شۆڕشی نەوجەوانان

(47)

نوسینی: ئۆشۆ
و. لە ئینگلیزییەوە: شێرزاد حەسەن


پرسیار: ئۆشۆ-ی دلۆڤان.. ئایا چۆنچۆنی نەجەوانان بتوانن پردێک لەنێوان خۆیان و دایک و باوکانیان دروست بکەن؟
وەڵام: دواجار من ئارەزووەکەم هاتە دی و جگەرەم کێشا، بەڵام زێدە بێزار بووم کە کۆکەم لێ پژا و چاوەکانم پڕ بوون لە فرمێسک، بە جۆرێک سەغڵەت بووم کە نەمتوانی لەسەر هەڵمژینی دووکەڵی جگەرەکە بەردەوام بم، ئیدی فڕێم دا و بە باوکم گوت:


"باوکە.. ئیدی پێویست ناکات نیگەران بیت و خەمم لێ بخۆیت، دڵنیات دەکەمەوە کە ئەم بابەتە لای من کۆتایی هاتووە، مەراقەکەم نەما و تەواو. بەڵام من حەز دەەکەم لەوە تێ بگەیت کە من ئیدی هەموو راز و نیاز و حەزێکی خۆم لای تۆ دەدرکێنم، هاوکات گەیشتمە ئەو بڕیار و باوەڕەی کە هیچ شتێک لە تۆ نەشارمەوە. وا هەست دەکەم گەر لە تۆی بشارمەوە و پشت بە تۆ نەبەستم، ئەوسا کێ هەیە متمانەی پێ بکەم؟ ئەی دەکرێت کەسێکی دیکە لە تۆ دڵسۆزتر بێت بۆ من؟ نا..نەخێر.. من ناخوازم هیچ دیوار و بەربەست خەرەندێک بکەونە نێوان من و تۆ."


ئەوەی کە بۆ من سەیر بوو باوکم دڵی پڕ بوو کە بینی جگەرەکانم فڕێ دایە ناو تەنەکەی زبڵەوە، بە غەمناکییەوە پێی وتم: "کوڕی خۆم تۆ دەزانیت کە هەر هەموویان دژی من و بڕیارەکەم وەستانەوە، بەڵام پێداگیری تۆ سەبارەت بە ئارەزووەکەت ناچاری کردم جگەرەت بۆ پەیدا بکەم، زۆرتر نیگەرانی ئەوە بووم کە منیان تاوانبار کرد بەوەی کە من خووی تۆ خراپ دەکەم." لە راستیشدا کەس نییە گوێی لێ بووبێت کە باوکێک جگەرە بە کوڕەکانی خۆی پێشکەش بکات، بگرە لەناو هەموو 'هیندوستان'دا شتی وا دەگمەنە. لە وڵاتی ئێمەدا دایکان و باوکەکان بە رادەیەک هەستیارن کە ئامادە نین لەبەردەمی منداڵەکانیان جگەرە بکێشن نەکا ئەو حەز و خولیایە وایان لێ بکات کە لاسایی باوان بکەنەوە. هەر بەڕاستیش جگەرەکێشان بۆ هەرزەکاران بڤە و قەدەغەیە، رەنگە هەژاریی خەڵکی ئێمەش هۆکارێک بێت بۆ سڵکردنەوە لە جگەرە و دووکەڵ و بەنگ کێشان، سەرباری نەریت و نۆرمی کۆمەڵایەتی کە نزیکبوونەوە لە جگەرە یاساغە و بگرە لادانە لە راستەڕێ.


لە راستیدا دۆخی مێرمنداڵان و نەوجەوانان زۆر نالەبار و ئاڵۆز و قورسە، پڕە لە شپرزەیی و ناجێگیربوون، ئیدی تەواو.. ئەوان گەورە بوون و زۆر شت لە رۆح و لەش و ئاکاریان گۆڕاون، دەتوانین بڵێین کە ئەوان قۆناغی منداڵیان بەجێ هێشتووە و پەڕیونەتەوە بۆ قۆناغی لاوییەتی، بگرە تۆغیان و تافی لاوییەتیش، هەڵبەتە ئاشکرا و روونە کە هەموو رۆژێک رەهەندی تازە لە ژیانیاندا دێتە پێشێ، دەرگا و پەنجەرەی تازە دەخەنە سەر پشت، هەست و نەستی نوێ، خوێنی گەرم و کەفکردوو کە دەیانخەنە سەر جۆش و خرۆش و مەستی، هەر هەموو گۆڕانکارییەکان وامان لێ دەکەن کە زیرەکانە و هەستیارانە پێشوازی لەو کچ و کوڕە گەنجانە بکەین، هەر هەڵە و کار و رەفتار و قسەیەکی جوان و ناشیرینی ئێمە کاریگەریی ئەرێنی و نەرێنی دەبێت. ئەوان هەنووکە لە قۆناغی گواستنەوەدا دەژین کە بەو مانایەی سەرزەمینی منداڵی بەجێ دێڵن و دەپەڕنەوە بۆ سەرزەمینی لاوییەتی، ئیدی تەواو.. حەز بە پشکنینی ژینگە و جیهانی دەوروبەریان دەکەن، پرسیار و گومانی زۆریان لەلا کەڵەکە دەبن گەر نەیانکوژین بە ناوی ئایدیۆلۆژیای سەرزەمینی و ئاسمانییەوە، بە ناوی حەرام و حەڵاڵەوە، مەرجە ئەو راستییە بزانین کە پێویستیان بە کۆمەک و یارمەتی زۆری دایکان و باوکان و مامۆستایان و خزموخوێش و پەروەدەکاران دەبێت، گەر کەمتەرخەم و بێباک بین ئاکامی زیانبەخشی دەبێت کە بە دۆڕانی منداڵەکان کۆتایی دێت کە ناومان ناون جگەرگۆشەکانمان، گەر وریا نەبین فەرزەندەکانمان و ئایندەیان پێکەوە لەدەست دەدەین.


