حەکایەت و هەدایەت

بێ دەسەڵات

فیلمنامەی کۆنی کوردەواری


پێرسۆناژ:
1- پیرەپیاوی باوک.
2- پیرەژنی دایک.
3- کچی گەورە.
4- شووی کچی گەورە.
5- کچی چکۆلە.
6- منداڵی بەربێشکە و کۆرپە.
7- گرووپی چەند کەسیی وەوی بارانی (بووکە بارانێ).

 

پیرەپیاو لەژێر قورسی (کورسی)دا نووستووە.
ژنەکەی لە دەرگا دێتە ماڵەوە.
تەماشایەک شووەکەی ئەکا.
کابرا بێ خەیاڵ نووستووە.
ژن: نزیک نیوەڕۆیە پیاوەکە، ئەم هەموو خەوە بۆ چییە؟
پیاو: نەخەوم چی بکەم؟ پەنجا ساڵ هەستان و پەنجا ساڵ رەنج و زەحمەت بەس نییە؟!
خواوراسانیش بێتە سەر حەساب، ئیدی نۆبەی نووستنە!
ژن: نە وا نییە. نۆبەی نووستنی حەقیقی ها بەڕێوە و هەزاران ساڵ فرسەتی خەوت بۆ دابین کراوە، بەڵام ئێستا زیندووی و ئێمە دوو کچمان لە ماڵاندان، کە یەک ساڵە لێیان بێ خەبەرین!
پیاو: ئەڵێی چی بکەم؟
ژن: ‌هەستە کۆپان کەرەکەت کە و سوار بە و بڕۆ بۆ ماڵیان.
پیاو: ئەی بابا! جۆرێ فەرماییش ئەکەی، ئەڵێی ماڵی هەردووکیان دوو کۆڵان ژوورتر لە ماڵی خۆمانە!
ژن: نە هەردووکیان ئاوایییەک پێمانەوە دوورن، بەڵام لەم نزیکەو نەورۆزەدا چاوەڕێی باوک و باوانن. هەستە بڕۆ، یەک رۆژ ڕێگایە. نەختێ سەر و سەوقاتم بۆیان داناوە، بۆیان بەرە و یەک شەوێ بە لایانەوە دانیشە و وەزع و حاڵیان بپرسە و خۆشی و ناخۆشییان بزانە باکوو پیاوەکانیان تانە و تەشەری بێ کەسییان لێ نەدەن! هەستە! تۆ باوکی ئەو کچانەی و ئەوانیش ئەولادی تۆن!
پیاو (راستەوە ئەبێ،) لای لاهە ئیلەڵاه!



سکانسی دووەم:
رۆژ- دەشت - بیابان.
پیاو بە سواریی کەر رێبوارە و بە ئارامی بەدەم ڕێوە هۆرە ئەکا.
پیاو: (بە هۆرە)
جەوەڵ جەوەڵەکان وەجوانی دیمان
جەوەڵان باقی ئێمە پیر بیمان
زۆرمان نەماوە جێماو لە خێڵین
ئێمەش وەک یاران بە جێی بهێڵین.
لە 3 پلان عبوور دەکا.

 

سکانسی سێیەم:
شەو ماڵی کچی گەورە
پیرەپیاو لەگەڵ کچەکەی و زاواکەی لە ماڵ دانیشتوون.
زاوا: یاڕەبی بەخێر بێی، پاو پێڵاوت وە بان چاوانمان، بەڵام سەد خۆزگا دایە حەسیبەیشت لەگەڵ خۆتا باوردای!
پیاو: ماڵت رەببی ئاوا بێ کوڕم! ئەو ژانەپێی هەیە و تەوانی رێکەوتی نەماوە، منیش بەزۆر کەرەکەم هاتووم ئەگەر نەبوای نەمئەتوانی.
کچ: یاڕەبی بەخێر بێی بابە گیان، چاوم بە دیدارت روون بوو، زەحمەتت کێشا!
هەورەتریشقە لێ دەدا.
زاوا: (بەترسەوە) ئەی ماڵی وێرانم!
هەڵئەستێ و خێرا دەچێتە دەرێ.
کچ: منیش ىێم لەگەڵت؟
زاوا: پێویست ناکا تۆ لە لای بابت دانیشە.
پیاو: چی بووە رۆڵە؟! بۆ وا نگەران بوون؟
کچ : دوعای خێرمان بۆ بکە باران نەبارێ بابە گیان! بێت و ببارێ، دەسڕەنجی یەکساڵمان ئەبێ بە هیچ و پووچ و لەبرسا ئەمرین!
پیاو: بۆ؟
کچ: تەواو سەرمایەی دەسڕەنجی ئەمساڵمان سازکردنی ئەو هەموو دێچ و گۆزەسە کە لە حەساردا چوونەتە کۆڵ یەک. ئەگەر باران ببارێ هەمووی ئەکا بە قوڕ و ژیانمان تێک
ئەدا. دوعای خێرمان بۆ بکە بابە گیان، دۆعای خێرمان بۆ بکە!
پیاو: ئیشەڵا خوا ئەوەی خێرە بیکا رۆڵە! ئیشەڵا، هەموو شتێ بە مەیلی ئێوە ىێ!
هەورەتریشقە و دڵنگەرانیی کچ.
پیاو تەماشای کچەکەی ئەکا و سەر دادەخا.

