له‌ ماڵى ئێمه‌ په‌پووله‌یه‌ك ناوى بابه‌ حاجى بوو

ئه‌فه‌ندییه‌ زه‌به‌لاحه‌كه‌ دز دەرچوو

ته‌یراوه‌ هه‌ر به‌ پیاسه‌ - 7

 

خانووێكى پێنج ژوورى، حه‌وشه‌ و حه‌مام و ناندین هه‌ر هه‌موومانى كۆ كردبووەوه‌، جگه‌ له‌ دایك و باوكم و پێنج برا و كچه‌ تاقانه‌كه‌یان، دوو باپیر و دوو داپیره‌ له‌ ده‌ورى یه‌ك مه‌نجه‌ڵ گرد ده‌بووینه‌وه‌ و له‌ چوار ژوور ده‌خه‌وتین. به‌رده‌وام ژوورى پێنجه‌میش خێزانێكى كرێچیى تیابووه‌.


ئه‌مجاره‌ با گه‌واڵه‌ له‌سه‌ر بابه‌ حاجى و دایه‌ حاجى بێت، دایك و باوكى دایكم، بڵێ دوو فریشته‌ له‌ به‌رگى بنیاده‌م، دوو په‌پووله‌ى سووتاوى ده‌وروبه‌ر.


دایكم كچه‌ تاقانه‌كه‌ى ئه‌م دووانه‌ بوو، بابه‌ حاجى (حه‌سه‌ن حوسێن ئیبراهیم) و دایه‌ حاجى (نه‌خشین ئه‌حمه‌د مه‌ولود)، ئه‌م دووانه‌ هه‌موو دونیایان دایكم و ئێمه‌ى منداڵه‌كانى ئه‌و دایه‌یه‌ بوو. به‌وان با بمردبان ئێمه‌ برسى نه‌بین، بگریابان به‌س ئێمه‌ پێكه‌نین و زه‌رده‌خه‌نه‌ و خۆشنودى له‌ رووخسارمان نه‌تۆرابا.


دایه‌ حاجیى نه‌نكم، كابانى ماڵ، به‌ هه‌موومانه‌وه‌ ماندوو، بۆ ئه‌وه‌ى دایكم ماندوو و هیلاك نه‌بێت، ئاماده‌ بوو شه‌و و رۆژ نه‌حه‌سێته‌وه‌، سێ ژه‌مه‌ى خواردنى هه‌ر هه‌موومان ده‌ستاوى ئه‌و بوو، به‌س كابان و مه‌علان و ده‌ستاو خۆش بوو. چ كابانێك حه‌دى هه‌بوو وه‌ك ئه‌و برنج و فاسۆڵیا و گۆشت و كشمیش به‌سه‌ر نێ. به‌ قه‌ولى خزم و ناسیاوان كه‌ ده‌هاتن و به‌شداریى نیوه‌ڕۆخوانیان ده‌كردین، ده‌یانگوت: برنج و فاسۆڵیاى حاجى نه‌خشین هێنده‌ به‌تامه‌، ئاگات له‌ خۆت نه‌بى ده‌ست و په‌نجه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كرۆژى. (به‌زم و ره‌زمى كوردایه‌تى و ئێستگه‌ى ده‌نگى كوردستان و حاجى نه‌خشین (نازدار) و كۆبوونه‌وه‌كانى له‌ گه‌ڕه‌كى دى دێنه‌ گێڕانه‌وه‌ى).


بابه‌ حاجیش رۆحى له‌و جێیه‌ بوو ئێمه‌ پێمان لێ داده‌نا، ده‌ست و ده‌روون فراوان، نان بده‌ و چاوتێر. هه‌رچى هه‌بوو به‌ قوربانى ئێمه‌ى ده‌كرد.


ئه‌وه‌ى له‌بیرمه‌، له‌و شوێنه‌ى ئێستا ته‌لارى پارێزگاى هه‌ولێره‌، رێزه‌ دوكانێك روو له‌ قه‌ڵا، قاتى سه‌ره‌وه‌ى ئوتێل، له‌ته‌ك چایخانه‌ى مام قادر خۆشناوى دوكانى بابه‌ حاجى بوو، له‌ته‌نیشت ئه‌ویش ده‌رگایه‌كى گه‌وره‌ى دووده‌رى ده‌یبردییه‌ مه‌ركه‌زێكى پۆلیس، كه‌ به‌رده‌وام جمه‌ى ده‌هات.


