ماسۆنی و ئیخوان - 4

یەکەم تێکستی ماسۆنی کە 1390 نووسراوە و شەستوچوار لاپەڕەیە

ئیخوانی سووریا کە وەک لقێک وابوو لە ئیخوانی میسر، موستەفا ئەلسەباعی (1915 - 1954) ڕێبەریشی وەک حەسەن ئەلبەننای ڕێبەری ئیخوانی میسر، ماسۆنی بوو. عەلی عەشماوی کە سەرکردەیەکی ئیخوان بوو، لە کتێبی: (دیرۆکی نهێنیی کۆمەڵی برایانی موسوڵمانان)دا دەڵێت: (کە سەیید قوتب لە زیندان ئازاد کرا، چووم بۆ ماڵیان لە حەلوان، پێی گوتم: هەندێک لە گەورە بەرپرسانی ئیخوان، ئیش بۆ دەزگا جاسووسییەکانی ڕۆژئاوا و زایۆنییەکان دەکەن و ناوبەناو لە لەندەن، پیاوانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل دەببنن.) دروشمی ماسۆنییەکان: ئازادی، یەکسانی و برایەتی بوو، ئیخوانیش هەر لەو جۆرە قسانەی دەکرد. ئەو سێکوچکەیە لای بەعس کە میشیل عەفلەقی دامەزرێنەری ماسۆنی بوو، کرابوو بە: یەکبوون، ئازادی و سۆشیالیزم. ماسۆنییەکان جارێک لەڕێی ئیسلامەوە و جارێکی دی بە ناوی نەتەوەپەرستییەوە، لێ نەدەگەڕان وەڵاتانی دواکەوتوو هەنگاوێک بچنە پێشەوە.

 

ئیخوان کە حەسەن ئەلبەننا 1928 لە ئیسماعیلییە دایمەزراند، لەسەر ئاستی دونیا، ترسناکترین ڕێکخراوی نهێنییە، کۆمەڵێک هۆکاری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی وایان کرد، بەناو چین و توێژە هەژارەکانی میسردا بڵاو ببێتەوە. لە دامەزراندنییەوە تا نسکۆی ڕژێمەکەی موحەممەد مورسی لە 30ی حوزەیرانی 2013دا، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە خاپوورکردنی جڤاکی میسردا وازی کرد. ئەوەی ئەندامانی ئیخوان ئامادەن لەڕێی ڕێکخستەکەیاندا بە کوشت بچن، ئەگەر لە مێژووی ئیسلامدا، لە وێنەی هەبێت، ئەوا گرووپی بەنگكێشانن کە حەسەن ئەلسەباح دایمەزراندبوو.

 

سەیید قوتب بە ڕەخنەی ئەدەبی دەست پێ دەکات، دواتر دەبێت بە ماسۆنییەکی چالاک، ئینجا ئیسلامییەکی تەکفیری، ڕقی لە حەسەن ئەلبەننا دەبێت و (ناتۆرەی) حەسەن ئەلسەباح دەداتە پاڵی، با دەداتەوە و وەک بلیمەت باسی ئەلبەننا دەکات، 1966 بە تاوانی پلاندانان بۆ تیرۆکردنی ناسر لە سێدارە دەدریت. ئەوەی سەیید قوتب دوو ساڵ لە ئەمریکا بەسەر دەبات، هێشتا ساغ نەبووەتەوە، بۆچی لەوێ بووە؟ کام لایەن ناردوویەتی؟ ئاخر دەنگۆی ئەوە هەیە، ئەمریکا ئەو سەفەرەی بۆ ڕێک خستبێت، هەرچەندە بە قسەی موحەممەد قوتبی برای، ئەو دوو ساڵە (کۆتایی ساڵانی چلی سەدەی پێشوو) لەسەر خواستی پاشا بۆ ئەمریکا دوور خراوەتەوە. حیلمی ئەلنەمنەم دەڵێت: (سەیید قوتب نەک هەر هیچی لە دژی پاشا نەنووسیوە، بەڵکوو بەبۆنەی جەژنی لەدایکبوونییەوە، پیرۆزباییشی بۆ هەناردووە. لایەنی هاوبەشی ئەمریکا و سەیید قوتب، دژایەتیکردنی بەهێزبوونی هەژموونی کۆمۆنیزم بووە لە میسردا.) ئەحمەد ساڵح عەبباس دەڵێت: (سی ئای ئەی ئەو سەفەرەی بۆ سەیید قوتب ڕێکخستبوو.)

