ئاڵتسهایمه‌ر Alzheimer

مه‌ترسیی وه‌رگرتنی ئاڵتسهایمه‌ری له دایک و باوکه‌وه زۆرە

له وتارێکی کورتی وه‌هادا، ده‌مه‌وێت له‌سه‌ر ئاڵتسهایمه‌ر سیندرۆم قسه‌ بکه‌م. ”سیندرۆم Syndrom چه‌مکێکی یۆنانییه، به واتای پێکه‌وه ڕۆیشتن، پێکگه‌یشتن. سین: واتا پێکه‌وه. درۆم: واتا ڕۆیشتن. له مێدیسین و ده‌روونناسییدا چه‌مکی سیندرۆم به‌کار ده‌هێنرێت، هه‌تا له ڕێگایه‌وه ده‌ستنیشانی سیمپتۆم بکرێت و له ڕێگای دیاگنۆزه‌شه‌وه ده‌ستنیشانی نه‌خۆشییه‌که ده‌کرێت". له‌م وتاره‌دا به زمانێکی تر ده‌دوێم، به زمانێک که زمانی پیشه ئه‌کادێمییه‌کانه، هه‌ر بۆیه داوا له خوێنه‌ری خۆشه‌ویست ده‌که‌م، که هه‌وڵ بدات به‌دواداچوون بکات و هه‌وڵی تێگه‌یشتنی چه‌مکه‌کان بدات. تێگه‌یشتن له چه‌مک، تێگه‌یشتنه له ژیان و کێشه‌کانی، تێگه‌یشتنی زیاتره له سروشت و مرۆڤ. زمانی مێدیسین زمانێکی زانستییه، هه‌ر بۆیه، ناکرێت داوا بکرێت که به زمانێکی ساده و ساکار قسه‌ له‌سه‌ر هه‌ندێک بابه‌تی زانستی بکرێت.


من بۆیه ئه‌م سه‌رنجه کورته له‌سه‌ر ئاڵتسهایمه‌ر ده‌نووسم، چونکه خاوه‌نی باکگراوندێکی زانستییم تێیدا. من به‌ده‌ر له فه‌لسه‌فه، تێراپیی ده‌روونییشم له ئه‌ڵمانیادا خوێندووه،  که‌سێکی پسیشۆتێراپۆیتم، باسێکی ئاوهاش به ده‌ڤه‌ری زانستیی خۆم ده‌زانم. له وڵاتی دانمارک ئه‌زموونێکی زۆرم له‌گه‌ڵ پیرانی خاوه‌ن ئاڵتسهایمه‌ردا کۆ کردووەته‌وه و له‌گه‌ڵیان کارم کردووه. لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥دا له‌سه‌ر هه‌مان نه‌خۆشی قسه‌م کرد، هۆکاره‌که‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و زانیارییانه‌ی، که له میدیای کوردییدا ده‌بیسترا و ده‌بینرا.


سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت سه‌رنجێک بخه‌مه پێشچاوی خوێنه‌ری کورد، که ئه‌وان له ڕێگای میدیای کوردییه‌وه ئاڵتسهایمه‌ر به ئه‌لزه‌هایمه‌ر ده‌ناسن، که بەدڵنیاییه‌وه له زمانی عه‌ره‌بییه‌وه وه‌ریانگرتووه. هه‌ر بۆیه پێشنیار ده‌که‌م، که چه‌مکه‌که وه‌ک له په‌یڤی ئه‌ڵمانییدا چۆنه ئاوهاش به‌کاری بهێنن، چونکه له ته‌واوی وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مەریکادا ئاڵتسهایمه‌ر به ئاڵتسهایمه‌ر ناو ده‌برێت، نه‌ک هه‌ر که‌سه و به ئاره‌زووی خۆی ناوه‌که بگۆڕێت بۆ شتێکی تر، چونکه ناوه‌که پاشناوی دکتۆرێکه، ناوی فامیلیی دکتۆرێکه. وه‌ک چلۆن ناتوانین نیچه به شتێکی تر ناو به‌رین، کانت به شتێکی تر ناو به‌رین، شۆپنهاوه‌ر به شتێکی تر ناو به‌رین، ئاوهاش ناتوانین ئاڵتسهایمه‌ر به شتێکی تر ناو به‌رین. عه‌ره‌ب له وه‌رگێڕاندا ناتوانن سه‌رکه‌‌وتنی ته‌واو به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌ویش به‌ده‌ر له نزمیی توانای وه‌رگێڕان، هه‌مانکاتیش هۆکاری تر هه‌یه، که نه‌توانن هه‌ندێک ناو و چه‌مک وه‌ک خۆی بگوێزنه‌وه بۆ زمانی عه‌ره‌بی، چونکه هه‌ندێک پیت هه‌یه له زمانی عه‌ره‌بییدا نییه، هه‌ر بۆیه ناچار ده‌بن، ناو و چه‌مکه‌کان به‌و شێوه‌یه وه‌ربگێڕن، که زمانه‌که‌یان بواریان ده‌دات. خۆشبه‌ختانه په‌یڤی کوردی ئه‌و کێشه‌یه‌ی نییه. به‌شێک له نووسه‌ر و سیاسییه‌کانی ئێمه له ساڵانی ڕابردوودا، که قسه‌یان له‌سه‌ر هه‌ندێک فه‌یله‌سووفی ئه‌ڵمانی ده‌کرد، چونکه زانیارییه‌کانیان له عه‌ره‌بییه‌وه سه‌رچاوه‌‌ی گرتبوو، ئه‌وا بۆ نموونه له‌بری ئیمانوێل کانت ده‌یانگوت عه‌مانوێل قانت، لەبری نیچه ده‌یانگوت نیتشه، ئێستاش له‌بری ئاڵتسهایمه‌ر ده‌گوترێت ئه‌لزه‌هایمه‌ر.


تێبینیی: پیتی زێت Z، له زمانی ئه‌ڵمانییدا به تس ده‌خوێنرێته‌وه، هه‌ربۆیه ده‌گوترێت: ئاڵتس نه‌ک ئاڵز.


ئالۆیس ئاڵتسهایمه‌ر کێیه؟ Alois Alzheimer به‌ هه‌رحاڵ ئاڵتسهایمه‌‌ر پیاوێکی پسیشیاته‌ر (دکتۆری ده‌روونی) و نۆیرۆلۆگ بوو، له ساڵی 1901دا له کلینیکی ده‌روونیی شاری فرانکفورت کاری ده‌کرد، کاتێک ژنێکیان به ناوی (ئاوگوسته دێته‌ر، Auguste Deter) هێنا بۆ ئه‌وێ، وه‌ک له وێنه‌ی یه‌که‌مدا دیاره، ئاڵتسهایمه‌ر ژنه‌که‌ی وه‌ک پاتێنتی خۆی، وه‌ک نه‌خۆشی خۆی وه‌رگرت. ژنه‌که ناوی ئاوگوسته دێته‌ر بوو، که‌سوکاری پێیان وابوو، که ئاوگوسته شێت بووه. ئاڵتسهایمه‌ر سه‌ره‌تا چاوپێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ ئاوگوسته‌دا ده‌کات، چاوپێکه‌وتنه‌که به‌‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه ده‌ست پێ ده‌کات. 


