زنجیریان له‌ ملی په‌یكه‌ری عەبدولکەریم قاسم ئاڵاند

”چه‌ندان په‌یكه‌ری ئاشتیم له‌ چه‌ندان پایته‌ختی دنیادا بینیوه‌، هیچیان وه‌ك ئه‌وه‌ی باپیر پیرداود پڕ مانا و ته‌عبیری نه‌بوون“

(سه‌ری هارومار)

 

پشووی نیوه‌ی ساڵ ته‌واو بوو، ئه‌و رۆژه‌ی كه‌ چوومه‌وه‌ قوتابخانه‌ ویستم بزانم وێنه‌كه‌ی عه‌بدولكه‌ریم قاسم هه‌ر له‌ شوێنی خۆی ماوه‌ یان نا، كاتێك سه‌یری شوێنه‌كه‌م كرد بینیم وێنه‌كه‌ی لابراوه‌، له‌ شوێنی ئه‌و وێنه‌ی عه‌بدوسه‌لام داندرابوو، هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌ویش ده‌می به‌ پێكه‌نین بوو، به‌ڵام نازانم بۆ زیاتر وێنه‌كه‌ی عه‌بدولكه‌ریمم له‌لا قبووڵتر بوو، ئه‌و رۆژگاره‌ هه‌ر بايی ئه‌وه‌نده‌ فامم ده‌كرد كه‌ عه‌بدولكه‌ریم مه‌لیكی كوشتووه‌ و عه‌بدوسه‌لامیش عه‌بدولكه‌ریمی كوشتووه‌.
ده‌ستمان به‌ ده‌رس خوێندن كرد، له‌به‌رچاوم ده‌موچاوی مامۆستاكان تا راده‌یه‌ك گۆڕابوو، وه‌ك جاران به‌زه‌وق نه‌بوون، دوو دوو و سێ سێ به‌رده‌وام له‌ په‌نایه‌ك به‌یه‌كه‌وه‌ قسه‌یان ده‌كرد و ده‌ستیان هه‌ڵده‌شه‌قاند، گه‌لێك جار گوێم له‌ قسه‌كانیان ده‌بوو، وشه‌ی حه‌ره‌س قه‌ومی و ناسڕی و به‌عسیم به‌رگوێ ده‌كه‌وت، به‌ڵام نه‌مده‌زانی مانایان چییه‌.
مامۆستا ئه‌سكه‌نده‌ر، وه‌ك جاران له‌سه‌ر سه‌بووڕه‌ وێنه‌ی جوانی بۆ ره‌سم نه‌ده‌كردین، مامۆستا مونیر له‌وانه‌ی سرووددا كه‌مان و عودی نه‌ده‌هێنایه‌ ژووره‌وه‌ و گۆرانیی بۆ نه‌ده‌گوتین، به‌ عه‌قڵی منداڵی وام لێك ده‌دایه‌وه‌، كه‌ ئه‌وان به‌ كوشتنی عه‌بدولكه‌ریم دڵگیر و غه‌مبارن. زۆر مه‌راقم بوو له‌ یه‌كێك له‌ مامۆستاكانم بپرسم و بڵێم:
ـ عه‌بدولكه‌ریم بۆ مه‌لیكی كوشت، ئه‌دی عه‌بدولسه‌لام بۆ عه‌بدولكه‌ریمی كوشت؟
چه‌ندی خۆم ده‌هێنا و ده‌برد، جورئه‌تم نه‌ده‌كرد ئه‌و پرسیاره‌ بكه‌م، ناچار گوێم له‌ قسه‌ و باسی نێوان زه‌لامه‌كانی گه‌ڕه‌ك و لێدوانه‌كانی عه‌وڵا رێوی ده‌گرت.
