کورد لەناو سێرەی ئینگلیزدا - 2

بەریتانیا تۆڵەی کێ لە کورد دەکاتەوە؟ بۆچی زیاتر لە 100 ساڵە دژی کوردە؟

پێشەکی
بە خوێندنەوەیەکی ورد بۆ ڕابردووی دوور و نزیکی کوردستان، بەتایبەتی لەو قۆناغانەی مێژوودا، کە کورد گەیشتووەتە دەسکەوتێکی سیاسی و لە سەروبەندی بەیەکەوەنانی کیانێکدا بووە، یان کیانەکەی بونیات ناوە، جیا لە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، ژمارەیەک وڵاتی زلهێز و بڕیاربەدەستی دونیا، بەیەکەوە هاوئاهەنگ و هاوکار بوونە بۆ لەگۆڕنانی ئەو ئاواتانەی کورد. بەریتانیا وەک وڵاتێکی زلهێز و بڕیاربەدەستی جیهان، یەکێک بووە، یان ڕاستتر لە پێشەنگی ئەو وڵاتە زلهێزانەدا بووە، کە بە پلەی ئیمتیاز دژی خواست و مافە ڕەواکانی کورد وەستاوەتەوە و ڕۆڵی پیلانگێڕانەی لە لەناوبردنی دەسکەوتەکانی کورددا گێڕاوە.
پرسیار ئەوەیە، بەریتانیا بۆچی ئاوا دژی خواست و مافی کوردانە؟
تۆڵەی چی و کێ لە کورد دەکاتەوە؟
کورد لە کوێدا لەمپەر بووە لەبەردەم سیاسەت و ستراتیژەکانیدا؟
ئەمانە و زۆر پرسیاری دیکە، دەکەینە تەوەرێکی کراوەی گفتوگۆ و قسە لەسەرکردن بۆ ژمارەیەک نووسەر و مێژوونووس، بۆ ئەوەی بە کۆمەکی ڕاوبۆچوونەکانیان، کۆدی ئەم نهێنییەی هەڵوێستی دوژمنکارانەی بەریتانیا بەرامبەر گەلی کورد بکەینەوە.

هەفتەنامەی (باس)
*****


میدیا، وەک باسکی سیاسەت
لە سەروبەندی ریفراندۆمی کوردستانی باشوور بۆ سەربەخۆیی، بەریتانیا تەنیا لە ڕێگای سیاسی و دیبلۆماسییەوە نا، بەڵکوو بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆش، لە میدیاکانی وڵاتەکەیدا کەوتە دژایەتیکردنی خواست و مافی ڕەوای کورد لە سەربەخۆیی و بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی. ڕەنگە هەروا ڕێکەوت نەبێ، لە یەک کاتدا (وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، نوێنەری وڵاتەکە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، باڵوێزەکەی لە بەغدا و کونسوڵەکەی لە هەولێر) دژی مافی کورد بوەستنەوە، هاوکات هەندێ میدیای ئەم وڵاتەش لە بڵاوکردنەوەی بابەتی گوماناوی لەسەر کوردستان، بەتایبەتی لەسەر لەکەدارکردنی پێشمەرگە درێغی نەکەن.


لەڕاستیدا ئەم هەڵوێستە هێندەی لە هەڵمەتی دیبلۆماسی و گەلەکۆمەی میدیایی بەریتانیا لە دژی خواست و مافە ڕەواکانی کورد دەکات، ئەوەندە لە ڕێکەوت ناکا. بەریتانیایەک کە زیاتر لە سەت ساڵە سڵی لە دژایەتیکردنی کورد و پارچەکردنی وڵاتەکەی نەکردووە. بەریتانیایەک کە سەرچاوەی سەرەکیی زۆرێک لە نەهامەتییەکانی کورد و شکستپێهێنانی ئەزموونی حوکمڕانیی کوردەکانە لە هەر چوار پارچەی کوستان.


