ئه‌مەریكا و هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووى عێراق

مه‌وداكان

ئه‌مەریكا به‌تایبه‌تى (دۆناڵد ترامپ)، ڕۆژ به‌ڕۆژ به‌دواچوونى به‌رده‌وامى هه‌یه‌ بۆ بارودۆخى سیاسى و ئابووریى عێراق، له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و زانیارییانه‌ سیاسه‌تى ئه‌مەریكا به‌رامبه‌ر به‌ عێراق داده‌ڕێژرێ. سه‌ره‌تا له‌م دواییانه‌دا وه‌كوو سه‌رچاوه‌ میدیاییه‌كان باسى ده‌كه‌ن، ده‌ستى به‌سه‌ر هه‌موو پاره‌وپوول و سامانه‌ كۆكراوه‌كانى سیاسییه‌ عێراقییه‌كان له‌ بانكه‌كانى ئه‌مەریكادا گرتووه‌ و له‌وانه‌شه‌ له‌داهاتوودا شه‌ڕێكى قورس له‌نێوان میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى و هێزه‌كانى ئه‌مەریكا له‌ عێراق ڕوو بدات، به‌تایبه‌تى ئه‌و حزبه‌ شیعییانه‌ى به‌نهێنى و به‌ ئاشكرا بوونى ئه‌مەریكا له‌ عێراق ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ و دروشمى (مردن بۆ ئه‌مەریكا)یان به‌رز كردووەته‌وه‌.


ئه‌مەریكا سیاسه‌تى خۆى ورده‌ ورده‌ له‌ ئێران و عێراق به‌ سینگفراوانییه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كات و هه‌ر له‌م دواییه‌دا په‌یامێكى له‌ڕێگه‌ى ئێرانه‌وه‌ بۆ عێراق نارد و تیایدا ده‌ڵێت كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ گۆڕانكارى له‌ سیسته‌مى حوكمڕانیى ئێراندا بکرێت و پشتگیریى ته‌واوى خۆیشى بۆ خۆپیشاندانه‌كانى جه‌ماوه‌رى ئێرانى ده‌ربڕى و هه‌ر گۆڕانكارییه‌كیش له‌ ئێران بكرێت كاریگه‌رییه‌كه‌ى له‌سه‌ر حزبه‌ شیعییه‌كانى عێراقیش ده‌بێت، كه‌ سه‌ر به‌ ئێرانن.


رەنگە ئەمریکا بیەوێ تۆڵه‌ى ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ى خۆى بكاته‌وه‌ کە دوای ڕاپه‌رینه‌كه‌ى ساڵى 1979 کردی و شتێك بكات ئه‌و جاره‌یان خه‌ڵكانى دیموكراتخواز بگه‌یه‌نێته‌ ده‌سه‌ڵات، نه‌ك هه‌ر له‌ ئێران به‌ڵكوو له‌ عێراقیش، بۆیە ئێستا به‌وردى چاودێریى چۆنیه‌تىی به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق ده‌كات و به‌دواى سیاسه‌تمه‌دارێكى به‌توانادا ده‌گه‌ڕێت به‌رنامه‌كانى ئه‌مەریكا جێبه‌جێ بكات، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو تواناكانى بخاته‌ گه‌ڕ بۆ گه‌یاندنى به‌ ده‌سه‌ڵات، ئه‌مەریكا له‌و بواره‌دا تا چه‌ندێك سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت؟، ئه‌وه‌ ڕۆژگار ده‌رى ده‌خات.


له‌ لایه‌كى دیكه‌وه‌، حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانى شیعه‌ له‌ عێراق، له‌و چه‌ند ڕۆژه‌ى دواییدا هێزێكى زۆریان له‌ سوپا و حه‌شدى شه‌عبى ڕه‌وانه‌ى ئێران كردووه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌ دەسەڵاتی تاران له‌پاڵ پاسداراندا. له‌ كاتێكدا له‌م دواییانه‌دا سوپا كه‌وتووەته‌ به‌رگرى له‌ خۆپیشانده‌ران و سه‌نگه‌رى به‌رامبه‌ر پاسداران گرتووه‌، بەپێی میدیاکان، تا ئێستا زیاتر له‌ 51 شارى گه‌وره‌ى ئێرانى گرتووەته‌وه‌ و چه‌ندین داموده‌زگاى حكوومى و باره‌گاى پاسدارانیان گرتووه‌ و چوونه‌ته‌ ناو بیناكان، به‌ ڕاى من ئه‌گه‌ر بێتو زیاتر په‌ره‌ بستێنێ، لە خۆپیشاندانه‌وه‌ به‌ره‌و ڕاپه‌رین هه‌نگاو ده‌نێت، ئه‌مەریكاش به‌ئاشكرا پشتگیریى خۆى بۆ هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌ ئێران ڕاگه‌یاندووه‌ و ده‌ڵێت: كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ گۆڕانكارى له‌ وڵاتى ئێراندا بكرێت. ناوچه‌ى ئه‌هوازى عه‌ره‌بنشین به‌ ته‌واوى له‌لایه‌ن عه‌ره‌به‌كاندا ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه‌.


له‌ عێراقیش، ئه‌وه‌ى چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كۆمه‌ڵێكى زۆر له‌ لیستى شیعه‌ بێنه‌ گۆڕه‌پانى هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌ هه‌ندێ حزب 2 لیست هه‌ن وه‌كوو (حزبى ده‌عوه‌) و (سه‌درییه‌كان) و هه‌ندێ حزبى تر. با چاوه‌ڕێ بین و بزانین موفاجه‌ئات و ڕووداوه‌كانى هه‌ڵبژاردن چیمان پێ ده‌ڵێن.