خوێندنه‌وه‌ی حیكمه‌تی ئیشراق - 16

گەڕانەوەی سوهرەوەردی بۆ ماڵە کوردییەکەی

خوراسان پێش ئیسلام به‌ ته‌واوی فارسی بوو و توركیش له‌ ده‌وروبه‌ریدا هه‌بوون، جگه‌ له‌ زه‌رده‌شتی و مانی و مه‌زده‌كییه‌كان، هه‌روه‌ها خوراسان ژینگه‌ی گنوسی بوو. ئه‌وانه‌ هه‌مووان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر پێكهاته‌ی رۆحی ئیسلام هه‌بوو له‌وێدا و دواتریش گواسترایه‌وه‌ بۆ عێراق. بزاوی سۆفیگه‌رییش كاریگه‌ریی زۆری هه‌بوو، زۆرێكیش له‌وانه‌ به‌رده‌وام له‌ كووفه‌ و له‌ به‌سره‌ و له‌ مه‌دینه‌ په‌ره‌یان به‌ بزاوی شیعه‌ ده‌دا. ئه‌و په‌ره‌دانه‌ش وه‌ك دژایه‌تییه‌كی ئیسلام و به‌رگریكردنێك بوو له‌ خۆیان، به‌ واتای هه‌م شیعه‌گه‌ری و هه‌م سۆفیگه‌ری دوو رێگه‌ بوون له‌و پێناوه‌دا.


ساسانییه‌كان میراتگری ئه‌شكانییه‌كان و حیكمه‌تی كۆنی میدییه‌كان و ئه‌خمینییه‌كان و سلووقییه‌كان بوون. ئه‌و میراته‌ تێكه‌ڵه‌یه‌ك بوو له‌ رۆشنبیریی یۆنانی و چینی و هیندی و ئه‌رمه‌نی و رۆمانی. ساسانییه‌كان به‌ هۆی شه‌ڕ و فراوانبوونی ده‌سته‌ڵاتیان وای كرد رۆشنبیریی ئێرانی یان ساسانی زۆر پێش بكه‌وێت و له‌ پێش رۆشنبیرییه‌كانی تری ئاسیا بێت. هه‌روه‌ها كتێبی په‌هله‌وی و یۆنانی له‌ په‌رستگه‌ و كتێبخانه‌كانیاندا هه‌بوون.


له‌ پێش ساسانییه‌كانیش ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر ره‌گه‌ رۆشنبیرییه‌كانی ئێران، ده‌بینین به‌ هۆی رۆشنبیریی یۆنانییه‌وه‌ (هێلینیزم) ئایینزاكان ئاوێته‌ی یه‌كتری بوون. خواوه‌نده‌كانی بابل و گریك و ئێرانییه‌كان به‌ ناوی جیاوازه‌وه‌ تێكه‌ڵی یه‌كدی بوون. هێزه‌ سروشتییه‌كان كه‌ هێزی خواوه‌ندی بوون، دینه‌كانی ئاسیا، فه‌لسه‌فه‌ی یۆنان، ئه‌فسانه‌ ئێرانی و گریكی و بابلییه‌كان. جیاوازیی نێوان هێزی شه‌ڕ و هێزی خێر. جیهانی رووناكی و جیهانی تاریكی، ئه‌ركه‌كانی مرۆڤ له‌ ژیاندا، به‌هه‌شت و ئاگر، رۆژی لێپێچینه‌وه‌، ژیانه‌وه‌، ره‌وانی هه‌مه‌كی، پێوه‌ندیی نێوان مرۆڤ به‌ هێزه‌ مه‌له‌كووتییه‌كان و به‌ستنه‌وه‌یان پێكه‌وه‌.