بەهەر حاڵ، بەتەنیشت گوتاری فەرمیی سیاسی و دیبلۆماسیی، دژایەتیکردنی مافی کورد لە بڕیاردانی چارەنووسی خۆی، هەندێ میدیای وڵاتەکەش لە ناشیرینکردنی پێشمەرگە و ڕۆڵی کورد لە شەڕی تیرۆر، هەروەها لە گەورەکردنی قەبارەی هەڕەشە و مەترسییەکانی ڕیفراندۆم درێغییان نەکرد.


لەو ماوەیەدا زۆرترین ڕۆژنامە و کەناڵی میدیایی بەریتانی، باس و خواسی شەڕی پێشمەرگە لە دژی تیرۆریستانی (داعش) و خەونی کورد بۆ دەوڵەتی سەربەخۆییان کردە تەوەری سەرەکیی کارەکانیان و بە ئاراستەی لێدان لە بەرژەوەندیی کورد و کوردستان.


ڕۆژنامەی (تایمز)ی بەریتانی لە ڕێپۆرتاژێکیدا لەسەر شەڕی پێشمەرگە لە دژی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامیی (داعش)، ئاماژە بەوە دەکات، گوایە هێزی پێشمەرگەی کوردستان (ئەو هێزەی ئەمەریکا و بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی ڕۆژ تا ئێوارە دەیانگوت لەجیاتی مرۆڤایەتی جەنگی تیرۆر دەکات!)، لەو ناوچانەی ئازادی کردوون، دەستی داوەتە پرۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافیی ناوچەکان و پاکتاوی ڕەگەزیی عەرەبەکان و پێکهاتەکانی ناوچەکە.


تایمزی بەریتانی بەبێ ئەوەی شایەتحاڵێکی دیاری ناوچەکە بدوێنێ، ئاماژە بەوە دەکات کە: “کوردەکانی باکووری عێراق بە شێوەیەکی بەرنامەڕێژ، جگە لەوەی ڕێگای گەڕانەوەی ئاوارە عەرەبەکان نادەن، هاوکات دەستیان داوەتە دەرکردنی ئەو عەرەبانەش کە ماونەتەوە و کورد لە شوێنیاندا نیشتەجێ دەکەن و سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزی پەیڕەو دەکەن”. ئەمە لەکاتێکدا بوو کە بە دیوەکەی تردا وڵاتەکەی (تایمز) لەگەڵ هاوپەیمانەکانی، جگە لە گیانبازی و قوربانیدان و ئازایەتیی پێشمەرگە لە تێکشکاندنی تیرۆریستان، ستایش و سوپاسی هەڵوێستی حکوومەت و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانیان دەکرد، لە داڵدەدانی زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو ئاوارە و دەربەدەری عەرەب، کە قوربانیی شەڕی تایەفی هێزە تایەفەگەرەکانی عەرەبی عێراق خۆیان بوون.


لەکاتێکدا ڕۆژنامە بەریتانییەکە لە هەموو خەڵک باشتر دەزانێ، کە سوپای فشۆڵی عێراق، شاری مووسڵ و چەک و تفاقی پێشکەوتووی دوو فیرقەی خۆی (وەک ئەوەی ڕێککەوتنیان لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا هەبووبێت)، بەبێ هیچ تەقە و بەرەنگارییەک، ڕادەستی داعش کرد و هەڵات، کەچی دەنووسێ: “ئەوەی لە هەڵمەتی نێودەوڵەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا براوەیە، کوردەکانن. بەتایبەتی هێزی پێشمەرگە سنووری دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی و کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر ئەو ناوچانەدا فراوانتر کردووە، کە هێزە عێراقییەکان لێی کشانەوە!”.


وەک ئەوەی ئەو ناوچە کوردستانییانەی پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ئازادی کردن، (خاکی بەریتانیا بێت!)، ڕۆژنامەکە ئاوا شین و واوەیلا دەکات و بە بەلاغەتەوە ئاماژە بەوە دەکات: “ پێشمەرگە کۆنتڕۆڵی چەندین ناوچەی باکووری عێراقی کردووە، کە ڕووبەرەکەی دوو ئەوەندەی ئەو ناوچانەیە کە لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدان”. ئینجا ڕۆژنامەکە ئەو سەرکەوتن و پێشکەوتنەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە بەرهەمی خوێنی 2000 شەهید و دە هەزار بریندار بوو، وەک هەڕەشە دەبینێ و دەڵێ: ”دەرکەوتنی کوردەکان لە ناوچەکەدا بەم بەهێزییەوە، دەرفەتی زیاتری نێودەوڵەتییان بۆ دەڕەخسێنێ کە خەونی خۆیان لە بونیاتنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، بێننە دی”. بۆیە هۆشداری دەدات کە “ ناکرێ خەونی دەوڵەتی کوردی لەسەر بنەمای هێزی سەربازی بونیات بنرێ، بەڵکوو پێویستی بە بنەمایەکی ئاکاری و مۆڕاڵی هەیە، کە هەنووکە ئەم بنەمایە لەژێر هەڕەشەدایە!”.


