به‌بێ ڕاستی نا

ته‌نیا به خۆشویستنی یه‌کتری ده‌توانرێت نیشتمانێک ئازاد بکرێت

به‌شێکی ئه‌م وتاره له کۆتایی ساڵی 2015 دا نووسراوه، ده‌شێت لینکه‌که‌ی هێشتا له ئینته‌رنێتدا ئه‌کتیڤ بێت، ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر ویستی بێت بۆی بگه‌ڕێت، به‌ڵام به‌ پێویستم زانی، بۆچوونێکی سێ ساڵه دیسانه‌وه بهێنمه‌وه به‌ر دیدی خوێنه‌ر. من پێم وایه، که هه‌ندێک کاراکتەر له کات و سه‌رده‌مێکدا به یاسایه‌کی سروشتی و کاوسالانه یه‌کتر ده‌دۆزنه‌وه، که له یاسای زانسته‌ سروشتییه‌کاندا ناو ده‌نرێت پۆلاریزیرن، واته کۆیه‌کی ئه‌تۆم له سروشتدا کاریگه‌رییان له‌سه‌ر یه‌ک هه‌یه و له گه‌ڕاندان به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی یه‌کتردا. له دۆزینه‌وه‌ی یه‌کتردا یاسایه‌کی تر پراکتیزه ده‌کرێت، که دیسان له زانسته سروشتییه‌کاندا ناو ده‌نرێت ڕێسۆنانس (واته ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌سته‌کان). ئه‌م ڕێسۆنانسه ده‌شێت ته‌مه‌نێکی کورتی هه‌بێت و ده‌شێت ته‌مه‌نێکی درێژی هه‌بێت. هه‌ر بۆیه هه‌ندێک کچ و کوڕ، که خاوه‌نی ئه‌شقێکی گه‌وره‌ش بن، دوای ماوه‌یه‌کی کورت ده‌بنه دوژمنی یه‌کتر، چونکه ئه‌وه‌ی له‌نێوانیاندا ناتوانرێت پراکتیزه‌ بکرێت، بریتییه له ڕێسۆنانس.


له هاوینی ساڵی (2009)ه‌وه هه‌تا ئێستا، یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان دوو باڵی گه‌وره و گرانی لێ بووەتەوه، که به‌دڵنیایی دوایین باڵ نابێت که له یه‌کێتیی ده‌بێته‌وه، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی که چه‌ندین سه‌رکرده‌ی تری یه‌کێتی له ماوه‌ی ئه‌م نۆ ساڵه‌ی ڕابردوودا ڕیزه‌کانی یه‌کێتییان به‌جێ هێشتووه. هه‌موو ئه‌م سه‌رکردانه و هه‌موو ئه‌م ئه‌ندامانه‌ی یه‌کێتی، که پێشتر ڕۆح و دڵ و گیانیان یه‌کێتی بوو، هه‌نووکه دوژمنی سه‌رسه‌ختی یه‌کێتیین. جێگای سه‌رنجه، که پێشتر سه‌رکرده گه‌وره‌ و کۆنه‌کانی یه‌کێتی هه‌مان شێوه پێشتر به ڕۆح و دڵ و گیان ئه‌ندامی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون، لێ پاشتر بوون به دوژمنی سه‌رسه‌ختی پارتی دیموکراتی کوردستان.


له زانسته‌ سروشتییه‌کاندا قسه‌ له‌سه‌ر هه‌تککردن و به‌ خراپ به‌کارهێنانی پۆلاریزه‌کردن ده‌کرێت، که ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی کۆنزیکوێنزێکی گه‌وره، یاخود بچووک. پۆلاریزه‌کردن ئاوتۆماتیکانه له ڕێگای بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤ خۆیه‌وه ڕوو ده‌دات، چونکه مرۆڤ ئه‌وه به‌رهه‌م دێنێت که بیری لێ ده‌کاته‌وه، ده‌بێت به‌وه‌ی که بیری لێ ده‌کاته‌وه.


