دامەچییەکان لە تەگەیان نەدەبردەوە

بەدرەدین عەلیی موتەسەڕف دەستی بە تەحەڕس کرد

سه‌ری هارومار

 

باوكم زۆر په‌ست و دڵتوند دیار بوو، جغارەی به‌ جغارە داده‌گیرساند، هه‌ر كه‌ ده‌چووه‌ ده‌ره‌وه‌ منیش به‌دوایدا ده‌چووم، دیسان زه‌لامه‌كانی گه‌ڕه‌ك له‌به‌رده‌م دوكانه‌كه‌ی مامه‌ ڕه‌زام گرد بوونه‌وه‌، عه‌وڵا رێوی گوتی:
ـ دوێنی ئه‌حمه‌د جۆڵا، ویستی به‌ خه‌نجه‌ر خه‌تی ته‌له‌فۆنی مه‌خفه‌ر ببڕێت، ته‌قه‌یان لێ كرد، به‌ برینداری رای كرد.
زه‌لامێك وه‌رامی دایه‌وه‌:
ـ ئه‌حمه‌د جۆڵا، خوێنی له‌به‌ر رۆییوه‌، زۆر جێیان دیاره‌ كه‌ پشكه‌خین وشك بۆته‌وه‌.
له‌و قسانه‌دا بوون، كه‌ مه‌لایه‌ك له‌وسه‌ری كۆڵانه‌كه‌وه‌ به‌په‌له‌ بۆ لای ئه‌وان هات، سڵاوی كرد و گوتی:
ـ بابم ئه‌و قه‌ره‌باڵغیه‌ تێكده‌ن، وا له‌ سه‌یداوه‌ی ئه‌وبه‌ری ته‌حه‌ڕییه‌، جه‌یش به‌ قامچی و قۆنداغه‌ تفه‌نگ به‌ر بوونه‌ته‌ گیانی خه‌ڵك، له‌ هه‌ر جێیه‌ك پاشماوه‌ی پشكه‌ خینه‌ك ببینن، زه‌لامی ئه‌و ماڵه‌ شل و كوت ده‌كه‌ن.
زه‌لامه‌كان بڵاوه‌یان لێ كرد، باوكم گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵ، له‌به‌ر ده‌رگای حه‌وشه‌ سه‌یری زه‌ویه‌كه‌ی كرد، چاوێكی خێرای به‌ ده‌رگای حه‌وشه‌ و رۆخ جۆگه‌له‌كه‌دا گێڕا، تا بزانێت پاشماوه‌ی خوێنی ئه‌حمه‌د جۆڵای پێوه‌ دیاره‌، به‌په‌له‌ ده‌رگای داخست و له‌ حه‌وشه‌ كه‌وته‌ جغارەكێشان.
مه‌راقم بوو بزانم ته‌حه‌ڕی چییه‌، دایكم له‌ ناندینه‌كه‌ بوو، چوومه‌ لای و گوتم:
ـ تازه‌ پیاوه‌ك ده‌یگوت ماڵان ته‌حه‌ڕی ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ كووه‌؟
دایكم وه‌رامی دامه‌وه‌:
ئه‌وه‌ حكوومه‌ت به‌دوای تفه‌نگ و ده‌مانچه‌ و گولله‌ و وه‌ره‌قه‌دا ده‌گه‌ڕێ.
گوتم:
ـ ئه‌مه‌ش وه‌ره‌قه‌مان هه‌یه‌.
مه‌به‌ستم له‌ وه‌ره‌قه‌ كتێب و ده‌فته‌ره‌كانم بوو، دایكم گوتی:
ـ ئه‌و وه‌ره‌قانه‌ نا، هی مه‌منووع.
نه‌مزانی مه‌به‌ستی له‌ وه‌ره‌قه‌ی مه‌منووع چییه‌.
