناوی نه‌خۆشییه‌کاندا، له‌بری چه‌مکێکی عه‌ره‌بی، چه‌مکه لاتینییه‌که‌ی به‌کار بهێنن، چونکه زمانی زانسته نێو‌ده‌وڵه‌تییه‌کانه و له جیهاندا به‌کار دێت، هه‌ر بۆیه لەپاڵ شێرپەنجەدا، چه‌مکی (کانسه‌ر) به‌کار بێت باشترە، ئه‌مه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی، که من نازانم بۆچی پێی ده‌گوترێت شێرپەنجە؟ به‌ڵام (سه‌ڕه‌تان) وه‌رگێڕدراوێکی عه‌ره‌بییه، که له زۆرینه‌ی وڵاته ئه‌وروپییه‌کاندا به‌کار دێت، که به کوردییه‌که‌شی هه‌ر ده‌کاته‌وه قرژاڵ، واته کوردیش ده‌توانێت ناوی بنێت قرژاڵ، به‌ڵام کورد چه‌مکێکی تایبه‌تی خۆی هه‌یه بۆ کانسه‌ر، که ئه‌ویش شێرپەنجەیه. وڵاتانی ئه‌وروپییش له یۆنانی کۆنه‌وه‌ وه‌ریانگرتووه، که له سه‌رده‌می هیپۆکراتسه‌وه نه‌خۆشییه‌که به قرژاڵ ناو نراوه، چونکه نه‌خۆشییه‌که کاتێک تومۆریه‌ک دروست ده‌کات له شێوه‌ی قرژاڵێکدا دروستی ده‌کات، که به هه‌ردوو سه‌ردا په‌ل ده‌هاوێت. به‌ڵام من ڕووکردنه‌وه‌یه‌کم له‌سه‌ر شێرپەنجە نییه، که بۆچی پێی ده‌ڵێن شێرپەنجە. ده‌شێت شێرەکە (شیر)ه‌که په‌یوه‌ندیی به مه‌مکه‌وه هه‌بێت و په‌نجه‌که‌ش، ئه‌و تومۆریه‌ی له مه‌مکدا دروست ده‌بێت له شێوه‌ی په‌نجه‌یه‌کدا بێت. یۆنانییه کۆنه‌کان پێیان وابووه، که تومۆرکه له شێوه‌ی قرژاڵدایه.


جه‌سته‌ی مرۆڤ پێکهاتووه له په‌نجا بیلیۆن سێله (50.000.000.000.000). واته سێله به‌ردی بناغه‌ی دروستبوونی نه‌ک مرۆڤ، هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌کانی گه‌ردوونه. به‌م شێوه‌یه شێرپەنجە (کانسه‌ر) نه‌خۆشییه‌که، که له سێله‌کانی مرۆڤدا سه‌رهه‌ڵده‌دات و ده‌ست پێ ده‌کات. سێله‌کان که نه‌خۆشن ناو ده‌نێرن سێله‌ی کانسه‌ر، ئه‌م سێلانه به‌شێوه‌یه‌کی تر ده‌رده‌که‌ون، وه‌ک له سێله نۆرماڵه‌کان. سێله‌کانی کانسه‌ر زیاد ده‌بن و ده‌بنه هۆی له‌ناوبردنی سێله نۆرماڵه‌کان. سێله‌کانی کانسه‌ر کاتێک زیاد ده‌که‌ن، ده‌بنه هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی تومۆریه‌ک له ئۆرگانێکدا، له شوێنێکی جه‌سته‌دا. تومۆر به واتای پێکه‌وه‌لکانی چه‌نده‌ها سێله له شوێنێکدا، که هه‌ڵده‌ئاوسێن و وه‌ک پارچه‌یه‌ک گۆشتی زیاده له شوێنێکی جه‌سته‌دا ده‌رده‌که‌ون. کانسه‌ر چه‌مکێکی لاتاینه و به‌ واتای زیادبوون یاخود په‌لهاوێشتنی سێله‌کان.

 

هۆکاری دروستبوونی شێرپەنجە (کانسه‌ر)


1. تاک تووشی کانسه‌ر ده‌بێت، چونکه هه‌ندێک سێله‌ی جه‌سته زیاد ده‌که‌ن، یه‌کێک ده‌بێت به دووان و دووان به چوار و چوار به هه‌شت ...هتد.


