(11)
دووه‌م- مووسهوییهكان
ئه‌وانه پێیان وابوو ده‌بێ مووسا كازم، كه كوڕی بچووكی جه‌عفه‌ری سادق بوو ببێته ئیمامی هه‌فته‌م، دوای ئه‌ویش ئیمامه‌تی بدرێته ده‌ست كوڕه‌كه‌ی عه‌لی ره‌زا ئینجا ئیمامه‌ت بگوازرێته‌وه تا ده‌گاته محه‌مه‌دی چاوه‌ڕێكراو، كه ئه‌ویش كوڕی ئه‌لحه‌سه‌نی عه‌سكه‌ری كوڕی هادی كوڕی محه‌مه‌د جواد كوڕی عه‌لی ره‌زایه، كه به دوازده ئیمامه‌كان ده‌ناسرێن. ده‌ڵێن محه‌مه‌د له ساڵی ٨٨١ له سامه‌ڕا ده‌چێته ژێر زه‌مینێكه‌وه و دایكی ته‌ماشای ده‌كات، به‌ڵام ناگه‌ڕێته‌وه. یاوه‌رانی له‌و رۆژه‌وه نایدۆزنه‌وه، تا ئێسته‌ش یار و یاوه‌رانی چاوله‌ڕێن بگه‌ڕێته‌وه، بڕواشیان وایه كه ده‌ركه‌وته‌وه زه‌مینی ناڕه‌وا پڕ ده‌كات له دادپه‌ره‌وه‌ری. به ئیمامی چاوه‌ڕێكراو و ساحێبی زه‌مان و زۆر ناوی تر ناودێره.
لێره‌دا نامه‌وێ زۆر درێژه به‌وه بده‌م كه له تایه‌فه‌ی ئیسماعیلییه‌كان ده‌وڵه‌تی فاتمی چۆن دروست ده‌بێت و بچمه نێو مێژوو و ره‌گه فارسییه‌كه‌ی و زهردهشتییهكهی له رێی (میمون قهداح) كه ده‌ڵێن ویستوویه‌تی ده‌سته‌ڵاتی فارسه‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه و هه‌ندێك پێیان وایه ئه‌و (مه‌یمون قهداح)ه هه‌ر محه‌مه‌دی كوڕی ئیسماعیلی جه‌عفه‌ری سادقه، كه له ترسی عه‌باسییه‌كان ده‌چێته ره‌ی و چیاكانی ده‌ماوه‌ند و دواتریش له گوندی (سملا) كه پاشتر ناوی ده‌بێته (محه‌مه‌د ئاباد) به ناوی ئه‌وه‌وه، نه‌وه‌كانی له ناوچه‌كانی خوراسان و هه‌رێمی قه‌نده‌هار و سه‌ند بڵاو ده‌بنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی یار و یاوه‌ران بۆ خۆیان په‌یدا بكه‌ن. دوای مردنی محه‌مه‌د ئیسماعیلیش كوڕه‌كه‌ی عه‌بدوڵا ره‌زی ده‌بێته ئیمام و مه‌زهه‌بی ئیسماعیلی بڵاو ده‌كاته‌وه و ئه‌هواز ده‌كاته ناوه‌ندی بڵاوكردنه‌وه‌ی بزاوهكهی. خۆی و كوڕه‌كانی له ناوچه‌كانی كوفه و به‌غدا و ناوچه فارسییه‌كان و سلمیه له شام بڵاو ده‌كه‌نه‌وه. دوای مردنی عه‌بدوڵا كوڕه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د ئه‌بی شهلهعلهع ده‌بێته یه‌كه‌م وه‌سیی له‌سه‌ر سه‌عید، یه‌كه‌م خه‌لیفه‌ی فاتمییه‌كان.