ڕۆژنامەی (ز دەیلی تەلگراف)یش لە یەکێک لە ژمارەکانیدا نووسیویەتی: “کوردەکان لەپای ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و ئەو قوربانییانەی لەو ڕێگایە بەخشیویانە، چاوەڕوانی پاداشت دەکەن…… کوردەکان نەوە دوای نەوە، خەونی بونیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆیان زیاتر و پتەوتر دەبێت، بۆیە پێویستە بەریتانیا بیر لە قۆناغی دوای لەناوبردنی داعش بکاتەوە!”.


لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی (سەندای تەلگراف) لە بەدواداچوونێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژە بەوە دەکات، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە کەرکووک بڵێسەی ئاگری ململانێیەکی درێژخایەن لەو شارەدا هەڵدەگیرسێنێ، ئەو شارەی لەسەر دەریای نەوتە!”.


ئەو ڕۆژنامەیەش بە هەمان ئاواز و لەسەر هەمان ڕیتمی (تایمز)، خۆی لە ڕاستییە مێژووییەکانی ڕاکردنی سوپای عێراق لە مووسڵ و ناوچەکانی دیکە و بەرگەنەگرتنی شەڕی داعش دەبوێرێ و دەنووسێ: “لە ئاکامی پاشەکشەی هێزە عێراقییەکان بەهۆی هێرشی چەکدارانی داعش، هێزەکانی پێشمەرگە توانییان دەست بەسەر ئەو شارە و ناوچەکانی دیکەدا بگرن. بەمەش وەک دیفاکتۆ، جڵەوی دەسەڵاتیان لەو شارە کەوتە دەست”.


بەریتانییەکان چونکە هێشتا خەنجەری کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوەکانی نەوت لەلایەن ئەمەریکییەکان لەدوای ڕووخاندنی بەعس لە کەمەریاندایە، بۆیە ڕۆژنامەکانیشیان بە ئازاری ئەم برینە دەتلێنەوە و دەنووسێ: “هەنووکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەی حیساب بۆ حکوومەتی ناوەندیی بەغدا بکات، کاروباری شارەکە بەڕێوە دەبات و نەوتی ناوچەکە ڕاستەوخۆ دەفرۆشێتە کڕیارە نێودەوڵەتییەکان”.

 

بەریتانیا، پڕۆژەیەک دژی کورد
مەسعود بارزانی لە کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد)دا دەڵێ: ”بەریتانیا هەرگیز لە بەڵێنەکانیدا دەربارەی دروستکردنی دەوڵەت، لەگەڵ کورد ڕاستگۆ و جێی متمانە نەبووە”. ئەم قسەیەی بارزانی سەرنجمان بۆ ئەوە ڕادەکێشێ، تا چاوێک بە ئەزموونی شکستەکانی کورد لەناو گەردەلوولی پیلانەکانی بەریتانیادا بخشێنین.


بەگوێرەی سەرچاوەکانی مێژوو، لە ماوەی سەت ساڵی ڕابردوودا، بەریتانیا ڕۆڵی سەرەکیی لە لەباربردنی چەندین ئەزموون و دەسکەوتی سیاسی و نەتەوەیی کورد و دەرفەتی بڕیاردان لە چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا بینیوە (زیندوو و نوێترین نموونە، ڕۆڵی پیلانگێڕییەکەی بەریتانیا لە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر).