که‌ی مرۆڤی کورد توانی پۆزه‌تیڤ بیر بکاته‌وه و به‌خته‌وه‌ریی بۆ هه‌مووان بوێت، ئه‌وا ژیانێکی ئازاد و به‌خته‌وه‌ر ده‌ژی، چونکه له سروشتدا ئه‌وه‌ی داوای ده‌که‌یت بۆ خه‌ڵکی بۆ خۆشتی داوا ده‌که‌یت، چونکه خودی خۆت ئه‌تۆمێکیت له ده‌ورانی ژماره‌یه‌کی بێ کۆتای ئه‌تۆمه‌کاندا، که ئونیڤێرزووم پێکدێنن. کورد به گشتی هه‌میشه خاوه‌نی بیرکردنه‌وه‌ی نێگه‌تیڤه، چ به‌رامبه‌ر به ژیانی خۆی و چ به‌رامبه‌ر به ژیانی خه‌ڵکی تریش. سیاسییه‌کان هه‌میشه له بیرکردنه‌وه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و پلانداناندان بۆ یه‌كتری. داوا و ویستی ئه‌م سیاسییانه داوایه‌که، که ژیانی خۆشیان ده‌گرێته‌وه. باوه‌ڕم نییه سیاسییه‌کی به‌خته‌وه‌ری کورد بوونی هه‌بێت، که به واتای وشه چێژ له ژیان ببینێت. نه‌خێر ئه‌وان زیندانێکیان له ئاگر و بارووت و چه‌ک بۆ خۆیان دروست کردووه. ته‌نانه‌ت به‌زمی خۆشی و ئاهه‌نگه‌کانیشیان بۆنی بارووتی لێ دێت.


ئه‌وه‌ی ده‌کرێت ئێستا جێگای خه‌می هه‌مووان بێت، بریتییه له قه‌ڵه‌وبوون و گه‌وره‌بوونی هه‌ستی نێگه‌تیڤ و ڕق و کینه له‌ناو به‌شێکی گه‌وره‌ی کورددا، که ده‌بنه هۆی دووباره‌کردنه‌وه‌ی چه‌ند مێژوویه‌ک، که ده‌کرا کورد سوودێکی گه‌وره‌ی لێ وه‌ربگرتایه بۆ دووباره نه‌کردنه‌وه‌ی، که ئه‌ویش ژیانێکه له دژبه‌یه‌کبوونی هه‌موودا.


ئه‌گه‌ر چه‌ند سیاسییه‌کی کورد هه‌ن، که تۆ به قێزه‌وتنرین و خراپترین سیاسیی کوردیان ده‌زانیت، که هه‌ر شیاوی ژیان نین، ئه‌وا ده‌توانیت کارێک بکه‌یت، که هیچی بۆ تۆ تێناچێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، که هه‌موو به‌یانیانێک، که له خه‌و هه‌ڵده‌ستیت بیر له‌و سیاسییانه بکه‌ره‌وه و ژیانێکی ئازاد و به‌خته‌وه‌ریان بۆ بخوازه. پاشان له‌دوای سێ مانگی تر سه‌رنج له ژیانی خۆت بده و بزانه چ گۆڕانکارییه‌کی گه‌وره‌ت به‌سه‌ردا هاتووه. هه‌مان کاتیش سه‌رنج له ژیانی ئه‌و سیاسییانه بده، بزانه چ گۆڕانێکی پۆزه‌تیڤیان به‌سه‌ردا هاتووه.
خه‌ڵکانێک پێشتر به گه‌وره و بچووکیانه‌وه دۆستی شێخ مه‌حموود بوون، که‌چی پاشتر بوون به دوژمنی شێخ مه‌حموود. خه‌ڵکانێک پێشتر دۆستی گیانی به گیانیی پارتی دیموکرات بوون، که‌چی پاشتر بوون به دوژمنی باوک کوشته‌ی پارتی دیموکرات. خه‌ڵکانێک پێشتر چۆله‌که‌ی سه‌ر گوێسوانه‌کانیشیان یه‌کێتیی نیشتمانیی بوون، هه‌نوکە چۆله‌که‌ی سه‌ر گوێسوانه‌کانیشیان دوژمنی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستانه. تاک و کۆی کورد ده‌بێت بیر بکاته‌وه و کۆتایی به‌م ده‌ورانی ڕق و کینه و دوژمنایه‌تییه بهێنێت، هه‌تا نه‌وه‌یه‌ک له‌دایک بن و ژیانێکی ئازاد و به‌خته‌وه‌ر بژیین. ته‌نیا به خۆشویستنی یه‌کتری ده‌توانرێت نیشتمانێک ئازاد بکرێت، هه‌تاوه‌کوو هاووڵاتییانی به‌خته‌وه‌ر تێیدا بژیین، ژیانێک له ئازادی و به‌خته‌وه‌رییشدا به‌بێ ڕاستی نادۆزرێته‌وه.