ئه‌و مێژووه درێژ ده‌بێته‌وه تا ساڵی ١٠٩٧ كه خه‌لیفه موستهنسهری فاتمییه‌كان له میسر ده‌مرێت و وه‌زیر به‌در جه‌مالی (ئهلموستهعلی بالله) كه ده‌كاته خوارزای. ده‌كاته خه‌لیفه نه‌وه‌ك كوڕه‌كه‌ی تری خه‌لیفه (مه‌نسوور نزار) له ئه‌نجامی ئه‌وه‌ش ململانێی نێوان ئه‌و دوو برایه دروست ده‌بێت و (حه‌سه‌ن سهبباح) پشتگیریی نزار ده‌كات و دوای كوشتنی نزاریش له ساڵی ١٠٩٨ حه‌سه‌ن سهبباح ده‌ڕواته ئێران و نزاری بڵاو ده‌كاته‌وه و ده‌بێته لایه‌نگریی ئیمامی نادیار. به‌و شێوه‌یه‌ش بزاوی فاتمییه‌كان ده‌بنه دوو به‌ش موسته‌علی و نزارییه‌كان.
حه‌سه‌ن سهبباح له چیای ئه‌له‌موت قه‌ڵاكه‌ی دادهمەزرێنێت و ئه‌وه ده‌كات كه مێژوو ده‌یگێڕێته‌وه و لێره‌دا پێویست ناكات باسی بكه‌ین. له شامدا له سه‌روه‌ختی سه‌ڵاحه‌دیندا كۆمه‌ڵه‌یه‌كی ئیسماعیلی به‌سه‌رپه‌رشتیی (راشدئهلدین سنان) په‌یدا ده‌بێت و پێی ده‌ڵێن شێخی چیا. هه‌وڵ ده‌دات تایه‌فه‌ی ئیسماعیلییه‌كان له شامدا كۆ بكاته‌وه. به تایبه‌تی له شاری سلمیه كه هه‌ر زوو باره‌گای ئیمامه‌كان بوو. (راشدئهلدین سینان) ئیسماعیلییه‌كانی شام له ئه‌له‌موت داده‌بڕێنێت و خۆی مه‌زهه‌بی (سینانی) دادهمەزرێنێت. له‌گه‌ڵ سه‌ڵاحه‌دین ئه‌یووبیش شه‌ڕی ده‌بێت و دوو جاریش هه‌وڵ ده‌ده‌ن سه‌ڵاحه‌دین ئه‌یووبی بكوژن. له ساڵی ١١٧٧ زایین سه‌ڵاحه‌دین هێرش ده‌كاته سه‌ر باره‌گاكانیان و قه‌ڵای (مسیاف) گه‌مارۆ ده‌دات و ئه‌وانیش داوای سوڵحی لێ ده‌كه‌ن. دوای مردنی (را‌شد ئه‌لدین سنان) ئیسماعیلییه‌كان ده‌چنه‌وه ژێر ده‌سته‌ڵاتی ئیمامه‌كانی ئه‌له‌موت. (مسته‌فا غالب) له كتێبه‌كه‌یدا (السهروردی) باس له‌وه ده‌كات كه سوهره‌وه‌ردی یه‌كێك بووه له ئیسماعیلییه نزارییه‌كان و به ئاشكرا كاری بۆ ئه‌وان كردووه و سینانیش قه‌ڵای ئه‌له‌موتی له ئاشكراكردنی سوهره‌وه‌ردی ئاگه‌دار كردووه‌ته‌وه و دواتریش مسته‌فا غالب ئه‌وه ده‌كاته هۆكارێك بۆ كوشتنی سوهره‌وه‌ردی له لایه‌ن سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یووبییه‌وه.