ئاڵتسهایمه‌ر: ناوت چییه؟
ئاوگوسته دێته‌ر: ئاوگوسته.
ئاڵتسهایمه‌ر: مێرده‌که‌ت ناوی چییه؟
ئاوگوسته دێته‌ر: بیر ده‌کاته‌وه و پاشان ده‌ڵێ: باوه‌ڕ ده‌که‌م ئاوگوسته.
ئاڵتسهایمه‌ر: پیاوه‌که‌ت؟
ئاوگوسته دێته‌ر: ئۆ (وه‌ک ئۆی، که له زمانی کوردییدا به‌کار دێت).
ئاڵتسهایمه‌ر: ته‌مه‌نت چه‌نده؟
ئاوگوسته: 51
ئاڵتسهایمه‌ر: له‌ کوێ ده‌ژیت؟
ئاوگوسته‌ دێته‌ر: ئۆ، تۆ له ماڵمان بوویت.
ئاڵتسهایمه‌ر: شووت کردووه؟
ئاوگوسته دێته‌ر: ئۆ، ته‌واو سه‌رم لێ شێواوه.
ئاڵتسهایمه‌ر: ئێستا تۆ له کوێیت؟
ئاوگوسته دێته‌ر: لێره و له هه‌موو شوێنێک، له ئێستا و ئالێره‌دا، تکایه پێت ناخۆش نه‌بێت.
ئاڵتسهایمه‌ر: لێره له‌ کوێیت؟
ئاوگوسته‌ دێته‌ر: له‌و شوێنه‌ی، که لێی ده‌ژیین.
ئاڵتسهایمه‌ر: جێگای خه‌وت له کوێیه؟
ئاوگوسته دێته‌ر: پێویسته له ‌کوێ بێت؟
ئاڵتسهایمه‌ر: چی ده‌خۆیت؟
ئاوگوسته دێته‌ر: سپیناخ (به‌ڵام گۆشتی له ده‌مدایه و ده‌یجوێت).
ئاڵتسهایمه‌ر: چی ده‌خۆیت؟
ئاوگوسته دێته‌ر: سه‌ره‌تا په‌تاته ده‌خۆم، پاشان ڕه‌گی بیبه‌ر.
ئاڵتسهایمه‌ر: بنووسه پێنج به ژماره.
ئاوگوسته دێته‌ر: ده‌نووسێت ژن.
ئاڵتسهایمه‌ر: بنووسه ژماره هه‌شت.
ئاوگوسته دێته‌ر: ده‌نووسێت ئاوگوسته (له‌ کاتی نووسییندا، ده‌ڵێ: پێویسته بڵێم، که سه‌رم لێ شێواوه).

 

چاوپێکه‌وتنه‌که‌ له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ى ئاڵتسهایمه‌رى ئه‌ڵمانی، به زمانی ئه‌ڵمانی ده‌ست ده‌که‌وێت. بۆ زانیاری، له هه‌موو وڵاتانی ئه‌وروپا، سکانده‌نافیا، ئه‌مەریکا، که‌نه‌دا، ئاوستورالیا، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی ئینستیتووتێکی تایبه‌تی به نه‌خۆشیی ئاڵتسهایمه‌ر هه‌یه، که خاوه‌نی لینکی تایبه‌تی خۆیانن. ده‌کرێت کوردیش ئینستیتووتێکی تایبه‌ت به ئاڵتسهایمه‌ر بکاته‌وه و خاوه‌نی لینکی خۆی بێت، بۆ پێدانی زانیاری به به‌رکه‌وتووان و که‌سوکاریان. 


