بووژانه‌وه‌ی حیكمه‌تی كۆنه فارس به‌شێكی له خوراسانه كه رۆحانییه‌ت و زانستی ره‌وانه، به‌شێكی له گوندیشاپووره كه زانستی ئه‌قڵه كه ره‌گه‌كانی ده‌گه‌نه‌وه سه‌ره‌تا، ئه‌وه‌ی سوهره‌وه‌ردی پێی ده‌ڵێت حیكمه‌تی كۆن یان حیكمه‌تی پێشینه‌كان وه‌ك ئاماژه بۆ رۆشنبیریی كۆن و ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌و رۆشنبیرییه به ئاماژه و مه‌جازه‌وه قسه‌ی خودایان له رێی سرووشه‌وه بۆ هاتووه و له رێی تهئویلیشهوه ره‌وانی مرۆڤ رزگار ده‌كه‌ن.
بۆیه كاتێك كه باسی ئه‌و ره‌گه مێژووییه‌ی هزر و رۆشنبیریی مرۆڤ ده‌كه‌ین، نابێت له لای كه‌سمان سه‌یر بێت كه ده‌ڵێین ئیسلام به‌ربه‌ره‌كانی كراوه و به ئاسانی و بێ شه‌ڕ و شۆڕ و به‌رگری نه‌گه‌یشتووه‌ته هه‌موو شوێنێك. هه‌روه‌ها دوای گه‌یشتنیشی جیهانی ئیسلام ئارام نه‌بووه و بێ راپه‌ڕین و شۆڕش و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه نه‌بووه. چونكه له‌و رهگانهوه تێ ده‌گه‌ین كه مرۆڤ هه‌م به ره‌وان و هه‌م به ئه‌قڵ به‌توندی به دین و بڕوا و رۆشنبیرییهكهیەوە به‌ستراوه‌ته‌وه. ئه‌و به‌ستنه‌وه‌یه به‌رده‌وام بووه و به درێژایی مێژوو به‌ره‌و پێش چووه و فۆڕمی نوێتر و ده‌وڵه‌مه‌ندتری به‌خۆوه گرتووه.
جگه له خوراسان ده‌بینین (گوندی - شاپوور) كه ده‌كه‌وێته هه‌رێمی خووزستان. پاشای ساسانییه‌كان (شاپووری یه‌كه‌م ٢٤١-٢٧٢ زایین) دایمەزراندووه. ده‌كه‌وێته رۆژهه‌ڵاتی سوس و باشووری رۆژهه‌ڵاتی دیزفول و باكووری رۆژئاوای شوشته‌ر.
خه‌سره‌وه‌ی یه‌كه‌م، ناسراو به (ئه‌نه‌وشیروان) كه ناوه‌كه‌ی واتای (ره‌وانی نه‌مر) ده‌دات. له ساڵی ٥٣١ زایین هاته سه‌ر ته‌خت و وه‌زیره‌كه‌ی حه‌كیم (بوزرجومههر) كه به زیره‌كی و زانسته‌كه‌ی ناودێر بوو، زانكۆی (گوندیشاپوور)یان دامەزراند.
زانكۆی گوندیشاپوور زۆر به‌شی له‌خۆ گرتبوو، له‌وانه خوێندنی نوژداریی، كیمیا و بایۆلۆژیی، نووسین و وه‌رگێڕانی تێدا ده‌كرا. زانا ئێرانییه‌كان له كتێبه یۆنانی و هیندی و پههلهوییهكانیان وه‌رده‌گێڕا و به شاگرده‌كانیان ده‌گوته‌وه. له سه‌رده‌می ئه‌نه‌وشیروان ژماره‌یه‌ك فه‌یله‌سووفی یۆنانی كۆچیان كرده ئێران دوای داخستنی ئه‌كادیمیای ئه‌تینا. ئه‌و فه‌یله‌سووفانه‌ی هاتنه ئێران له لایه‌ن پاشای ساسانییه‌كان به‌گه‌رمی پێشوازییان لێ كرا و له زانكۆی گوندیشاپوور ده‌ستیان به وانه گوتنه‌وه كرد. نوژداریی یۆنانی له زانكۆی گوندیشاپوور بڵاو بووه‌وه و به‌رهه‌مه‌كانی پلاتۆ و ئه‌ریستۆ وه‌رگێڕدرانه سه‌ر زمانی فارسی. هه‌روه‌ها دكتۆر (به‌رزه‌وی) رۆیشته هیندستان و دواتریش له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك زانای هیندستانی هاته‌وه گوندیشاپوور. سریانی زمانی فه‌رمی زانكۆی گوندیشاپوور بوو، له شاگرده به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌و زانكۆیه (مه‌یمونی قهداح) كه ئه‌ستێره‌ناس بوو و پێشتریش باسی كرا كه رۆڵی له بزاوی ئیسماعیلییه‌كان چه‌ند كاریگه‌ر بوو. هه‌روه‌ها (كوڕی یهختیشوع) گه‌وره دكتۆری گوندیشاپوور بوو.
