لە دووگردکانەوە بۆ بنی دونیا - 126

بیرەوەری و تێڕامان

چەند زانیارییەکی نوێ و راستکردنەوەیەک
برادەری دێرینم کاک دکتۆر فوئاد بابان کە بازنەکەی هەفتەی پێشترێی ئەم یادگارانەی خوێندبووەوە لەبارەی چۆنیەتیی پەیوەندیکردنی باڵی جەلالی ساڵی 66 بە بەغداوە ئەویش ئەم زانیارییە پەیوەندیدارەی بۆ ناردم کە دەڵێ: “منیش لە ساڵی ٩٦٦دا لە بەغدا بووم و وەک کاک کەمال محێدین بۆی گێڕاویتەوە ئەو پەیوەندییە لە رێگای عولەما {عەبدولڕەحمان زەبیحی _ هۆمەر} و سالم حەیدەرییەوە بوو و پێم وایە خوالێخۆشبوو حسێن شێروانی رۆڵی هەبوو چونکە من لە ٩٦٥دا گیرابووم لە بەغدا کە بەربووم ئاگاداری ئەو جموجۆڵە بووم.”


خۆی وردەکارییەکەی کاک کەمال محێدین لەم بارەیەوە بە منی دابوو بەم شێوەیە بوو کە دەڵێ: ”جارێکیان بابەکری مەحمود ئاغا و عەبدوڵا کانیمارانی و محەمەد مەولود مەم سەردانێکی سەرکۆماری عیراق دەکەن. کە لای ئەو دەچنە دەرەوە کاک مەم چاویلکەکەی لەوێ لێ بەجێ دەمێنێ - یان بەمەبەست بەجێی دێڵێت - و یەکسەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوێ و ئیتر هەر بەپەلە بەتەنیا سەرۆک عارف دەبینێت و پێی رادەگەیەنێ کە باڵی مەکتەبی سیاسی (جەلالی) ئارەزوو دەکەن لەگەڵ بەغدا پێک بێن. ئینجا دواتر سالم حەیدەری پەیوەندییەکە بە ئەنجام دەگەیەنێ.” 


مامەند ئاغای عەباسی مامەند ئاغاش پەیوەندیی پێوە کردم گوتی زۆرترایەتیی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی باڵی جەلالی لە گوندی دۆڵەرەقە لای بابی دانیشتبوون و ئەمانە بوون: (مام جەلال، عومەر دەبابە، نوری ئەحمەد تەها، عەلی عەسکەری، حیلمی عەلی شەریف، نوری شاوێس، عەلی عەبدوڵا). دەڵی مام جەلال لە قاهیرە نەبوو ، وەک من پێشتر بڵاوم کردبووەوە، بەڵکوو ئەویش لەگەڵ ئەوانی دی لای عەباس ئاغا بووە. جا دەڵێ لەمانە تەنها کاک نوری شاوێس و کاک عەلی عەبدوڵا بڕیاریان دا بمێننەوە و رەگەڵ بارزانی بکەونەوە، ئەوانی دی هەموویان رۆیشتن و خۆیان گەیاندە ناوچە حکوومییەکان. 


زۆر سوپاس بۆ کاک کەمال و کاک دکتۆر فوئاد و کاک مامەند ئاغای کاک هەباسی بۆ ئەم زانیارییانەیان.  


 ساڵی 66 و تا پایزی 67یش لە میونیخ بووم، بەڵام هاوینەکانیان لە لێنگریز دەمامەوە و وەک پێشتر باسم کردووە ئەو دوو هاوینە لە قوتابخانەکەی سەربازانی سوپای ئەمریکی بۆ فێربوونی زمان لە ناوچەی لێنگریز مامۆستای زمان بووم. ئەو مووچەیەی لەوێ پێم دەدرا زۆر باش بوو و دەمتوانی بە کەمێک کاری لابەلاش تەواوی ساڵەکەی پێ بگوزەرێنم. زوو زووش سەردانی هەوارگەی دێرینی جارانم دەکرد، ڤیەننای ساڵانی سەرایی بیستەکانی تەمەنم. 