نیوه‌ڕۆیه‌ك، دوای گه‌ڕانه‌وه‌م له‌ قوتابخانه‌، له‌ كۆڵان بوو به‌ هه‌ڵا، گوتیان وا په‌یكه‌ره‌كه‌ی عه‌بدولكه‌ریم قاسم لاده‌ده‌ن، هه‌ر بابا بوو غاری ده‌دا، منیش له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك منداڵی گه‌ڕه‌ك به‌دوایان كه‌وتین، په‌یكه‌ری عه‌بدولكه‌ریم له‌ فولكه‌ی به‌رده‌م یاریگه‌ی هه‌ولێر بوو.
گه‌یشتینه‌ سه‌ر گردی قالیچئاغا، ئاوڕم دایه‌وه‌ بینیم وا باوكم له‌گه‌ڵ دوو سێ زه‌لام وا دێن، له‌وه‌ ترسام باوكم په‌لم بگرێت و بمباته‌وە ماڵه‌وه‌، به‌ڵام هیچ ده‌نگی نه‌كرد، دیار بوو ئه‌ویش هاتبوو تا ئه‌و دیمه‌نه‌ ببینێت.
خه‌ڵكانێك ده‌وری په‌یكه‌ره‌كه‌یان دابوو، دوو سێ كه‌سیان سه‌ركه‌وتن و زنجیریان له‌ ملی په‌یكه‌ره‌كه‌ ئاڵاند، له‌خواره‌وه‌ زنجیره‌كه‌یان به‌ تڕومبێلێكی درێژ به‌سته‌وه‌، تڕومبێله‌كه‌ چه‌ند جارێك له‌ شوێنی خۆی جوولاو په‌یكه‌ره‌كه‌ كه‌وته‌ خواره‌وه‌، بوو به‌ چه‌پڵه‌ لێدان و ده‌نگی چه‌ند ته‌قه‌یه‌كم هاته‌ به‌ر گوێ، خه‌ڵكه‌كه‌ بڵاوه‌یان لێ كرد، به‌ چاوی خۆم بینیم زه‌لامێكی سمێڵ گه‌وره‌ هۆن هۆن ده‌گریا، كاتێك گه‌یشتمه‌وه‌ به‌ر ده‌رگای ماڵه‌وه‌، عه‌وڵا رێوی له‌سه‌ری كۆڵان راوه‌ستابوو، حه‌یزه‌رانه‌كه‌ی راده‌وه‌شاند و ده‌یگوت:
ـ ئاخیری خێر بێت.
ئه‌و جارانه‌ی، كه‌ له‌گه‌ڵ باوكم ده‌چوومه‌ بازاڕ، به‌ تایبه‌تی بۆ سه‌رتاشین، په‌یكه‌ره‌كه‌ی عه‌بدولكه‌ریم قاسمم ده‌بینی، كه‌ له‌ناو گه‌راجی پاسه‌كانی نزیك پردی سه‌یداوه‌، فڕێ درابوو، نازانم پاشان چی به‌سه‌ر هات، ده‌گێڕنه‌وه‌ ئه‌و په‌یكه‌ره‌ به‌ پاره‌ی خه‌ڵكی هه‌ولێر دروست كرابوو، عومه‌ر فه‌رهادی بۆی گێڕامه‌وه‌:
ـ لێژنه‌یه‌ك به‌ ناونیشانی(لجنه‌ الاكتتاب لجمع التبرعات لصنع تمثال لزعیم عبدولكریم قاسم) پێكهێندرا، محه‌مه‌د حه‌سه‌ن دزه‌یی سه‌رۆكی لێژنه‌كه‌ بوو، ده‌ستیان كرد به‌ كۆكردنه‌وه‌ی پیتاك، فه‌رمانبه‌ران ئه‌وانه‌ی، كه‌ مووچه‌ی بنه‌ڕه‌تییان 11 ـ 18 دینار بوو بڕی 150 فلسیان ده‌دا، له‌ 18 ـ 28 بڕی 250 فلسیان ده‌دا، له‌ 28 ـ بڕی 500 فلسیان ده‌دا، خه‌ڵكی دیكه‌ش به‌ ئاره‌زووی خۆیان بوو، په‌یكه‌ره‌كه‌ له‌ مادده‌ی بڕۆنز و له‌ ئیتاڵیا دروست كرا. هه‌روه‌ها فه‌رهادی ده‌ڵێت:
ـ له‌ 14 ی ته‌ممووزی ساڵی 1962، په‌یكه‌ره‌كه‌ چه‌سپ كرا و دوای كۆده‌تای 8ی شوباتی ساڵی 1963 لایانبرد).