باوكم، له‌گه‌ڵ خۆی بردمیه‌ لای دوكاندارێك له‌ناو گه‌ڕه‌كی سه‌یداوه‌، هه‌ندێك شه‌كر و تۆچا و كیلۆ رۆنێكی كڕی، دوكانداره‌كه‌ به‌په‌له‌ شته‌كانی دایه‌ ده‌ست باوكم و گوتی:
ـ به‌ خوای ناوێرم دوكان بكه‌مه‌وه‌، دوێنێ خوا قوتاری كردم.
باوكم گوتی:
ـ هاتنه‌ ئێره‌ش؟
دوكانداره‌كه‌ گوتی:
ـ ئه‌رێوه‌ڵا، وه‌كی سه‌گی هار به‌ كۆڵانێ وه‌ر بوون، ئه‌و خه‌ڵكه‌یان دایه‌ به‌ر قامچی و قۆنداغه‌ تفه‌نگ، هه‌نده‌كیان بردن.
باوكم له‌سه‌ره‌خۆ گوتی:
ـ خوا بمانپارێزێت.
به‌ره‌و ماڵ گه‌ڕاینه‌وه‌، عه‌وڵا ڕێوی له‌سه‌ری كۆڵان راوه‌ستابوو، به‌ باوكمی گوت:
ـ ها یا شێخ ئه‌وه‌ له‌ كێ بووی؟
باوكم وه‌رامی دایه‌وه‌:
ـ وه‌ڵا هه‌نده‌ك شتمان پێ ده‌ویست.
عه‌وڵا رێوی گوتی:
ـ دوێنی سه‌یداوه‌ی ئه‌وبه‌ریان ته‌حه‌ڕی كرد، به‌ خوای ئه‌وڕۆ دێنه‌ ئێره‌.
باوكم له‌سه‌ره‌خۆ وه‌ڵامی دایه‌وه‌:
ـ ئه‌وجه‌ چمان پێ ده‌كرێت، با له‌ كۆڵان رانه‌وه‌ستین، بچینه‌ ماڵ.
باوكم و عه‌وڵا له‌ژووره‌وه‌ دانیشتن، دایكم هه‌ر زوو چایه‌ی لێ نا، عه‌وڵا گوتی:
ـ ئه‌و موته‌سه‌ریفه‌ به‌دره‌دین عه‌لی، دوژمنی شیوعی و كورده‌، دوێنێ جه‌یشی نارده‌ سه‌ر سه‌یداوه‌ی. له‌پڕ له‌ ده‌رگای حه‌وشه‌ درا، ئافره‌تێكی دراوسێمان به‌ هه‌ڵه‌داوان هاته‌ ژووره‌وه‌ و به‌ دایكمی گوت:
ـ قه‌له‌نده‌ر، وا عه‌سكه‌ر له‌كن تانكی وه‌ستاون، هه‌ر بزانه‌ بێره‌ وه‌ربوون، دایكم ره‌نگی سپی هه‌ڵگه‌ڕا و هاته‌ لای باوكم و عه‌وڵا گوتی:
ـ ئه‌وه‌ گوڵستان ده‌ڵێت عه‌سكه‌ر دێنه‌ ئێره‌.
عه‌وڵا رێوی یه‌كسه‌ر به‌ جواب هات:
ـ ئه‌وجه‌ خوشكم ئه‌مه‌ چمان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وان پیاون ده‌چنه‌ رێی بنه‌سڵاوه‌.
دایكم به‌رده‌وام دوعا و نزای ده‌كرد تا باوكم له‌ به‌ڵای ئه‌و ته‌حه‌ڕییه‌ به‌دوور بێت، ئه‌وه‌ی زیاتریش دایكمی ته‌نگاو كرد، قسه‌ی عه‌وڵا رێوی بوو، كه‌ گوتی:
ئه‌وانه‌ خواخوایانه‌ كوردێكیان به‌ ده‌ست بكه‌وێ، ئه‌وانه‌ دوژمنن.
عه‌وڵا رێوی كه‌وته‌ باسكردنی موته‌سه‌ریفی هه‌ولێر و گوتی:
ـ ئه‌و به‌ردره‌دین عه‌لیه‌، له‌ رواندزێ بوو، زۆر له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی خراپ بوو، ئه‌وه‌ی بۆنی شوعیه‌تی لێ هاتبا ده‌یگرت، نازانم بۆ كردیانه‌ موته‌سه‌ریفی هه‌ولێر.