هه‌روه‌ها زه‌رده‌شتی به‌ تێكه‌ڵاوی له‌گه‌ڵ دینه‌كانی تر، سروشتی فریادڕه‌س وه‌رده‌گرێت و له‌ سه‌ده‌ی دووه‌می زایینیشدا بیری گنوسی له‌ ئیمپراتۆریای یۆنانی و ئه‌و زانستانه‌ی پێوه‌ند بوون به‌ ناسینی خوا له‌ لای جووه‌كانی ئه‌سكه‌نده‌رییه‌ و نووسراوه‌كانی مه‌سیحی و سۆفیگه‌ری و گنوسی به‌ باره‌ جیاوازه‌كانی كه‌ جیهان ده‌كاته‌ دوو به‌ش. جیهانی رووناكی كه‌ جیهانی ره‌وانه‌كانه‌ و جیهانی تاریكی كه‌ جیهانی ماده‌یه‌. ئاكامی ئه‌و تیۆره‌ش ئه‌وه‌بوو كه‌ ژیان ره‌شبینییه‌ و مه‌یلێكی روون به‌ره‌و زوهد دروست ده‌كات. له‌ پشت جیهانی دیار و ماقووڵیش خوا هه‌یه‌، كه‌ باوكی نادیاره‌ و بیری مرۆڤی پێ ڕا ناگات. جیهان له‌ خودی خوا به‌ هۆی ئیشراقاتی به‌رده‌وامه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌، له‌ ڕێی ته‌جه‌لییاته‌وه‌ كه‌ پله‌یان جیاوازه‌، تا ده‌گه‌ینه‌ جیهانی مادی. كه‌ دوایین ئیشراقاتی خوداییه‌ و له‌ ئیشراقاته‌كانی تر كه‌متر بێگه‌رده‌، جیهانی ماده‌ جیهانی ته‌نه‌، شوێنگه‌ی به‌شه‌ره‌. به‌ڵام پڕیشكێك رووناكی له‌ سروشتی مرۆڤدایه‌، رێگه‌ی رزگاری نیشان ده‌دات و رێبه‌ری ده‌كات بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌فلاك تا ده‌گاته‌ جیهانی رووناكی. ئه‌وه‌ بنه‌مای مه‌خلووقاته‌ لای گنوسییه‌ نوێیه‌كان، مرۆڤ یان مرۆڤی یه‌كه‌م وێنه‌ی نیمچه‌ خواوه‌ندێكه‌ كه‌ له‌ ئه‌فسانه‌ ئێرانییه‌كاندا وه‌رگیراوه‌. هه‌ندێ له‌ گنوسییه‌كان ئه‌و نیوه‌ خواوه‌نده‌ ده‌كه‌نه‌ ئاده‌م، له‌ لای مه‌سیحییه‌كانیش ده‌بێته‌ مه‌سیحیی ئه‌زه‌لی. ئه‌و نیوه‌ خواوه‌نده‌ ده‌بێته‌ ئه‌قڵ و وشه‌. كه‌ مرۆڤ تێیدا به‌ره‌و جیهانی ماده‌ هاتووه‌ته‌ خوار و هه‌وڵی رزگاربوونی خۆی ده‌دات، به‌ڵام رزگاربوون بێ یارمه‌تیی خواوه‌ند ناكرێت. بیرۆكه‌ی فریادڕه‌سی ئاسمانی له‌ نووسینه‌كانی گنوسییه‌كان سه‌رهه‌ڵده‌دات. ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ بوو وای كرد گنوسییه‌كان ببنه‌ مه‌سیحی. مه‌سیح لای ئه‌وان رزگاركه‌ر بوو، هه‌ندێ ئایینزای گنوسی پێیان وایه‌ مه‌سیح رزگاركه‌ری سۆفیا "حیكمه‌تی ئاسمانی"یه‌ له‌ ماده‌دا.