به شێوه‌یه‌كی گشتی ئامانجی حه‌سه‌ن سهبباح گه‌ڕانه‌وه‌ی فارسه‌كان و زمانی فارسی و شكۆی فارس بوو له دژی عارهبهكان. مه‌به‌ستی بوو كولتووری ئێرانی و فارسی له به‌رابه‌ر كولتووری عاره‌بی زیندوو بكاته‌وه. له‌و سه‌رده‌مدا له زۆر ناوچه‌ی ئێران‌دا دامەزراندنی ئیسلامێكی ئێرانی یان رۆژهه‌ڵاتی به ره‌گ و كولتووری فارسی ئاشكرا ده‌كرێت. ئه‌وه له كاتێكدایه هێشتا سوهره‌وه‌ردی له‌دایك نه‌بووه. له مه‌راغه كه گوندێكی نزیك سوهرهوهرده، له ساڵی ١١٣٥ خه‌لیفه‌ی عه‌باسی (المستڤهر بالله) له‌و گونده ده‌كوژرێت. روونیش نییه كوشتنه‌كه‌ی به ده‌ستی سه‌لجووقییه‌كان یان باتنییه‌كان بووه.
به كورتی ده‌مه‌وێت بڵێم له گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و رووداوه مێژووییانه‌دا ده‌بینین كه ره‌گی ئایینی زه‌رده‌شتی و كولتووری فارسی و ئێرانی به ئاشكرا دژی كولتووری عاره‌ب ده‌وه‌ستێته‌وه. لایه‌نه روحانییهكهی فه‌لسه‌فه‌ی ئیشراقی ئێران و رۆژهه‌ڵاتیش له‌نێو ئه‌و ململانێیانه‌دا پارچه‌یه‌كی دانه‌بڕاوه. بۆیه كه سوهره‌وه‌ردی له‌دایك ده‌بێت و له‌نێو ئه‌و كولتووره‌دا ده‌ست به خوێندن و سه‌فه‌ر و گه‌ڕان و په‌یداكردنی مه‌عریفه و حیكمه‌ته‌كه‌ی ده‌كات. كه به واتای وشه ره‌گداره، ئاماژه‌داره، زمانه‌كه‌ی مه‌جازییه و ئیشراق و مهشریقهكهی ئه‌ڵقه‌یه‌كی رۆحی و جوگرافی دروست ده‌كه‌ن و له حیكمه‌تی ئیشراقدا ره‌نگڕێژ ده‌بێت.
٣/ عه‌باسییه‌كان و میراتی كۆنی ئێرانی و مه‌ئموون
ململانێی منداڵه‌كانی (عه‌بد بن مه‌ناف)ی قوڕه‌یشی، له‌نێوان (هاشم) و (ئومه‌یه‌ی كوڕی عه‌بد شهمس)ی برازای. سه‌ره‌تای ململانێیه‌كی خوێناویی دوورودرێژه له مێژووی ئیسلامدا. له دوای مردنی (پێغه‌مبه‌ر) له ساڵی ٦٤٤ زایین. میراتی كۆنی فارسی یان ئێرانی وای كرد (ئه‌بولوئلوئه‌ی فه‌یرووزی) خه‌لیفه عومه‌ری كوڕی خه‌تاب بكوژێت. ئیسلامه‌كان ئه‌بولوئلوئه‌ی فه‌یرووزی به كه‌سێكی زه‌رده‌شتی و كافر و حه‌سوود و قین له دڵ له به‌رامبه‌ر عومه‌ر و ئیسلامه‌كان وه‌سف ده‌كه‌ن.
دوای عومه‌ریش (عوسمان كوڕی عه‌فان) ده‌بێته خه‌لیفه كه له پشتی ئومهییهكانه. دوای كوشتنی ئه‌ویش كه (عه‌لی كوڕی ئه‌بو تالیب) ده‌بێته خه‌لیفه. كراسه‌كه‌ی (عوسمان) ده‌به‌نه شام و له لایه‌ن (معاویه‌ی كوڕی ئه‌بو سوفیان) له مزگه‌وتدا نیشانی خه‌ڵكی ده‌درێت و ده‌كرێته شایه‌تییه‌ك بۆ تۆڵه‌ستاندنه‌وه و خوێنڕشتنی قاتلهكانی. له‌نێوان هاشمی و ئه‌مه‌وییه‌كان (شه‌ڕی جه‌مه‌ل) و دواتریش (صهففهین) روویان دا و (خه‌واریجه‌كان)یش له سوپای خه‌لیفه عومه‌ر جیابوونه‌وه و دواتر رۆڵێكی زۆریان هه‌بوو له كوشتنی سه‌ركرده‌كانی هه‌دوو لا. خه‌لیفه عومه‌ر ده‌كوژرێ و معاویه به سووكی بریندار ده‌بێت، عومه‌ری كوڕی عاس ته‌سلیم ده‌بێت دوای كوشتنی جێگره‌كه‌ی. ئاڵای ئه‌مه‌وییه‌كان ده‌شه‌كێته‌وه.