بەریتانیا لە پەیمانی (سیڤەر)دا هەوڵی دا دەرزیێکی هێورکەرەوە لە کورد بدات، تا ئەو دەمەی تووڕەییەکەی دادەمرکێ، ئەگینا لەبنەڕەتدا باوەڕی بە مافی کورد لە دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی نەبووە. بۆیە زۆری نەبرد، لە کورد کەوتەوە سەر پاشوو و بەرمەبنای بەرژەوەندییە تەماحکار و چڵێسەکانی، بە ڕێککەوتنی (لۆزان)، دوا بزماری لە تابووتی خەونەکانی کورد دا، وەک چۆن لە تۆڵەی نەوت و گازی لەدەستچووی کوردستان، بە شێنەیی و شاراوەیی، بە بێدەنگی و ژێربەژێر، لە 16ی ئۆکتۆبەر پیلانێکی ژەهراویی داڕشت و کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی بۆ ئێران خستە سەر سفرەی زێڕین!


ڕۆژهەڵاتناسی ڕووسی (لازاریف)یش لە کتێبەکەی خۆی بە ناوی (کۆڵۆنیالیزم و پرسی کورد) بەڕوونی ئاماژەی بەوە داوە کە: ”ڕۆڵی بەریتانیا لە دژی کورد لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانی چڕتر بووەوە. بە جۆرێک بەریتانیا هەموو هەوڵەکانی خۆی بۆ پارچەکردنی کوردستان و لەناوبردنی شۆڕشەکانی کورد بوو لە هەر یەکە لە تورکیا، عێراق و ئێران. بۆ ئەمەو بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان و گەمارۆدانی کورد و ڕێگاگرتن لە یەکگرتنەوەیان، چەندین ڕێککەوتنی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا مۆر کرد”.


مێژووی شکستەکانی کورد پێمان دەڵێ، پیلانگێڕییەکانی ڕۆژئاوا و بەتایبەتیش هی بەریتانیا، هۆکاری سەرەکین لە هەموو ئەو کوشتوبڕ و جینۆساید و دەربەدەری و ئاوارەییەی بەدرێژایی سەت ساڵی ڕابردوو بەسەر گەلی کورددا هاتوون. ئەوە بۆیەشە کورد بووەتە ئایکۆنی قوربانییەکانی دەستی سیاسەتی ستەمکارانەی کۆڵۆنیالیزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەو ستەمکارییەی هۆکارەکەی بۆ پارچە پارچەکردنی کوردستان لە لایەن بەریتانیا و دابەشکردن و لکاندنی هەر پارچەیەکی بە دەوڵەتێک دەگەڕێتەوە.


لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوە و ڕاپەڕین و شۆڕشە نەتەوەییەکانی کورد لە چوارپارچەی کوردستان لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، کە دەسپێکی ژەهراویترین پیلانگێڕیی دابەشکاریی کوردستانە، خەبات و تیکۆشانی کورد، جگە لە دەوڵەتە داگیرکرەکانی کوردستان، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆش لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا (لەناویاندا بەریتانیا) ڕووبەڕووی سەرکوتکردن بووەتەوە. بەقەد دوژمنایەتیی دەوڵەتانی عێراق و ئێران و تورکیا و سووریا و سیستەمە حوکمڕانەکانیان بۆ کورد، بەشێکیش لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، نەیار و ناکۆکیی سەرسەختی کورد و مافە ڕەواکانی بوونە، بۆیە ئەگەر لە قۆناغێکی دیاریکراو و لەسای هەلومەرجێکیشدا وەک تاکتیک پشتیوانییان لە داخوازیی کورد کردبێت، ئەوا وەک ستراتیژ هەمیشە دژی ئەم خواست و داوایانەی وەستاونەتەوە. بە مانایەکی دیکە، هەر کات سیستەمە حوکمڕانەکانی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان داگیر کردووە، بە میزاج و ویستی ئەو وڵاتانە نەجووڵابنەوە، ئەوا کورد کارتێک بووە بە دەستیانەوە، لەو شوێنەشدا کە سیستەمەکان چوونەتەوە ژێر باری وەسیەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئەوانیش کورد و بزووتنەوە و شۆڕشەکانی کورد و تەنانە ئەزموونەکانی دەوڵەتداریی کوردیان کردووەتە قوربانی.


