ئەوەی لەم گەڕی ھەڵبژاردنەدا دەبینرێت و دەبیسترێت

 

 

ئەم ھەڵبژاردنە جیاوازترە لە ھەموو ھەڵبژاردنەکانی تر، کە کورد لە باشووردا ئەزموونی لەگەڵیدا ھەیە. لەدوای ڕاپەڕیینی بەھاری ١٩٩١ەوە ھەتاوەکوو ئێستا، دیموکراتیترین ھەڵبژاردنە کە کورد تێیدا گەشەی کۆمەڵایەتیی خۆی کردووە.

 

لەم ھەڵبژاردنەدا تووندوتیژیی فیزیکیی نییە، بەڵام تووندوتیژییەکی گەورەی دەروونیی ھەیە، بەرانبەر بە یەکتریی. وێڕای ھەموو ئەم ھەڵچوونە دەروونییانە، کورد لەسەر ڕێگایەکی باشی دیموکراتییە، کە دەشێت لە ئایندەدا بە گەشەی تاک و کۆی کورد، ھاووڵاتییان فێری ئەوە بن، کە ڕێز لە یەکتریی بگرن، سنووری یەکتریی نەبەزێنن، وێڕای جیاوازیی بیروڕا، جیاوازیی باکگراوندی ئیدیۆلۆگیی، یەکترییان وەک کورد خۆشبوێت و تێکۆشانیان بۆ نیشتیمانی کورد بێت.

 

ئەوەی لەم ھەڵبژاردنەدا ڕوودەدات، قۆستنەوەی ھەموو دیاردە و ڕووداوێکە، بۆ مەبەستی گەرمکردنی بازاڕی بەدەستھێنانی دەنگ. لە کڕیین و فرۆشتنی دەنگدا، لە وەرگرتن و پێدانی دەنگدا، چ پێویستە سیاسییەکان کردەیەکیان پێبێت بۆ فرۆشتن، چ دەنگدەرانیش چاوەڕوانییەکیان ھەبێت. گریمان من برسیمە و دەچمە چێشتخانەیەکەوە بۆ نانخواردن، پێویستم بە پارەیە بۆ کڕیینی خواردن. لێرەدا پرۆسەی پێدان و وەرگرتن خاوەنی ھەمان فێنۆمێنە، کە وەرگرتن و پێدانی دەنگ لە ھەڵبژاردندا ھەیەتی.

 

گریمان لە تەنیشت ئەو چێشتخانەیەوە، کە من خواردنی لێدەخۆم، چەند چێشتخانەیەکی تریش ھەیە، بەرانبەریش ھەمانشێوە چێشتخانەی لێیە، بەڵام من بە ڕێککەوت چوومەتە ئەم چێشتخانەیە. ھیچ کام لە خاوەن و کارمەندانی چێشتخانەکانی تر، نایەنە بەردەرگا و ھاوار بکەن بۆ شکاندنی ئەو چێشتخانەیەی، کە من خواردنی تێدا دەخۆم، ھەتاوەکوو من پەشیمانببمەوە و بچم لای یەکێک لەو چێشتخانانەی تر خواردن بخۆم.

 

بەڵام ئەوەی وەھا دەکات، کە من بە ویستی خۆم بچم لای ئەوان خواردن بخۆم، ئەوەیە کە، ئەوان دەشێت خزمەتگوزارییان باشتر بێت، خاوێنتربن، خوارنیان خۆشتر بێت، خواردنیان جیاوازتر بێت، ھەرزانتر بێت، ئەتمۆسفێرەی چێشتخانەکە ئارامتر و ھەستبەخشتر بێت …ھتد.

 

ئاسان نییە، کە بدۆزرێتەوە، ئاخۆ لە باشووری کوردستاندا دەنگدەری بێلایەن ھەیە یاخوود نا. دەنگدەری بێلایەن ئەو تاکەی چێشتخانەکەیە، دەنگدەدات بەو لایەنەی، کە خزمەتگوزاریی زیاترە، دڵنیایی کۆمەڵایەتیی، نەتەوەیی، سیاسیی و دارایی زیاترە. بەڵام دەنگدەری پارتەکان، ئەگەر لە خراپتریین چێشتخانەشدا خواردن بخۆن، ئەوا دەنگیان ھەر بۆ پارتەکەی خۆیانە.

 

لە باشووری کوردستاندا، نیشتیمان نابێتە نیشتیمانێکی ئاوەدان و بەھێز و دڵنیا، ھەتاوەکوو ژمارەی بێلایەن لە ژمارەی ئەندامانی پارت زیاتر نەبێت، چونکە تەنھا دەنگدەری بێلایەن دەتوانێت بزانێت، کام پارت خاوەنی زیاتر دڵنیایی کۆمەڵایەتیی، دارایی، سیاسیی و نیشتیمانییە. ئێمە ئەم کولتوورەمان لەگەڵ خۆماندا بۆ ئەوروپا و ئەمێریکاش ھێناوە. تەنھا دەنگ بە یەک لایەن دەدەین، ئەویش ئەو لایەنەیە، کە خۆمان پێشتر لە کوردستان ئەندامی بووین، یاخوود ھاوشێوەی ئەو پارتە بووین، کە ئێستا لە ئەوروپا دەنگی بۆ دەدەین. من خۆم لەوەتەی لە ئەوروپام دووجار دەنگمداوە، ھەر دوو جارەکەش بە سۆسیال دیموکرات، لەوە بەدواوە چیتر دەنگم نەداوە، لە ھەڵبژاردنی مەڵبەندەکان و شارەکانیشدا دەنگ نادەم. لە کوردستاندا یەکجار دەنگم داوە، ئەویش دوای ڕاپەڕیین.