2. کاتێک سێله‌یه‌کی سه‌ره‌کی زیاد ده‌کات، ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه‌ک، له زانستی مێدیسیندا ئه‌م زیادبوونه ناو ده‌نرێت موتاسیۆن. ئه‌م هه‌ڵه‌یه بەگشتی له سێله‌ی سه‌ره‌کییدا دروست ده‌بێت واته له سێله‌ی DNA دا.


3. زۆرجار هه‌ڵه‌کان کێشه‌یه‌کی وه‌ها نانێنه‌وه، به‌ڵام به‌هۆی سه‌رکه‌وتنی ته‌مه‌نه‌وه، پیربوونه‌وه‌، موتاسیۆن له سێله‌کاندا ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ له کارکردنی سێله‌کاندا، که ئه‌ویش ده‌بێته هۆی زیادکردنی سێله‌کان به‌شێوه‌یه‌کی کۆنترۆڵنه‌کراو و خستنه‌وه‌ی سێله‌ی کانسه‌ر و تومۆر.


چه‌ند پشکنینێکی نوێ ده‌ری ده‌خه‌ن، که موتاسیۆنی له‌پڕ له جه‌سته‌دا، که ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی کانسه‌ر، زۆرجار به‌بێ هۆکارێکی ده‌ره‌کی ڕوو ده‌ده‌ن، بۆ نموونه بێ جگه‌ره‌کێشان، یاخود هاتنه‌ژووره‌وه‌ی پارچه و تۆزی ئه‌سبێست.


کانسه‌ر توانای تێپه‌ڕاندنی سنووری هه‌یه، واته له شوێنێکه‌وه ده‌چێته شوێنێکی تر و ئه‌و شوێنه‌ش نه‌خۆش ده‌کات، له ئۆرگانێکه‌وه بۆ ئۆرگانێکی تر. بۆ نموونه کاتێک ژنێک تووشی کانسه‌ری مه‌مک ده‌بێت، کانسه‌ره‌که‌ی ده‌توانێت په‌ل بهاوێت بۆ شوێنی تر، بۆ نموونه نزیکترین ئۆرگانی نزیک مه‌مک، بۆ نموونه سییه‌کان، به‌م شێوه‌یه بڕینه‌وه‌ی مه‌مکێک یان هه‌ردووکیشی نابێته هۆی ڕزگاکردنی نه‌خۆشه‌که. هه‌ندێک جار کانسه‌ر له ئۆرگانێکه‌وه قووڵ ده‌ڕواته ئێسکه‌وه، به‌م شێوه‌یه مرۆڤی نه‌خۆشکه‌وتوو تووشی کانسه‌ری ئێسکیش ده‌بێت، به‌م بڵاوبوونه‌وه و بازدانه ده‌گوترێت مێتاستاسه‌ر (Metastaser)، خودی چه‌مکه‌که‌ش به واتای زیادکردن، بڵاوبوونه‌وه. به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی کانسه‌ری ئێسک له خودی ئێسک خۆیدا نییه، به‌ڵکوو سه‌ره‌تا له خوێنه‌وه ده‌ست پێده‌کات، پاشان ده‌گاته ئۆرگانێک بۆ نموونه مه‌مک، سییه‌کان، گورچیله و پرۆستات.


وێڕای ئه‌وه‌ی له ژیانی مۆدێرندا سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره و به‌رچاو هه‌یه له تێکۆشان دژ به کانسه‌ردا، به‌ڵام هێشتا کۆمه‌ڵێک پاتێنت، نه‌خۆش هه‌‌ن، که شانسی چاکبوونه‌وه‌یان نییه و هێشتا زانستی مێدیسین نه‌گه‌یشتووه‌ته ئاستێک، که بتوانێت ژیانی ئه‌م جۆره نه‌خۆشانه ڕزگار بکات.