ئه‌نه‌وشیروان هه‌رچه‌نده خۆی زه‌رده‌شتی بوو، به‌ڵام له‌نێو ساسانییه‌كان به‌وه ده‌ناسرێته‌وه كه له بیركردنه‌وه‌یدا ئازاد بوو، ده‌یهێشت وتووێژ ده‌رباره‌ی بابه‌ته سروشتی و دینییه‌كان بكرێت و رای جیاوازیان له‌سه‌ر بدرێت. هه‌روه‌ها دوودڵ نه‌بوو له‌وه‌ی نه‌سرانییه‌كان له وه‌زیفه گشتییه‌كاندا به‌كار ببات.
هه‌ر له سه‌رده‌می ئه‌ودا (پولس په‌رسا)ی مه‌سیحی كورته‌یه‌كی له‌سه‌ر لۆژیكی ئه‌ریستۆ به زمانی سریانی نووسی و دابووه ئه‌نه‌وشیروان بۆ ئه‌وه‌ی بیخوێنێته‌وه كه تێیدا رایه جیاوازه‌كانی ده‌رباره‌ی خودا و جیهان ده‌ربڕیبوو به‌و شێوه‌یه: (هه‌ندێك كه‌س بڕوایان به یه‌ك خودا هه‌بوو، هه‌ندێكی دیكه ده‌ڵێن یه‌ك نییه، هه‌ندێك ده‌ڵێن كه هه‌ندێ سیفه‌تی دژی هه‌یه، هه‌ندێكی دیكه سیفه‌ته‌كانی لێ ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه. هه‌ندێك ده‌ڵێن توانای هه‌موو شتێكی هه‌یه، هه‌ندێكیش ده‌ڵێن توانای سنوورداره. هه‌ندێك ده‌ڵێن جیهان و هه‌موو شته‌كانی تێیدا خه‌لق كردوون، هه‌ندێك ده‌ڵێن نه‌خێر خالیقی هه‌موو شتێك نییه. هه‌ندێك ده‌ڵێن جیهان نوێیه، هه‌ندێكیش ده‌ڵێن كۆنه)
نووسینه‌كانی پۆلس په‌رسا، ئه‌و بابه‌تانه و بابه‌تی تری فه‌لسه‌فی و تیۆری پێشكه‌ش ده‌كردن و به‌رگرییشی له رهپێشكهوتنی فه‌لسه‌فه ده‌كرد له‌سه‌ر دیندا. لێره‌دا تێبینیی ئه‌وه ده‌كه‌ین كه له پاڵ كه‌شی روحانی و ده‌سته‌ڵاتی دینیی موبده زه‌رده‌شتییه‌كان له ئێران‌دا، فه‌لسه‌فه و راوبۆچوونی دینه‌كانی تر و تیۆرییه فه‌لسه‌فییه‌كان له گوندیشاپوور و شوێنی تریش له ئێران‌دا په‌ره‌یان پێ دراوه.
دكتۆر و فه‌یله‌سووف (ئۆرانیوس) یه‌كێك بووه له‌وانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی به ئه‌نه‌وشیروان گوتووه، ئه‌ویش موبدە زه‌رده‌شتییه‌كانی كۆ ده‌كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی وتووێژ له‌گەڵ مامۆستاكه‌ی بكه‌ن ده‌رباره‌ی بابه‌ته سروشتییه‌كان و ئیتر. وه‌ك بابه‌تی ناكۆتایی جیهان و هۆی یه‌كه‌می جیهان.
هه‌ر له‌و سه‌رده‌مدا به‌رزه‌وی كه‌لیله و دیمنه وهردهگێڕیته سه‌ر زمانی په‌هله‌وی كه له سه‌فه‌ری هیندستاندا له‌گه‌ڵ خۆی هێنابووی. چیرۆكی (بلوههر و بوداسف) كه رۆمانێكی هیندییه، وه‌رده‌گێڕدرێته سه‌ر په‌هله‌وی. چیرۆكی شه‌تره‌نج له‌و كاته‌دا ده‌نووسرێت كه دیسان شه‌تره‌نجیش هه‌ر له هینده‌وه دێته ئێران.
بۆ تێگه‌یشتنێكی پوخت له ژیانی رۆحی و زانستی و گه‌ڕان له هه‌قیقه‌تدا، سه‌رچاوه‌یه‌كی باش له‌به‌ر ده‌سته كه له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕانی كه‌لیله و دیمنه‌ی به‌رزه‌وی بۆ عاره‌بی له لایه‌ن (كوڕی موقه‌فه‌ع)ه‌وه كه له‌گه‌ڵیدا پێشه‌كییه‌كی داناوه، دوو رای له‌سه‌ر هه‌یه یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه كه پێشه‌كییه‌كه هی خۆی بێت و ده‌ربڕین له سه‌روه‌ختی ئه‌و و ئیسلام بكات، رای دووه‌م ئه‌وه‌یه كه پێشه‌كییه‌كه هه‌ر هی بهرزهوییه و ده‌ربڕین له سه‌رده‌می ئه‌و و ئێران ده‌كات.