 

د. حەمادە مەحموود ئیسماعیل لە کتێبی: ئیخوان لەنێوان دین و سیاسەتدا، دەڵێت: (پەیکەری ڕێکخراوەییی ئیخوان وەک جەوالە (کەشافە/ دیدەوانی) دروستبوو، هەر شانەیەک لە سێ کەس پێک دەهات و ئەمیرێکیان هەبوو، ئەو شانانە بە شێوەیەکی هێشوویی بەرەو سەرووتر هەڵدەکشان، تا دەگەییشتنە لووتکەی هەرەمەکە کە سەرکردەی ڕێکخستنەکە بوو. کەشافە جۆرێک بوو لە ڕێکخستنی سەربازی، ئیخوان لە ماسۆنییەکانەوە فێری بووبوو. کەسانی چالاک لە دیدەوانی، دەبوونە ئەندام لە دەزگای تایبەتی ئیخواندا و کاری تیرۆر بەوان دەسپێردرا. حەسەن ئەلبەننا خۆی سەرپەرشتیی دیدەوانیی دەکرد و کاری بۆ ئەوە دەکرد، لایەنگیریی بۆ ئیخوان، ببێتە جۆرێک لە ئیمان.)

 

(سەیید قوتب)ی ئایدیۆلۆجیستی ئیخوان، لە گوتاری: (بۆچی بووم بە ماسۆنی)دا کە 23ی نیسانی 1943دا لە (التاج المصری)ی ئۆرگانی ماسۆنییەکاندا بڵاو بووەتەوە، دەڵێت:

 

(بۆیە بووم بە ماسۆنی چونکە هەستم کرد، ماسۆنی هەتوانی برینی مرۆڤایەتییە. بۆیە لە دەرگای ماسۆنیم دا، تا ڕۆحی برسیم بۆ حیکمەت، تێر خۆراک بکەم. بۆیە بووم بە ماسۆنی، تا تیشکی مەشخەڵەکەی ڕێی تاریکی ژیانم بۆ ڕۆشن بکاتەوە. بەرلەوەی ببم بە ماسۆنی، خۆم ماسۆنی بووم، بەڵام پێویستم بەوەبوو ماسۆنیبوونی خۆم زاخاو بدەمەوە و جۆشی بدەم. بۆیە ئەو ڕێگە ڕاستەم هەڵبژارد، تا لەبەر دەستی بیناسازە ئازادەکاندا پەروەردە بکرێم و ڕابهێنرێم.

 

ماسۆنی کەسێک نییە بە ڕێوڕەسمی بە ئەندامبووندا ڕەتبووبێت و بەس، کەسێکە بە هێوری و بەبێ ژاوەژاو کار بکات، کەسێکە بە یەکسانی و بە هەمان چاو سەرنجی هەمووان بدات و دەرگەی دڵی بۆ گەورە و بچووک کراوە بێت. ماسۆنی کەسێکە چاکە لە پێناوی چاکەدا دەکات، بە ئومێدی هیچ دەستکەوتێک نییە و هەر ئەرکی سەر شانی ڕادەپەڕێنێت، بەبێ ئەوەی هیچ مافێکی بوێت.