له وڵاتی کینا، له هه‌ندێک کلینیکی تایبه‌تدا، نه‌خۆشیی کانسه‌ر ته‌نیا له ڕێگای گفتوگۆوه چاره‌سه‌ر ده‌کرێت. ئه‌م جۆره پزیشکانه، پزیشکگه‌لێکی تایبه‌تن، که کار له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری کوانتن ده‌که‌ن. له چه‌نده‌ها وڵاتدا زانستی کوانتن مێدیسن گرنگییه‌کی گه‌وره‌ی پێ ده‌درێت، چونکه له‌م زانسته‌دا نه‌خۆش فێر ده‌کرێت که پزیشکه‌که‌ی ناو خودی خۆی به‌کار بهێنێت، ئه‌ویش ته‌نیا له ڕێگای بیرکردنه‌وه‌ و ڤیزوالیزیره‌کردنه‌وه، واته هێنانه پێشچاوی خۆت. به نه‌خۆش ده‌گوترێت، بیهێنه پێشچاوی خۆت، که تۆ ته‌ندروستیت و ته‌واوی سێله‌کانی جه‌سته‌ت ته‌ندروستن. نه‌خۆشبوونت به کانسه‌ر ئێستا و ئا لێره‌دا کۆتایی پێ دێت، ئێستا و ئا لێره‌دا تۆ مرۆڤێکی ساغ و ته‌ندروستیت.


یه‌کێک له زانا ناوداره‌کانی ئه‌ڵمانیا له کوانتن مێدیسیندا، که هه‌مان شێوه له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تییش ده‌رکه‌وتووه، به ناوی ئولریش ڤارنکه، ده‌ڵێ: کێشه‌ی زانست له سه‌رهه‌ڵدانییه‌وه هه‌تاوه‌کوو ئێستا له‌وه‌دایه، که کار له‌سه‌ر پێواندن ده‌کات. زانست بۆ سه‌لماندنی تیۆرییه‌ک پێویستی به داتایه، داتایه‌ک، که له ڕێگای پێوانه‌وه به‌ده‌ستی هێناوه. بۆ نموونه پێوانی خێرایی، ڕووناکی، گه‌رمی، ساردی ...هتد. به‌ڵام خودی ئه‌و بیرکردنه‌وه‌یه‌ی، که ئامڕازێکی به‌رهه‌م هێناوه بۆ پێواندن، ڕه‌‌ت ده‌کرێته‌وه، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی که بیرکردنه‌وه ناپێورێت، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی که بیرکردنه‌وه بوونی هه‌یه و نه‌ک خاوه‌نی ئێکسیتێنسه، به‌ڵکوو توانای گۆڕینی ماته‌ریی هه‌یه. بۆ نموونه هه‌ر له ڕێگای ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌وه نه‌خۆش ده‌توانێت ته‌واوی ماتریاڵه‌کانی جه‌سته‌ی بگۆڕێت، ئینجا به باش یاخود خراپ هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت. بیرکردنه‌وه‌ی باش جه‌سته‌یه‌کی ته‌ندروستت ده‌داتێ و بیرکردنه‌وه‌ی خراپیش نه‌خۆشت ده‌کات. بۆ نموونه ترس له وه‌رگرتنی کانسه‌ر ده‌توانێت تووشی کانسه‌رت بکات، به‌ڵام بیرکردنه‌وه له‌وه‌ی، که تۆ جه‌سته‌یه‌کی خاوێن و ته‌ندروستت هه‌یه، ده‌کاته خاوه‌نی ته‌ندروستییه‌کی باش و خاڵیی له کانسه‌ر.


ئولریش ڤارنکه، قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌نه‌رگی ده‌کات، که ته‌واوی ئۆرگانه‌کانی جه‌سته‌مان له هه‌موو نه‌خۆشییه‌ک ده‌پارێزێت. ڕووناکی، هه‌وا، گه‌رمی. مرۆڤ نائاگایانه هه‌موو ژیانی ده‌که‌وێته به‌ر ڕووناکی، له هه‌وادا ده‌ژی و گه‌رمی وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام کاتێک مرۆڤ ئاگایانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م فێنۆمێنانه‌دا ده‌کات، له ڕێگای بیرکردنه‌وه‌ی پۆزه‌تیڤه‌وه ده‌توانێت ببێته خاوه‌نی ژیانێکی خاڵی له نه‌خۆشی و ناخۆشی.


