چۆن وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى منداڵ ده‌رباره‌ى سێكس بده‌ینه‌وه‌؟

هۆشیاریی سێکسی.. پرسیار و وەڵام

خۆ دزینه‌وه‌ و ڕاكردن، یان به‌ نادروست وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسیاره‌كانى منداڵ ده‌رباره‌ى سێكس، كارێكى هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌و منداڵه‌ دره‌نگ بێت، یان زوو، له‌ڕێى سه‌رچاوه‌ى دیكه‌وه‌ وه‌ڵامى ده‌ست ده‌كه‌وێ، یان به‌ شوێن وه‌ڵامدا ده‌گه‌ڕێ.


چه‌نده‌ ته‌مومژاوى، یان ناڕاست وه‌ڵامى بده‌یته‌وه‌، هێنده‌ زیاتر په‌رۆشى گه‌ڕان و بیركردنه‌وه‌ له‌و بابه‌تانه‌ و ته‌نانه‌ت تاقیكردنه‌وه‌شى له‌ لا ده‌ورووژێ.


گرنگه‌ دایك و باوك هه‌وڵ بده‌ن ببنه‌ سه‌رچاوه‌ى یه‌كه‌م و باوه‌ڕپێكراو لاى منداڵه‌كانیان، ئه‌و متمانەیە‌ى كه‌ له‌نێوان منداڵ و باواندا دروست ده‌بێ، زۆرجار ده‌بێته‌ هۆكارێكى یارمه‌تیده‌ریش بۆ ئه‌وه‌ى منداڵ له‌ خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه‌ له‌ سێكس ڕزگارى ببێت و وه‌ك هه‌ر بابه‌تێكى دیكه‌ ته‌ماشاى بكات، تا له‌ كاتى خۆیدا، واته‌ له‌ قۆناغه‌كانى دواترى گه‌شه‌دا دێته‌وه‌ سه‌رى.

 

- من چۆن له‌دایك بووم؟
یه‌كێك له‌و پرسیاره‌ باوانه‌ى كه‌ منداڵ به‌تایبه‌تى له‌ دایكى ده‌كات، پرسیارى له‌دایكبوونه‌. به ‌زۆریش ئه‌م پرسیاره‌ له‌ كاتى له‌دایكبوونى منداڵێكى تازه‌ له‌ خێزانه‌كه‌دا لاى منداڵ دروست ده‌بێ، یان كاتێك یه‌كێك له‌ هاوڕێكانى باسى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ خوشك، یان برایه‌كى بچووكى له‌دایك بووه‌.


وا باشه‌‌ دایك وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسیارى منداڵ دوا نه‌خات، بۆ نموونه‌ بڵێت، به‌یانى پێت ده‌ڵێم، چونكه‌ ئه‌مه‌ كونجكۆڵیى منداڵ بۆ زانینى وه‌ڵامه‌كه‌ زیاتر ده‌ورووژێنێ، هه‌روه‌ها ئه‌و بڕوایه‌ى لا دروست ده‌بێت كه‌ ئه‌مه‌ دیاره‌ شتێكى زۆر گرنگه‌ بۆیه‌ وا دایكى وه‌ك پرسیاره‌كانى دیكه‌ یه‌كسه‌ر وه‌ڵامى ناداته‌وه‌. هه‌روه‌ها نابێت وه‌ڵامدانه‌وه‌ى هیچ پرسیارێكى منداڵ سه‌باره‌ت به‌ سێكس، مه‌رجدار بكرێ به‌ ئه‌نجامدانى ئه‌و ئه‌ركانه‌ى كه‌ منداڵ ڕقى لێ ده‌بێته‌وه‌ ئه‌نجامیان بدات، بۆ نموونه‌ به‌ستنه‌وه‌ى وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ ڕێكخستنى ژووره‌كه‌یه‌وه‌، یان شتنى ددانى. به‌ هه‌مان شێوه‌ نابێت دایكه‌كه‌ بیكات به‌ گاڵته‌وگه‌پ و قسه‌ى توێكڵدار له‌گه‌ڵ گه‌وره‌كاندا‌ بكات، خۆیان پێبكه‌نن و منداڵه‌كه‌ش چاوه‌ڕێى وه‌ڵام بێت، چونكه‌ له‌ هه‌موو ئه‌م بارانه‌دا منداڵ بابه‌ته‌كه‌ى زیاتر لا گرنگ ده‌بێت و په‌نا بۆ سه‌رچاوه‌ى دیكه‌ ده‌بات. هه‌روه‌ها تووڕه‌بوون لێى و ته‌ریقكردنه‌وه‌ى كاتێك ئه‌م پرسیارانه‌ ده‌كات، هه‌ڕه‌شه‌كردن لێى كه‌ جارێكى دیكه‌ باسى ئه‌و شتانه‌ نه‌كات، هه‌ندێجار وا له‌ منداڵ ده‌كات كه‌ ڕوئیایه‌كى خراپى به‌رامبه‌ر به‌م‌ بابه‌تانه‌ له‌ لا دروست ببێت و ببێته‌ هۆى ڕوودانى جۆره‌ها گرێ و پشێویى ده‌روونى له‌داهاتوودا. پێدانى زانیاریى هه‌ڵه‌ و نالۆژیكیش دیسانه‌وه‌ كارێكى په‌روه‌رده‌یى نییه‌. بۆ نموونه‌ كاتێ ده‌پرسێ: منداڵ چۆن دروست ده‌بێ؟ وه‌ڵامى بده‌یته‌وه‌ و پێى بڵێى له‌ ڕێى خواردنى ده‌نكه‌ خورمایه‌كه‌وه‌، یان له‌ خه‌سته‌خانه‌ ده‌یهێنیته‌وه‌، یان له‌ بازاڕ ده‌یكڕى.


