کاتیك پارت ده‌بێته خواوه‌ندێک بۆ نابه‌خته‌وه‌ری

 

چیرۆک و ئه‌فسانه‌کان هه‌میشه ڕاستی له‌گه‌ڵ خۆیاندا دێنن، هه‌ر بۆیه به‌شێکی گه‌وره‌یان له شیکاره ده‌روونییه‌کاندا به‌کار دێن. بۆ نموونه له میتۆلۆگیی گه‌رمانه کۆنه‌کاندا، لۆکی خواوه‌ندی زه‌‌ره‌ر‌ و زیان، خواوه‌ندی نابه‌خته‌وه‌ری، (بالده‌ر)ی کوڕی ئۆدین، خواوه‌ندی سکانده‌نافییه‌کان ده‌کوژێت. لۆکی بۆ کوشتنی بالده‌ر تیرێک دروست ده‌کات، که نووکه‌که‌ی به پیازی میستل داده‌پۆشێت. پیازی میستل ده‌توانێت بالده‌ر بکوژێت، چونکه بیۆلۆگیی له‌شی له‌گه‌ڵ پیازی میستل ڕێک ناکه‌‌وێت، پیازی میستل خاڵی لاوازی بالده‌ره.


له میتۆلۆگیی سکانده‌نافییه‌کانیشدا قسه له‌سه‌ر هه‌مان ڕووداو ده‌کرێت، هه‌ر بۆیه له‌دوای کوشتنی بالده‌ری کوڕی ئۆدین، فریگای دایکی بالده‌ر فه‌رمان ده‌رده‌کات، که به‌کارهێنانی میستل و پیازه‌که‌ی بۆ کوشتن به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک قه‌ده‌غه‌یه. فه‌رمان ده‌رده‌کات، که میستل له هۆکاری کوشتنه‌وه بگۆڕدرێت بۆ هۆکارێک بۆ خۆشه‌ویستی. له‌وکاته‌وه میستل وه‌ک چه‌ک بۆ کوشتن به‌کار نه‌هاتووه، له‌و کاته‌وه دره‌ختی میستل بووه به دره‌ختی خۆشه‌ویستی و له‌ژێریدا ئەوینداری و ماچ و مووچ ده‌کرێت.


ئه‌گه‌ر سه‌رنج له کولتووری کریسته‌کان بده‌یت، ئه‌وا ده‌بینیت، که له جه‌ژنی کریسمسدا چڵ و گه‌ڵای میستل هه‌ڵده‌واسرێت، هه‌ر ژن و پیاوێک به ڕێککه‌وت بکه‌ونه ژێری، یه‌کتر ماچ ده‌که‌ن، وه‌ک ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی چاره‌نووسیان بێت. کریسته‌کان ئه‌م نه‌ریته‌یان له میتۆلۆگیی سکانده‌نافییه‌کانه‌وه وه‌رگرتووه و هی خۆیان نییه.


ئه‌م گه‌ڕی هه‌ڵبژاردنه‌ی ساڵی ٢٠١٨ کۆمه‌ڵێک دیارده‌ی جوانی دیموکراتیی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا، هاووڵاتییان به ڕۆحێکی دیموکراتییانه‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌ک ده‌کرد، کاندیده‌کان هه‌مان شێوه. به‌ڵام مه‌خابن له‌دوای ده‌رکه‌وتنی ئه‌نجامه‌کان، توندوتیژیی فیزیکی لێ که‌وته‌وه، که ئه‌م توندوتیژییه به‌رهه‌می گه‌ڕی هه‌ڵبژاردنه‌که خۆی نییه، به‌ڵکوو نه‌ریتێکی کۆنی سیاسییه‌کانه.


کۆمه‌ڵێک سیاسیی پیر و سیاسه‌تی کۆن، کۆمه‌ڵێک سیاسیی گه‌نج، که پیره‌کان هه‌ڵیانده‌سووڕێنن، کۆمه‌ڵێک سیاسه‌تی کۆن پراکتیزه ده‌که‌ن، نه‌ک به ته‌نیا زه‌ره‌ر و زیان ده‌خەنه‌وه، نه‌ک به‌ته‌نیا کاره‌سات ده‌نێنه‌وه، به‌ڵکوو خۆشه‌ویستی له‌ناو کۆمه‌ڵگایه‌کدا له‌ناو ده‌به‌ن. ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتێک ده‌توانێت ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ئه‌وه‌دا هه‌بێت، که ئه‌م نه‌ریته بۆ هه‌تاهه‌تایه قه‌ده‌غه بکات. ناکرێت به به‌رده‌وامی لایه‌نێک وه‌ک خواوه‌ندی خستنه‌وه‌ی زه‌ره‌ر و زیان، دڵی هه‌موو ناخۆش بکات.


