کوردبوون وەک یەقین سەربەخۆیی وەک ستراتیژ

 

کوردبوون پەیوەندیی بە شوێنکاتەوە نییە، بەڵکوو پەیوەستە بە ڕۆح و قووڵایی هزر و ئینتیما و ڕاددەی هۆشیاریی مرۆڤ، بریتییە لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی. هەر لەو ڕوانگەیەشەوەیە کە مافی بڕیاردان لە چارەنووس و پرسی سەربەخۆیی کوردستان، لە دیدی ئێمەدا ستراتیژە، نەک تاکتیک. پڕۆژەیە، نەک بەڵیندەرایەتی. پرۆسەیە، نەک یارییەکی کاتی. بەو پێیەی سەربەخۆیی، ستراتیژ و پڕۆژە و پرۆسەیەکی هەڵقووڵاوی هۆشمەندی و هۆشیارییە، هۆشمەندی و هۆشیارییەک کە درک بەو ڕاستییە سیاسی و مێژووییە دەکات، بە هێنانەدیی سەربەخۆیی هەروا ئاسان نییە. بەو مانایەی، ئەو پرۆسەیە بە تێپەڕینی ڕۆژگار و لەسای خەبات و تێکۆشانێکی نەپساوەی دوورمەودا، دوای بڕینی هەوراز و لێژی و سەختییەکان، پاش تێپەڕاندنی کۆسپ و لەمپەرەکان بەر دەگرێ و بە ئاکام دەگات.


لەم گۆشەنیگایەوە، ئەگەر سبەیش ڕیفراندۆم بکرێتەوە، دووبارە دەنگ بە (بەڵێ) دەدەین و لەو هەڵوێستەمان، نەک هەر پەشیمان نین، بەڵکوو شانازییشی پێوە دەکەین. چونکە ئەو پرسە لای ئێمە باوەڕێکی نەگۆڕ و یەقینێکی کۆنکرێتییە. ڕاستتر، هۆشیاری و بەرپرسیارێتییە. بۆیەشە بەقەد شانازیکردنمان بە بەشداریکردن و سەرخستنی ڕیفراندۆم، زۆرتریش خۆشحاڵ بووین کە لەوانە نەبووین لەو پرۆسەیەدا، دەروێش ئاسا و بە چاوی نووقاوەوە، دوای دروشم و هوتاف و هەرا و هۆریای حزب، کەفوکوڵ و جۆش و خرۆشی جەماوەری، هاشوهووش و موزایەداتی میدیا کەوتن. ئەوانەی دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر چوونەوە قۆزاخەی خۆیان و شەرم دەکەن، داکۆکی لەو باوەڕەیان بکەن، کە گوایە دەنگیان بۆی داوە. وەک چۆن، چەشنی ئەو پێڕە ڕۆژنامەنووس، نووسەر و ڕۆشنبیرە (بێلایەن و سەربەخۆ و ئازادانەش!) نەبووین، کە لەبەر ڕقی ئایدیۆلۆژی و کینەی سیاسی بەرامبەر فڵان حزب و فیسار سەرۆک، پەیڕەویان لە سیاسەتی (کەری دێزە) کرد و خۆیان لە هەڵدێری عێراقچێتی و عرووبەدا هاوێشت. نەک هەر ئەوە، بەڵکوو دوای خیانەتەکە چوونەوە قاوغی خۆیان و لەگەڵ ئەوەی بوێری و جوامێریی ڕیسواکردنی خیانەتکارییان نەبوو، کەچی بێشەرمانە، کەوتنە تیر و توانج گرتن لە سەربەخۆییخوازان!


بە هەرحاڵ، لە ڕوانگەی یەقین و باوەڕی سەربەخۆییخوازاندا، سەربەخۆیی پرۆسەیەک نییە لە خاڵێکەوە دەست پێ بکات و لە پنتێکدا کۆتایی پێ بێت. چونکە سەربەخۆیی وەک ئەوەی بڕوا و پرەنسیپە، هاوکات بەرپرسیارێتی و بەرخۆدان و بەردەوامییشە. بۆیە شکستپێهێنان بە پڕۆژەی سەربەخۆیی نەتەوە و نیشتمانێک لە شوێنکاتێکی مێژوویی و لە سای دۆخێکی ناجۆری هەرێمایەتی و هەلومەرجێکی ڕیاکارانەی نێودەوڵەتی و کولتووری ناپاکیی نێوخۆییدا، هەرگیز بە مانای کۆتاییهاتنی پڕۆژەکە و ستۆکبوونی ستراتیژەکە نایەت. بە لایەنی کەمەوە، لە خەیاڵ و ئەندێشە و بیرکردنەوەی سەربەخۆییخوازاندا، ئەوانەی نەتەوە لە سەرکردە و نیشتمان لە حزب گەورەتر دەبینن. ئەوانەی تێ دەگەن جیاوازییەکی گەورە لەنێوان کوردایەتی، وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی و کوردبوون، وەک بوون و شووناسدا هەیە. ئەوانەی توانای هەڵاوێرکردنی دۆگمی ئایدیۆلۆژی و شکۆی نەتەوەیی، سەروەریی نیشتمانی و دەسکەوتی سیاسییان هەیە.


