مه‌مله‌كه‌تى هه‌ورامان... پڕاوپڕ له‌ ڕه‌سه‌نایه‌تى و هونه‌ر

ماریا هه‌ورامى به‌نموونه‌

دنیاى هونه‌ر به‌گشتى و سروشتى گۆرانی به‌تایبه‌تى، پڕ له‌ چێژ و ماناى قووڵى ده‌روونییه‌، كه‌وابێ گۆرانی هه‌ناسه‌ى ژیان و شیعرى ویژدانه‌، پڕ له‌فه‌نتازیاى عه‌شقه‌، ته‌نیا هونه‌رمه‌ندى ده‌نگخۆش له‌ ڕاز و نیاز و چپه‌كانى تێده‌گا، هه‌ر بۆیه‌ش سایكۆلۆژیاى مرۆڤ ده‌خوازێ هاوپه‌یمانى و ژووانى له‌گه‌ڵ ده‌نگى موزیك و گۆرانیدا هه‌بێ، هه‌روایشه‌، توێژینه‌وه‌كانى زانستى و ده‌روونی هه‌میشه‌ ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه‌ کە مرۆڤ په‌یوه‌ندییه‌كى توندوتۆڵ و ڕاسته‌وخۆى له‌گه‌ڵ ده‌نگى له‌رینه‌وه‌ى ترپه‌ى دڵى كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ى گه‌ڵاى پاییزدا بۆ زه‌وى هه‌یه‌، چونكه‌ گۆرانى و مۆزیك ده‌زگیرانى مرۆڤن، خه‌م و ئازاره‌كانى ڕۆژانه‌ى پێ ڕاده‌ژه‌نێ، بۆ نموونه‌:


ئه‌گه‌ر گوێبیستى شوانێك بین خۆى و شمشاڵه‌كه‌ى بنباخه‌ڵى، وێڕای ڕانه‌مه‌ڕ و ماڵاتى ڕۆژانه‌ى به‌و بنار و كه‌ژ و كێوه‌وه‌، بۆ ڕه‌وینه‌وه‌ى ماندووبوون و ده‌ستله‌ملانى وێنه‌ و دیمه‌نى سروشتى دڵڕفێن و ده‌نگ و زه‌نگى زه‌نگوڵه‌ى گه‌ردنى به‌رخۆله‌ و هاژه‌ى ئاو و له‌رینه‌وه‌ى گیا و نمایشى ده‌شت و ده‌ر و كێو و بنار و شاخ، هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ى بزواندنى ناخ و دڵ و ده‌روون، به‌دوایدا ده‌نگى خۆش و پاك و بێ گرێى كاكه‌ى شوان، سروشتیش هێنده‌ى تر ده‌نه‌خشێنێ و له‌ خۆشیى ده‌نگى شمشاڵ و ئاوازه‌كانى كاكه‌ى شوان مێگه‌ل هه‌موو مه‌ست و به‌ كه‌یف و چالاك ده‌بن، ئه‌گه‌ر ته‌نیا سروشتى هه‌ورامانى له‌مه‌ڕ خۆمان وه‌ربگرین، ده‌بینین نیشتمانمان لێوان لێوه‌ له‌ مۆزیك و گۆرانى، هه‌ر لێره‌وه‌ش ده‌كرێ ده‌نگى خۆش و ساز ببیستین، به‌ڵام بۆ هونه‌رى گوێگرتن (ئه‌ریك فرۆم) 1900-1980 پێی وایه‌، ده‌بێ بیسه‌ر چ شتێكى گرنگى له‌ مێشكدا نه‌بێ، پێویسته‌ به‌ چاكترین شێوه‌ ده‌رباز بووبێت له‌ نیگه‌رانیى و ته‌ماح و چڵێسی، چونكه‌ هونه‌رى گوێگرتن بریتییه‌ له‌ ته‌ركیزێكى ته‌واو له‌لایه‌ن گوێگره‌وه‌.


دێمه‌ سه‌ر مه‌به‌ستى سه‌ره‌كیى باسه‌كه‌م و ده‌ڵێم، لێره‌دا ته‌نیا له‌سه‌ر ده‌نگى ماریا هه‌ورامى ده‌وه‌ستم، ئه‌و ده‌نگه‌ى له‌ هه‌ناویدا هه‌ڵگرى كۆمه‌ڵێك ژانرى هونه‌رى و ستاتیكایه‌، ده‌كرێ ئه‌وه‌ به‌ ڕه‌واى هه‌قى هونه‌رى بزانم و بڵێم ماریا هه‌ورامى ده‌نگى (سۆپرانۆ)یه‌، چونكه‌ له‌ هه‌ر چریكه‌یەكدا توانایه‌كى ده‌ربڕینى باشى هه‌یه‌، په‌یامى ده‌قى گۆرانی زۆر به‌سه‌ركه‌وتوویى ده‌گه‌یەنێت، واته‌ وشه‌ به‌ مه‌ڵاشوویه‌وه‌ نانووسێ و به‌ لووت گۆرانى ناڵێ، به‌ ڕوونى به‌رامه‌ و چێژى هونه‌رى به‌یان ده‌كا و ده‌چوێنێ و ماریا هه‌ورامى ده‌بارێنێته‌ جه‌سته‌ى گۆرانییه‌كه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ڕه‌گه‌زێكى گرنگ و به‌رچاوى گۆرانیى سه‌ركه‌وتووه‌، چونكه‌ هێزێكى هونه‌رى له‌ تواناى ئه‌دا و ده‌ربڕینیدا هه‌یه‌.


