با رێگا بدەین رەنگ و تام و دەنگی تازە بڕژێتە ناو ژیانی منداڵەکانمانەوە

حەوت وێستگەی کراوەی تەمەن - 42

نووسینی: ئۆشۆ 
و. شێرزاد حەسەن

 

پرسیار: ئۆشۆ-ی خۆشەویست.. باشترین شێواز و رێگاچارە چییە بۆ یارمەتیدانی منداڵەکانمان بۆ گەشەکردن؟
وەڵام: ئەمڕۆکە زۆرینەی وڵاتانی دونیای پێشکەوتوو ئەو قۆناغەیان بەجێ هێشتووە، کە پڕ بوو لە ترس و بیم و تۆقین، سەبارەت بە تێکەڵکردنی کچان و کوڕان، چونکە کەسانی پەروەردەکار و خەمخۆر بۆ کۆمەڵگای خۆیان و شارستانی بوون، گەیشتنە ئەو دیدگا و بڕوایەی کە نە سروشت و نە زانست و نە ئاسمان ئەو جیاکردنەوە و هەڵاوێردکردنە ناخوازێت، بەڵکوو خودی ئەم ترس و نیگەرانییە وا دەکات کۆمەڵگایەکی نەخۆش و دەردەدار بە سەدەها گرێی دەروونییەوە هەموان گیرۆدە و بەدکار و شەڕانگێز بکات.


دەی گریمان کچەکان و کوڕەکان لە باری سۆزداری و بگرە حەزەوە بەر یەکتری دەکەون، بگرە هۆگری یەکتری دەبن، جا گەر وا نەبێت لە ئایندەدا کە تەمەنی منداڵی هەرزەیی و هەم گەنجییەتیان بڕی، ئەوسا تێکەڵیان بکەین وەک لە ژمارەیەکی کەم یان زۆری دونیادا وا دەکەن، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلامی، ئەوسا پتر لە یەکدی نامۆ دەبن، شەرم و ترس هەموو رەفتار و ئاکارێکیان دەشێوێنێت، بگرە پەیوەندییەکی زێدە ناتەندروست دەگوزەرێنن، وەک ئاشکرا لە قۆناغی خوێندنی زانکۆییدا هەموومان هەستی پێ دەکەین، بەڵام خۆ ئەوان تەگە و بزن نین و ئێمەش شوان و گاوان، گەر سروشت توانیبێتی یاسا و رێسا و وەرزێک بۆ گیاندارەکان دابنێت، کە وا بکات خۆڕسکانە فاڵ لە یەکتری بخۆن و سەرگەرمی زاوزێ بن، ئەوا بۆ ئێمەی مرۆڤ کە هەموو وەرزەکان کراوەن، حیکمەتەکەی ئەوەیە کە ئێمە خاوەنی ئەو ئاوەز و هۆشیاری و هەستەین، کە لە رێگەی پەروەردەیەکی دروست و زۆر باڵاوە دەتوانین ژیانی سۆزداری و سێکسیی خۆمان رێک بخەین، کە ئاو لێڵ نەکات. هەڵبەتە ئێمەش بۆ هەزارەها ساڵ ژیانێکی کێوییانە ژیاوین، دەلوێت دانی پێدا بنێین کە زۆر لەمێژ نییە جەنگەڵ و دارستانەکانمان بەجێ هێشتووە، تازە بە تازە خەریکە خۆ دەناسین.


با وەک دایکان و باوکان و مامۆستایان و کەسانی خەمخۆر رێگا بدەین، رەنگ و تام و دەنگی تازە بڕژێتە ناو زیندەگیی فەرزەندەکانمانەوە، وەک گوتمان ئەوەی کە کچەکان و کوڕەکان لە تەمەنێکی زۆر کاڵەوە مافی خۆیانە یەکتری بناسن، لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا خۆڕسکانە و بە شێوەیەکی سروشتی بە یەکدی ئاشنا دەبن، دیارە بە چاودێریی ئێمەی گەورەساڵ و دوور لە تۆقاندن دەکرێت کۆمەک بەوان بکەین، گەر وا نەکەین مەترسیدارە و رەنگە دواتر خۆمان و ئەوان پێکەوە دوچاری دراما و کارەسات بین، ئەو خەم و پشێوی و سەرلێشێوانەی ئێمە تێی دەکەوین، سەرچاوەکەی نەفامی و ناتێگەیشتنی ئێمەیە سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵەکردنمان دەگەڵ فەرزەندەکانمان، لە باری سۆزدارییەوە، ئەوان ناچارن بۆ سۆز و خۆشەویستیی درۆ و ساختە بگەڕێن، گەر ئێمە وەک دایکان و باوکان و کەسوکار و مامۆستا و کەسانی نزیک پێیان، سۆز و خۆشەویستی نەبەخشین، ئەوەی کە لای ئێمە وەدەستی نەهێنن، لە هەر شوێنێک و لای هەر کەسانێکەوە دەستیان بکەوێت، هەتا گەر کۆپی و فاڵسۆ و ساختەش بێت، ئەگەری ئەوە زۆرترە باوەشی بۆ بکەنەوە.


