بەزمی مه‌نعه‌ته‌جه‌ول!

عه‌وڵا ریوی به‌ باوكمی گوت: مه‌گه‌ر خوا، ده‌نا ئه‌وشۆ ده‌قه‌ومێ

(سه‌ری هارومار)

 

هێشتا به‌ته‌واوی دنیا تاریك دانه‌هاتبوو، كه‌ كۆڵان و گه‌ڕه‌ك چۆڵ و هۆڵ بوون، ده‌رگای حه‌وشه‌كان داخران و هه‌ست و خوست نه‌ما، جار جار ده‌نگی عه‌وڵا رێوی ده‌هات و له‌به‌رخۆیه‌وه‌ ده‌یگوت:
ـ كۆر ده‌بیته‌وه‌ ئیشاڵا.
باوكم ده‌ستی بۆ رادیۆكه‌ برد و دایگیرساند، میله‌كه‌ی به‌ملا بەولادا گێڕا و له‌سه‌ر ئێزگه‌ی كوردیی كرماشان رایگرت، دایكم خه‌ریكی چنینی به‌رگه‌ بالیف بوو، منیش ده‌ستم كرد به‌ نووسینه‌وه‌ی ده‌رسی كوردی، ته‌حسینی براشم كه‌ هێشتا نه‌چووبووه‌ قوتابخانه‌، جار جار سه‌یری كتێبه‌كانی ده‌كردم.
یه‌ك دوو جار چوومه‌ حه‌وشه‌كه‌، ته‌نیا گوێم له‌ كۆخه‌ی عه‌وڵا رێوی بوو، دایكم زوو ئاگاداری كردم، كه‌ بێمه‌ ژووره‌وه‌، گوتی:
ـ بۆ خاتری خودای، با تووشی فه‌لاكه‌ته‌ك نه‌بین.
گوتم: خۆ ناچمه‌ ده‌ره‌وه‌.
گوتی:
ـ كوڕم مه‌نعه‌ته‌جه‌ول مه‌عنای ئه‌وه‌یه‌ نابی رووناكیی فانۆسیش دیار بی.
سه‌ربانی ماڵی ئێمه‌ و مامه‌ ره‌زام به‌ یه‌كه‌وه‌ بوو، عه‌وڵا رێوی كرێچیی مامه‌ ره‌زام و له‌ تاكه‌ ژوورێكدا ده‌ژیا، قاڵدرمه‌یه‌كی داری هه‌بوو، به‌وێدا ده‌هاته‌ سه‌ربان، گوێم لێ بوو كه‌ بانگی باوكمی كرد:
ـ شێخ ئه‌نوە‌ر، شێخ ئه‌نوه‌ر، هه‌نده‌ك تووتنم بدێ، مه‌عته‌ل بوویمه‌.
باوكم هه‌ر زوو هه‌نده‌ك تووتنی بۆ خسته‌ ناو زه‌رفێكه‌وه‌ و بۆی برده‌ سه‌ربان، ئه‌وه‌ بۆ من فرسه‌تێك بوو تا بچمه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌دوای باوكمدا خۆم گه‌یانده‌ سه‌ربان، عه‌وڵا به‌ باوكمی گوت:
+ مه‌گه‌ر خوا، ده‌نا ئه‌وشۆ ده‌قه‌ومێ.
ـ ئه‌وجه‌ چمان له‌ده‌ست دێ.
عه‌وڵا رێوی حه‌زی له‌ قسان بوو، به‌ڵام باوكم له‌ كورتی بڕییه‌وه‌ و گوتی:
ـ بچینه‌وه‌ ژوورێ باشتره‌.
كه‌ هاتینه‌ خواره‌وه‌، دایكم گوتی:
ـ ئه‌و عه‌وڵایه‌ بۆ داناكه‌سێ، خوا به‌ختی بردییه‌.
ورده‌ ورده‌ شه‌و راشكا، هێشتا دایكم له‌مپاكه‌ی كز نه‌كردبوو و نه‌چووبووینه‌ بن جێگا، كه‌ لرمه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ هات و ده‌رگه‌ و په‌نجه‌ره‌ی هه‌ژانده‌وه‌ و پاشان ته‌قه‌ ده‌ستی پێ كرد، هه‌ر زوو خۆمان له‌بن لێفه‌ نا، باوكم ویستی بچێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام دایكم توند گرتی و گوتی:
ـ بۆ خاتری خودا ئه‌جه‌لت هاتییه‌.
لرمه‌ به‌دوای لرمه‌ ده‌هات و ناو به‌ ناویش گوێمان له‌ ده‌ستڕێژێك ده‌بوو، لرمه‌كان زۆر نزیك بوون، دایكم ده‌ستی به‌ خوێندنی ئایه‌تولكورسی كرد و باوكیشم له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ دوعای ده‌كرد، له‌و كاته‌دا زۆرم میز ده‌هات، به‌ باوكم گوت:
ـ له‌گه‌ڵم وه‌ره‌ ده‌چمه‌ ئاوده‌ست.
باوكم ده‌رگه‌ی ژووره‌كه‌ی كرده‌وه‌ و لرمه‌یه‌كی به‌هێز هات، به‌په‌له‌ میزه‌كه‌م كرد و گه‌ڕامه‌وه‌ ناو جێگا، له‌پڕ عه‌وڵا رێوی له‌ سه‌ربانه‌كه‌ سه‌ری خوار كرده‌وه‌ و بانگی باوكمی كرد:
ـ یا شێخ، یا شێخ، ئه‌وه‌ له‌كن تانكی ئاوه‌كه‌ی ده‌بابه‌ و تۆپ راوه‌ستاون.
باوكم هیچ وه‌رامێكی نه‌دایه‌وه‌، دایكم له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ پێی گوت:
ـ مام عه‌وڵا، بۆ خاتری خودای بڕۆ ژوورێ، با ماڵمان وێران نه‌بێ.
شه‌و دوو سێ جار به‌خه‌به‌ر هاتم، ناو به‌ناو لرمه‌یه‌ك ده‌هات، دوا جار كه‌ به‌ خه‌به‌ر هاتم بینیم دنیا رووناك بوویته‌وه‌ و زانیم سبه‌ینه‌یه‌، گوێم له‌ ده‌نگی عوسمان نیگار بوو، كه‌ هاواری ده‌كرد: "هه‌ی ماست هه‌ی ماست"، چێشتم خوارد و خۆم گۆڕی و ده‌ستم دایه‌ جانتاكه‌م، دایكم به‌ باوكمی گوت:
ـ ئه‌وڕۆ به‌خۆت بیبه‌ مه‌كته‌بێ.
باوكم ده‌ستی گرتم و هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌، عه‌وڵا رێوی له‌ ناوه‌ڕاستی كۆڵان راوه‌ستابوو، به‌په‌له‌ هاته‌ لای باوكم و گوتی:
ـ ئه‌وشۆ هه‌تا سبه‌ینێ، مه‌دفه‌ع و ده‌بابه‌، بنه‌سراوه‌ و ئه‌و بن زوورگانه‌ی قه‌سف كرد، ئێستاش له‌كن تانكی راوه‌ستاون.
باوكم رێگای گۆڕی و به‌ كن تانكییه‌كه‌دا نه‌ڕۆیشت، به‌ رێگایه‌كی دیكه‌دا بردمی بۆ قوتابخانه‌، به‌ڵام له‌دووره‌وه‌ دیمه‌نی ده‌بابه‌ و لووله‌ی مه‌دفه‌عم بینی، كاتێك گه‌یشتینه‌ به‌ر ده‌رگای قوتابخانه‌، باوكم به‌ فه‌ڕاشه‌كه‌ی گوت:
ـ ئه‌رێ ده‌وام هه‌یه‌؟
وه‌رامی دایه‌وه‌:
ـ مدیر و مامۆستا هاتوون، به‌ڵام ته‌ڵه‌به‌ كه‌من.
پشتاوپشت گه‌ڕاینه‌وه‌ و به‌ هه‌مان رێدا هاتینه‌وه‌ ماڵ، عه‌وڵا رێوی و چه‌ند زه‌لامێك له‌په‌نا دیوارێك راوه‌ستابوون، عه‌وڵا به‌ باوكمی گوت:
ـ ئه‌وه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌.
باوكم وه‌رامی دایه‌وه‌:
ـ ته‌ڵه‌به‌ زۆر كه‌م هاتبوون، ئه‌منیش هێنامه‌وه‌.
عه‌وڵا له‌ خوای ده‌ویست قسان بكات و گوتی:
ـ بابم، خۆ خه‌ڵك منداڵی خۆی له‌ ده‌شتێ نه‌دیتیته‌وه‌.
زه‌لامه‌كان، له‌نێوان خۆیاندا باسی لرم و هۆڕ‌كه‌ی شه‌وی رابردوویان ده‌كرد، وه‌ستا عوسمانه‌ ره‌ش ده‌یگوت:
ـ هه‌ر له‌ ئاقاری بێستانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ دێده‌وان، تۆپ هه‌مووی كوتایته‌وه‌، خزمه‌ مه‌ڕداره‌كانمان هیچ خه‌به‌ریان نییه‌.
مزۆ ئه‌حمه‌دی جگاره‌ فرۆش پرسی:
ـ باشه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌و ناوه‌ی هه‌یه‌؟
عه‌وڵا رێوی یه‌كسه‌ر وه‌رامی دایه‌وه‌:
ـ لۆ حكوومه‌تی موهیم نییه‌، ئه‌و ده‌یه‌وێت كورد زه‌ره‌ری پێ بكه‌وێت، ده‌ كێشكه‌ی به‌ به‌رده‌كی ده‌كوژی.
مه‌لا عه‌لی، به‌ده‌م خاوێنكردنه‌وه‌ی جیقی چاوی گوتی:
ـ كه‌س خوا و پێغه‌مبه‌ری له‌بیر نه‌ماوه‌، كۆره‌گه‌ی دینی زه‌عیف بووه‌.
عه‌وڵا رێوی، به‌و قسه‌یه‌ی مه‌لا عه‌لی قه‌ڵس بوو گوتی:
ـ په‌كوو.. مه‌لا، كه‌س له‌ میلله‌تی مه‌ به‌دینتره‌، لۆ نارێی حكوومه‌ته‌كه‌ زاڵم و كافره‌.
مه‌لا عه‌لی وه‌رامی دایه‌وه‌:
ـ ئه‌توو چ له‌ دینی ده‌زانی، له‌ هه‌موو شته‌كی خۆت تێ هه‌ڵده‌قورتێنی.
عه‌وڵا رێوی قیت بۆوه‌ و په‌نجه‌ی راشه‌قاند و رووی له‌ مه‌لا عه‌لی كرد:
ـ ئاگات له‌به‌ر ده‌وی خۆت بێ، ئه‌من ده‌ هه‌ندی توو ده‌زانم.
له‌پڕ مه‌لای نیوه‌ڕۆ بانگی دا، زه‌لامه‌كان روویان له‌ مزگه‌وته‌كه‌ی ئه‌حمه‌د به‌فراو كرد، ته‌نیا عه‌وڵا رێوی نه‌بێت، به‌ تووڕه‌یی رووی له‌ ژووره‌وه‌ كرد و گوتی:
ـ ئه‌من كوو نوێژ له‌دوای ئه‌و نه‌وعه‌ مه‌لایه‌ ده‌كه‌م!