ئه‌و سیاسییانه‌ی، که سیاسه‌تی توندوتیژ پراکتیزه ده‌که‌ن، پێیان خۆش بێت یان ناخۆش بێت، خه‌ڵکانی ته‌ندروست نین. ته‌نیا ئه‌و تاکه‌ی که خاوه‌نی تێکچوونی که‌سایه‌تییه، تێکچوونی کا‌راکته‌ره، سنوور ده‌به‌زێنێت و گوێ به ماف و هه‌ستی به‌رامبه‌ر نادات و زیان ده‌خاته‌وه. له زانستی ده‌روونناسییدا ده‌سه‌لمێنرێت، که تێکچوونی هه‌ست، تێکچوونێکی هه‌تاهه‌تاییه. تاکی هه‌ست تێکچوو، ته‌نیا ئه‌و کاته شانسی ژیانێکی نۆرماڵی هه‌یه، ئه‌گه‌ر بێتو ئاماده‌گیی به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی خۆی تێدا بێت، واته ئاماده ‌بێت یارمه‌تیی تێراپیی ده‌روونیی وه‌ربگرێت. له سروشتی هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌کاندا، سیستێمی کاردانه‌وه‌ بۆ ڕێگرییه ده‌روونی و فیزیکییه‌کان هه‌یه، به‌ڵام له مرۆڤدا جیاوازتر له بوونه‌وه‌ره‌کانی تری سروشت، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م سیستێمه‌دا ده‌کرێت، چونکه مرۆڤ یان ئه‌وه‌تا درک به لاوازییه‌کانی خۆی ده‌کات و به‌ته‌نگ خۆیه‌وه دێت، یان ئه‌وه‌تا درک به لاوازییه‌کانی خۆی ده‌کات و وه‌ک به‌هێزییه‌ک بۆ پراکتیزه‌کردنی ده‌سه‌ڵات به‌کاری ده‌هێنێت.


به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگ وه‌ک ڕێگرییه‌کی فیزیکی وه‌هایه بۆ هه‌ندێک لایه‌ن، هه‌ر بۆیه په‌سه‌ند ناکرێت. ئه‌م ڕێگرییه ده‌که‌وێته به‌ر هێرش و هه‌وڵی لابردنی ده‌درێت. ژیان له شوێنێکی وه‌هادا ژیانێکی دڵنیا نییه، چونکه تۆ ده‌توانیت له کاتێکی پلان بۆ نه‌کراودا بەڕێکه‌وت ببێته ڕێگرییه‌کی فیزیکی بۆ لایه‌نێکی وه‌ها.


هه‌نووکه به‌شێکی زۆری هاووڵاتییانی کورد ده‌توانن وه‌ک هاینڕیش هاینه بڵێن، نیشتمان دایکێکی قه‌له‌ڕه‌شه. نیگه‌رانیی هه‌موو تاکێک له چاوه‌ڕێ لێکردندایه، تاک کاتێک له نیگه‌رانییدا ناژی، ئه‌گه‌ر بێتو ده‌ستبه‌رداری چاوه‌ڕێکردن بێت. ئه‌م چاوه‌ڕوانییکردنه‌ی من لەبه‌رامبه‌ر نیشتماندا، بریتییه له خۆشه‌ویستی، خۆشه‌ویستییه‌ک که من به‌خشیم و پێم نه‌درایه‌وه. له‌وه‌ته‌ی بیرم دێت ته‌واوی خۆشه‌ویستیی خۆمم بۆ دایکی نیشتمان بووه، له‌وه‌ته‌ی بیرت دێت ته‌واوی خۆشه‌ویستیی خۆتت بۆ نیشتمان بووه، له‌وه‌ته‌ی بیریان دێت، له‌وه‌ته‌‌ی بیرتان دێت ته‌واوی خۆشه‌ویستیی خۆتان بۆ نیشتمان بووه، به‌ڵام نیشتمان دایکێکی قه‌له‌ڕه‌شه، هه‌رهێنده‌ی له کولانه‌که‌ی که‌وتینه‌ خوار، ئیدی پێویسته خۆمان به ته‌نیا خۆمان به‌ره‌و ڕووی ژیان ببینه‌وه. تاک برسییه، ته‌نیایه، نه‌خۆشه، ژیانی له مه‌ترسییدایه، که‌چی دایکی نیشتمان ته‌ماشا ده‌کات و ته‌قه‌ی سه‌ری دێت. من چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر خاوه‌نی ئه‌م وتانه بووم له‌سه‌ر قه‌له‌ڕه‌شیی نیشتمان، به‌ڵام ده‌بینم، که ڕووداوه‌کان به‌رده‌وام دووباره ده‌بنه‌وه، به‌رده‌وام لایه‌نێکی خواوه‌ند هه‌ڵده‌ستێت به خستنه‌وه‌ی زه‌ره‌ر و زیان.


نیشتمان تۆ هیچ نیت، بێجگه له دایکێکی قه‌له‌ڕه‌ش
من و تۆ و هه‌موومان فه‌رامۆش کراوین
هه‌موومان نه‌وه‌ له‌دوای نه‌وه‌ ده‌رکراوین،
ئازارێکی هه‌میشه‌یی و هه‌زاران دڵی هه‌زار پارچه شکاوین.


به‌ڵام ده‌بێت ده‌سه‌ڵات وه‌ک خواوه‌ندێکی دایک، سنوورێک بۆ خواوه‌نده زه‌ره‌رمه‌نده‌کان دابنێت، ده‌بێت خستنه‌وه‌ی زیان و نابه‌خته‌وه‌رکردنی تاک و کۆ، کۆتایی بێت و خۆشه‌ویستیی ببێته تاکه ئه‌رکی ژیانی تاک و کۆ. ده‌بێ ده‌سه‌ڵات سنوورێک بۆ پارت دابنێت، که پارت وه‌ک ئامرازێک بۆ زه‌ره‌ر و زیانخستنه‌وه به‌کار نه‌یه‌ت، به‌ڵکوو بۆ خۆشکردنی ژیان و به‌خته‌وه‌ری له ژیاندا به‌کار بێت.