هه‌موو ئه‌م ڕقبوونه له‌یه‌كتری، هه‌لێکی گه‌وره‌ی بۆ دوژمنانی کورد ڕه‌خساندووه، که ئاسانتر کۆنترۆڵی کورد بکه‌ن. ته‌ماشا بکه له‌دوای شازده‌ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه چی به‌سه‌ر که‌رکووک نه‌هاتووه، زێده‌ڕۆیی نییه، ئه‌گه‌ر بگوترێت، ڕۆژێک دادێت تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی له ئان و ساتێکدا ده‌چنه که‌رکووکه‌وه و به ده‌ردی مووسڵ و شنگالی ده‌به‌ن.


ژیان بهگشتی له جیهاندا و له کۆمه‌ڵگای کوردییدا به‌تایبه‌تی، بریتییه له تێڕوانین. مرۆڤی کورد له هه‌‌موو شت ده‌ڕوانێت، له دیمه‌نێکی جوان، له تابلۆیه‌کی جوان، له سروشتێکی جوان، له ڕووداوێکی دڵته‌زێن، له غه‌درێک ...هتد. هه‌ندێک جار مرۆڤی کورد خاوه‌نی کۆمێنته له‌سه‌ر ئه‌و دیمه‌نانه‌ی ده‌یبینێت، کۆمێنتی هه‌سته‌کی، کۆمێنتی لۆگیکانه و ڕاسیۆناڵانه، به‌ڵام زۆرینه‌ی جار کورد خاوه‌نی کۆمێنتی هه‌سته‌کییه، که ناتوانێت ڕاسیۆناڵانه مامه‌ڵه‌ی ڕووداوه‌کان بکات. یه‌کێک له‌و کێشانه‌ی که من وه‌ک تاک سه‌رقاڵم پێوه‌ی، بریتییه له کێشه‌ی ئازادی. تاک له کۆمه‌ڵگای کوردییدا، له‌وه‌ته‌ی هه‌یه کۆڵه‌پشتی ئازادیی بەپشته‌وه‌یه، به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانێت که ئازادیی چییه. ده‌توانم بڵێم کۆڵه‌پشتی به‌شێکی گه‌وره‌ی تاکی کورد، بێجگه له خشتی سوور و له‌ته بلۆک هیچی تری تێدا نییه، به‌م شێوه‌یه کۆڵه‌پشتێکی ئاوها ته‌نیا باری شانی سه‌خت کردووه و هیچی تر. کێشه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که هیچ که‌س کۆڵه‌پشته‌که‌ی داناگرێت و ته‌ماشایه‌کی ناوی ناکات، هه‌تاوه‌کوو هه‌ر شتێکی قورسی تێدا هه‌بێت، که ته‌نیا باری شانی قورس کردبێت و هیچی تر، فڕێی بدات. نه‌خێر تاک ئاماده‌یه هه‌تاوه‌كوو مه‌رگی به‌و کۆڵه‌پشته‌وه بژی و به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماده بێت، که ته‌ماشای بکات چی تێدایه.