به‌یانییه‌كیان له‌تاو تام و بۆى شفته‌ و پیاز و ته‌ماته‌ به‌تامه‌كه‌ى سابیرى شفته‌فرۆش به‌گه‌ر بابه‌ حاجى كه‌وتم، چونكه‌ هه‌ر شه‌وێ وه‌عدى دامێ گۆتى سبه‌ینێ زوو له‌ خه‌وێ هه‌سته‌ ده‌تبه‌م شفته‌ى لاى دوكانێ بخۆ. ئیدى شفته‌مان خوارد و ئه‌و خه‌ریكى ناو دوكان بوو، منیش مه‌شغولى گه‌مه‌ى خۆم. له‌پڕ ئه‌فه‌ندییه‌كى كه‌ته‌ى له‌ بنیاده‌م نه‌چوو، خۆى به‌ دوكانێدا كرد.


ده‌بێ بڵێم، بابه‌ حاجى وه‌كیلى چایه‌ى حكوومه‌ت بوو، ئه‌وكاته‌ له‌به‌ر زه‌بر و زه‌نگى پێشمه‌رگه‌ و شۆڕش، تا گوشار بخاته‌ سه‌ر ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى شۆڕش، حكوومه‌ت شه‌كر و چاى به‌ رێگاى وه‌كیله‌كانى ناو شار دابه‌ش ده‌كرد. كفر بوو شه‌كر و چا له‌ بازگه‌كان بپه‌ڕێننه‌وه‌ و بگاته‌ ده‌ستى پێشمه‌رگه‌. بۆیه‌ چاودێرییه‌كى توند له‌سه‌ر وه‌كیله‌كان هه‌بوو له‌ دابه‌شكردنى شه‌كر و چا، كه‌م و زیاد وه‌كیل به‌رپرسیار ده‌بوو.


كه‌ ئه‌فه‌ندییه‌ زه‌به‌لاحه‌كه‌ به‌ ژوور كه‌وت، یه‌كسه‌ر به‌ هه‌ڕەشه‌ گوتى:
- حاجى چاى حكوومه‌تى لۆ پێشمه‌رگه‌ى ده‌نێرى.


حاجى: كێ وه‌ده‌رێ؟ شتى وا نه‌بووه‌ و نابى.


ئه‌فه‌ندى: ته‌قریرت له‌سه‌ر هاتییه‌. نیو سندوق چایه‌ت له‌ناو كیسه‌ى ساوارى به‌ دزى ره‌وانه‌ى سماقووڵیت كردییه‌ لۆ ناو پێشمه‌رگان.


حاجى: عه‌فوت فه‌رموو.. هه‌موو شته‌ك به‌ حیساب و به‌ كتاب نییه‌؟ وه‌ره‌ با چایه‌ى بكێشین.


ئه‌فه‌ندى: ده‌یكێشین.. به‌س لێره‌ نا، له‌ دایه‌ره‌ى ئه‌من ده‌یكێشین، ئه‌من ئه‌مرم پێیه‌ ده‌بى هه‌رچى چایه‌ت مایه‌ بیبه‌م له‌وێ بیكێشین، كه‌مى كرد ئه‌وا ناردیته‌، كه‌مى نه‌كرد هه‌ر به‌خۆم دیفاعت لێ ده‌كه‌م و ده‌بمه‌ پشت و په‌نات.


حاجى: نه‌ زیاد و نه‌كه‌م، ناوه‌كانم له‌كنه‌. هه‌ر كه‌سه‌ و حسه‌ى خۆى بردییه‌، قه‌تیش كه‌م ناكات.


ئه‌من، هه‌روا ته‌ماشا ده‌كه‌م. ئه‌و ئه‌فه‌ندییه‌ زه‌به‌لاح و نه‌قۆرایه‌م رۆژێك پێشتر له‌كن ئه‌حمه‌دى ماتۆڕچى دی بوو. ئه‌و رۆژه‌ ئه‌من پاسكیله‌كه‌م په‌نچه‌ر بوو بردم تا لۆم چاكه‌نه‌وه‌. له‌وێ بووم ئه‌و ئه‌فه‌ندییه‌ هات ماتۆڕه‌كه‌ى پێ بوو پێشانى وه‌ستا ئه‌حمه‌دى دا، پێم وابى به‌ته‌ماى فرۆشتنێ بوو.


ئه‌فه‌ندییه‌كه‌، سێ سندوق چاى سه‌ر مۆر و یه‌كێكى نیوه‌ به‌تاڵى له‌ ترومبێڵ بار كرد و ده‌ست و برد بۆى ده‌رچوو. بابه‌ حاجیش مشه‌وه‌ش، ده‌م وشك و ره‌نگ زه‌رد هه‌ر به‌ غار خۆى گه‌یانده‌ مه‌ركه‌زى پۆلیسى، ته‌نیشت تا شكایه‌ت بكات.