ئاوگوسته دێته‌ر له ساڵی 1906 دا دوای پێنج ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌که‌یدا ده‌مرێت. (تێبینی: به‌هۆی مێدیسینی مۆدێرنه‌وه دژ به ئاڵتسهایمه‌ر، هه‌مانکاتیش خزمه‌تگوزارییه‌کانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و خانه‌ی پیرانه‌وه، نه‌خۆشی ئێستا دوای 10 بۆ 12 ساڵ ده‌مرێت). ئه‌و کات ئاڵتسهایمه‌ر چیتر له فرانکفورت نه‌بوو، به‌ڵکوو له میونشن بوو، له‌وێ به‌ڕێوه‌به‌ری لابۆر (تاقیگه‌) بوو له ئینستیتووتی ئێمیل کرێپه‌لین، (یه‌کێک له ده‌روونناسه گرنگه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه). ئاڵتسهایمه‌ر به بیستنی هه‌واڵی مردنی ئاوگوسته، داوا له کلینیکی فرانکفورت ده‌کات، که مێشکی ئاوگوسته‌ی بۆ بنێرن، هه‌تاوه‌کوو بیپشکنێت. پاش به‌ده‌ستگه‌یشتنی مێشکی ئاوگوسته، ئاڵتسهایمه‌ر داتای پشکنینه‌کانی ده‌گه‌یه‌نێته ده‌ستی کرێپه‌لین و ئه‌ویش ده‌یخاته کتێبی خوێندنی پسیشیاترییه‌وه، که چاپی هه‌شته‌می له ساڵی 1910دا که‌وته به‌رده‌ستی خوێندکاری نوێ. کرێپه‌لین نه‌خۆشییه‌که به ناوی ئاڵتسهایمه‌ر خۆیه‌وه بڵاو ده‌کاته‌وه، چونکه به‌رهه‌می ئه‌قڵ و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و بووه. له‌و کاته‌وه جیهان به نه‌خۆشیی ئاڵتسهایمه‌ر ئاشنا بووه. کۆمه‌ڵگای کوردی، هه‌مووی چه‌ند ساڵێکی که‌مه ئاشنای ئه‌م نه‌خۆشییه‌یه، به‌ڵام به ناته‌واوی و هه‌تاوه‌کوو ئێستاش من هیچ شتێکم به کوردی له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خۆشییه نه‌دیوه، ته‌نیا چه‌ند زانیارییه‌کی هه‌ڵه نه‌بێت، که له میدیای کوردییدا بڵاو کرابووەوه، هه‌ر بۆیه ناچار بووم به نووسینی ئه‌م تێکسته کورته له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خۆشییه‌.


سیمپتۆمه‌کانی نه‌‌خۆشیی ئاڵتسهایمه‌ر (تێبینی: له زمانی کوردییدا ده‌گوترێت نیشانه‌کانی فڵان یان فیسار نه‌خۆشیی، به‌ڵام من پێم باشه سیمپتۆم به‌کار بێت، چونکه زمانێکی ستانداردی زانستی مێدیسینه و کاری پێ ده‌کرێت).

 

1) ئافاسی (چه‌مکێکی یۆنانییه، به واتای تێکچوونی قسه‌کردن).
2) ئاگنۆسیی (چه‌مکێکی یۆنانییه، به واتای نه‌بوونی توانای ناسینه‌وه. نه‌خۆشه‌که شت ناناسێته‌وه، کووپ، په‌رداخ، دۆشه‌ک، سه‌رین، ته‌نانه‌ت که‌سوکاری خۆیشی، ژنه‌که‌ی یان مێرده‌که‌ی ناناسێته‌وه، کچه‌که‌ی یان کوڕه‌که‌ی ناناسێته‌وه، بگره له‌به‌ر ئاوێنه‌دا خۆیشی ناناسێته‌وه).


3) ئاپراکسیی (چه‌مکێکی یۆنانییه، به واتای نه‌بوونی توانای پراکتیکیی. بۆ نموونه نه‌زانیت چلۆن ده‌رگایه‌ک ده‌کرێته‌وه، چلۆن جل له‌به‌ر بکه‌یت، چلۆن پێڵاو له‌‌ پێ بکه‌یت ...هتد). تێبینیی: بۆ به‌بیرهاتنه‌وه‌ی ئه‌م سێ سپیمتپۆمه سه‌ره‌کیی و گرنگه، ده‌توانیت به 3Aدا بیرت بکه‌وێته‌وه. واته سێ پیتی ئا بهێنه پێشچاوی خۆت و بیری ئافاسیی و ئاگنۆسیی و ئاپراکسییت بێته‌وه.


4) له‌بیرچوونه‌وه. واته هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی، که له ژیانی ڕۆژانه‌یدا تێیدا ده‌ژی، له‌دوای ماوه‌یه‌کی کورت بیری نامێنێت. ئینجا به‌پێی قورسیی نه‌خۆشییه‌که، ده‌توانێت له‌دوای چه‌ند خوله‌کێک بیری نه‌بێت چی کردووه و چی گووتووه، چی کردووه و چیی گووتوه. به‌ڵام ژیانی منداڵی و گه‌نجی هه‌تا ساڵانێکی درێژ له مێشکی نه‌خۆشه‌که‌دا ده‌مێنێته‌وه.