له هاویینی ساڵی 2017دا چوار مانگ له که‌رتی کانسه‌ر و سییه‌کاندا کارم کرد. ماوه‌یه‌کی زۆر بوو، بیرکردنه‌وه له کاریگه‌رییه‌کانی بیرکردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ماته‌ری سه‌رقاڵی کردبووم. له‌م که‌رته‌دا شانسی ئه‌وه‌م هه‌بوو، که چه‌نده‌ها تیۆری له پراکتیکدا پراکتیزه بکه‌م. به‌و پێیه‌ی، که که‌رته‌که که‌رتێکی سه‌رقاڵ بوو، به‌هۆی زۆریی نه‌خۆش و که‌میی کارمه‌نده‌وه، هه‌ر بۆیه کارمه‌ندان به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو خاوه‌نی شترێسێکی زۆر بوون. ئه‌م شترێسه کاریگه‌رییه‌کی گه‌وره‌ی نێگه‌تیڤی له‌سه‌ر ڕێسوڵتاته پێوانه‌ییه‌کان هه‌بوو. من چاودێریی ئه‌م پرۆسه‌یه‌م ده‌کرد، له‌گه‌ڵ چه‌ند کارمه‌ندێکدا گفتوگۆی ئه‌م ڕێسوڵتاتانه‌م ده‌کرد، که شترێسی کارمه‌ندان ده‌بێته هۆی به‌ده‌ستهێنانی ڕێسوڵتاتێکی تر وه‌ک له‌وه‌ی له ڕاستییدا هه‌یه. ساده‌ترین نموونه پێوانی پاڵه‌په‌ستۆی خوێن، کاتێک کارمه‌ندێکی خاوه‌ن شترێس پاڵه‌په‌ستۆی خوێنی نه‌خۆشێک ده‌پێوێت، پاڵه‌په‌ستۆکه ده‌توانێت له‌نێوان دوو بۆ شه‌ش پله‌ سه‌ربکه‌وێت. کاتێک من له که‌شێکی ئارامدا پاڵه‌په‌ستۆی خوێنی نه‌خۆشێکم ده‌پێوا، ڕێسوڵتاتێکی باشترم به‌ده‌ست ده‌هێنا.


به‌شێکی زۆر له‌و نه‌خۆشانه‌ی ده‌هاتنه ئه‌م که‌رته گه‌نج بوون، ته‌مه‌نیان له‌نێوان چل بۆ شه‌ست ساڵدا بوو. هه‌ندێک لەمانه به ڕێککه‌وتی نه‌خۆشی پنۆیمۆنی، واته هه‌وکردنی سییه‌کان ڕێیان ده‌که‌وته که‌رته‌که. به‌ڵام دواتر ده‌رده‌که‌وت، که کانسه‌ریان هه‌یه. هه‌ندێک له‌مانه کاتێک دکتۆره‌کان پێیان ده‌گوتن که کانسه‌ریان هه‌یه، له‌دوای ماوه‌یه‌کی کورت ده‌مردن. دیسانه‌‌وه تیۆریی بیرکردنه‌وه‌ لێره‌دا به پراکتیک پراکتیزه‌ ده‌کرێت. نه‌خۆشه‌کان ده‌ترسن و بیر ده‌که‌نه‌وه، که کانسه‌ریان هه‌یه و ده‌مرن، به‌م شێوه‌یه خێراتر ده‌مرن وه‌ک له‌وه‌ی پلانی بۆ کراوه.


به‌شێکی تر له نه‌خۆشه‌کان پیاو بوون و به زۆرینه‌ کانسه‌ری پرۆستاتیان هه‌بوو، ئه‌مانه‌ش دوای ماوه‌یه‌کی کورت ده‌مردن. ئه‌وانه‌ی کانسه‌ری پرۆستاتیان هه‌بوو، خاوه‌نی ئازارێکی گه‌وره و بێ سنوور بوون. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی، که من وه‌ک کارمه‌ندێک نه‌مده‌زانی، که ئاخۆ ئه‌و ئازاره چه‌ند گه‌وره‌یه، به‌ڵام پێناسی نه‌خۆشه‌کان بۆ ئازاره‌که، ئازارێکی گه‌وره بوو، که ته‌واوی ژیانی لێ تاڵ ده‌کردن. دامرکاندنه‌وه‌ی ئه‌م ئازاره ته‌نیا له ڕێگای مێدیسینی ئازاره‌وه بوو، به‌تایبه‌ت مۆرفین. به‌کارهێنانی زۆری مۆرفینیش بریتییه له مردنێکی له‌سه‌رخۆ. هه‌موو مێدیسینێکی ئازار ئه‌و ئیمپولز و سیگناڵانه‌ی ئازار سڕ ده‌کات و ناهێڵێت بگات به مێشک، هه‌ربۆیه مرۆڤه‌که چیتر هه‌ست به ئازار ناکات، به‌ڵام ئازاره‌که له خۆیدا هێشتا له مرۆڤه‌که‌دا هه‌یه، ئه‌و ته‌نیا هه‌ستی پێ ناکات.