کورد ئەزموونی تاڵی لەگەڵ هەر یەک لە ڕووسیا، بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەمەریکادا هەیە، کە ڕەنگە تاڵترینی ئەو ئەزموونانەیشی لەگەڵ بەریتانیا و ئەمەریکا بووبێت، کە تا ئەم چرکەساتەش بەدەست درۆ و دووڕوویی و بێمتمانەیی و بێبەڵێنییەکانیانەوە دەناڵێنێت. ئەزموونی مێژوویی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەیی کورد لە ماوەی سەدەی ڕابردوو و تا ئەمڕۆ لەگەڵ ڕۆژئاوا ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێ، کە هەمیشە کارتی (ڤیتۆ)یان لە دژی داخوازی و مافە ڕەواکانی کورد لە بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەییدا بەرز کراوەتەوە. بۆیەشە لە ڕێککەوتنی سایس - بیکۆ (1916) تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، سەرەڕای هەندێ گۆڕانکاریی ڕووکەش لە سیاسەتی ئەو وڵاتانە و هاوسۆزییەکی کاتی بۆ دۆزی کورد، دەنا ڕۆژئاوا و بەتایبەتی بەریتانیا، وەک ستراتیژ، هەمیشە دژی خواستەکانی کورد و پاراستنی سنوور و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی دەوڵەتانی (نەک وڵات!)ی عێراق، تورکیا، ئێران و سووریا وەستاونەتەوە.


لەکاتێکدا وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی بەریتانیا بە دابەشکردنی میراتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، چەندین نەتەوە و پێکهاتی جیاوازیان لە شام و حیجاز و کەنداوی عەرەبی و باکووری ئەفریقیا و ناوچەی بەڵقان و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا کردە خاوەن دەوڵەت و هاوکاریان بوون لە بوون بە ئەندام لە (کۆمەڵەی گەلان) و دواتریش لە (نەتەوە یەکرگرتووەکان) کە ژمارەی هەندێ لەو دەوڵەتانە بەیەکەوە و بەسەر یەکەوە ناگاتە نیوەی ژمارەی کورد، کەچی سەرەڕای پەیمانی سیڤەر و دداننان بە مافی کورد، تا ئەمڕۆش وڵاتێکیان بە کورد رەوا نەبینی، بە کوردستانی خۆشیانەوە، کە بەریتانیا وەک گۆشتی خێر بەسەر عەرەب و تورک و فارسدا بەشییەوە!


بەهەرحاڵ، ئەگەر بەخێرایی ئاوڕێک لەو ئەزموونانەی کورد بدەینەوە کە بەریتانیا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، ڕۆڵی لە لەناوبردنیاندا هەبووە، ئەوکاتە بە لامانەوە سەیر نابێت، کە بەریتانیا لە سەدەی بیست و یەک و بە بەرچاوی هەموو دونیاوە، دوای دوو هەزار شەهید لە جەنگی تیرۆر، کورد و دەسکەوت و قوربانیدانەکانی، بکاتە پارووێکی چەور و بیخاتە قورگی (عەبادیی ڕەگەزنامە بەریتانی!) و حکوومەتی عروبەوی و مەزهەبیی عێراق. ڕاپەڕینی میر بەدرخان (1842 - 1847) و دنەدانی مەسیحییە ئاشوورییەکان لە دژی ڕاپەڕینەکە لەلایەن بەریتانیا و هەڕەشەکردنی لە تورکیای ئەوکات، کە ئەگەر ئەم ڕاپەڕینەی کورد سەرکوت نەکات، ئەوا بە خۆی ڕاستەوخۆ دێتە ناو وڵاتەکە و بە ئاگر و ئاسن کۆتایی پێ دەهێنێ.


ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵای نەهری (1880 - 1883) کە یەکێکە لە دیارترین تەڤگەرە شۆڕشگێڕییە نەتەوەییەکانی، نموونەیەکی دیکەیە لە قوربانییەکانی سیاسەتی دژە کوردی بەریتانیا، کە لەمیانی کۆمەکیکردنی سەربازیی سوپای ئێرانیدا، ڕۆڵی لە دامرکاندنەوەی ئاگری ڕاپەڕینەکە و کۆتاییهێنان بە شۆڕشەکەی شێخی نەهریدا بینی. وەک چۆن بەریتانیا کەم و زۆر، ناڕاستەوخۆ، ڕۆڵی لە لەناوبردنی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران (1925)یشدا بینی.


ڕۆڵی کاریگەر و بەرچاو و ئاشکرای بەریتانیا، لە دژی مافەکانی کورد و هەوڵ و خەباتیان بۆ بونیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەیی، لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانیدا زیاتر دەرکەوت، بۆ ئەمەش پارچە پارچەکردنی کوردستان و دابەشکردنی بەسەر دەوڵەتەکانی عەرەب و تورک و فارسدا، مەترسیدارترین سیاسەت و ستراتیژی دوژمنکارانە بوو. دوای پرۆسەی دابەشکردنی کوردستان، بەریتانیا بە هەموو هێزیەوە، لە هەر یەکە لە عێراق و تورکیا و ئێران، دژی هەر هەوڵ و تێکۆشانێکی کورد بۆ شۆڕش و ئازادی و جیابوونەوە وەستایەوە. لەو نێوەدا نەک هەر هاوکاریی سەربازی و لۆجیستیی حکوومەتی ئەو دەوڵەتانەی کرد لە دژی کورددا، بەڵکوو لە هەندێ شوێن و قۆناغدا بۆ خۆی و بە ڕاستەوخۆ، بە ئاگر و ئاسن، بە تانک و تۆپ و تەیارە، کەوتە وێزەی کورد و بزووتنەوە و شۆڕشەکانی، وەک ئەوەی لە باشووری کوردستان و لە سەردەمی حوکمڕانیی پاشایەتیی عێراقدا، دەیان جار هێزی زەمینی و ئاسمانیی خۆی، دژی بزووتنەوە و ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی (شێخ مەحموودی نەمر 1918 - 1922) و (شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ ئەحمەد بارزانی 1927 - 1932) و (مەلا مستەفا بارزانی 1943 - 1945) بەکار هێنا.


ئەوەی لە باکوور و باشووری کوردستان، بەریتانیا لە دژی ئیرادەی کورد کردی، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەر درێغیی نەکرد. بۆ نموونە وەک چۆن لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا بەریتانیا پشتیوانیی ئیمپراتۆریەتی قاجارییەکانی لە دژی جووڵانەوەی کورد کرد، بە هەمان شێوە، لە سەرەتای سەدەی بیستەم پشتیوانی و هاوکاریی پەهلەوییەکانی کرد لە سەرکوتکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕیی کورد، بەتایبەتی لە پەردەپۆشکردنی ئەو قەسابخانە و کۆمەڵکوژییانەی دەوڵەتی ئێران لە دژی خەڵکی مهاباد و کرماشان ئەنجامی دان. دامرکاندنەوەی ئاگری شۆڕشی (سمکۆی شکاک 1920 - 1926) و لەناوبردنی سەرکردەی شۆڕشەکە بە هاوکاریی بەریتانیا، لاپەڕەیەکی دیکەی ڕەشی ئەزموونی کوردە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا. هاوکات دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مهاباد بە سەرۆکایەتیی (پێشەوا قازی محەممەد 1946)، ئەو کاتەی کە ئینگلیز باشووری ئێرانی داگیر کردبوو، نەک هەر ددانی بە کۆمارەکەدا نەنا، بەڵکوو هەموو هەوڵێکی دا بۆ ئەوەی قەڵەمڕەویی دەسەڵاتی کۆمار فراوانتر نەبێت و شارە کوردییەکانی دیکە نەگرێتەوە. نەک هەر ئەوە، بەڵکوو پاش ئەوەی ڕووسیا ناوچەکەی چۆڵ کرد، بە ڕەزامەندی و ئاگاداریی بەریتانیا، هێزەکانی ئێران هاتنە کوردستان و کۆمارە ساواکەیان لەناو برد و پێشەوا و هەڤاڵەکانیشیان لەسێدارە دا.