خاک هەتا خزمەتی بکەیت خزمەتت دەکات

ئاریشەکانی تاکی کورد - 51

جووتیاری کورد نەکردەیە
جووتیاری کورد لە دیوی باشوور بە ڕادەیەک کۆڵەوار و نەکردەیە، لەگەڵ جووتیاری گەلانی دەوروبەردا بەراورد ناکرێت. دڵی بە خاک و ئاوی خۆی خۆش نییە. زەوییە بەپیتەکەی، کانییە سازگارەکەی، ڕەزە بە بەرەکەتەکەی جێ دێڵێت و دێت لە شار دەبێت بە کارگوزار، کە جاران (فەڕاش)یان پێ دەگوت. لە گوند خۆی خاوەنی خۆی بوو، دەستودڵ کراوە بوو. بەدەم زەردەخەنەوە میوانی ڕادەگرت، دیاریی بۆ خزمانی خۆی لە شار دەنارد. بەڵام ئێستا لە شار، مانگەومانگ چاوەڕوانی مووچەیەکی کەمی مەمرەومەژییە و پێی قایلە. ناونیشانی کارەکەیشی هیچ زرنگانەوەیەکی تێدا نییە. بەڵکوو منداڵەکانی لە ڕوویان نایەت لە مەجلیسدا بڵێن، باوکمان فەڕاشە!


خاک هەتا خزمەتی بکەیت، ئەویش خزمەتت دەکات، بەڵام جووتیاری کورد هیشتا بە دواکەوتووترین شێوە مامەڵە لەگەڵ خاکدا دەکات. ئەو داهێنەر نییە، دەبینی بەردێک لە ناوەڕاستی کێڵگەکەیدایە، ئەگەر بڕێک خۆی ماندوو بکات، دەتوانێت تلی بدات و بیخاتە لاوە، کەچی لێ نابڕێت و ناجووڵێت. خۆ دەکرێت ئەو بەردە لە ترەکتۆرەکەی ببەستێت و ڕای بكێشێتە دەرێی باخەکەی، بەڵام نایکات. لە کاتی کێڵاندا دەبێت ترەکتۆرەکە خۆی لێ لابدات.


زەوییەکەی پڕیەتی لە بژاری زیانیدە و خڕکەبەرد. ئەم زەوییە لە بابەلبابەوە وەها هاتووە و هیچ نەوەیەک تا بە نەوەی ئێستاش دەگات، لێنەبڕاون هەرەوەزی لێ بکەن، پاکی بکەنەوە.


جووتیاری کورد مێشکی خۆی ناخاتە کار، بڕێک دەماخ ناسووتێنێت، تاکوو بەرهەمی ئەو عەردەوبوومە نازدارە بڕێک هەڵبکشێت و بەرەکەتی تێ بکەوێت. جووتیار هەن، لەم سەدەی بیستویەکەدا لەسەر تەرزی دوو هەزار ساڵ بەر لە ئێستا خانووبەرە چێ دەکەن و ئاژەڵ بەخێو دەکەن. گوندی بەکۆڵانی پێچاوپێچی تەسک. بێ زێراب و ئاوەڕۆ. چاوە خانووی گڵینی بە دارەڕا سەرگیراو، کە مەرجی ژیان و تەندروستیی تێدا نییە.


ئەوەتا کوردی باشوور سەوزە و میوە، تەنانەت دۆ لە دەرەوەی سنووری خۆی دەکڕێت. ئەگەر حکوومەتی ناوەند وشکەدانی لە جووتیاران نەکڕیایە، ئەوا جووتیار گەنم و جۆشیان نەدەچاند.


جووتیاری کورد، ڕووبەری خانووەکەی هەزار مەترە، جێی خۆی و ڕانەمەڕ و گاوگۆتاڵیشی تێدا دەبێتەوە. ئەو خاوەنی زەویی بەراوە، کە ساڵانە دایدەچێنێت و بەرهەمی هەیە. ئەو ئەگەر میوانی بەجۆرێکی بێت، مەڕێکی بۆ سەر دەبڕێت. ئەو لە ناوچەکەدا خاوەنی کەسیەتیی خۆیەتی. وەک پاشا دەژی. کەچی وەختێک دێتە شار، لە فەرمانگەیەکدا دەبێت بە کارگوزار، تاقە ژوورێک لە گەڕەکێکی پەڕگەی شار بەکرێ دەگرێت. لەوێدا نە کەس دەیناسێت. نە لە فەرمانگەکەیش پێگە و ئیعتیباری هەیە. هەرچی هەڵدەسێت بەسەریدا دەخوڕێت.


تاکی لووتبەرزی، خۆ بەزلزانی بێ ناوەڕۆک، لە نیشتمانی خۆیدا، بێزی نایە کرێکاری بکات، یان خاکی بەپیتی خۆی داچێنێت، کەچی لە دەرێی نیشتمانی خۆیدا، خواخوای هەر کارێکێتی پێی بسپێرن. تاکی گەلانی دەوروبەر، زۆر لە تاکی کورد دەستپێشخەرتر، شارەزاتر و دەستڕەنگینتریشن. جاری وا هەیە، ئەوان وەک لێقەوماو دێنە کوردستان، کەچی دوای ماوەیەک، لێرە کۆگا و کارگە دەکەنەوە، تاکی کورد لای ئەوان دەبێت بە شاگرد و کارمەند.