5) تێکچوونی کۆنسێنتراسیۆن (واته نه‌توانینی ددان به‌خۆدا گرتن و قووڵبوونه‌وه، نه‌بوونی فۆکۆس له‌سه‌ر هه‌ر شتێک، که بیکه‌یت).


6) نه‌خۆشییه‌که له‌سه‌رخۆ ده‌ست پێ ده‌کات و له گه‌شه‌ی به‌رده‌وامییدایه.


7) ڕابردووی نه‌خۆشه‌که درێژه ده‌خایه‌نێت، به‌ڵام ڕووداوه نوێکان تۆمار نابن. واته بۆ نموونه نه‌خۆشه‌که نازانێت سەعاتێک پێش ئێستا چی کردووه، به‌ڵام ژیانی ڕابردووی بیره. (تێبینیی: ئه‌م باروودۆخه، که‌وتووەته سه‌ر نیڤۆی نه‌خۆشه‌که، واتا هه‌تا پله‌ی چه‌ند نه‌خۆشه‌که دێمێنسی هه‌یه. نیڤۆکان له سووکه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات، ناوه‌ڕاست، زۆر قورس).


8)مردنی له‌دوای 10 بۆ 12 ساڵ. 


نه‌خۆشیی ئاڵتسهایمه‌ر، نه‌خۆشییه‌کی دێگنه‌راتیڤی مێشکه، به‌ واتای له‌ناوچوونی نۆیرۆنه‌کانی مێشک. ئه‌م نۆیرۆنانه به‌هۆی پرۆتینی (تاو)ه‌وه Tau-Protein، که له‌سه‌ر نۆیرۆنه‌کانی مێشک کۆده‌بێته‌وه دروست ده‌بێت. ئه‌م پرۆتینه سه‌ره‌تا ده‌بێته هۆی پچڕاندنی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان نۆیرۆنه‌کان و پاشان له‌ناوبردنی نۆیرۆنه‌کان. ڕوودانی ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی دێمێنس. دێمێنس چه‌مکێکی یۆنانییه و به‌ واتای ڕۆچوونی تواناکانی گایست، ڕۆچوونی تواناکانی مێشک. دێ De به واتای خلبوونه‌وه، ڕۆچوون، لادان. مێنس mens به واتای توانای گایست، هۆشیاری. واتا ئاڵتسهایمه‌ر هۆکاره بۆ دروستبوونی دێمێنس. دێمێنس خۆی نه‌خۆشی نییه، به‌ڵکوو پێناسێکه بۆ بارودۆخێکی ته‌ندروستیی مێشکی که‌سێک، بۆ ڕۆچوونی تواناکانی مێشکی که‌سێک. به‌ڵام کۆمه‌ڵێک نه‌خۆشی هه‌یه، که ده‌بێته هۆی دروستبوونی دێمێنس، که یه‌کێک له‌وانه "ئاڵتسهایمه‌ر"ه.  نه‌خۆشییه‌‌که‌ش بریتییه له کۆبوونه‌وه‌ی پرۆتینی تاو له‌سه‌ر نۆیرۆنه‌کانی مێشک و پچڕاندنی په‌یوه‌ندیی نێوان نۆیرۆنه‌کان. ته‌ماشای وێنه‌ی دووه‌م بکه، ده‌بینیت، که مێشکێکی ئاڵتسهایمه‌ر به‌هۆی پرۆتینی تاوه‌وه په‌یوه‌ندیی نێوان نۆیرۆنه‌کان له مێشکدا ده‌بچڕێنێت.