 

ماسۆنی هەموو ئایینەکان لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە، دژی کاولکارییە، فەرهەنگەکەی جێی دەمارگیریی تێدا نابێتەوە و نزایەکە خەڵکەکە لەوپەڕی خۆرهەڵاتەوە، تا ئەوپەڕی خۆرئاوا هۆگری یەکتری دەکات. ماسۆنی تاقە جێگەیەکە، بە چاوپۆشین لە جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان، هەمووان دەتوانن دەست لەنێو دەستی یەکتر بنێن و تێیدا وەک برا پێکەوە بژین. ماسۆنی لەسەر بناغەی سێپای ئازادی و برایەتی و یەکسانی ڕۆ نراوە و باڵاترین پرەنسیپ و باوەڕ و ئامانجە.

 

ماسۆنی باوەڕێک نییە و هیچی تر، پیاوەتییە، مرۆڤایەتییە، ئینسان بۆ کاری چاکە هان دەدات، تەنیا بۆ ئاسوودەکردنی ویژدانی و هیچی تر. ماسۆنی ڕۆحێکی بەرز و پاکژە، ئینسان لەسەروو شتە بچووکەکانەوە ڕادەگرێت و لە خڵتە پاکی دەکاتەوە. ماسۆنی بۆ کەسانێک کە لەدووی شکۆ وێڵن، نموونەی باڵایە. ماسۆنی چاکەکارییەکە هەڵگری باڵاترین مانا و پاکترین مەبەست و جوانترین باوەڕە.)


*
ڕەنگە کەس هێندە ساویلکانە بە ماسۆنی سەرسام نەبووبێت و هێندە بە زێدەڕۆیییەوە قسەی لەسەر نەکردبێت. ئەحمەد زەکی ئەبوو شادیی شاعیر کە ماسۆنی بووە، کە دوو کتێبی لەبارەی ماسۆنییەوە نووسیوە، وەها ستایشی بزاڤەکەی نەکردووە. ماسۆنی ڕێکخستنێکی جیهانگرەوە، نائینسانی، پیاوسالار، نهێنی، ڕووخێنەر، تینووی خوێن، تیرۆریست و تەمومژاوییە، هەوڵی بۆ ئەوەیە، لەڕێی دروشمی بریقەداری فریودەرانەوە، دونیا بخاتە بن هەژموونی خۆیەوە.

 

(مێژووی ڕەشی جەماعە لەنێوان یەهوودیبوونی حەسەن ئەلبەننا و ماسۆنیبوونی ئیخواندا) کتێبێکە د. یاسر حیلمی ئەلشاعیر نووسیویەتی و ٢٠١٤ لە لەندەن بڵاو بووەتەوە، تێیدا دەڵێت: (حەسەن ئەلبەننا ئەو ڕاستییە بەرجەستە دەکات کە دەزگا ئەمنییەکانی بریتیانیا، لە چاندنی ئەسپی تەروادە لەناو عەقڵ و دەروونی موسوڵماناندا سەرکەوتوو بووە. حەسەن ئەلبەننا لەژێر عەبای ئیسلامدا ناسنامەی یەهوودیبوونی خۆی حەشار داوە، باوکیشی کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ئیخوان، هەر وای کردووە. بریتانیا بەهۆی (جوولەکەی ماسۆنییەوە) هەموو ئاسانکارییەکی بۆ هەردووکیان کردووە، دەرسی داداون و ئاڕاستەی کردوون، تا بە ئاسانی جێی خۆیان بکەنەوە.

 

حەسەن ئەلبەننا بە دروستکردنی شانەیەک دەست پێ دەکات، ناوی دەنێت: ئاکاری کۆمەڵایەتی، بەو ئومێدەی لەڕێیەوە گۆڕانکاری لە ئاکاری کۆمەڵایەتیدا بکات. دواتر هەر لە کەسانی ناو ئەو شانەیە، شانەیەکی دیکە پێک دەهێنێت، ناوی لێ دەنێت: شانەی بەگژداچوونەوەی حەرامەکان. شانەکە لە کەسانی کەتە و بەهێز دروست دەکات، خۆی حەرامەکان دیاری دەکات و هەر لەسەر پێشنیاری خۆیشی لەو کەسانە دەدرێت کە سنووری حەرام دەبەزێنن، جا ئیدی خوێندکار بن، یان مامۆستا! ئەلبەننا هێشتا خوێندکار دەبێت، خۆی بە سەرپەرشتیاری جڤاک دەزانێت، هەر کە ئیخوانیش دادەمەزرێنێت، خۆی دەبێت بە بەرپرسی ڕێکخستنە نهێنییەکەی کە ئەرکی تۆقاندن و تیرۆر دەبێت.