کورد کە بە درێژایی مێژوو شوانکارە بووە. سەردەمێک گۆشتی هەموو سوپای عوسمانی شوانکارەی کورد دابینیان کردووە، کەچی تا ئێستا نەیتوانیوە پەرە بە پیشەی باپیرانی خۆی بدات و کارگەیەکی شیرەمەنی چێ بکات. ئەو شیرەمەنییەشی کە هەیە بە شێوەی سەرەتایی، وەک دە هەزار ساڵ لەمەوبەر بەرهەمی دێنێت. بەشی ناوخۆییش ناکات. بۆیە ناچارە هەموو ئەو بەرهەمانە هاوردە بکات. ئەوەیش بزانە کە چێکردنی ئەم جۆرە کارگەیە شتێکی کەم زانستی گەرەکە، لێ تاکی چێوداری کورد پەی پێ نابات.

 

بووک و زاوای نموونەیی
جاران ئەوان ئاوا زاوایان پەسن دەدا: تا خوا حەز کات کوڕێکی بێدەنگە، زمان لە دەمیدا نییە. مێش لە دەمی خۆی دەرناکات. بە منداڵییش لەگەڵ منداڵانی گەڕەکدا بەشەڕ نەهاتووە. دەستودڵی فراوانە. سەنعەتکار و دەستڕەنگینە. سەری لە هەموو کارێک دەردەچێت. خانووی خۆی هەیە. سەری بچێت نوێژی ناچێت. بە هیچ جۆرێک توخنی خواردنەوە ناکەوێت. سیگار ناکێشێت، بە دووکەڵی جگەرەیش تێکدەچێت. بەرلەوەی خۆر ئاوا ببێت، ئەو لە ماڵەوەیە. هەر خواردنێکت لەپێش دانا، ناڵێ نایخۆم. شەوانە چوونەدەرەوەی نییە. هەر پارەیەکی پەیدا کردبێت، بە گردوبانەوە کردوویەتییە دەستی دایکی. زۆر ڕقیشی لە قومارە، دۆمینە و تاوڵەیش نازانێت. سی ڕۆژەی ڕەمەزان بەڕۆژووە. هاوڕێی نییە. وەختێ لەوسەری کۆڵانەوە دەرکەوت، ئەو سەرەی، کە دایخست هەڵینابڕێت هەتا خۆی دەکات بە ماڵدا.. بەڵێ سەردەمێک ئەمانە نیشانەکانی زاوای سەرکەوتوو بوون! بەم شێوەیە پەسنی کوڕیان دەدا، وەختێ کەسوکاری خوازبێنیی ژنیان بۆ دەکرد.


یەک لەباری کچیش، بەم شێوەیە پەسنیان دەدا: کچێکی سەلار و دەستڕەنگینە، تا بڵێی نەرمونیانە، بەقەناعەتە. لەبەر دەرگە نابینرێت. کۆڵانکوت و سەربەدەرەوەبوو نییە. بە سەعاتێک خواردنی دە کەست بۆ دروست دەکات. ماڵ و منداڵ و میوان بەڕێکەرە. لە ماڵە خەزوراندا هەڵدەکات و لەگەڵیاندا دادەنیشێت. داوای ماڵ جیایی ناکات. دەستگیرۆیی دەکات و پشتیوانیی مێردەکەیەتی. حەوت ساڵ دراوسێی ئەمدیو و ئەودیو بووین، گوێم لە دەنگی نەبووە.


دیارە ئەم جۆرە هەڵسەنگاندن و پێودانگە بۆ کەسیەتیی بووک و زاوا، یان ژن و مێرد؛ کە بەزۆری نەرێنین، پێوانەی سەردەمێکە ژیان سانا و ساکار بوو. لەو دەمانەدا ژنان بەزۆری کەیبانۆی ماڵ بوون. بە کورتی، ئەمەی سەرەوە پێناسەی قۆناغێکی مێژوویییە، کە لەمێژە بەسەر چووە.


پێم وایە کەسیەتیی سەرکەوتوو، ئەم سیفەتانە، یان بەشی زۆری ئەم سیفەتانەی لای خوارەوەی تێدایە:
١- بڕوای بە تواناکانی خۆیەتی و کار دەکات. واتە پشت بە خۆی دەبەستێت و بە ڕەنجی شانی خۆی دەژی. چاولەدەستی خێڵ، ئەم و ئەو، یان حزب نییە.
٢- خاوەنی ئیرادەی بەهێزە، واتە ئەو پرۆژەیەی وا دەستی داوەتێ، جێبەجێشی دەکات و سارد نابێتەوە.
٣- تێکەڵ بە خەڵک دەبێت و ڕێزیان دەگرێت و بەتەنگیانەوەیە.
٤- بەردەوام خۆی پێ دەگەیەنێت و بەشوێنداچوونی هەیە، واتە بەشی خۆی لە ئەحواڵی دونیا ئاگادارە و دەخوێنێتەوە.
٥- بە ئەقڵ و ئاوەزی خۆی دیاردەکان شی دەکاتەوە و هەڵیان دەسەنگێنێت.
٦- لەدووی نوێگەری و داهێنانە.
٧- زەینی ڕوونە و بەئاگایە.
٨- وریا و بەئاگایە، واتە بەئاسانی ناخاپێنرێت.
٩- لە دیوی دەرەوە و ناوەوە، مرۆڤێکی خاوێنە.
١٠- نیشتمانپەروەر و تاکێکی بەهیممەتە.
١١- دۆستی ژینگەیە.
١٢- فریاگوزارە.