 

لەم ھەڵبژاردنەدا لە پارتە ئایینییەکانەوە بیگرە ھەتاوەکوو گۆڕان و ھاوپەیمانیی، کە سیاسەت و ئیدیۆلۆگییان نادیارە، لە چەکمەجەی داخراو دەچن، کە نازانرێت چیان تێدایە، قسە لەسەر پاراستنی مافەکانی کورد دەکەن. دەتوانم بڵێم، کە ھاووڵاتییان دەزانن چیاندەوێت، بەڵام بەشێکی گەورەی سیاسییەکان و کاندیتەکان نەخێر، ئەوەی ئەوان دەیزانن، ئەوەیە، کە دەنگی دەنگدەران وەربگرن. بەشێک لە کاندیتەکان دەڵێن، دەچینە بەغداد بە یاسا بەرگریی لە مافەکانتان دەکەین، بەڵام چەندیینجار ڕەنج سەنگاویی لە چەندیین کاندیدی پرسیوە، کە ئاخۆ بڕگە یاساییەکان باس لە چی دەکەن، کەچیی نەک یاساکانیان نەخوێندۆتەوە و نایناسن، بەڵکوو بێباکیشن و دەڵێن: ئەوە گرنگ نییە، من بزانم چ بڕگە و ماددەیەک باس لە چ مافێک دەکات، ئەوەی گرنگە من لە بەغدا داوای مافی کورد بکەم.

 

کێشەی کاڕڵ مارکس لەگەڵ سیاسییەکانی پرۆلیتاریادا ئەوە بوو، کە سیاسییەکان داوای ڕاپەڕیین و شۆڕشیان دەکرد. مارکس دەیگووت: کە کرێکاران ھێشتا ئامادەی شۆڕش نین، پێویستیان بە ڕوونکردنەوەی زیاتری زانستییە، دەنا خوێنێکی زۆر دەڕێژرێت و سەرکەوتنیش بەدەستناھێنن. کەس گوێی لە کارڵ مارکس نەگرت، بە فریدریش ئێنگلسیشەوە، شۆڕشیان بەرپاکرد و خوێنێکی زۆریان ڕشت، ئەوەی کوژرا، کوژرا، ئەوەی گیرا گوللەباران کرا، ئەوەشی دەربازبوو، ڕایکرد بۆ فەڕەنسا و بەریتانیا، بە کاڕڵ مارکس و ئێنگلێسیشەوە.

 

ھاووڵاتیی کورد نە ژیانێکی ئازاد و بەختەوەر بەدەستدەھێنێت، نە خاوەنی دڵنیایی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و نیشتیمانیی دەبێت، نە دەشبێتە خاوەن دەوڵەت، ئەگەر خاوەنی سیاسییگەلێکی وەھا و کاندیتگەلێکی وەھا بێت. ئەقڵ و زانست ژیانی ھاووڵاتییانی کورد چ ڕزگاردەکات و چ دەپارێزێت.

 

جیاوازیی نێوان پارتە ئیسلامییەکان و ئەوانی تر لە ئامانجدایە، ئیسلامییەکان چەند دەنگ ھەڵبڕن بۆ پاراستنی ژیانی ھاووڵاتییان و ئازادییان، ئامانجیان تەنھا لەپێناوی خودادایە، نەک کورددا. واتە تێکۆشان بۆ خودایە نەک بۆ مرۆڤی کورد. کۆمۆنیستەکان بۆ جیھانێکی کۆمۆنیستییە، سۆسیالیستەکان بۆ جیھانێکی سۆسیالیستییە.  پارتی دیموکرات بۆ کۆمەڵگایەکی دیموکراتە. بەڵام گۆڕان و ھاوپەیمانیی و یەکێتی ئامانجیان نادیارە.