 

چه‌مکی دێمێنس له سه‌ده‌کانی هه‌ژده‌دا زیاتر له بواری یاسا و مافدا به‌کار ده‌هێنرا، هه‌مانکاتیش له ژیان و زمانی ڕۆژانه‌دا وه‌ک تێکچوونێکی ده‌روونی. له‌و ڕۆژانه‌دا پشکێنه‌رانی مێشک ته‌نیا له‌دوای مردنی نه‌خۆشه‌کان شانسی پشکنینی مێشکیان هه‌بووه، به‌ڵام له زانستی مۆدێرندا، مرۆڤه‌کان له ژیاندان و سکانی مێشکیان ده‌کرێت و ده‌پشکنرێن. به‌مشێوه‌یه مرۆڤه‌کان هێشتا له ژیاندان و ده‌توانرێت بزانرێت، که له‌ چ شوێنێکی مێشکیاندا زیان به نۆیرۆنه‌کان که‌وتووه.


ئاڵتسهایمه‌ر نه‌خۆشییه‌ک نییه، که به ته‌نیا تووشی پیران بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه، مرۆڤی گه‌نجیش تووشی ئاڵتسهایمه‌ر ده‌بێت. به‌و پێیه‌ی، که ئاڵتسهایمه‌ر ده‌گوێزرێته‌وه بۆ نه‌وه‌کان، ئه‌وا هه‌موو تاکێک له فامیلییه‌کدا، که ئاڵتسهایمه‌ری تێدابووبێت، مه‌ترسیی وه‌رگرتنی ئاڵتسهایمه‌ری له دایک و باوکه‌وه هه‌یه. 


ئه‌وه‌ی وه‌ها ده‌کات، که نه‌وه‌کان دره‌نگتر ئاڵتسهایمه‌ر بگرن، بریتییه له ئاستی گه‌شه‌ی مێشکی که‌سه‌که، ئه‌ویش به‌هۆی به‌رزیی ئاستی ڕۆشنبیریی که‌سه‌که‌وه. واته که‌سی ناوبراو چه‌ند مێشکی به‌کار بهێنێت هێنده‌ نه‌خۆشیی ئاڵتسهایمه‌ر دوا ده‌خات، که له ئاینده‌دا بیگرێت نه‌ک ئێستا. بۆ نموونه زانینی زیاد له زمانی دایک، واته زمانێک که لەپاڵ زمانی دایکه‌وه ڕۆژانه به‌کاری بهێنیت. سه‌رقاڵکردنی مێشک به زانین و زانسته‌وه، ئه‌مه‌ش پێویسته کاری ڕۆژانه بێت، نه‌ک جار ناجارێک، ئه‌کتیڤبوون له ژیانی ڕۆژانه‌دا به وه‌رزشکردن و ڕۆیشتنه‌وه یاخود ڕاکردن. به‌مشێوه‌یه که‌سی ناوبراو له‌بری ئه‌وه‌ی بۆ نموونه له چل ساڵیدا ئاڵتسهایمه‌ر بگرێت، ئه‌وا له په‌نجادا ده‌یگرێت، ئه‌گه‌ر مه‌ترسیی له‌سه‌ر بێت، که له شه‌ست و حه‌فتادا بیگرێت ئه‌وا پێنج ساڵێکله‌دوای ئه‌وه ده‌یگرێت ...هتد.


نه‌خۆشیی ئاڵتسهایمه‌ر چه‌ندین جۆری هه‌یه، واتا که که‌سێک ئاڵتسهایمه‌ری هه‌‌بوو، ئه‌وا ده‌بێت دیاگنۆزیسیره‌ی جۆره‌که‌ی بکرێت و بزانرێت چ جۆرێک له ئاڵتسهایمه‌ری هه‌یه. ئاڵتسهایمه‌ر و به گشتی هه‌موو جۆره‌کانی دێمێنس هیچ جۆره چاره‌سه‌رێکیان نییه. لانیکه‌م له‌م سه‌رده‌مه‌دا.