هه‌ر شه‌و و رۆژێكى پێ چوو، ئه‌فه‌ندییه‌ زه‌به‌لاحه‌كه‌ به‌ كه‌له‌پچه‌كراوى و سندوقه‌ چا له‌ناو مسه‌له‌حه‌ى پۆلیسى برانه‌ مه‌ركه‌زى. له‌وێ بانگى بابه‌ حاجیان كرد و ئه‌منیش به‌گه‌رى كه‌تم، كه‌ چووین ئه‌فه‌ندى ده‌ست به‌ كه‌له‌پچه‌ له‌ ناوه‌ڕاستى ژوورێ راگیرابوو، معاونه‌ك قسه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كرد. معاون كه‌ چاوى به‌ بابه‌ حاجى كه‌وت گوتى:
- مام حاجى ئه‌تو به‌ سندوق چایه‌ت لێ دزرایه‌، گۆتیت دزه‌كه‌ش ده‌ناسمه‌وه‌، ته‌ماشایه‌كى ئه‌و فیله‌ته‌نه‌ى بكه‌ بزانه‌ هه‌وه‌ یان نا؟


بابه‌ حاجى ته‌ماشایه‌كى كابراى ده‌ست به‌ كه‌له‌پچه‌ى كرد گۆتى:
- هه‌وه‌. ئه‌و زاڵم بابه‌ بوو به‌ ناوى دایه‌ره‌ى ئه‌من سندوقه‌كانى چاى له‌بن ده‌ستى ده‌رهینام.


له‌و كاته‌دا ئه‌منیش به‌ معاونه‌كه‌م گوت:
- ئه‌وه‌ دوێنێ ماتۆڕه‌كى دزراى پێ بوو هاته‌ كن ئه‌حمه‌د ماتۆڕچى ده‌یویست بیفرۆشى.


معاون گۆتى:
- هه‌نووكه‌ ده‌یبه‌ینه‌ قوڵغى، هه‌رچى دزییه‌ هه‌مووى به‌ قه‌ڵڵا پێ ده‌گێڕینه‌وه‌. ئیدى سندوقه‌كانمان هیناوه‌ دوكانێ و دزه‌ش قوڕى به‌سه‌رى بوو.
بابه‌ حاجى، له‌كۆتایى هه‌فتاكان نه‌خۆشییه‌كى كوشنده‌ى تووش بوو، شێرپه‌نجه‌ له‌ قوڕگى هات. له‌ هه‌ولێر نه‌شتەرگه‌ریى بۆ كرا و قوڕگیان كون كرد، له‌كاتى قسه‌كردن ده‌ستى به‌ كونه‌كه‌وه‌ ده‌گرت ئینجا به‌ئاسته‌م ده‌نگى ده‌رده‌هات. دكتۆره‌كه‌ى ره‌وانه‌ى به‌غداى كرد، ناونیشانى نه‌خۆشخانه‌ و دكتۆرێكى به‌غدایێى دایه‌ تا له‌وێ چاره‌سه‌ر وه‌رگرى. چووه‌ به‌غدایێ، به‌ڵام زۆرى پێ چوو هه‌ر نه‌گه‌ڕایه‌وه‌. دایه‌ حاجى نیگه‌رانیى نه‌هاتنه‌وه‌ى بوو، ناونیشانى نه‌خۆشخانه‌كه‌ى به‌غداى ده‌زانى. رۆژێك منى نێرینه‌ى له‌گه‌ڵ خۆى برد و چووینه‌ به‌غدایێ. به‌ پرس و به‌ ناونیشان نه‌خۆشخانه‌مان دۆزییه‌وه‌، له‌ناكاو له‌به‌ر ده‌رگاى گه‌وره‌ چاومان به‌ بابه‌ حاجى كه‌وت له‌ په‌نایه‌ك هیلاك و بێ هێز كه‌وتبوو، چاوى به‌ ئێمه‌ كه‌وت هه‌ستاوه‌ سه‌رپ ێ و به‌ گریانه‌وه‌ له‌ بابه‌ڕۆى دا، ئه‌و بگریێ و ئێمه‌ بگریێن، ئۆخه‌یش به ‌یه‌ك شاد بووینه‌وه‌. هێنامانه‌وه‌ هه‌ولێر، دوو هه‌فته‌ى به‌ ئازار و ده‌رد و ناخۆشى و وشك هه‌ڵاتى برده‌ سه‌ر، تا به‌یه‌كجارى چاوى لێك نا و خه‌وى كۆتایى لێ كه‌وت. واى هه‌زار جار یادى به‌خێر، پیاوه‌ په‌پووله‌كه‌ى ناو ماڵه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كه‌ى مه‌.