 

تۆ دەتوانیت لەسەر لاپەڕە پزیشک بیت و چەندیین نەخۆش لەژێر دەستتدا بمرێت، چونکە کەسێکی کۆمپێتێنت نیت. ھەمانشێوە، پارتێک دەتوانێت خاوەنی ئیدیۆلۆگییەک بێت بۆ ئازادیی و ژیانێکی بەختەوەر، کەچی کۆمەڵگا بەدەستیەوە بناڵێنن. جێگای تێڕامانە، کە لە ھەموو گەڕێکی ھەڵبژاردندا پارتێک قووتدەبێتەوە و دەڵێ: من کوردستان ڕزگاردەکەم. کێشەی نێوان پارتەکانیش وەک گرۆیەک منداڵ و‌ەھایە لە تیپێکدا، کە ھەر یەکەیان ویستیانە خۆیان ببنە پاڵەوانی بردنەوەی یارییەکی تۆپی پێ، ھەریەکە خۆی زۆرترین گۆڵ بکات ...ھتد. کێشەی ئەم منداڵانە بریتییە لە فێرنەبوونیان بۆ پێکەوە کارکردن. دەنگدەری پارت تەنھا پشتگیریی پارتەکەی دەکات نەک نیشتیمان، دەنگدەری پارت نیشتیمان دەکاتە قوربانی پارتەکەی. دەنگدەری پارت وەک سیاسییەکانی پارتەکەی فێری پێکەوەکارکردن نەبووە. پشتگیریی ھەموو ھەڵە و خەتایەکی پارتەکەی و سیاسییەکانی دەکات.

 

ئەم گەڕەی ھەڵبژاردن، کۆمەڵێک دیمەنی شارستانیی نوێی لەگەڵ خۆیدا ھێنا، ھەمانکاتیش دەریخست، کە کورد ھێشتا لەناو خۆیدا تەبا نییە و سەرکەوتنێکی نیشتیمانییانە ئامانجی ھەموو نییە. لەکاتێکدا ئێمە ھەموو پێکەوە و تەنھا پێکەوە بەھێزین.


بیرکردنەوەیەکی تەندروست ژیانێکی تەندروست بەرھەمدێنێت. کوردستان بە گشتیی و باشوور بەتایبەت بە سووپەرمانەکانی گەڕی ھەڵبژاردن ڕزگارناکرێت، ڕزگارکردن بە واتای دابینکردنی ئاسایشی ژیانی ھاووڵاتییان لەو نیشتیمانەدا، خستنەوەی ناوچە دابڕاوە کوردییەکان بۆ ژێر ڕکێفی فەرمانڕەوایەتیی کورد، بەتایبەت کەرکووک.


پێکەوە و تەنھا پێکەوە بە کۆی گشتیی ھەموو ھاووڵاتییان دەتوانرێت ئەم خەونە بکرێتە ڕیالیتێت. کێشەی سەرنەکەوتنی کوردیش لەم پرۆسەیەدا، بریتییە لە ئارەزووی بە تەنھا کارکردن و بینینی ڕۆڵی ڕزگارکەری تاک و تەنھا و سووپەرمانیی. بەڵام ئەگەر سەرنج لە فیلمی سووپەرمانی ٢٠١٦ بدەین، دەبینین، کە سووپەرمان چیتر بە تەنھا ناتوانێت جیھان ڕزگاربکات، بەڵکوو پێویستی بە ھاوکاریی کۆمەڵێک پاڵەوانی ترە، کە ژیانیان دەخەنە خزمەتی مرۆڤایەتییەوە. لێرەدا بۆ یەکەمیینجار سووپەرمان دەمرێت، ھەتاوەکوو خەڵکیی لە چاوەڕوانیی سووپەرماندا نەبن، بەڵکوو ھەموو یەکێک خۆی ئەرکی پاراستنی ژیانی خەڵکیی و ڕزگارکردنی جیھان بگرێتە ئەستۆی خۆی، لێرەدا سووپەرمان فێرمان دەکات، کە پێکەوە کاربکەین، کە ئێمە ھەریەکێکمان خۆشمان سووپەرمانێکین، ھەریەکەمان خاوەنی توانایەکین، کە دەکرێت بخرێتە خزمەتی مرۆڤایەتییەوە.


دروشمی فڵان و فیسار پارت، فڵان و فیسار سەرۆک، دروشمێکە کە بەلاڕێماندا دەبات، بەڵام دروشمی ھەموو پێکەوە، دروشمێکە بۆ ڕزگاریی ھەتاھەتایی دەمانبات. دروشمێکە ناھێڵێت دژی یەک کاربکەین، دروشمێکە فێرماندەکات، کە پێکەوە کاربکەین، دروشمێکە فێرماندەکات، کە یەکترمان خۆشبوێت. ئەگەر کورد بە گشتیی خاوەنی ئەم ھەستە بوایە لە ڕیفراندۆمدا، ئەوا خەونی گەورەی کورد، کە سەربەخۆییەکی ھەتاھەتاییە، دەھاتە دی، ئەوا کەرکووک ھەر لەژێر فەرمانڕەوایەتیی کورددا دەمایەوە. تەنھا بە خۆشویستنی یەکتریی و ڕێزگرتن لە یەکتریی دەتوانین ئاسوودە و ئازاد بژیین. تەنھا بە دەستپێکردنی گۆڕانی بیرکردنەوەمان دەتوانین پێکەوە کاربکەین، ئامانجمان نیشتیمان بێت نەک پارت. گەورەیی مارکس لەوەدا بوو، کە دەیگووت: من مارکسیی نیم، بەڵکوو من دەمەوێت جیھان بگۆڕم. گەورەیی لە یەکێتیی بوون، پارتی دیموکرات بوون، سۆسیالیست بوون ...ھتددا نییە، بەڵکوو لە گۆڕیینی ژیانی کورددایە.