دوو وه‌زاره‌تی ناوازه‌

كۆكس خاوه‌نی بیرۆكه‌ی چاره‌سه‌ركردنی ته‌نیایی بوو

سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا، خاتوو تیرێزا ما، له‌م ڕۆژانه‌دا وه‌زاره‌تێكی تایبه‌تی بۆ چاره‌سه‌كردنی كێشه‌ی ته‌نیایی ده‌ستنیشان كرد، وەزاره‌ته‌كه‌ به‌ ناوی (وه‌زاره‌تی ته‌نیایی)ه‌.


ڕه‌نگه‌ پێت سه‌یر بێت كه‌ كێشه‌ی ته‌نیایی یه‌كێكه‌ له‌ كێشه هەرە‌ سه‌خته‌كانی مرۆیی ڕۆژئاوایی، ئه‌گه‌ر بته‌وێت پتر شاره‌زاییت له‌م ڕووه‌وه‌ چنگ بكه‌وێت، فه‌رموو سۆراخ (سیرچ)ێك له‌ ئینته‌رنێت بكه‌، ئه‌مجا بۆت ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ چه‌ند توێژینه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت. من بۆ خۆم، به‌پێی ئه‌وه‌ی چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك زیده‌تر له‌ وڵاتی سوێد ژیاوم، ئاگاداری ئه‌و كێشه‌یه‌م.


حكوومه‌تی به‌ریتانی بڕیاری دامه‌زراندنی وه‌زیرێكی بۆ ته‌نیا دا، ئه‌مه‌ پاش ئه‌وه‌ی لێژنه‌ی جو كۆكس، پێشنیازی خۆی له‌باره‌ی كێشه‌ی ته‌نیایی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی به‌ریتانی پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆك وه‌زیران كرد. هه‌ڵبه‌ته‌ لێژنه‌ی كۆكس پاش توێژینه‌وه‌یه‌كی قووڵ و دوور و درێژ پێشنیازی ئه‌وه‌ی كرد، كه‌ بوونی وه‌زاره‌تێكی له‌م جۆره‌ بۆ ئێستا گرنگه‌، هه‌واڵه‌كه‌ بۆ كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنی به‌ریتانی، له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ ڕۆژنامه‌ی (گاردیان)، جێگه‌ی بایه‌خ و گرنگی پێدان بوو.


حكوومه‌تی به‌ریتانی به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژنامه‌ی (گاردیان)دا هاتووه‌، به‌ وردی و به‌ به‌رنامه‌ كار ده‌كات، بۆ دانانی ستراتیجێكی كار و میكانیزمێكی خێرا بۆ جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی چاره‌سه‌كردنی كێشه‌ی ته‌نیایی مرۆ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێستادا، كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و ئامار و به‌ڵگه‌ و دیكۆمینت و به‌شداری پێكردنی زۆربه‌ی ده‌ستگه‌ و ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌كان هه‌نگاوی یه‌كه‌می ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ ده‌بێت. هه‌نگاوی یه‌كه‌م هه‌روه‌ها كۆمه‌ك و یارمه‌تیی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ و سه‌نته‌ر و ڕێكخراوانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ مرۆ و خه‌ڵك و گرووپه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌ به‌ یه‌كدییه‌وه‌ ده‌به‌ستنه‌وه‌، كۆنتاك و پردی پێوه‌ندی لەنێو كه‌سانی ته‌نیا دروست ده‌كه‌ن، زه‌مینه‌ی چالاكی و داهێنانیان بۆ خۆش ده‌كه‌ن.


ئه‌م پرۆژه‌یه‌ خۆی له‌ خۆیدا ڕێزلێنانێكە بۆ هه‌وڵ و كۆششه‌كانی كۆكس، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی كه‌ چه‌ند ساڵێك به‌ر له‌ ئێستا به‌ ده‌ست توندڕه‌وه‌كان كوژرا، كۆكس هه‌ر خۆی خاوه‌نی بیرۆكه‌ی چاره‌سه‌ركردنی ته‌نیایی بوو.


سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، كه‌ نۆ ملیۆن كه‌س، زۆربه‌ی كات یان هه‌موو كاتێك، له‌ به‌ریتانیا به‌ده‌ست ته‌نیاییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن. هه‌روه‌ها گوتیشی: ”ته‌نیایی حه‌قیقه‌تێكی خه‌مبه‌خشی ژیانی مۆدێرنه‌“.