 

رۆژێکی دیکە. سکانسی چوارەم:
رۆژ- ئاوایی
چەند کوڕ و کچ بە شوێن بووکەبارانێوەن.
پیاو بە سواریی کەرەکەی بە نێو دێدا ئەڕوا و بۆ تەماشکردن ئەو خەڵكە رائەوێستێ.

 

سکانسی پێنجەم:
شەو ماڵی کچی چکۆلە
کچی دووەم، خەریکی جواندنی لانکی کورپەکەیەتی.
دروشمی بووکەبارانێ: بووکە بارانێ، رەبی ببارێ بووکەبارانێ، ڕەبی بباڕێ.
پیاو: دەی رۆڵە پێـم بڵێ بزانم، ژیان چۆن بەسەر ئەبەن و ئێستا مێڕدەکەت لە کوێیە؟
کچی دووەم: وڵا بڵێم چی بابە گیان! ژیانمان زۆر سەخت بەڕێوە ئەچێ. ئیمساڵ سەرانسەر لەو کەمەرە سەختەزەویی دەیممان کێڵاوە و تۆوێكی قرزی زۆرمان وەشاندووە و بە هەزار شێوی دڵەڕاوکێ و مەترسییەوە، چاوەڕێی بارانین! بێت و لەم دوو سێ رۆژەدا نەبارێ، تەواو ئەو تۆ و بەرەکەتی داومانە بە عەرزەکە، ئەسووتێن و رۆژمان ئەبێ بە تاریکەشەو.


مەحزەن لیللا دوعای خێرمان بۆ بکە، بارانێکی باش ببارێ و بەرەکەت ببا بە ئەو هەموو رەنج و زەحمەتەمان!
پیاو ئەکەوێتە بیری قسەی کچەکەی تری و سەحنە فلاشبەگ ئەکرێ. کابرا نازانێ چی بڵێ و چۆن دوعای خێرێ بکات.
پیاو: وەڵا چی بڵێـم کچم! لە خوا ئەپاڕێـمەوە ئەوەی خاسەیە بۆتانی بکات. من چیم لە دەس دێ؟! نەتوت مێردەکەت لە کوێیە رۆڵە؟
کچی دووەم: وەڵا چیت لێ بشارمەوە بابە گیان، لەم نزیکەو نەورۆزەدا هیچمـان بۆ نەماوە. تەنانەت ئاردی کەنووەکەمان بەرەو تەواوبوونە! دە پازدە رۆژێکە چووەتە یارمەتیی دارشکاندنی ئاوایی ژووروو، بەڵکوو تا شەوی نەورۆز کاری تەواو بێ و بێتەوە!
پیاو: خوا لێی رازی بێ و قەلبی ساق بێ ئیشەڵا! ئەوە منیش نەختێ کەلوپەلی ناقابلم لە لایەن دایکتەوە بۆ هێناوی رۆڵە.
کچی دوووەم: دەستت خۆش بێ بابە گیان، دەستی دایکیشم خۆش بێ، رازی بە زەحمەتی ئێوە نەبووم.
پیاو: زەحمەت نییە رۆڵە ، پێشکەشیی دایک و باوک رەحمەتە بۆ هەردوو لا. خۆزگا بایا و زیاتر یارمەتیی ئێوەم بدایا، بەڵام دەسی شکاو، وەباڵی گەردن! چی بکەم بە دەستەوسانی و بێ دەسەڵاتی؟!

 

رۆژێكی دیکە:
پیاو بە سواری کەرەکەی رێگەی گەڕانەوەی گرتووەتە بەر.
پیاو: (هۆرە)
هەی دا، هەی بێدا، دەردم تاوتاوە
ساتێکم لەرزە و ساتێکم یاوە.
هەی دا هەی بێدا، لەم دەورە دیلە
هەر دیلێ بەدەس دیلێ زەلیلە.

 

شەو ماڵی خۆی:
ژن: یاڕەبی بەخێر بێیتەوە! حەسابی ماندوو بووی، ئەرێ؟
پیاو: کوڕە نەوەڵا، ماندووی چی؟ ئەگەریش نەختێ ماندوو بووبێتم بە بینینی منداڵەکانم لە لەشم دەرچوو، بەڵام...
ژن: بەڵام چی؟
پیاو: بەڵام نەمتوانی هیچ کارێکیان بۆ بکەم.، تەنانەت دوعای خێرێکی پڕبەدڵ و حسابی!
ژن: چۆن، بۆ نەتتوانی؟!
پیاو: چی بڵێـم ژنەکە؟ هەردوو موشکڵەیان لەگەڵ باران بوو! یەکێکیان داوای دوعای خێرێ بارینی بارانی لێم دەکرد، ئەوەکەی تر دوعای نەها تنی باران! ئەگەر ببارێ یەکیان خۆشبەخت ئەبێ و ئەوەکەی تر بەدبەخت، ئەگەریش نەبارێ هەروەها. منیش هەرچی فکرم لێ کردەوە بەو نەتیجە گەیشتم کە جگە لە خودای مەزن کە خۆی زامنی رزق و رۆزیی هەمووانە، ئەم گرەکوێرەیە بە کەس ناکرێتەوە، تەنیا خوایە کە ئاگادارە و ئەزانێ ئەبێ چی بکات! دوعای منیش هەر ئەمە بوو کە: ئەوەی خاسە خوا بیکات بۆتان!

 

*حەکایەتی ناوچەی لەیلاخی سنە