ئێمه پێویستمان به وه‌رشه‌یه‌کی ئازادی هه‌یه. وه‌رشه‌یه‌کی ئاوهاش تاکه ئامێره، که ده‌بێت له کۆڵه‌پشته‌کانمادا بێت، چونکه هیج کێشی نییه و پێویستییه‌کی ئێسنتیله (Essentiel) بۆ ژیانمان. ئێسنتیل چه‌مکێکی فه‌ڕه‌نسییه و به‌ واتای پێویستییه‌کی سه‌ره‌کی، پێویستییه‌کی ئێکسیستێنسیانه، پێویستییه‌کی بوون. هه‌نووکه من مرۆیه‌کم ته‌مه‌نم له چل و هه‌شت ساڵ تێپه‌ڕیوه، لێ له‌وه‌ته‌ی من بیرم دێت (ده‌شێت نه‌وه‌ی پێش منیش هه‌مان شێوه‌ بن)، کورد باس له ئازادی ده‌کات و بۆ ئازادی تێ ده‌کۆشێت، چه‌نده‌ها گرۆی بۆ تێکۆشان بۆ ئازادی دروست کردووه، چه‌نده‌ها پارت و ڕێکخراوی دروست کردووه. له‌دوای شێخ مه‌حموده‌وه کورد له باشووردا بیری له دامه‌زراندنی پارت کردووەته‌وه و به‌شێوه‌یه‌کی گشتی یان بوون به ئه‌ندامی حزبی شیوعی یان بوون به ئه‌ندامی پارتی دیموکراتی کوردستان. هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌پێناوی ئازادیدا بووه، چونکه وه‌ک بیستوومه ئازادی هه‌موو شته بۆ کورد. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که ئاخۆ چه‌ند ئازادین؟ چه‌ند ده‌زانین ئازادی چییه؟
من ئه‌و سه‌رده‌مه‌م بیر نایەت، به‌ڵام گوێم لێ بووه، خوێندوومه‌ته‌وه، که ده‌ڵێن: کووکووختی سه‌ر گوێسوانه‌کانی هه‌موو ماڵێک پارتی دیموکرات بوون. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که ئاخۆ بۆچیی ئه‌ندام و هه‌واداری پارتی دیموکرات بوون؟ وه‌ڵام چونکه ئازادییان ده‌وێت. ئه‌ی چه‌ند له ئازادیدا هه‌واداری پارتی دیموکرات بوون؟ وه‌ڵامی ئه‌مه‌یان پێویستی به ئه‌نالیزه‌کردنی که‌سایه‌تی و مامه‌ڵه‌کانی هه‌موو ئه‌م تاکانه‌یه، ئه‌مه‌ش کارێکی سانا نییه، به‌ڵام ده‌کرێت له ڕێگای خوێندنه‌وه‌یه‌کی سۆسیال ده‌روونناسییه‌وه بگه‌ینه وه‌ڵامێک. وه‌ڵامێکی ئاوهاش بریتییه له‌وه‌ی، که شه‌یداییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیی وه‌های کردووه، که خۆشه‌ویستییان بۆ پارتی دیموکرات هه‌بێت. ئه‌مه‌ش وه‌ک مۆدێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌و سه‌رده‌مه، لووتکه‌ی خۆشیی تاکی کورد بووه. پارتی دیموکراتبوون، سووپه‌رستاربوون بووه، کێش هه‌یه نه‌یه‌وێت سووپه‌رستار بێت؟


منیش ئازادم و له ئازادیدا دانیشتووم ئه‌م تێکسته ده‌نووسم، به‌ڵام ده‌شتوانم هه‌ڵبستم، بڕۆم، بنووم، یان بچمه ده‌ره‌وه، یان هه‌ر شتێکی تر بکه‌م، به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی من بیرم دێت، کورد نرخێکی گه‌وره له‌سه‌ر ئازادیی بێ مه‌رج داده‌نێت، به‌و کوردییه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه، که من گوێم لێ ده‌بوو، ئازادیی بێ قه‌ید و شه‌رت، به‌ڵام ئازادی که بێ قه‌ید و شه‌رت بوو، به ‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئازادی نییه، ئازادیی ڕاسته‌قینه خاوه‌نی مه‌رجه، مه‌رجی ئازادیی ڕاسته‌قینه‌ش بریتییه له مه‌رجی ویستی ئازاد. واته ویسته‌کانمان ده‌بێت به‌رهه‌می ئازادی بێت، ئه‌وسا مامه‌‌ڵه‌کانمان ده‌توانرێت وه‌ک مامه‌ڵه‌ی ئازاد پێناس بکرێت.