چاره‌سه‌ری کانسه‌ری پرۆستات بۆ نموونه له پیاواندا، پابه‌نده به چلۆنیایه‌تی نه‌خۆشییه‌که‌وه، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر کانسه‌ره‌که زوو سه‌ری هه‌ڵدابێت و هه‌مان کاتیش ئه‌گره‌سیڤ نه‌بێت، ئه‌وا پێویستی به چاره‌کردن نییه، نه‌خۆشه‌که ته‌نیا ده‌بێت چاودێریی خۆی بکات و پشکنینی سێله‌کانی بکات. واته ئه‌و کاتانه‌ی دکتۆر بۆی ده‌ستنیشان ده‌کات بۆ پشکنینی سێله‌کان به هه‌ند وه‌ری بگرێت و بچێت بۆ پشکنینه‌کان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سێله‌کانی کانسه‌ر ئه‌گره‌سیڤ بوون، ئه‌وا زوو بڵاو ده‌بنه‌وه و ده‌بنه هۆی خراپکردنی چه‌ندین ئۆرگانی تر. له‌م بارودۆخه‌دا نه‌خۆشه‌که به‌هۆی نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه چاره‌سه‌ر ده‌کرێت، یاخود به لێزه‌ر. ئه‌گه‌ر کانسه‌ره‌که ته‌نیا له پرۆستاتی دابێت و نه‌گه‌یشتبێته شوێنی تر، ئه‌وا له زۆرینه‌ی چاره‌کردنه‌کاندا به لێزه‌ر چاره‌سه‌ر ده‌کرێت.


شیاوی بیرلێکردنه‌وه‌یه، که ده‌زگایه‌کی تایبه‌ت به نه‌خۆشیی کانسه‌ر له کوردستاندا بکرێته‌وه، بۆ یارمه‌تییدانی به‌رکه‌وتووان به هه‌موو شێوه‌یه‌ک. ده‌زگایه‌ک، که کۆنتۆیه‌کی تایبه‌تی خۆی هه‌بێت و هه‌موو جۆره یارمه‌تی و کۆمه‌کێک له هاووڵاتییان و حکوومه‌ته‌وه وه‌ربگرێت بۆ به‌هێزکردنی خۆی. به‌م شێوه‌یه ده‌توانرێت، که به‌رکه‌وتووان له نه‌خۆشخانه‌کانی کوردستاندا چاره‌سه‌ر بکرێن. هێنانی دکتۆری پسپۆر و زانا له‌و بواره‌دا له وڵاتانی تره‌وه. له نه‌خۆشخانه‌کانی ئه‌وروپادا، دکتۆری هه‌موو جۆره نه‌ته‌وه‌یه‌کت به‌رچاو ده‌که‌وێت، چونکه وڵاتانی پێشکه‌وتوو قازانج له هه‌موو زانینێکی نوێ ده‌که‌ن و خه‌ڵکانی کۆمپێتێنتیان ده‌وێت، به‌بێ ته‌ماشاکردنی ڕه‌نگ و ناسیۆناڵیتێت.


ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی، که توانای چاککردنه‌وه‌یان نییه و مردن تاکه ڕێگایانه، پێویسته مامه‌ڵه‌یه‌کی مرۆڤدۆستانه‌یان له‌گه‌ڵدا بکرێت. ده‌شێت کۆمه‌ڵگای کوردی بیر له دامه‌زراندنی ئینستیتووتی هۆسپیس (Hospice) بکاته‌وه. هۆسپیس چه‌مکێکی لاتاینه و به واتای میوانداریی یاخود میوانداریی ڕووخۆش. له شوێنێکی وه‌هادا نه‌خۆشه‌کان هه‌موو جۆره ڕوویه‌کی خۆشیان پێ ده‌درێت، به‌ته‌نگیانه‌وه دێن، هه‌تا دوا چرکەساتی ژیانیان هاوکارییان ده‌که‌ن. له‌م شوێنه‌دا، خه‌ڵکانی پرۆفیسیۆنێل کار ده‌که‌ن. پزیشک، سیسته‌ر، ئاسیستێنتی ته‌ندروستی، ده‌روونناس، ته‌نانه‌ت خه‌ڵکانی ڕۆحیی پرۆفیسیۆناڵ. واته ئه‌گه‌ر کورد ده‌زگایه‌کی وه‌های دروست کرد، پێویسته بزانێت کێ وه‌ک خه‌ڵکانی ڕۆحی داده‌نێت، نه‌ک نموونه‌ی ئه‌و مه‌لایانه‌ی، که سه‌رتاپای ژیانیان کردووه به دۆزه‌خ بۆ هاووڵاتییان.


ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی له کوردستاندا له ماڵه‌وه‌ن هه‌تا دوا چرکه‌ی ژیانیان، دیسانه‌وه ده‌کرا کۆمه‌ڵگای کوردی ده‌زگایه‌کی تری هه‌بوایه بۆ به‌ته‌نگه‌وه‌‌چوونی ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی، که له ماڵه‌وه‌ن. له‌م ده‌زگایه‌دا دیسان پێویسته خه‌ڵکانی پرۆفیسیۆنێل کار بکه‌ن، هه‌روه‌ک چلۆن له هۆسپیسدا خه‌ڵکانی پرۆفیسیۆنێل هه‌یه. ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی، که له ماڵه‌وه‌ن، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی، که له جێگادا که‌وتوون، مه‌ترسیی لێکه‌وتنه‌وه‌ی برینیان هه‌یه له له‌شیاندا، که به لاتاین پێی ده‌گوترێت برینی دێکوبیتووس، Dekubitus .


دێکوبیتووس به واتای برین له ڕێگای هێزلێکردنه‌وه، که له‌سه‌ر شوێنێک داده‌نرێت. بۆ نموونه کاتێک نه‌خۆشێک هه‌شت نۆ سەعات له‌سه‌ر پشت ده‌خه‌وێت، ئه‌وا چه‌ند شوێنێکی هێزی لێ ده‌کرێت، ئه‌م هێزه کاریگه‌ری له‌سه‌ر سێله‌کانی له‌ش داده‌نێت، که له ڕێگایه‌وه سێله‌کان ئۆکسجینیان پێ ناگات و ده‌مرن، به مردنی سێله‌کان برین دروست ده‌بێت. سه‌ره‌تا شوێنه‌که سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕێت، پاشان ڕه‌نگی زه‌رد هه‌ڵده‌گه‌ڕێت، چونکه ئینفێکسیۆن دروست ده‌کات، واته ته‌شه‌نە ده‌کات. پاشان ده‌گاته‌ سه‌ر گۆشت، له گۆشتیش تێده‌په‌ڕێت و ده‌گاته‌ سه‌ر ئێسک. ئه‌و نه‌خۆشانه‌شی، که چه‌نده‌ها سەعات له‌سه‌ر کورسییه‌کی لێخوڕین داده‌نیشن، هه‌مان شێوه مه‌ترسیی لێکه‌وتنه‌وه‌ی برینیان له سمتیاندا زۆره. هه‌ربۆیه پێویسته جێگۆڕکێ به شێوه‌ی دانیشتن و ڕاکشانیان بکه‌ن.


له هه‌ردوو ده‌فه‌ی شاند، له هه‌ردوو به‌شی سمتدا، له پاژنه‌ی پێدا مه‌ترسیی گه‌وره‌ی دروستبوونی دێکوبیتووس هه‌یه. هه‌ربۆیه که‌سوکاری نه‌خۆش پێویسته یارمه‌تیی نه‌خۆش بده‌ن، هه‌ر دوو سەعات جارێک وه‌ری گێڕن به دیوێکی تردا، ئه‌و شوێنانه‌ی، که مه‌ترسیی هێزلێکردنی له‌سه‌ره، سه‌رینێکی لهبن دابنێن. پاژنه‌ی پێ به هه‌واوه بمێنێته‌وه نه‌ک بچه‌قێته دۆشه‌که‌که، واته سه‌رینێک له‌ژێر قاچی دابنێن بۆی.