- ئه‌ى چۆن وه‌ڵامى بده‌مه‌وه‌؟
كاتێك منداڵ ده‌پرسێ من له‌ كوێوه‌ هاتووم؟ یان له‌ كوێوه‌ هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌؟ ده‌كرێ به‌ر له‌وه‌ى هه‌موو شتێك بۆ منداڵه‌كه‌ ڕوون بكه‌یته‌وه‌، ئه‌گه‌ر نیازت بوو به‌ ڕاستى بۆى باس بكه‌یت، سه‌ره‌تا بزانه‌ منداڵه‌كه‌ خۆى چى ده‌زانێ، پێش ئاستى زانیارییه‌كانى مه‌كه‌وه‌، چه‌نده‌ هه‌ڵه‌یه‌، نادروست و كه‌موكورت وه‌ڵامى بده‌یته‌وه‌، هێنده‌ش هه‌ڵه‌یه، زانیارى و ڕوونكردنه‌وه‌ى زیاتر له‌ ته‌مه‌نى خۆى پێ بڵێیت. ده‌كرێ هه‌مان پرسیار له‌ منداڵه‌كه‌ بكرێته‌وه‌: تۆ چى ده‌ڵێى؟ پێت وایه‌ منداڵ چۆن له‌دایك ده‌بێ؟ ده‌شێ منداڵه‌كه‌ بڵێت: پزیشك به‌ چه‌قۆ سكى دایكه‌كه‌ هه‌ڵده‌دڕێ و منداڵه‌كه‌ ده‌هێنێته‌ ده‌ره‌وه‌. لێره‌دا زۆرێك له‌ دایكان بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌ وه‌ڵامدانه‌وه،‌ ڕاسته‌وخۆ ده‌ڵێن: ته‌واوه‌ ئه‌وه‌ خۆت ده‌یزانیت، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ى ئه‌مه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كى په‌روه‌رده‌یى نییه‌‌. منداڵ تێڕوانینێكى خراپى سه‌باره‌ت به‌ پزیشك له‌ لا دروست ده‌بێ، سه‌ربار‌ى ترس له‌ منداڵبوون و بوون به‌ دایك. له‌م كاته‌دا پێویسته‌ بۆ منداڵه‌كه‌ى ڕوون بكه‌یته‌وه‌ و پێى بڵێى: ئه‌وه‌ ڕاست نییه‌، چونكه‌ سه‌ره‌تا هه‌رگیز پزیشك چه‌قۆ به‌كار ناهێنێ، به‌ڵكوو كه‌ره‌سته‌ و ئامێرى تایبه‌تى هه‌یه‌ كه‌ زیان ‌به‌ دایك‌ و‌ كۆرپه‌له‌ ناگه‌یه‌نن، ئه‌گه‌ر پێویست بوو بۆ یارمه‌تیدانى منداڵبوون‌ به‌كاریان ده‌هێنێ، به‌ڵام زۆربه‌ى دایكان به‌ سروشتیى منداڵیان ده‌بێ، له‌ ڕێى به‌شێكى تایبه‌تى كه‌ له‌ناو له‌شى دایكه‌كه‌دایه‌، منداڵ سه‌ر ده‌رده‌هێنێ و ئیدى به‌ یارمه‌تیى پزیشك و په‌رستیاران منداڵ ئاوا دێته‌ دنیاوه‌. بێ گومان ڕاسته‌خۆ منداڵه‌كه‌ ده‌پرسێ: له‌ كوێوه‌، ئه‌و شوێنه‌ كوێیه‌؟ ئاساییه‌، شه‌رم مه‌كه‌ به‌ ساده‌یى وه‌ڵامى بده‌ره‌وه‌: ئه‌و شوێنه‌ كونێكه‌‌ نزیكه‌ له‌و كونه‌ى كه‌ میزى لێوه‌ ده‌كرێ. دڵنیابه‌ منداڵ كاتێك ئه‌م پرسیاره‌ ده‌كات، بینیویه‌تى و ده‌زانێ كه‌ كۆئه‌ندامى زاوزێ و میزكردن له‌ كچ و كوڕدا جیاوازه‌.