 

ئەلبەننا بە کۆمەکی ئەحمەد ئەلسوککەریی هاوکاری، خۆی دەخزێنێتە نێو یەکێک لە تەریقەتەکانی سۆفیگەرییەوە کە بە حەسافییەکان بەناوبانگ بوو، سوودێکی زۆریان بۆ بەهێزکردنی ئیخوان لێ وەردەگرێت. هەر ئەو سەروەختە پێوەندیی بە کۆمپانیای کەناڵی سویسەوە دەکات کە ئینگلیز و فەرەنسایییەکان بەڕێوەی دەبەن، پارەیەکی وایان لێ وەردەگرێت، بەشی ڕۆنانی مزگەوتێک بکات. بۆ ئەوەی بەردەوامیی هەبێت، ئینگلیز بەخشندانە کۆمەکی ئیخوانی دەکرد. مارک کورتیس کتێبێکی هەیە، ناوی ناوە: (کاروبارە نهێنییەکان: کلکگرێدانی ئینگلیز لەگەڵ ئیسلامی ڕادیکالدا،) دەزگای سێرڤانتس تیل بڵاوی کردووەتەوە، باس لەو ڕۆڵە دەکات، سەفارەتی بەریتانیا لە قاهیرە لە دروستکردن و گەشەکردنی ئیخواندا بینیویەتی.

 

کە لە فەرەنسا بە گوشاری کەنیسە و بە بڕیاری پاشا، زۆرێک لە (سوارچاکانی هەیکەل) دەستگیر دەکرێن، ئیدی ئەوانەیان کە هەڵدێن، ناچار بە کاری ژێرزەمینی دەبن. هەمان گرووپ کە لە بریتانیایش دووچاری ڕاوەدوونان دەبنەوە، ناوی خۆیان دەگۆڕن بە بیناسازە ئازادەکان. جیاوازییەکی نێوان بیناسازە ئازادەکان و کەنیسە ئەوەبوو، بیناسازی ئازاد بڕوای بەوە نەبوو، بچێتە کەنیسە و ددان بە هەڵەکانیدا بنێت، کەنیسەیش ئەو سەرپێچییەی قەبووڵ نەدەکرد. ماسۆنی بەرلەوەی وەک ڕێکخستن هەبێت، وەک ئایدۆلۆجیا هەبوو، یەکەم تێکستی ماسۆنی کە 1390 نووسراوە و شەستوچوار لاپەڕەیە، لە مۆزەی بەریتانیادا پارێزراوە.

 

یەکەمین دەستووری ماسۆنی، جیمس ئەندەرسۆنی سەرکردەی بیناسازە ئازادەکانی بریتانیا، لە 1723دا نووسیویەتی. لەو دەستوورەدا بەدرێژی باس لە حەوت عاجباتییەکەی دونیا کراوە کە بە بەرهەمی زانستی ئەندازە ناودێر کراون. دەستوورەکە پێنج (سروود)ی تێدایە کە ئەندامان لە کۆبوونەوەکاندا دەیانچڕن. بەپێی ئەو دەستوورە، ماسۆنی درێژەپێدەری عەهدی دێرینی کتێبی پیرۆزە، دامەزرێنەرانی یەکەمین مەملکەتی ماسۆنی، ئەو جوولەکانە بوون کە لەگەڵ مووسادا میسریان بەجێ هێشت.