کۆرسەکەی زمانی قوتابخانەکە لە کۆتایی هاوینی1967تەواو بوو. بەڕێوەبەری قوتابخانەکەمان میستەر رۆبێرتس Mr. Roberts کە خۆی بریتانی بوو و لەگەڵ ژنەکەیا پەیوەندییەکی زۆر نزیکیان بە منەوە هەبوو و دەیزانی من شارەزاییەکی باشم لە زمانەوانی هەیە و چەندین زمانی بێگانە دەزانم، پێی راگەیاندم کە زۆر رای لە منە. جا گوتی ئۆفەرێکم بۆ تۆ هەیە ئەگەر قەبووڵی بکەیت. گوتی ئۆفەرەکەش پۆستی پشکنیار (مفتش)ی قوتابخانەکانی زمانە بۆ سەربازە ئەمریکییەکان لە باشووری ئاڵمانیا. گوتی ئەگەر رازیت تا بتنێرم بۆ لای بەرپرسی ئەم بوارەی سوپای ئەمریکا لە باشووری ئاڵمانیا و ئەگەر ئەویش رای لێت بێ ئەوا دادەمەزرێیت. بۆ من ئەمە دووشەش بوو. لە رۆژی دیاریکراوا چووم بۆ لای ئەو بەرپرسە ئەمریکییە کە ناوەکەشیم دەزانی بەڵام لەبیرم نەماوە. ئۆفیسەکەی لەناو کامپی سەربازیی شێریدان (Sheridan Kaserne)ی ئەمریکیدا بوو. لە چاوپێکەوتنێکی کورتا چەند پرسیارێکی لێ کردم کە وەرامی هەموویانم بە رێکوپێکی دایەوە ئینجا دەستی خستە ناو دەستم گوتی تۆم بەدڵە و بەڕێی کردم. بە دڵێکی پڕ لە خۆشی و هیوای دوارۆژێکی رووناکترەوە گەڕامەوە بۆ لای میستەر رۆبێرتس سوپاسێکی زۆرم کرد و ئەویش پیرۆزباییەکی گەرمی لێ کردم. مابوو وەرگرتنی رەزامەندیی پۆلیسی ئاڵمانی بۆ کارکردنی بێگانان لە ئالمانیا. ئۆفیسی سەربازیی ئەمریکایی پەیوەندیدار نامەی هەڵبژاردنی من بۆ ئەو پۆستەیان بۆ نووسیم کە بیبەم بۆ پۆلیسی کاروباری بێگانان لە میونیخی پایتەختی باڤاریا. چووم بۆ لایان و نامەکەم پێشکەش بە کارمەندی پەیوەندیدار کرد. لەوێ تووشی شۆکێکی زۆر گەورە بووم. کابرا پاسپۆرتەکەی لێ وەرگرتم ئەم پەڕ و ئەو پەڕی کرد ئینجا یەک مۆری زلی دەرکردنم لە وڵاتی ئاڵمانیای لێ دا کە لە ماوەی پێم وایە چوار هەفتەدا دەبێ ئاڵمانیا بەجێ بێڵم. بە حەپەساوی لێم پرسی ئەوە چییە؟.. بۆچی؟چی بووە! گوتی تۆ کە هاتوویت بۆ ئاڵمانیا بە ڤیزەی توریست و سەردان هاتوویت و بەڵێننامەت واژۆ کردووە کە لێرە کار ناکەیت. ئێستا وا بەڵێن و قانوونی ئەم وڵاتەت شکاندووە و خەریکی لێرە کاری هەمیشەیی بکەیت. ئەوەندەی هەوڵم لەگەڵی دا کە هێشتا دەستم بە کارەکەم نەکردووە خۆ دەتوانم وەری نەگرم ئیتر بۆچی دەرم دەکەن. بەڵام کابرای پۆلیس زۆر سوور بوو لەسەر هەڵوێستی خۆی و هەر دەیگوت بۆ ئێمە گرینگ ئەوەیە تۆ لەباتی ئەوەی کە هەر بۆ سەردان (visit) هاتبیت وا هاتوویت لە کار دەگەڕێیت. 


بە دڵساردی و دڵشکاوییەوە چوومەوە بۆ لای میستەر رۆبێرتس، سەربردە خەماوییەکەمم بۆ گێڕایەوە و مۆری دەرکردنم لەناو پاسپۆرتەکەم پیشان دا. ئەویش بەڕاستی زۆری پێ ناخۆش بوو بەڵام گوتی ئێمە نەماندەزانی تۆ بە ڤیزەی توریست لێرەیت و مافی کارکردنت نییە. گوتی لێم گەڕێ با لەگەڵ ئۆفیسی سەربازیی ئەمریکایی قسە بکەم بزانین ئەگەر بتوانین شتێکت بۆ بکەین. ئەمن کە دوو هاوین لای خۆیان مامۆستای زمان بووم چ ئەو گرفتەم نەبوو. دەبێ ئەو جۆرە (پارت تایم part time) و کارە کاتەکییانە، کە هەموو خوێندکارێکیش هاوینان رێی پێ دەدرا بیکات، وەک کارێکی کارمەندی هەمیشەیی ئەو رەزامەندییەی پۆلیسی پێویست نەبووبێ