بەڵام دەکرێت بڵێین هەر هەنووکە و لێرەدا دونیا بە جۆرێک خراپ و جەنجاڵ بووە کە پڕ لە ئەرک و ڕەنج و ڕاکەڕاکە بووە بۆ پاروویەک نان، بە ئەندازەیەک هەمووانی پەریشان کردووە کە دایکان و باوکان لەتەک منداڵەکانیاندا وەک پێویست کۆ نابنەوە و یەکدی نابینن، سەرباری دیاردەی زۆربوونی جیابوونەوەی داک و بابەکان کە بووەتە مایەی هەڵوەشاندنەوەی خانەوادەکان کە کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر منداڵەکان و لاوەکان بەدرێژایی هەموو تەمەن کە بێگومان برینی گەورە و ساریژنەبوو بەجێ دێڵێت. ئەوان لە هەمان ماڵدا دەژین، کەچی یەکتری نادوێنن وەک پێویست، رێک وەک ئەوە وایە کە زمانی یەکتری نەزانن، یان نەتوانن گوێ لە بیر و بۆچوونی یەکدی بگرن، ئەوەش بۆ خۆی مانای مەرگی دیالۆگە. کچەکان و کوڕەکان تەنها ئەو کاتە دێنە گۆ کە پێویستان بە پارە بێت، ئەگینا بەر یەکدی ناکەون، لەوەشدا تێکنۆلۆژیا رۆڵی نەرێنی دەبینێت. دیارە بەم چەشنە تا بێت دیوار و بەربەست و خەرەندەکە لەنێوان باوان و فەرزەندەکان بەرینتر دەبێت، هەر یەکە و لە دۆڵێکدایە، هەڵبەتە لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا نامۆ و بێگانە دەبن بە یەکتری.


بەڕاستی ئەوەش بۆ خۆی کارەسات و دەردێکی گرانە.


دەبێ ئێمە نەوجەوانان هان بدەین کە بایی ئەوەندە ئازا بن و متمانە بە خۆیان بکەن کە هەموو راز و نیازێکی دڵی خۆیان بۆ دایکان و باوکانیان بدرکێنن، بە هیچ شێوەیەک نەترسێن و سڵ نەکەنەوە. ئەوەشیان بە تەنیا کۆمەک بە کچەکان و کوڕەکان ناکات، بەڵکوو کۆمەک بە دایکان و باوکانیش دەکات.


راستگۆیی لە خودی خۆیدا جوانییەکی زۆری تێدایە، هاوکات پاکی لەسەر هەموو ئاستەکاندا جوانیی خۆی هەیە. کاتێک کچەکان و کوڕەکان بە دڵسۆزی و پاکی و راستگۆیی و متمانەوە لە دایک و باوکانیان نزیک دەبنەوە، دڵی خۆیان دەکەنەوە و راز و نیازی خۆیان بە راشکاوییەوە دەدرکێنن، ئەوەیان بە ئەندازەیەک دایبابەکان هان دەدات کە بە خۆشنوودییەوە دڵی خۆیان بکەنەوە، چونکە ئەوانیش بە سەدەها راز و نیاز و نهێنیان لە دڵدایە کە ئارەزوو دەکەن گوزارشتی لێ بکەن کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ بووەتە بار بەسەر شانیانەوە، یان بووەتە گەردی سەر دڵیان، بەڵام ناتوانن و شاردوویانەتەوە. هەڵبەتە ناچار بوون ملکەچی دابونەریت و نۆرمی کۆنینە و باوی کۆمەڵگا ببن کە چەپاندن و سەرکوتکردنی ئەندامەکانی بووەتە نەخشە و پلان و ستراتیژیان، هەڵبەتە ئایین رۆڵی نەرێنیی بینیوە لە پاڵ کولتووری پاشکەفتی.

 

The New Child - OSHO
Sterling Paperback, New Delhi
First Edition, 1991
Reprint 1999