نه‌خۆش توانای خواردن و خواردنه‌وه‌ی نامێنێت، له‌به‌ر نه‌بوونی هه‌ستی برسێتی و پاشان ڕشانه‌وه و سکچوون، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌خۆش توانای خواردن و خواردنه‌وه‌ی هه‌بوو، ئه‌وا ئه‌و خواردنانه‌ی بدرێتێ، که خاوه‌نی زۆرترین پرۆتینه، هه‌مان کاتیش خواردنه‌وه‌ی پرۆتین، چونکه پرۆتین باشترین خۆراکه، که نه‌خۆش پێویستیه‌تی.


هه‌مان کاتیش ورەبه‌رزکردنه‌وه‌ی نه‌خۆش، که به وزه‌وه ماڵئاوایی بکات، چونکه مردن کۆتایی نییه، به‌ڵکوو کۆتایی فونکسیۆنێکه. ڕاگرتنی قسه‌ی نێگه‌تیڤ و کولاندنه‌وه‌ی برینی کۆن، پێویستییه‌کی سه‌ره‌کییه. پراکتیزه‌کردنی گفتوگۆیه‌کی پڕ له خۆشه‌ویستی، تاکه پێویستییه، که نه‌خۆش پێویستی بێت.


دواجار پرسیار ئه‌وه‌یه، که ئاخۆ بۆچی ڕێژه‌ی به‌رکه‌وتووانی کانسه‌ر له کورستاندا لەدوای ڕاپه‌رینه‌وه زیادی کردووه؟ من خودی خۆم خاوه‌نی هیپۆتێزه‌یه‌کم، که ئه‌ویش بریتییه له ئاسه‌واری جه‌نگ. نیشتمانی کوردان، به‌تایبه‌ت له باشوور به‌ر هێرشی زۆرترین بۆمبا و ته‌قه‌مه‌نی و چه‌کی کیماویی دوژمنان که‌وتووه، به ئێستاشه‌وه، که به‌رده‌وام نیشتمانی کوردان بۆمباران ده‌کرێت. ئه‌م بۆمبایانه ئاسه‌وار به‌جێ دێڵن و ژینگه‌ی کوردستان پیس ده‌که‌ن. به‌روبوومی کشتوکاڵیی پیس ده‌که‌ن، ئاوی خواردنه‌وه‌ پیس ده‌که‌ن، ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ره‌کانیش پیس ده‌که‌ن، که له ڕێگای خواردنیانه‌وه مرۆڤیش تووش ده‌بێت، له ڕێگای هه‌ڵمژینی هه‌وای پیسکراوه‌وه به چه‌کی کیمیاوی و بۆمبا، هاووڵاتییانی کورد نه‌خۆش ده‌که‌ون.


له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه هاووڵاتییانی کورد بست به بستی خاکی کوردستان ده‌گه‌ڕێن، که پێشتر بۆیان نه‌بوو، ڕژێمی به‌عس سنووری هاتوچۆی هاووڵاتییانی سنووردار کردبوو. به‌ڵام له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه کورد سه‌یران له هه‌موو شوێنێک ده‌کات، ده‌چێته هه‌موو شوێنێک. به‌بێ ئه‌وه‌ی پێشتر ئه‌و شوێنه پشکنرابێت، که ئاخۆ ژیان تێیدا ته‌ندروسته یاخود نا. زۆر له شوێنه‌کان بۆمبای مه‌ترسیداریان تێدا به‌کار هاتووه، که ئاسه‌واری به‌جێ هێشتووه. بۆ نموونه ئه‌و ناوچانه‌ی که چه‌کی کیمیاوی تێدا به‌کار هاتووه، به‌تایبه‌ت هه‌ڵەبجه، شاناخسێ و سێوسێنان و چه‌ندین شوێنی تر.


ده‌شێت هاووڵاتییانی هه‌ڵه‌بجه هه‌ست بکه‌ن ته‌ندروستن، به‌ڵام پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، هه‌تا چ ئاستێک ته‌ندروستن؟ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی ئه‌و شاره‌ش ده‌کات، مه‌ترسیی نه‌خۆشبوونی له‌سه‌ره. هه‌ر بۆیه بۆ هه‌ر چ شوێنێک ده‌چیت، بزانه بۆ کوێ ده‌چیت، چیی له‌و شوێنه ڕووی داوه، پێویسته چی بکه‌یت، چی نه‌خۆیت و چی نه‌خۆیته‌وه.


هیوام ته‌ندروستیی باشی هه‌موو لایه‌کتانه.