 
دیسان هەلێکی زێڕینم لەدەست خۆم دا
لە ئۆفیسە سەربازییەکەی ئەمریکی پێیان راگەیاندم کە هاوخەمی منن لەبەر بڕیاری دەرکردنم لەلایەن پۆلیسی ئاڵمانەوە، بەڵام گوتیشیان کە گوناهی خۆم بووە بەوانم نەگوتووە ڤیزەی کارکردنم نییە. گوتیان تازە ناکرێ بۆ ئێمە خۆمان تێکەڵ بە کاروباری قەوانینی ئاڵمانیا بکەین. بەڵام دیار بوو نەشیاندەویست منیان لەدەست بچێت پێشنیارێکی تریان بۆ کردم کە بمنێرن بۆ ئیتالیا لەوێ لە شاری ناپۆلی نیشتەجێ ببم کە کامپی سەربازیی خۆیانی لێیە و مانگانە بێمەوە بۆ ئاڵمانیا و بەسەر هەموو قوتابخانە سەربازییەکانی باشووری ئاڵمانیادا بگەڕێم بۆ پشکنینەوەیان. واتا ئۆفیسەکەم لە ئیتالیا دەبێت کە خۆیان پێشەکی ڤیزەی کارکردنم لە ئیتالیا بۆ وەردەگرن وەک کارمەندێکی ئەمریکی لە ئیتالیا دانیشم. هێشتا پێیان نەگوتبووم مووچەکەم چەندە بەڵام دەزانم زۆر باش دەبوو و خەرجی سەفەرەکانیشم هەمووی لەسەر ئەوان دەبوو. گوتم چەند رۆژێکم بدەنێ بیری لێ بکەمەوە. 


کە لەگەڵ خۆما دانیشتم دیسان لە خۆم زۆر ناڕەزا و بێزار بووم کە قەرەج ئاسا هەر ساڵە لە وڵاتێکا و لە شارێکا و ئەوەتا دوانزدە ساڵە لەئەوروپام خوێندنەکەشم نەکردووە، وا تەمەنیشم گەیشتە سی ساڵی هێشتا ماڵ و خێزانێکیشم پێکوە نەناوە. ئەو بیر و دامان و رامانە ئاڵۆزییەکی خراپیان خستە ناو هەستمەوە و بڕیارم دا بگەڕێمەوە بۆ عێراق ژن بێنم و خوێندنەکەشم هەر لە بەغدا بە ئەنجام بگەیەنم. راستییەکەی بە پلەی یەکەم خەمی خوێندنەکەم بوو کە لێم بووبوو بە گرێیەکی رەوانی چونکە دەمزانی شایەستەی زۆر لەوە زیاترم کە خۆم بە خۆمم کردووە و زۆر جاریش بۆ دڵدانەوەی خۆم بە خۆمم دەگوت نەخێر ئەوە براگەورەکەم بوو کە هەر لە بەراییدا منی خستە ئەم مەینەتەوە و دڵم بەرامبەر بەویش پڕ دەبوو لە تووڕەیی و رک و کینە. هەر لەسەر ئەم بابەتە جارێکیان مام جەلالیش بە سەرزنشتیکردنێکی زۆرەوە پێی گوتم: “کورە دەبوایە ئێستا ئەتۆ هەڵگری دوو دکتۆرا بیت چونکە دەزانم تێتدا هەیە.” هەقیشی بوو. 


ئەم بڕیارەم بە ئەمریکییەکان راگەیاند و خۆم ئامادە کرد بڕۆم بۆ ڤیەننا و لەوێشەوە بۆ بەغدا. بەڵام دواتر و تا ئێستاش کە لێی ورد دەبمەوە ئەو پۆستەی کە لە ناپۆلی بۆیان پێشنیار کردبووم پایەیەکی زۆر بەڕێز و گوزەرانییەکی زۆر باشی بۆ دابین دەکردم و زمانی ئیتالیشم دەخستە سەر ئەو هەشت نۆ زمانانەی کە دەمزانین. لەوانەیە ئەو ژیانە قەرەج ئاسا بێ بەر و بەرهەمەی ئەو زەمانەم بۆ ساڵانی هەڕەتی لاویم کاڵای پڕ بە باڵا بووبێت، بەڵام لەژێرەوە بەخشکەیی ئاڵۆزی و شپرزەییەکی خراپیشی خستبووە ناو حاڵەتی نەفسیمەوە کە کاریگەریی نێگاتیڤی کردبووە سەر توانایی بڕیاردانم. ئەگینا ئەو پۆستە بەڕاستی فورسەتول عومر بوو کە ئەوسا هەستم پێ نەدەکرد. دیسان وەک چەندەها جاری پێشتر ئەمجارەش هەلێکی زێڕینم لەدەست خۆم دا.