ئاماژه‌یه‌یشی به‌وه‌ دا، كه‌ به‌ساڵاچووه‌كان له‌ هه‌موو توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ پتر ئازاری ته‌نیایی ده‌چێژن، ئه‌وان له‌ ته‌مه‌نێكدان كه‌ خۆشه‌ویستترین هاوڕێی ژیانیان له‌ده‌ست داوه‌ و كه‌سیان نه‌ماوه‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، بیر و ڕا و بۆچوون و ئه‌زموونیان له‌گه‌ڵدا بگۆڕنه‌وه‌.

 

وه‌زاه‌تی هاووڵاتییان له‌ هه‌نده‌ران
له‌ حكوومه‌تی مه‌غریب وه‌زاره‌تێك هه‌یه‌ به‌ ناوی (وه‌زاره‌تی جالییه)‌، ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ ئه‌رك و كاروباری مه‌غریبییه‌كانی هه‌نداران مه‌یسه‌ر ده‌كات، ئه‌وه‌ی كه‌ جێگه‌ی بایه‌خە ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ یه‌كێكه‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌ گرنگه‌كانی حكوومه‌تی مه‌غریبی و پرۆژه‌كانی به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێت، حكوومه‌تی مه‌غریبی سه‌ره‌ڕای هه‌موو كێشه‌یه‌كی دارایی و كه‌میی بودجه‌ی، بایه‌خێكی زۆر به‌ هاووڵاتییانی خۆی له‌ هه‌نده‌راندا ده‌دات. ئه‌م بایه‌خپێدانه‌ لایه‌نی ڕۆشنبیری و كولتووریش ده‌گرێته‌وه‌.


هه‌ر بۆ نموونه‌، یه‌كێك له‌ پرۆژه‌ گرنگه‌كانی ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ بۆ ساڵی 2018، پرۆژه‌ی پێشكه‌شكردنی زنجیره‌یه‌ك چالاكیی ڕۆشنبیرییه‌، كه‌ ده‌یان چالاكیی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی و كولتووری ده‌گرێته‌ خۆ. واته‌ وه‌زاره‌تی جالییه‌ باشترین نموونه‌كانی به‌رهه‌می هونه‌ری و ئه‌ده‌بیی مه‌غریب ده‌ستنیشان ده‌كات، ئه‌مجا كارئاسانی ده‌كات بۆ نماییشكردنیان له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ خه‌ڵكی مه‌غریبیان گرتووەته‌ خۆ‌، بۆ نموونه‌ی وه‌كوو فەره‌نسا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، ئه‌ڵمانیا، چه‌ند وڵاتێكی عه‌ره‌بیش.


مه‌به‌ست له‌م پرۆژه‌یه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و چه‌ند ملیۆن مه‌غریبییه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ هه‌ن په‌رته‌وازه‌ نه‌بن، كولتووری كۆمه‌ڵگه‌ی خۆیان له‌بیر نه‌چێته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ هه‌ستی هه‌واداری و ئینتیما بۆ نیشتمان و كولتووری خۆیان دانه‌بڕێن.


هه‌ر دوێنی هاوڕێیه‌كی شانۆكارم له‌ مه‌غریبه‌وه‌ ئاگاداری كردمه‌وه‌، كه‌ وه‌زاره‌تی جالییە‌ ئه‌مساڵ له‌ بواری شانۆدا، ده‌ نماییشی شانۆیی ده‌نێرێته‌ پێنج وڵات، له‌وانه‌ فەڕه‌نسا، ئیسپانیا، به‌لجیكا، ئه‌ڵمانیا و تونس. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ گرووپه‌كانی مۆسیقا كه‌ ئه‌وانیش كۆنسێرته‌كانی خۆیان له‌بۆ مه‌غریبییه‌كانی هه‌نده‌ران نمایش ده‌كه‌ن. پرۆژه‌كه‌ی لقه‌كانی دیكه‌ی هونه‌ر، وه‌كوو هونه‌ری شێوه‌كاری و سینه‌ما و چاپه‌مه‌نییش ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌وجا بزانه‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ ده‌بێ چه‌ند گه‌وره‌ بێت!


به‌ڵام ئه‌ركێكی دیكه‌ی ئه‌م وزاره‌ته‌ له‌وه‌دا خۆی ده‌نوێنێت، كه‌ بگه‌ڕێت به‌دوای كه‌سانی داهێنه‌ر و ئه‌كادیمی به‌توانای خۆیان له‌ هه‌نده‌راندا. بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ وڵات، یان به‌ لانی كه‌مه‌وه‌ به‌ ته‌واوه‌تی له‌ كولتوور و وڵاتی خۆیان دانه‌بڕێن.