له ئان و ساتێکدا کووکووختی سه‌ر گوێسوانه و بانه‌کان چیدی پارتی دیموکراتی کوردستان نه‌بوون، به‌ڵکوو دوژمنی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه بۆچی؟ وه‌ڵامی من بریتییه له: چونکه ئه‌م کووکووختییانه هه‌رگیز ئازاد نه‌بوون، خوێندنیان ئازاد نه‌بووه، مامه‌ڵه‌یان ئازاد نه‌بوو، چونکه ئازادییه‌کانیان بێ قه‌ید و شه‌رت بووه. ئه‌م کووکووختییانه خاوه‌نی ویستی ئازاد نه‌بوون، ئه‌مانه نه‌یانتوانیوه هیچی تر بن، بێجگه له هه‌واداری پارتی دیموکرات، ئه‌مانه نه‌یانتوانیوه هیچی تر بن، بێجگه له دوژمنی پارتی دیموکرات.


ئه‌مانه دوژمن بوون، به‌ڵام هیچیان خاوه‌نی ئازادیی ویست نه‌بوون، ئه‌مانه بێجگه له دوژمنبوون توانای کردنی هیچی تریان نه‌بوو، چونکه ئازاد نه‌بوون. پارادۆکس لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که ئه‌مانه بۆ ئازادیی تێ ده‌کۆشان، له‌کاتێکدا هیچیان ئازاد نه‌بوون. به‌دبه‌ختی له‌م به‌دبه‌ختییه‌دا ئه‌وه‌یه، که تێکۆشان بۆ ئازادی له کۆمه‌ڵگای کوردیدا وه‌ک یاریی منداڵانی لێ هاتووه. یاریی منداڵان بریتییه له پیشاندانی ئینته‌رێسه، کاتێک منداڵ ئینته‌رێسه‌ی هه‌یه، یاری ده‌کات، کاتێکیش ئینته‌رێسه‌ی نامێنێت، ئیدی یاری ناکات، به‌ڵام کاتێک ده‌بینێت منداڵه‌کانی تر هێشتا یاری ده‌که‌ن، ئه‌م چونکه ئازاد نییه، چونکه خاوه‌نی ئازادیی ویست نییه، به‌هۆی تێکچوونی کاراکتەریه‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی بیرکردنه‌وه‌یه‌ک هه‌ڵیده‌سووڕێنێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی که ئیمپولزێک، که حه‌زێک زاڵه به‌سه‌ریدا، ئه‌وا منداڵه‌که هیچی تری پێ ناکرێت، بێجگه له تێرکردنی حه‌زه‌که‌ی نه‌بێت، که ئه‌ویش تێکدانه‌وه‌ی یارییه‌که‌یه له منداڵه‌کانی تر.


به‌م شێوه‌یه هه‌‌تاوه‌کوو ئێستا، ئه‌گه‌ر ته‌ماشا بکه‌ین، ئه‌وا ده‌بینین، که کووکووختییه‌کان نه‌بوون به چی؟ چی تر ماوه هه‌تاوه‌کوو به‌ویش نه‌بن؟ سێ چاره‌که سه‌ده‌یه، که‌س بیر له ویستی ئازاد ناکاته‌وه، سێ چاره‌که سه‌ده‌یه، که‌س بیر له ئازادی ناکاته‌وه. یه‌کێک له پرۆسێسه ئینته‌رێسانته‌کانی دادگای ئه‌وروپی و ئه‌مەریکی بریتییه له به‌دواداچوونی که‌یسێک به‌شێوه‌یه‌کی ڕاسیۆناڵانه، که تێیدا خه‌تاباریی و بێ خه‌تایی که‌سێک له تاوانێکدا ئاشکرا ده‌کات. بۆ نموونه که‌سێکی پسیشۆپات، سایکۆپات خاوه‌نی تێندێنسێکه، که له کاره‌کانیدا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ئازاد نییه، به ‌هیچ شێوه‌یه‌ک ناتوانێت هیچی تر بکات، بێجگه‌ له‌وه‌ی که بیری لێ کردووەته‌وه بیکات، بۆ نموونه کوشتنی که‌سێک. له‌کاتێکدا من ده‌توانم ئێستا ده‌ست له نووسینه‌که‌م هه‌ڵبگرم، به‌ڵام سایکۆپاتێک ناتوانێت ده‌ست له کوشتنێک هه‌ڵبگرێت، چونکه ئازاد نییه. ئه‌و بێجگه له کوشتنی که‌سێک هیچی تری پێ ناکرێت. ئه‌و ویستی نییه بڕواته‌وه بۆ ماڵه‌وه، ویستی نییه بچێت پیاسه‌یه‌ک بکات ...هتد.