به‌ر له‌ په‌یكه‌ری عه‌بدولكه‌ریم، په‌یكه‌ری كۆتری ئاشتی (كۆتری سه‌لام) له‌لایه‌ن مامۆستا باپیر پیرداود دروست كرابوو، شه‌ریف جه‌مباز و فایق نادر، كه‌ دوو به‌ڵێنده‌ری ناسراو بوون، تێچووی ئه‌و په‌یكه‌ره‌یان له‌ئه‌ستۆ گرتبوو، چه‌ندی ده‌كه‌م دیمه‌نی ئه‌و په‌یكه‌ره‌م به‌بیر نایه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ناوی كۆتری سه‌لام به‌رده‌وام به‌سه‌ر زاری هه‌ولێرییانه‌وه‌ بوو. دیسان عومه‌ر فه‌رهادی بۆی گێڕامه‌وه‌:
(جارێكیان له‌ سینه‌مای سه‌ڵاحه‌دین، كۆڕێك بۆ تۆفیق مونیر، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ئاشتیی جیهانی ساز درا، له‌میانی قسه‌كانیدا تۆفیق گوتی:
ـ چه‌ندان په‌یكه‌ری ئاشتیم له‌ چه‌ندان پایته‌ختی دنیادا بینیوه‌، هیچیان وه‌ك ئه‌وه‌ی باپیر پیرداود پڕ مانا و ته‌عبیری نه‌بوون).
له‌ درێژه‌ی گێڕانه‌وه‌كه‌یدا فه‌رهادی گوتی:
ـ دوای كۆده‌تای ره‌شی 8ی شوبات، ئه‌و په‌یكه‌ره‌شیان لابرد، به‌دره‌دین عه‌لی دڕنده‌، كه‌ موته‌سه‌ڕیفی هه‌ولێر بوو، گوتبووی:
ـ بریا له‌ شوێنی ئه‌و په‌یكه‌ره‌ ئاوده‌ستخانه‌یه‌كم دروست بكردبا، دوای ماوه‌یه‌ك حه‌ره‌س قه‌ومی تۆفیق مونیریان شه‌هید كرد و به‌دره‌دین عه‌لییش به‌ ده‌ست كورد تووشی چاره‌نووسی ره‌شی خۆی بوو).
ورده‌ ورده‌ سه‌رما ده‌شكا، ده‌چوومه‌ سه‌ربان و سه‌یری ده‌وروبه‌رم ده‌كرد، ده‌مبینی وا كه‌سك ده‌چێته‌وه‌، ئه‌و پرسیاره‌ی، كه‌ له‌ هه‌ناومدا په‌نگی خواردبووەوه‌، نه‌ده‌وێرام له‌ كه‌سی بكه‌م، له‌ هه‌ر شوێنێك گوێم له‌ ناوی عه‌بدولكه‌ریم و عه‌بدوسه‌لام بوایه‌ هه‌ستی خۆم راده‌گرت، ده‌مگوت به‌ڵكوو وه‌رامی پرسیاره‌كه‌م ده‌ست بكه‌وێت، به‌ڵام بێ فایده‌ بوو.
ئێواره‌یه‌ك، دایكم به‌ باوكمی گوت:
ـ ئه‌رێ پیاوه‌كه‌، رادیۆیه‌ك بكڕه‌، دڵمان ته‌قی.
بابم له‌سه‌رخۆ وه‌رامی دایه‌وه‌:
ـ خوا كه‌ریمه‌.