سۆفیا یان حیكمه‌تی خودایی، له‌ لای گنوسییه‌كان ده‌بێته‌ مه‌عریفه‌ی باڵا، كه‌ زانستێكی زیهنی نییه‌ و زانینه‌ له‌ رێی دڵ و ره‌وانه‌وه‌. كه‌ له‌ رێی ئاماژه‌كانییه‌وه‌ وا ده‌كات مرۆڤ ژیانێكی نوێتر بژیێت تا له‌ جیهانی ماده‌ رزگاری بێت و بگاته‌ رووناكی. گنوسییه‌كانی ئیمپراتۆریای رۆمانی، بابل، ئێران، زه‌رده‌شتی و مانییه‌كان، دواتریش ده‌گاته‌ جیهانی عاره‌ب و یه‌كه‌م جار به‌ (المغتسله‌) ده‌ناسرێن. كه‌ ره‌گیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مانی. عەره‌به‌كانیش مه‌زهه‌بی گنوسییه‌كان وه‌رده‌گرن و راوبۆچوونه‌كانییان له‌ سه‌رده‌می ئیسلامدا بڵاو ده‌بێته‌وه‌ له‌ژێر ناوی حه‌نیفه‌كان یان سابیئه‌كان.


دواتریش ره‌گی ئه‌و فریادڕه‌سه‌ له‌ پێغه‌مبه‌ران و نوێكردنه‌وه‌ی په‌یام و سرووشی خودایی ده‌بینینه‌وه‌ كه‌ چۆن درێژ ده‌بێته‌وه‌ تا ده‌گاته‌ سوهره‌وه‌ردی و ئه‌و كاریگه‌رییه‌ گنوسی و مێژووییه‌ی ئێران و كۆنه‌ حیكمه‌ت به‌ گشتی كه‌ له‌سه‌ر سوهره‌وه‌ردی و حیكمه‌ته‌كه‌ی ده‌یكات چه‌نده‌ و چۆن له‌ ئیشراقه‌كه‌یه‌دا ره‌نگ ده‌داته‌وه‌. باسكردنی ئه‌و مێژووه‌ به‌ بۆنه‌ی خوراسان و ئێران به‌ گشتی و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر جیهان و جیهانبینیی عەره‌بی له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا سه‌رده‌می سوهره‌وه‌ردی كه‌ سه‌رده‌می عه‌باسییه‌كان و فاتمییه‌كان و ئه‌یووبییه‌كان و كۆتاییهاتنی ژیانی سوهره‌وه‌ردییه‌، له‌پێناو تێگه‌یشتنی ره‌گی حیكمه‌ت و مه‌ترسی و نهێنییه‌كانیەتی له‌سه‌ر ئیسلام.


بۆ تێگه‌یشتن له‌ عه‌باسییه‌كان پێویسته‌ له‌ خوراسان بگه‌ین، بۆ تێگه‌یشتن له‌ خوراسانیش پێویسته‌ له‌ ره‌گه‌ دینی و رۆشنبیرییه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بگه‌ین. بۆ تێگه‌یشتن له‌و ناوچه‌یه‌ش پێویسته‌ پێوه‌ندیی ئه‌و بیرۆكانه‌ ببینینه‌وه‌ كه‌ ئێران به‌ هیندستان و یۆنان و بابل ده‌به‌ستێته‌وه‌.

 

هه‌روه‌ها ئه‌و پێوه‌ندییه‌ی له‌نێوان دینه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان و خواوه‌نده‌كانی سه‌ره‌تا و مه‌زدا و زه‌رده‌شت و میترا و ئه‌ناهیتا و خواوه‌نده‌كانی دیكه‌دا هه‌یه‌. پێوه‌ندیی جوو و مه‌سیح و سابیئه‌ و مه‌ندایی و مانی و ئیسلام و سوهره‌وه‌ردی و بووژانه‌وه‌ی په‌یامی خودایی یان سۆفیا و حیكمه‌تی ئاسمانی. هه‌موو ئه‌و ناو و رۆشنبیرییه‌ ده‌بینین بازنه‌یه‌كمان بۆ دروست ده‌كه‌ن كه‌ دابڕاو نین له‌ یه‌كدییه‌وه‌. له‌ سه‌ره‌تایه‌كی بێگه‌رده‌وه‌، به‌ره‌و تێكه‌ڵبوون و ئاوێته‌بوونێكی ئاڵۆز ده‌چین و سوهره‌وه‌ردی ده‌یه‌وێت ئه‌و ئاڵۆزبوونه‌ خاو بكاته‌وه‌ و له‌ حیكمه‌ته‌كه‌یدا بێگه‌ردیمان پێ بناسێنێته‌وه‌.