بیهێننه به‌رچاوی خۆتان، که ئاخۆ کۆمه‌ڵگای کوردی ده‌بێت خاوه‌نی چه‌ند خه‌ڵکی سایکۆپات بێت؟ چه‌ند خه‌ڵکی کورد خاوه‌نی ئازادیی ویستن؟ چه‌ند خه‌ڵکی کورد ده‌زانن ئازادی چییه؟ چه‌ند خه‌ڵکی کورد به غه‌در کوژراوه؟ چه‌ند خه‌ڵکی کورد بێجگه‌ له‌وه‌ی به غه‌در کوژراوه، ناو و ناوبانگی که‌سوکارییشیان ناشیرین کراوه؟ بکوژه‌کان و فه‌رمانده‌ران به بکوژه‌کان یان ئه‌وه‌تا هێشتا له ژیاندان و یان له ژیاندا نه‌ماون، به‌ڵام نموونه‌یان زۆره. ئه‌وانه‌ی له ژیاندا ماون، ده‌توانن هێشتا بیر بکه‌نه‌وه، هێشتا ئازادیی خۆیان و ئازادیی ویسته‌کانیان بخه‌نه ژێر پرسیاره‌وه، هێشتا ده‌توانن له‌جیاتی بێده‌نگیی هه‌ڵبژاردن شتێکی تریش بکه‌ن، ئه‌ویش قسه‌کردنه له‌سه‌ر ڕاستی.


هه‌رگیز خوازیاری ئه‌وه نه‌بووم، که برینی کۆن هه‌ڵبکه‌نم، به‌ڵام هه‌ندێک برین هه‌ن، که پێویسته هه‌ڵبکه‌نرێن، هه‌تاوه‌کوو بەباشی چاک ببنه‌وه.


یه‌کێک له‌و غه‌دره گه‌ورانه‌ی که له هه‌زاران غه‌دری گه‌وره‌دا له کۆمه‌ڵگای کوردیدا کراوه، بریتییه له غه‌دری جه‌باری عه‌لی عه‌وێز. جه‌بار قوربانیی نه‌بوونی ئازادیی ویسته، قوربانیی سایکۆپاته‌کانی کورد و فه‌رمانده‌رانیانه. ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی، که جه‌باریان کوشت، ته‌نیا غه‌دریان له جه‌بار نه‌کرد، به‌ڵکوو له خێزانه‌که‌یشی کرد. له‌دوای ڕاپه‌ڕین ژنه‌که‌شیان کوشت، به‌بێ ئه‌وه‌ی تاکی ئازادیخوازی کورد بیرێکی ڕاسیۆناڵانه له دۆسێکه بکاته‌وه، که ئه‌و کاره‌ی ژنه‌که‌ی جه‌بار کردبووی له ئازادیدا نه‌یکردووه، به‌ڵکوو پراکتیزه‌ی ویستێکی ویستراوی له‌ژێر زه‌بردا کردووه، به‌م شێوه‌یه چ به ئه‌نالیزه‌یه‌کی ده‌روونناسییانه و یاساییانه ژنه‌که‌ی جه‌بار تاوانبار نییه، به‌ڵکوو قوربانییه. غه‌در جه‌بار و ژنه‌که‌ی ده‌کوژێت و دوو منداڵی غه‌درلێکراویش ده‌هێڵنه‌وه، که هه‌تاوه‌کوو ئێستا له‌جیاتی شانازییکردن به دایک و باوکیانه‌وه، شه‌رم له دایک و باوکیان ده‌که‌ن.


که‌ی تاکی کورد ده‌توانێت ئاماده بێت که ڕاسیۆناڵانه بیر بکاته‌وه، که بێجگه له ڕق و کینه و کوشتن، ده‌توانێت شتێکی تریش بکات، که ئه‌ویش خۆشه‌ویستی و لێبورده‌یی و پێکه‌وه‌ییه؟ چارڵی چاپڵن ده‌ڵێ ”پێویستت به ده‌سته‌ڵاته، ئه‌گه‌ر نیازت بێت شتێکی خراپ بکه‌یت، به‌ڵام بۆ هه‌ر شتێکی تر که ده‌ته‌وێت، خۆشه‌ویستی به‌سه بۆ کردنی“.