دایكم یه‌ك دوو جار ده‌رگای حه‌وشه‌ی كرده‌وه‌ و سه‌یری كۆڵانێی كرد، منیش به‌دوایدا ده‌چووم تا بزانم كه‌ی ته‌حه‌ڕی ده‌گاته‌ ماڵی ئێمه‌، هه‌تا به‌ره‌به‌ری نیوه‌ڕۆ چاوه‌ڕێ بووم، به‌ڵام هیچ له‌ ده‌رگای ئێمه‌یان نه‌دا، دایكم گوتی:
ـ جدی گه‌وره‌ ده‌مانپارێزێ ئیشاڵا.
هه‌ندێك له‌ زه‌لامه‌كانی گه‌ڕه‌ك، له‌ بێزاری و بێتاقه‌تییان، له‌به‌رده‌م دوكانه‌كه‌ی مامه‌ ره‌زام، ده‌ستیان كرد به‌ دامه‌ كرد، ته‌نیا عه‌وڵا رێوی و باوكم له‌ دووریی ئه‌وان له‌سه‌ر سه‌كۆیه‌ك دانیشتن و دامه‌یان نه‌كرد، دامه‌چییه‌كان زوو زوو ده‌یان كرد به‌ هه‌ڵا و هات و هاوار، عه‌وڵا جارجار به‌ جواب ده‌هات و ده‌یگوت:
ـ ده‌ی میراتی بابتان به‌ش نه‌كه‌ن، ئه‌وه‌ دونیا كاول ده‌بی و ئه‌نگۆش ئه‌و به‌زمه‌ی ده‌كه‌ن.
یه‌كێك له‌ دامه‌چییه‌كان منداڵی زۆر بوو، خه‌ڵك له‌پاش مله‌ ناویان نابوو (ته‌گه‌)، ئه‌و پیاوه‌ له‌ كاتی دامه‌كردندا ئاگای له‌ خۆی نه‌ده‌ما، ئه‌وه‌نده‌ جغارەی له‌ به‌رده‌م كه‌وتبووه‌ خواره‌وه‌ هه‌موو شه‌رواڵی كون كون بوو بوو، به‌ كه‌ر و عاره‌بانه‌ میوه‌ و سه‌وزه‌ی به‌ گه‌ڕه‌كدا ده‌گێڕا، كه‌م كه‌س له‌ دامه‌كردن ده‌ره‌قه‌تی ده‌هات و هه‌رده‌م داشی سوار بوو.
له‌و كاته‌دا، ئافره‌تێكی شارستان، له‌ناو قه‌سرانه‌وه‌ هات و دیار بوو كوردییه‌كه‌ی دووكه‌ڵی ده‌كرد، به‌دوای كه‌ره‌وزدا ده‌گه‌ڕا، له‌ عه‌وڵا رێویی پرسی:
ـ ئیشته‌ كه‌ره‌وزم ده‌وێ، كێهان زه‌لام هه‌وه‌.
عه‌وڵا ده‌ستی بۆ دامه‌چییه‌كان درێژ كرد و گوتی:
ـ له‌كن ئه‌و زه‌لامانه‌ بڵێ كێهان مام ته‌گه‌یه‌، ئه‌و كه‌ره‌وزی هه‌یه‌. باوكم به‌ عه‌وڵای گوت:
ـ كوڕه‌ ئه‌وه‌ چت كرد، ئه‌وه‌ گوێی له‌ ناوی ته‌گه‌ی بی، شێت و هار ده‌بی.
ژنه‌كه‌ رووی له‌ زه‌لامه‌كان كرد و گوتی:
ـ مام ته‌گه‌، كه‌ره‌وزم بدێ.
كابرا یه‌كسه‌ر به‌ جواب هات و گوتی:
ـ خوشكم ته‌گه‌ لێره‌ نییه‌، چوویته‌ ناو بزنان.