بەداخەوە، خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر هەر بە تەنیا هۆکاری لەدەستدانی سنوورێکی جوگرافیی فراوانی کوردستان نەبوو، کە بە خوێنی سەدان پێشمەرگە ئازاد کرا، وەک چۆن هەر کاریگەریی لەسەر گۆڕینی باڵانسی هێزی نێوان کوردستان و عێراق نەبوو، تا ئەو ئاستەی حوکمڕانە شۆڤینییەکانی بەغدا ببنە کەڵەگا بەسەر سەری گەلی کورد، بەڵکوو ئەو خیانەتە گورزێکی کوشندەیشی لە ڕەوتی مێژووی سەت ساڵەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەییمان دا، ژەهرێکی کوشندە بوو ڕژێندرایە مێشکی خەڵک و خەنجەرێک بوو، نامەردانە لە بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازی گەلەکەمان درا.


ئەگەر ڕیفراندۆم بیانووی دەستی ئەوانە بێت، کە لەبەر کینەی سیاسی و ڕقی ئایدیۆلۆژی، بە هۆکاری ئەو کارەساتەی بزانن، کە ڕووبەڕووی گەلەکەمان بووەوە، وەلێ ئەو بیانووە لاوازە، هەرگیز پاساوی ئەو خیانەتە نەتەوەیی و نیشتمانییە ناداتەوە، کە بووەتە بەشێک لە سایکۆلۆژیای هەندێک و خوێنێکە بە جینات نەوەکانیان بۆ یەکتری دەگوازنەوە. خیانەتێک کە خەنجەرێکی ژەهراوی بوو و ناجوامێرانە و لەدواوە لە سەربەخۆییخوازانی کورد درا.


بە هەرحاڵ، کاتێ باس لە خیانەت دەکەین، ئەمە هەرگیز بەو مانایە نییە، کە هەڵە و کێماسی، خەوش و کەموکوڕی، درز و بۆشاییەکانی ناو پڕۆژەی سەربەخۆیی نادیدە بگرین. چونکە ئەو ڕاستییە باش دەزانین، کەوا گوتاری سەربەخۆیی و پڕۆژەی سەربەخۆییخوازیی ئێمە، هێشتا ناکامڵە و نەخەمڵیوە. ئەو ناکامڵی و نەخەمڵینەش بەشێکی پەیوەندیی بە ستراکتۆری سیاسی، ئەتمۆسفیری کۆمەڵایەتی، پاشخانی ڕۆشنبیرییەوە هەیە. کاتێکیش لە کاردانەوەکانی دوای ڕیفراندۆم و ئاکامەکانی خیانەتەکە ورد دەبینەوە، باشتر درک بەو بۆشایی و خەوشانەی ناو هۆشیاری و ڕۆشنبیریی سەربەخۆیی دەکەین. بۆشایی و خەوشگەلێک کە لە گوتاری حزبی و تەنانەت ڕووناکبیریشدا ڕەنگ دەدەنەوە و لەسای ئەو نابەرپرسیارێتییەی کایەی سیاسی و ڕووناکبیریی کوردیش، ڕەنگدانەوە و کاردانەوەکان لە نێوەندی کۆمەڵایەتی و ئاستی گەلێریدا بە جۆرێکن، کە خەڵکیان زارەترەک کردووە، تا ئاستی ڕاکردن لە ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی.


بەداخەوە ململانێی سەقەتی حزبەکان (کە ململانێی دەسکەوت و ئیمتیاز و ڕقی مێژوویی و کینەی سیاسییە!)، هەروەها دابەشبوونی گوتاری ڕووناکبیریی کوردی (وەک بەشێک لە ململانێ حزبییەکە و درێژکراوەی ئەو!) و بچووکبوونەوەی تا ئاستی شار و گەڕەکچێتی، زیانێکی گەورەیان لە بزووتنەوەی سەربەخۆیی دا و ڕۆڵێکی ترسناکیشیان لە شێواندن و کوێرکردنی هۆشیاریی نەتەوەیی و سەربەخۆییخوازیدا گێڕا، تا ئەو ڕاددەیەی کوردبوون و کوردستانیبوون، لەبەر چاوی مرۆڤی کورد ناشیرین بێت و خەریکە ئەو بوون و شوناس و ئینتیمایە بە ئاقارێکی نەخوازراودا دەبرێ.


پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا پڕۆژەی سەربەخۆیی کۆتایی هات؟ ئاخۆ خیانەت و دەرهاوێشتە نەخوازراوەکانی دوای خیانەتەکە، بەو مانایە دێن، کە ئیدی کورد دەستبەرداری بوون و شوناس و ماف و چارەنووسی خۆی بێت؟ چ لۆژیکێک لەوەدایە کۆمەڵگا بۆ ئەو گوتارە سەقەتە حزبی و تێڕوانینە ڕووناکبیرییە نەخۆشە جێ بهێڵین؟ ئایا ڕەوای هەقە کوردبوون (وەک بوون و شوناس)، بکەینە قوربانیی کوردایەتی (وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی)؟


بەڕاست، شکۆی نەتەوەیی و سەروەریی نیشتمانی دەکەونە کوێی یادەوەری و هۆشیاری و ئاییندەبینیی ئێمە؟