پێشه‌كییه‌كه هی هه‌ر كامیان و سه‌رده‌مێك بێت، به‌ڵگه‌ی كاریگه‌ری و بازنه‌ییبوونی رۆشنبیرییه كه له ئێران و شوێنی تر و سه‌رده‌می تردا دووباره ده‌بنه‌وه له‌بن ناوی نوێتردا. ئه‌و دووباره‌بوونه‌وه و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌یه‌ش له لای سوهره‌وه‌ردی پێوه‌ست ده‌بێته‌وه به بووژانه‌وه‌ی په‌یام. په‌یامی سۆفیا، حیكمه‌تی خودایی.
بووژانه‌وه‌ی په‌یامی خودایی، له لای سوهره‌وه‌ردی وه‌ك هنری كۆربان ده‌ڵێت: (پێوه‌ست نییه به هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه بۆ بیروبڕوای زه‌رده‌شتی) له لای سوهره‌وه‌ردی بووژانه‌وه پێوه‌ست ده‌بێت به كرده‌ی ته‌ئویل. هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌قی دینی بۆ سه‌ره‌وه. گه‌ڕانه‌وه‌یشی بۆ حیكمه‌تی له پێشینه و كۆنه‌كان. به شێوه‌یه‌ك كه ته‌ئویلكار نابێته ته‌نیا بینه‌رێك بۆ ئه‌و جیهانه‌ی تێیدا ده‌ژی وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی ئاسایی، ته‌ئویلكار وه‌ك فه‌یله‌سووف بینه‌ر نییه، به‌ڵكوو بینین به‌خشه. به واتای ئه‌وه‌ی دیتن وه‌رناگرێت به‌ڵكوو ده‌یبه‌خشێت. له حاڵه‌تی سوهره‌وه‌ردیش بابه‌ته‌كه به‌و شێوه‌یه‌یه. ئه‌و سۆفیا نابینێت، به‌ڵكوو به‌رهه‌می دێنێت. ئه‌و به‌رهه‌مهێنانه‌ش ده‌بێته بووژانه‌وه‌ی ئه‌و سۆفیایه.
به‌رهه‌مهێنانی سۆفیا، ئیراده‌یه‌كی له پشته ته‌ماهی ژیانی حه‌كیم و په‌یامبه‌ره‌كانی سۆفیا ده‌كات. ژیانێك له‌نێو سۆفیادا نه‌ك ته‌نیا بینین و وه‌رگرتنی بێت. به‌ڵكوو به‌رهه‌مهێنان و به‌خشینی بێت. (لوی ماسنیۆن) ده‌رباره‌ی ئیراده‌ی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام به‌وه‌ی به شه‌خسی به‌شداریی حاڵاته نموونه‌ییه‌كانی پێغه‌مبه‌ره‌كانی پێش خۆی بكات. هه‌روه‌ها به‌شداریی كتێب و نووسراوه‌كانی پێش خۆی بكات. له‌و پێناوه‌شدا (سه‌لمانی فارسی) هاوكاریی پێغه‌مبه‌ری كردووه بۆ ناسینی ئه‌و كتێبانه‌ی پێش ئه‌و هاتوونه‌ته خوار. ماسنیۆن ده‌ڵێ: (له‌و حاڵه‌ته‌دا سه‌لمان یه‌كه‌م سه‌رهه‌ڵدانی ته‌ئویل ده‌بینێت، له قورئان خۆیشیدا هه‌ندێ ئاماژه ده‌بینینه‌وه شایانی ئه‌وه‌یه ته‌ماشای بكه‌ین له لای ئه‌و كه‌سانه‌ی پێیان وایه محه‌مه‌د ویستوویه‌تی به شه‌خسی خۆی به‌شداری حاڵه وجدانییه نموونه‌ییه‌كانی پێغه‌مبه‌ره‌كانی پێش خۆی بكات ئه‌ویش به گێڕانه‌وه و حهكایهتكردنی).
ئیسماعیلییه‌كان له‌مه زۆرتر ده‌ڕۆن و پێیان وایه فریشته (جبرائیل)یش له‌وه زۆرتر نییه كه ناوی سه‌لمان بێت به‌و وه‌سفه‌ی كه هه‌ڵگری په‌یامی خوداییه. له‌لای ئیسماعیلییه‌كان ته‌نزیلی قورئان له‌لای خوداوه‌یه. به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت ته‌ماشای سرووش ده‌كه‌ن، به‌وه‌ی به فه‌رمانی خودا له سه‌لمانه‌وه گواستراوه‌ته‌وه بۆ محه‌مه‌د! کە بێ گومان ئەمەش لای موسڵمانانی تر بەتەواوی رەت دەکرێتەوە.