مامۆستا عه‌باسى كه‌مه‌ندیى به‌هه‌شتیى 1952-2014 ئه‌و ده‌نگه‌ فریشته‌ییه‌ى بووه‌ته‌ ناسنامه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ چه‌پكێك شاكارى گۆرانیى پێشكه‌ش كردووین، كه‌ كورد بۆ هه‌میشه‌ ده‌بێت شانازییان پێوه‌ بكات، یه‌كێك له‌و گۆرانییه‌ زۆر خۆش و دڵنه‌رمانه‌ى كه‌ له‌به‌ر دڵانه‌ زۆر به‌ به‌هره‌مه‌ندى و سه‌لیقه‌وه‌ خوێندوێتى، گۆرانى (من و تۆ)یه‌، تێكستى گۆرانییه‌كه‌ نووسینى كه‌مه‌ندییه‌، خۆشترین و له‌بارترین ئاوازى بۆ داناوه‌، كه‌ ده‌بێته‌ سه‌ره‌كیترین ڕه‌گه‌زى دیارى گۆرانی، پاشان هه‌ر له‌ خۆشیى و به‌رزیى ئه‌و میلۆدیه‌ جوانه‌، ماریا هه‌ورامى زیره‌كانه‌ ئه‌و گۆرانییه‌ى هه‌ڵبژاردووه‌، كه‌ ته‌واو له‌گه‌ڵ ده‌نگ و توناى ده‌ربڕیندا ئاوێزان ده‌بێ، ڕوونتر بڵێم، هه‌ر به‌و ئاراسته‌یه‌ دیاره‌ و كه‌وتووەته‌وه‌ كه‌ ئه‌و ده‌نگبێژه‌ ڕاسته‌وخۆ خۆى خاوه‌نى چیرۆكى گۆرانییه‌كه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ (ستانلاڤسكى) پێی وایه‌ له‌ كارى هونه‌ریدا ئه‌گه‌ر شاگردێك له‌ وه‌ستاكه‌ى تێنه‌په‌ڕێنێ، چاكتر وایه‌ ده‌ست بۆ كاره‌كه‌ نه‌با و نه‌یشێوێنێ، به‌ڵام لێره‌دا كاره‌كه‌ى ماریا هه‌ورامى ئه‌وه‌نده‌ جوان و سه‌ركه‌وتووه‌، توانیوێتى دره‌وشاوه‌ترین تواناى هونه‌ریى خۆى له‌ گۆرانییه‌كه‌دا به‌رجه‌سته‌ بكا، شه‌ونمى خۆشه‌ویستیى پێدا بپڕژێنێ، هه‌ڵبه‌ت له‌گه‌ڵ ڕێزى زۆر و خۆشه‌ویستیم بۆ مامۆستا كه‌مه‌ندى، ئه‌مه‌ هیچ له‌ به‌هاى ده‌نگ و گه‌وره‌یى گۆرانییه‌كه‌ى به‌ڕێزیان نه‌ك كه‌م ناكاته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌شقێكى بێ وێنه‌ى خاتوو ماریا هه‌ورامیى ئازیزه‌، كه‌ جوانترین ده‌ق و گۆرانیى هه‌ڵبژاردووه‌، كه‌ له‌ تواناى ته‌واوى به‌هره‌ى ده‌نگى ئه‌ودایه‌، گۆرانییه‌كه‌ى شیرینتر و پڕ له‌ مۆزیكى ده‌نگ كردووه‌، ئافه‌رین بۆ خاتوو ماریا هه‌ورامى بوێر و هه‌ڵكه‌وته‌ و ده‌ركه‌وته‌ى هه‌ورامانى نیشتمانى كورد، ده‌نگى زوڵاڵى په‌یام و ناسنامه‌ى گه‌لێكى دێرینه‌.


ده‌بێ ئه‌و ڕاستییه‌ش بڵێم و نه‌یشارمه‌وه‌، كه‌ پێشتریش ده‌یان خانمى ده‌نگخۆش و به‌توانا له‌ بوارى گۆرانییدا ناودار و له‌به‌رچاوان بوون، دره‌وشاوه‌ترینیان خاتوو (نه‌كیسا)ى بوێر بوو، كه‌ پیره‌مێردى فه‌یله‌سووف و شاعیر به‌شانازییه‌وه‌ شیعرى بۆ نووسیوه‌.