 

- چۆن دروست بووم؟
وه‌ڵامه‌كانت با كورت و پوخت بن. پێویست ناكات باسى توێكاریى ئه‌ندامى زاوزێى نێر و مێ بۆ منداڵێكى پێنج شه‌ش ساڵان بكه‌یت، كاتێك پرسیار ده‌كات: منداڵ چۆن دروست ده‌بێت؟ ده‌توانى ته‌نیا به‌ ساده‌یى وه‌ڵامى بده‌یته‌وه‌ كاتێك دایه‌ و بابه‌ پێكه‌وه‌ ده‌خه‌ون منداڵ دروست ده‌بێت. پاشان ورده‌ورده‌ كاتێك ده‌چێته‌ قوتابخانه‌ و زانیاریى ده‌رباره‌ى زینده‌وه‌ران وه‌رده‌گرێ، ده‌كرێ له‌ڕێى زۆربوونى ئه‌و ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌رانه‌ى كه‌ ڕۆژانه‌ ده‌یانبینێ، باسى دروستبوونى كۆرپه‌له‌شى بۆ بكه‌یت به‌ كورتى. ئێستاش به‌هۆى بوونى جۆره‌ها هۆى ڕوونكردنه‌وه‌ ده‌كرێ وێنه‌ و ڤیدیۆى گونجاو هه‌ڵبژێرى و چۆنێتیى دروستبوونى كۆرپه‌له‌ى بۆ باس بكه‌یت، به‌ر له‌وه‌ى له‌ڕێى هاوڕێى له‌ خۆى گه‌وره‌تره‌وه‌ خۆى ته‌ماشاى ڤیدیۆى نه‌شیاو بكات و زانیارییه‌كان به‌ شێوازێكى هه‌ڵه‌ وه‌ربگرێ.

 

- ئیدى لێره‌دا ئه‌ركى من ته‌واو ده‌بێ؟
نه‌خێر. هه‌ڵه‌یه‌ وا بیر بكه‌ینه‌وه‌ به‌ته‌نیا جارێك وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسیارى منداڵ سه‌باره‌ت به‌و بابه‌تانه‌، ئیدى ته‌واو ئه‌ركى ئێمه‌ وه‌ك باوان كۆتایى دێت. پێویسته‌ كه‌م كه‌م زانیارى به‌ منداڵ بده‌یت، باشتره‌ چاوه‌ڕێى بكه‌یت بزانى بیر له‌ چى ده‌كاته‌وه‌، چ پرسیارێك له‌ مێشكیدا گینگڵ ده‌دات. په‌روه‌رده‌ى سێكسیى منداڵ پڕۆسه‌یه‌كى به‌رده‌وامى درێژخایه‌نه، بێ گومان سیستمى په‌روه‌رده‌ و كولتوورى كۆمه‌ڵایه‌تیى باو و ئاستى هۆشیاریى خێزان هه‌موویان كاریگه‌رییان ده‌بێ له‌ پرسیاره‌كانى منداڵ و شێوازى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى باوانیشدا.‌

 

*پرسیارەکانتان له‌ ڕێى ئه‌م ئیمه‌یله‌وه‌ وه‌ڵام ده‌درێته‌وه‌.
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.