كتێبه‌ كراوه‌كانی سه‌ر سینگی ژنێكی دره‌نگخه‌وتوو

 

ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ ئه‌مكوژێت و زیندووبوونه‌وه‌ش دووباره‌ شێتم ئه‌كا و
دواییم نایه‌
جگه‌ له‌ ته‌ریقه‌تی درۆكان چی ته‌ریقه‌تێك مه‌زنتره‌ له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی روح
ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ مه‌ستم ئه‌كا و زوو ناگه‌مه‌ جێگای ونبوون
به‌شه‌ره‌فی سۆزانییه‌ جوانه‌كان سوێند بێ
متمانه‌ نییه‌ له‌م وه‌رزه‌ پووچانه‌ی تۆ
لێره‌ درۆكان جوانترین گره‌و
له‌سه‌ر مانی ئه‌رخه‌وانه‌كان ئه‌كه‌ن و
پاییز له‌ نۆره‌ رۆینی گوڵان جێ ده‌مێنێ
بێ ئازیزن شه‌وانی دیار خه‌مه‌ بێ هه‌واره‌كانی روحی من
به‌دیار رمانی عه‌شقه‌وه‌
نزای سه‌د ساڵ پێكه‌وبوونمان به‌تاڵییه‌..
پووچن هه‌وره‌ خه‌مه‌كانی چاو
كه‌ ئه‌ڕژێنه‌ ناو ده‌ستی هه‌وه‌سی پیاوێك
رۆمانسیه‌تی چاوانم به‌تاڵ ئه‌بێته‌وه‌ له‌ پاكی.
مه‌هزه‌له‌یه‌ عاشقبوون به‌ له‌حزه‌ هه‌وه‌سبازه‌كانی پیاوێكی نه‌شاره‌زا
به‌كتێبه‌ كراوه‌كانی سه‌ر سینگی ژنێكی دره‌نگخه‌وتوو...

ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ ئه‌مكوژێت و دووباره‌ ئه‌مداته‌وه‌ ده‌ستی مه‌رگ
چه‌ن زیره‌كانه‌ ئه‌په‌یڤی كاتێ رژانی جوانیی من رائه‌ماڵی و
تف له‌رووی ئه‌وینم ئه‌كه‌ی
به‌شه‌ره‌فی پاكی سۆزانییه‌ جوانه‌كان سوێند بێ
متمانه‌م نییه‌ به‌ عه‌شق
لێره‌ پاییز هه‌روه‌كوو من له ‌نۆره‌ رۆینی گوڵان جێ ده‌مێنێ
پووچن ئه‌و ده‌رده‌ دڵانه‌ی
له‌ناو ده‌سته‌ هه‌وه‌سبازه‌كانی پیاوێك
ئه‌كوژێنه‌وه‌ و
رۆژم لێ ئه‌كه‌نه‌وه‌ شه‌و
له‌ ناچاری نیگای پاكی سۆزانییه‌ك
بێ ئازیزن شه‌وانی دیار خه‌مه‌ بێ هه‌واره‌كانی روحی من
لێره‌ بڕۆ