 

دێمێنس چییه؟
وه‌ک پێشتر گوتم، دێمێنس بۆ خۆی نه‌خۆشی نییه، به‌ڵکوو پێناسێکه بۆ بارودۆخێک، که تێیدا توانا گایستییه‌کان، توانا هۆشیارییه‌کان ڕۆ ده‌چن. هۆکار زۆرن بۆ تووشبوونی دێمێنس، هه‌مانکاتیش چه‌ندین جۆری دێمێنس به چه‌ندین جۆر سیپمتۆمه‌وه هه‌یه. بۆ نموونه ڤاسکولێره دێمێنس، به‌هۆی نه‌خۆشییه‌کی تره‌وه تووشی نه‌خۆشه‌که ده‌بێت، بۆ نموونه وه‌رگرتنی جه‌ڵته‌ی مێشک، به‌هۆی مردنی نۆیرۆنه‌کانی مێشکه‌وه، نه‌خۆشه‌که تووشی دێمێنسێکی تایبه‌ت ده‌بێت، که ناو ده‌نرێت ڤاسکولێره دێمێنس.


دێمێنس به پسیکۆزه‌یه‌کی ئۆرگانییش ناو ده‌برێت، واته نه‌خۆشییه‌کی ده‌روونیی، که به‌هۆی کێشه‌یه‌ک یاخود نه‌خۆشییه‌کی تری ئۆرگانییه‌وه تووشی تاک ده‌بێت. ده‌کرێت بگوترێت، که له کولتووری کوردیدا به‌شێکی زۆری به‌رکه‌وتوانی دێمێنس شاردراونه‌ته‌وه، چونکه که‌سوکاریان پێیان شه‌رم بووه، که خه‌ڵکی پێ بزانن که دایکێک یاخود باوکێک به‌و شێوه‌یه تێکچووه، چونکه هه‌تا چه‌ند ساڵانێک له‌مه‌وبه‌ریش، ده‌توانم بڵێم که هه‌تا ئێستاش به‌شێکی زۆری هاووڵاتییان، ئه‌مجۆره بارودۆخه‌ی دایک و باوکانیان به شێتبوون زانیوه و ده‌زانن.


که‌سێک ده‌ناسیت، که گومان بکه‌یت دێمێنسی هه‌یه، ئه‌وا به زووتریین کات به‌دوای یارمه‌تیدا بگه‌ڕێ بۆی، که ده‌چێته ده‌ر، هه‌وڵ بده‌ن که‌سێکی له‌گه‌ڵدا بێت، هه‌تاوه‌کوو ماڵه‌وه بدۆزێته‌وه، یاخود له ده‌ره‌وه تووشی کێشه له‌گه‌ڵ که‌سدا نه‌بێت، چونکه که‌سێکی دێمێنس به‌پێی چۆنیه‌تیی دێمێنسه‌که‌ی ده‌توانێت که‌سێکی زۆر تووڕه‌ی لێ ده‌ربچێت و ده‌ست له خه‌ڵک بوه‌شێنێت، یاخود دزی له دوکان و سوپه‌رمارکێته‌کاندا بکات. زۆرینه‌ی ئه‌م مرۆڤانه، که له زستاندا ده‌چنه ده‌ره‌وه و ماڵه‌وه نادۆزنه‌وه، ون ده‌بن و له سه‌رماندا له ده‌ره‌وه ڕه‌ق ده‌بنه‌وه و ده‌مرن. هه‌وڵ بده‌ن بیری که‌سه‌که بخه‌نه‌وه، بچێته ته‌والێت، که خواردن بخوات، خواردنه‌وه بخواته‌وه، جلوبه‌رگی بگۆڕێت، بخه‌وێت، ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام ئه‌کتیڤ بوو، هه‌ڵبستێت له‌ خه‌و و ئه‌کتیڤ بێت، ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی کات هه‌ر بخه‌وێت. وێنه‌ی خێزانی پیشان بده‌ن و به‌‌رده‌وام ڕووداوه نوێیه‌کانی وه‌بیر بهێننه‌وه، قسه له‌سه‌ر ڕووداوه کۆنه‌کان بکه‌ن و لێگه‌ڕێن، که ئه‌و بۆتان بگێڕێته‌وه.