خوێندنه‌وه‌ی حیكمه‌تی ئیشراق - 15

گەڕانەوەی سوهرەوەردی بۆ ماڵە کوردییەکەی

٥/ خوراسان و رۆحانییه‌ته‌كه‌ی. گوندیشاپوور و زانسته‌كه‌ی
دوای شه‌ڕی قادسییه‌ و كه‌وتنی شاره‌كانی ساسان، له‌وانه‌ش (مه‌دائن- ته‌یسه‌فون) پایته‌ختی ساسانییه‌كان. ژماره‌یه‌ك ساسانی كۆچ ده‌كه‌نه‌ ئه‌و شاره‌ له‌وانه‌ش (سه‌لمانی فارسی) و (حوزه‌یفه‌ی كوڕی یه‌مان) دواتریش ده‌بینین ناوی مه‌دائن كه‌ تاقی كیسرای لێ بووه‌، ده‌گۆڕێت بۆ (سه‌لمانپاك) به‌هۆی والی بوونی سه‌لمانی فارسی و ناشتنی له‌و شاره‌دا.


مه‌دائن یان سه‌لمانپاك ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ شاره‌ رۆحانییه‌كانی ئیسلام كه‌ توند به‌ ره‌گێكی ساسانی ده‌به‌سترێته‌وه‌. دوای رووخانی ساسانییه‌كان، كاریگه‌ریی سه‌لمانی فارسی به‌سه‌ر ئیسلامەوە روون و ئاشكرایه‌. پێغه‌مبه‌ر سه‌لمانی فارسیی به‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی (أهل البیت) داناوه‌. هه‌روه‌ها كاریگه‌ریی سه‌لمان له‌نێو ئیسلامدا ده‌گاته‌ ئه‌و راده‌یه‌ی گومانی گەورە دروست بێت. بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و گومانه‌ش خوا له‌ سووره‌تی (النحل ئایه‌تی ١٠٣)دا ده‌ڵێ : (ۆڵقَدْ نَعْڵمُ أَنَّهُمْ ێقُولُونَ إِنَّمَا یُعَلِّمُهُ بَشَرٌ ۗ لِّسَانُ الَّژِی یُلْحِدُونَ إِڵیْهِ أَعْجَمِیٌّ ۆهَٰژَا لِسَانٌ عَرَبِیٌّ مُّبِینٌ) ده‌رباره‌ی به‌و ئایه‌ته‌ ته‌به‌ڕی له‌ ته‌فسیره‌كه‌یدا ده‌ڵی: (خوا ده‌فه‌رموێ ده‌زانین كه‌ موشریكه‌كان له‌ نه‌زانییه‌وه‌ ده‌ڵێن، كه‌ محه‌مه‌د ئه‌وه‌ی ده‌یزانێت هی به‌شه‌رێكه‌ كه‌ پێی ده‌ڵێت و ئه‌وه‌ له‌ خواوه‌ نییه‌، خوای ته‌عالا له‌ زیكریدا ده‌ڵێت درۆ له‌ گوتنه‌كه‌یان ده‌كه‌ن. ئایا درۆی گوتنه‌كانتان نازانن، ئه‌و زمانه‌ی بۆی ده‌چن ده‌ڵێ مه‌یلی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ عه‌جه‌مێك محه‌مه‌د فێر ده‌كات، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌یان گوتراوه‌ ده‌یانوت كه‌ ئه‌وه‌ی محه‌مه‌د فێره‌ قورئان ده‌كات به‌نده‌یه‌كی رۆمییه‌ بۆیه‌ خوا فه‌رموێ (لِّسَانُ الَّژِی یُلْحِدُونَ إِڵیْهِ أَعْجَمِیٌّ ۆهَٰژَا لِسَانٌ عَرَبِیٌّ مُّبِینٌ) ده‌ڵێ ئه‌و قورئانه‌ زمانێكی عاره‌بی دیاره‌. ده‌رباره‌ی ئه‌و كه‌سه‌ عه‌جه‌مییه‌ چه‌ندین ناو هه‌ن له‌وانه‌ش سه‌لمانی فارسی، بۆ زانین سه‌لمان سه‌ره‌تا زه‌رده‌شتی بووه‌، دواتر ده‌بێته‌ مه‌سیحی و ئینجا ئیسلام.