معاویه 20 ساڵ فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كات و دوای خۆیشی رێگه بۆ (یه‌زید)ی كوڕی خۆش ده‌كات. (حوسێن) له كه‌ربه‌لا ده‌كوژرێت. دوای ئه‌و برای له باوكییه‌وه (محه‌مه‌د كوڕی حه‌نه‌فیه ناسراو به ئه‌بو هاشم) سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و هه‌وڵه نهێنییانه ده‌كات بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵات له ئه‌مه‌وییه‌كان. ئه‌بو هاشم ژه‌هراوی ده‌كرێت و پێش مردنی ئه‌و سه‌ركردایه‌تییه نهێنییه ده‌گوازێته‌وه بۆ (محه‌مه‌د كوڕی عه‌لی كوڕی عه‌بدوڵا و كوڕی عه‌باس، مامی پێغه‌مبه‌ر) به‌و گواستنه‌وه‌یه بزاوهكه له ماڵی عه‌لی یان عه‌له‌وییه‌كان ده‌گوازرێته‌وه بۆ عه‌باسییه‌كان. ناوچه‌كانی عێراق و خوراسان كه یاوه‌رانی عه‌لی بوون ده‌بنه ئه‌و ژینگه‌یه‌ی ئه‌و بزاوه بگرنه باوه‌ش. له عێراق كوفه ده‌بێته مهڵبهندییان له خوراسانیش به هۆی ئه‌وه‌ی له سه‌رده‌می خه‌لیفه عومه‌ر كوڕی خه‌تاب داگیر كرابوون و ئه‌وه‌یان به‌سه‌ر هاتبوو كه زۆر سه‌رچاوه‌ی مێژوویی ده‌یگێڕنه‌وه. بۆیه ده‌بنه پاڵپشتی ئه‌و بزاوه له دژی ئه‌مه‌وییه‌كان. لێره‌دا رۆڵی (ئه‌بو موسلیم خوراسانی) ده‌رده‌كه‌وێت وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی ئێرانی (فارس یان كورد؟) له خوراسان و عێراقدا ده‌توانێت عه‌باسییه‌كان بگه‌یه‌نێته سه‌ر ته‌ختی فه‌رمانڕه‌وایی له ساڵی ٧٤٩ زایین.
به گواستنه‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی له ئهمهوییهكانهوه بۆ عه‌باسییه‌كان. ئێرانییه‌كان ده‌سته‌ڵاتێكی زۆریان په‌یدا كرد له‌و ناوچانه‌ی عه‌باسییه‌كان فه‌رمانڕه‌وایه‌تییان تێدا ده‌كرد. له كاركردنیشیاندا سه‌ربه‌خۆ بوون له‌نێو میلله‌ت و له ناوچه‌كانی خۆیاندا. دواتر كار گه‌یشته ململانێی توند و كوشتن و شهڕوشۆقی گه‌وره له‌نێوان ئه‌و فه‌رمانڕه‌وا عاره‌ب و ئێرانییانه. له ساڵی ٧٥٥ زایین ئه‌بو موسلم خوراسانی ده‌كوژرێت. له تۆڵه‌ی ئه‌ودا (فه‌یرووز ئهسبههد) ره‌ی ده‌گرێت و دواتر ئه‌ویش ده‌كوژرێت. ئینجا كێشه‌ی نێوان عه‌باسییه‌كان و عه‌له‌وییه‌كان ده‌ست پێ ده‌كات. له سه‌رده‌می خه‌لیفه ئه‌بو جه‌عفه‌ر مه‌نسوور عه‌باسییه‌كان زاڵ ده‌بن به‌سه‌ر عه‌له‌وییه‌كاندا.