با لە ژیانی خۆیاندا و بۆ باری سۆزداری وەک کەسانێک کە مەرجە خودگەرا بن و پێ بگەن، با ئێمە بواری مەشق و راهێنان و پڕاوەکردنیان بۆ خۆش بکەین، ئەگینا رۆژێک دێت کە ئێمەی گەورە و تەمەندار هێدمەگرتی دەبین، شۆک و خورپەی دڵ لە پەلوپۆمان دەخات، کە هەست بکەین هەرچی ئێمە لێمان قەدەغە کردوون، ئەوان بەدزییەوە و لەپشت پەردەوە هەر هەمووی بە زیادەوە و هەم بە دیوە زۆر خراپ و ناجۆرەکەی، کایەی تێدا دەکەن و هەم تێوە گلاون و گیرۆدە بوون، بە ئەندازەیەک کە نەتوانین قوتاریان بکەین.


بەداخەوە کە هێشتا بە ملیۆنەها کەس لە جیهانی ئەمڕۆکەدا ماون کە رێک پێچەوانەی ئێمە بیر دەکەنەوە، کە بڕوایان وایە کە مەرجە لە تەمەنێکی زۆر ساوادا کچان و کوڕان لە یەکتری جیا و دوور بن، چونکە شەیتان لە هەموو کون و قوژبنێکدا خۆی مەڵاس داوە، بۆ هەمیشە مێ و نێر بۆ کاری نەنگ و خراپە فریو دەدات، بۆ ئەوان کەسان کە بەدگومانن ژن و پیاوەکان وەک دوو بوونەوەری هەوەسباز دەبینن، کە داماڵراون لە هەموو هەست و نەستێکی پاک و جوان، کە بتوانن مرۆڤ لەدەرەوەی بازنەکانی توخم یان رەگەز و هەوەسدا ببینن، بەڵکوو پێچەوانەکەیەتی کە دەنێو سێکس و هەوەسدا بەند و کەمەندگیریان دەکەین، دیارە ئەوەش سەیر نییە، کە ئێمە خاوەنی پەروەردەیەکی ساغڵەم و تەندروست و مرۆڤپەروەر نەبین. بەم چەشنە ئێمە ژیانی ئەو فەرزەندانەی خۆمان دەشێوێنین، کە خۆمان نەزانین چۆنچۆنی مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین، بڕواشمان بەوە نەبێت بیاندەینە دەست کەسانی شارەزا لە بواری پەروەردەی هاوچەرخ و مرۆڤدۆست، کە بە دوور بێت لە گرێی دەروونی و شەرم و ترس لە رەگەزی بەرامبەر، ئەوسا بێجگە لە خەم و سەرگەردانی و گرفت و کێشەی بێ کۆتایی هیچی دیکە نابینین. ئاسانیش نییە هەموو دەم دەروونناس و کۆمەڵناس و پەروەردەکاری لێزان لەو شوێن و کاتەدا ئامادە بێت، کە ئێمە زۆر خراپ بەرخوردمان لە تەک کچەکان و کوڕەکانمان ناشیرین و کوشندەیە. من بڕوام وایە هەر بە ناوی خۆشەویستی و خەمخۆرییەوە ژیان و زیندەگیی کچەکان و کوڕەکانمان وێران و خاپوور دەکەین.


هەڵبەتە ئەو بازنەی دووەمە کە حەوت ساڵی دیکەی دێتە سەر و لە چواردەدا خۆی تەواو ناکات، بەڵام بۆ مەشق و راهێنان و پڕاوەی ژیانی سۆزداری و هۆگربوون زێدە گرنگ و جێگەی بایەخە، چونکە بۆ ماوەیەکی باش یەکتری دەبینن، دیوارێک لەنێوان کچەکان و کوڕەکاندا نامێنیت لە یەکتریان جیا بکاتەوە، یەکتری دەدوێنن و گفتوگۆی تێر و تەسەل دەوڵەمەندیان دەکات، ئاسانتر دەتوانن تێکەڵی یەکتری بن و هەم سەرگەرمی گەمە و جۆرەها یاری ببن، بەبێ جیاکردنەوەی لەسەر بنەمای کام گەمە و وازی بە کەڵکی کچان دێت و کامەیان بە کەڵکی کوڕان دێت، بەم چەشنە زیاتر ئاشنای یەکتری دەبن، بەم چەشنە مرۆڤایەتی دەتوانێت خۆی لە نەوەد دەر سەدی گرێ و گرفت و ئاریشە و لادان و گۆبەندی خراپ و بگرە کارەساتی گەورەش قوتار بکات. بە واتا خوێندنی تێکەڵاو لە مێ و نێر قازانجەکانی لە بواری پەروەدە و فێرکردندا هەژمار ناکرێن، گەرچی ئەو دەنگانەش هەن کە کۆنەپارێزن و دژی تێکەڵبوون وەستاونەتەوە، کە دیارە ئەم جۆرە بانگەشەیە دژ بە ژیانێکی سەردەمییانە و پێشکەوتنە.

***