سه‌لمانی فارسی و حوزه‌یفه‌ كوڕی یه‌مان ده‌بنه‌ روكنێك له‌ روكنه‌كانی شیعه‌. دواتریش (سه‌لمانپاك) ده‌بێته‌ باره‌گایه‌ك بۆ ئیسحاقییه‌كان، یاوه‌رانی ئیسحاقی كوڕی محه‌مه‌دی نه‌خعی كه‌ كتێبێكی ده‌رباره‌ی ته‌وحید هه‌بوو و ئیمامی عه‌لیی پیرۆز ده‌كرد. هه‌روه‌ها له‌ مه‌دائن (الحارپیه‌) بڵاو بووه‌وه‌ كه‌ تیپێكی شیعی بوون و له‌و تیپه‌دا بیرۆكه‌ی (نوور) په‌یدا بوو و بڵاو بووه‌وه‌، به‌ واتای خوا رووناكییه‌. ئه‌و نووره‌ش له‌ (عه‌بدوڵای كوڕی معاویه‌) به‌رجه‌سته‌ بووه‌. هه‌روه‌ها له‌ مه‌دائن تیپی تریش په‌یدا بوون وه‌ك (الژمیه‌) كه‌ ئیمامی عه‌لییان پێ له‌ پێغه‌مبه‌ر له‌پێشتر بوو.


جگه‌ له‌و تیپ و ناوانه‌ چه‌ندین تیپ و كه‌سایه‌تیی دیكه‌ی دینی له‌ مه‌دائن په‌یدا بوون و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ژیانی رۆحانیی ئه‌و شاره‌ هه‌بوو.


له‌و سه‌رده‌مدا ژیانی رۆحی له‌ خوراسان كه‌ ناوچه‌یه‌كی فراونی ده‌گرته‌وه‌ له‌وانه‌ شاره‌كانی (به‌له‌خ و نه‌یشاپوور و رۆز و بیرۆد و نه‌سا) كه‌ ده‌كه‌ونه‌ باكووری ئێران. خوراسان ماوه‌یه‌كی زۆر به‌توندی له‌ دژی هێرشه‌كانی عاره‌ب وه‌ستایه‌وه‌. له‌ سه‌رده‌می عوسمان كوڕی عه‌فاندا به‌ سوڵح گیرا، به‌ڵام شۆڕش و راپه‌ڕینه‌كان دژی عاره‌ب سه‌ریان هه‌ڵدایه‌وه‌. هه‌روه‌ها له‌ سه‌رده‌می ئه‌مه‌وییه‌كاندا به‌ هه‌مان شێوه به‌توندی دژی عاره‌به‌كان وه‌ستانه‌وه‌، به‌ئاسانی نه‌بوونه‌ ئیسلام. زۆر جاریش رایان ده‌گه‌یاند كه‌ بوونه‌ته‌ ئیسلام، به‌ڵام دواتر پاشگه‌ز ده‌بوونه‌وه‌.


له‌و سه‌رده‌مدا ئایینه‌كانی زه‌رده‌شتی و مانی و مه‌زده‌كی له‌ خوراسان هه‌بوون، دواتر مه‌زده‌كییه‌كان چه‌ندین تیپییان لێ كه‌وته‌وه‌ له‌وانه‌ (خوڕه‌مییه‌كان) و (راوه‌ندییه‌كان). ئاته‌شگه‌ده‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان به‌ربڵاو بوون، هه‌روه‌ها بودی و بره‌همانی هیندیش هه‌بوون كه‌ سوپای ئیسلام هه‌وڵی دا به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌نێویان ببات.


خوراسان له‌ هزری ئه‌و سه‌رده‌مدا گرنگییه‌كی رۆحانیی زۆری هه‌بوو، باس ده‌كرا كه‌ خوراسان (پارچه‌یه‌كه‌ له‌ رۆژهه‌ڵات، سێ له‌ شاره‌كانی خوراسان له‌ رۆژی قیامه‌تدا به‌ یاقووت و مه‌رجان ده‌ڕازێندرێنه‌وه‌، رووناكییه‌ك له‌وێ هه‌ڵده‌كشێ، فریشته‌یه‌كی زۆر له‌ ده‌وری ئه‌و شارانه‌دا ده‌سووڕێنه‌وه‌ و ته‌سبیحات و سوپاسگوزاری و ته‌كبیر ده‌كه‌ن. ئه‌و شارانه‌ به‌ عیزه‌ت و ده‌لاله‌وه‌ دێنه‌ مه‌یدان وه‌ك ئه‌وه‌ی بووك بن ببرێنه‌ ماڵه‌ مێردییان. هه‌ر شارێك له‌و شارانه‌ هه‌فتا هه‌زار ئاڵای ده‌بێت، له‌ژێر هه‌ر ئاڵایه‌كدا هه‌فتا هه‌زار شه‌هید هه‌یه‌، به‌ شه‌فاعه‌تی هه‌ر شه‌هیدێكیش هه‌فتا هه‌زار یه‌كتاپه‌رستی فارسیبێژ رزگاریان ده‌بێت، له‌ هه‌ر لایه‌كی ئه‌و شارانه‌ له‌ راست و چه‌پ له‌ پێش و پشته‌وه‌، رێگه‌یه‌ك ده‌ رۆژه‌ رێ درێژی هه‌یه‌ له‌ رۆژی قیامه‌تدا هه‌موویان شه‌هیدن.)