ناوچه‌ی خوراسان سه‌رباری كوشتنی ئه‌بو موسلیم خوراسانی و فه‌یرووز ئهسبههد، ناوچه‌یه‌كی ئارام نه‌بوو. ئێرانییه‌كان به‌رده‌وم له هه‌وڵی سه‌ربه‌خۆیی و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئازادییان بوون. ئه‌بو جه‌عفه‌ر مه‌نسوور نه‌یده‌توانی به ته‌واوی به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌دا زاڵ بێت. بۆیه كوڕه‌كه‌ی (محه‌مه‌د) ده‌نێرێته ئه‌و ناوچانه و له ره‌ی بنه‌جێ ده‌بێت و ده‌یكاته شارێكی ئاوه‌دان و زۆر گرنگی پێ ده‌دات. دواتریش كه ژن دێنێت (كچی مامی) ماڵی ده‌گوازێته‌وه ره‌ی و له‌وێ داده‌نیشێت. ره‌ی ده‌بێته شارێكی پێشكه‌وتوو و زۆر خێزانی ناودار و ده‌وڵه‌مه‌ندی فارسی رووی تێ ده‌كه‌ن و له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بن. هه‌ر له ره‌ی محه‌مه‌د مووسای كوڕی له ئامۆزاكه‌ی ده‌بێت و دوای ئه‌ویش هاڕوونی ده‌بێت له ژنێكی دیكه‌ی به ناوی (خه‌یزه‌ران) كه جارییه بووه و باوكی به دیاری داویه‌تێ. ئه‌و هاڕوونه ده‌بێته هاڕوونی ره‌شید، كه دواتر خه‌لافه‌تی ده‌كه‌وێته ده‌ست.
ئه‌و شه‌وه‌ی هاڕوون ره‌شید ده‌بێته خه‌لیفه شه‌وێكی مێژوویی سه‌یره. هه‌ر له‌و شه‌وه‌دا برایه‌كه‌ی خه‌لیفه (مووسا) ده‌مرێت، هاڕوون له زینداندایه و ده‌ری دێنن و ده‌بێته خه‌لیفه‌ی نوێ و له هه‌مان شه‌ودا ژنه فارسه‌كه‌ی (مهراجل) كوڕێكی ده‌بێت ناوی ده‌نێن عه‌بدوڵا و به نازناوی (مه‌ئموون) ناودێر ده‌بێت. بۆیه له‌و شه‌وه‌دا خه‌لیفه‌یه‌ك ده‌مرێت، خه‌لیفه‌یه‌ك داده‌ندرێت و خه‌لیفه‌یه‌ك له‌دایك ده‌بێت. یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی رۆڵی هه‌بووه له په‌روه‌ده‌كردنی هاڕوون ره‌شیددا (یه‌حیا كوری خالیدی بهڕمهكییه.)
تا ئێره و له‌و پێشه‌كییه مێژووییه‌دا ده‌وه‌ستین و ده‌چینه سه‌ر بنه‌ڕه‌تی باسه‌كه‌مان كه ئه‌ویش سه‌رده‌می مهئموونه و كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و قۆناغه له‌سه‌ر هزری ئیسلام و عاره‌ب و پێوه‌ند به ئێران و ره‌گه‌كانی حیكمه‌تی سوهره‌وه‌ردی و رۆڵی میراتی كۆنی ئێرانی و فارسه‌كان له‌سه‌ر دونیای ئیسلام.