 

لە 1877دا وەرچەرخانێک لە بزاڤی ماسۆنیدا ڕوو دەدات، ئاخر لەوە بەدواوە، مولحید بە ئەندام وەردەگیریت، بەڵام پێشتر ئەندام دەبوو بڕوای بە دینێک و بە خالیقی هەرە گەورە هەبێت. هەر لەو ساڵە بەدواوە ئافرەتیش دەتوانێت بچێتە ڕێزی بزاڤەکەوە. ماسۆنییەکانی سوێد هەر کریستیانیان بە ئەندام وەردەگرت، هەرچەندە ماسۆنی نە دینە، نە ئەڵتەرناتیڤی دینە. کە سەروەختی سوێندی بەئەندامبوون چاوی ماسۆنی دەبەستنەوە، مەبەست ئەوەیە پێشتر لەنێو جەهل و تاریکیدا ژیاوە، کە ئەندام بە دەوری (هەیکەل)دا دەسووڕێتەوە، ئەوە تەوافی ئەو شوێنە پیرۆزەیە کە لەوێ عەبد بە خالیق دەگات، کە سەروەختی سوێندخواردن پەتێک دەکرێتە ملی ئەندام، ئاماژەیە بۆ ناوکەداو کە کۆرپەلە بە دایکییەوە دەبەستێتەوە و بەهۆی ئەو داوەوە ژیان بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەگەری ئەوەیش هەیە، ئەو پەتە ئاماژە بێت بۆ پەتی سێدارە لە کاتی هەڵگەڕانەوە و ناپاکیدا. ئەو دوو ستوونەی لە لۆگۆی ماسۆنیدا هەیە و گۆشەیەکی وەستاویان پێک هێناوە، ڕەمزن بۆ دیواری پەرستگەی سولەیمان پەیامهێن، یان بۆ هەور و ئاگر کە بە هۆیانەوە خالیق، ئەو ڕێگەیەی پیشانی قەومەکەی مووسا داوە کە بەرەو ئەو خاکەیان دەبا، خوا بەڵێنی پێ داون کە خاکی ئەوانە. هەر ئەو دوو ڕاستەیە دەشێت ڕەمز بێت بۆ (حیرام ئابیف) کە بیناسازی سەرەکیی پەرستگەی سولەیمان بووە.

 

ماسۆنییەکان لە زۆربەی وەڵاتانی دونیادا مەحفەلی سەرەکییان هەیە و دەشێت لە یەک وەڵاتدا چەندان مەحفەلیان هەبێت، بەڵام مەحفەلەکان هەموویان سەر بە مەحفەلە سەرەکییەکەی وەڵاتەکەن. مەحفەلی هەرە سەرەکیی ماسۆنی لە لەندەنە کە 1717دا دامەزراوە. بەرپرسی مەحفەلەکان لێزانی گەورەیان ناوە، هەموو ئەو لێزانە گەورانە، پێوەندییان بە لێزانی هەرە گەورەوە هەیە کە بەرپرسی مەحفەلە سەرەکییەکەی لەندەنە. دووەم مەحفەلی گرینگی ماسۆنی لە فەرەنسایە 1728 دامەزراوە. لە سەرەتاوە ماسۆنی ڕێکخستنێک بووە تایبەت بە برایان، ئیخوانیش هەمان ڕێچکەی گرتە بەر. لە 1882 بەدواوە، ماسۆنییەکانی فەرەنسا ژنیشیان وەردەگرت. لە ئەمریکا ماسۆنییەکان لە 1903 دا بۆ یەکەم جار ئافرەتیان وەرگرت. لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، ژنانی ماسۆنی لەسەر ئاستی دونیا گەلێک مەحفەلی تایبەت بە خۆیان هەبوو. ماسۆنییەکان بە شوێنی کاری خۆیان ناڵێن: بنکە یان بارەگا، بەڵکوو (پەرستگەی فەلسەفە و هونەر)ی پێ دەڵین.