ئه‌مه‌و زۆر قسه‌ و باسی تریش له‌سه‌ر خوراسان ده‌گوتران و ده‌نووسران كه‌ رێگه‌ خۆشكه‌ر بوون بۆ هاتنی لافاوی خوراسانییه‌كان له‌سه‌رده‌می عه‌باسییه‌كاندا. ئه‌و قسانه‌ له‌ كۆتایی سه‌ده‌ی یه‌كه‌می كۆچی و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی دووه‌می كۆچی بڵاو بوونه‌وه‌. كۆنترین بزاوی نهێنییش له‌ ئیسلامدا له‌ خوراسان سه‌ری هه‌ڵدا كاتێك هاشمی كوڕی محه‌مه‌دی كوڕی حه‌نه‌فی بووه‌ سه‌رۆكی بزاوی عه‌له‌وییه‌كان. له‌ ساڵی ٧٣٦ (عه‌ماڕی كوڕی به‌دیل) ده‌كرێته‌ والیی خوراسان، ده‌گاته‌ شاری ره‌ی و ناوی خۆی ده‌گۆڕێت بۆ (خه‌داش) و به‌ ناوی خه‌لیفه‌ی عه‌باسی له‌ ئیسلام هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه‌. خه‌ڵكه‌كه‌ش بڕوای پێ ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، به‌ڵام دواتر (ئه‌سه‌دی كوڕی عه‌بدوڵای قه‌سری) ده‌یگرێت و هه‌ردوو ده‌ست و پێی ده‌بڕێته‌وه‌ چاوی ده‌ردێنێت و زمانیشی ده‌بڕێت.


گۆڕینی خوراسان بۆ هه‌رێمێكی ئیسلامی ئاسان نه‌بوو، خوراسانییه‌كان هه‌م به‌رگرییان له‌ دینه‌ كۆنه‌كانی خۆیان ده‌كرد و هه‌میش له‌ ره‌گه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانییان چونکە عەرەب نەبوون‌. دوای ئه‌وه‌ی ئیسلامیش زاڵ بوو به‌سه‌ر ئه‌و هه‌رێمه‌دا، دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ به‌ شێوازی تر گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ر ره‌گه‌ دینی و نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانیان. بۆیه‌ رۆژهه‌ڵاتناس (براون) پێی وایه‌: (شیعه‌گه‌ری و سۆفیگه‌ری ئه‌و چه‌كه‌ بوو كه‌ فارسه‌كان دژی عاره‌ب پێی جه‌نگان)


له‌ سه‌ده‌ی دووه‌می كۆچیدا، ژیانی رۆحانی له‌ خوراسان بووه‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامی ئه‌قڵی و نه‌قڵی و رۆحی كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی زاناكانی ئه‌و زانستانه‌دا فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلام دامەزرا. موعته‌زیله‌كان زۆربه‌یان فارس بوون. ئه‌هلی سوننه‌ و جه‌ماعه‌ت وه‌ك باقلانی و غه‌زالی و رازی فارس بوون. هه‌روه‌ها زانایانی فیقه و نه‌قل وه‌ك ئه‌بو حه‌نیفه‌ و بوخاری فارس بوون. هه‌روه‌ها زانا رۆحانییه‌كان وه‌ك حه‌سه‌نی به‌سری فارس بوو كه‌ به‌ سه‌رۆكی رۆحانییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ داده‌نرێت، شیعه‌كان له‌ رۆژئاوای خوراسان سه‌ریان هه‌ڵدا.