ماسۆنی و ئیخوان - 3

 

بزاڤی ماسۆنی هەوڵ دەدات لە هەموو وەڵاتێک تابووری پێنجەمی هەبێت، چاو دەگێڕێت بزانیت کام کەسی گرینگ، تووشی سەرلێشێواوی فیکری هاتووە، ئیشی لەسەر دەکات، بۆ ئەوەی وەک تابووری پێنجەم بەگەڕی بخات. لە ساڵانی پەنجای سەدەی ڕابردوودا، سەیید قوتب کە ناودارترین کادیری ئیخوان دەبێت، لاقی بەو تەڵەیەوە دەبێت کە بزاڤی ماسۆنی بۆی دەنێتەوە، ئاخر ڕۆژنامەی (التاج المصری) کە ئۆرگانی ماسۆنییەکانی میسر بوو، نووسینی کەسانی غەیرە ماسۆنیی بڵاو نەدەکردەوە. سەیید قوتب بۆ خوێندن ڕەوانەی ئەمریکا دەکرێت و دوو ساڵی لێ دەمێنێتەوە، لەوێوە وەک ماسۆنییەکی عەیاری قورس دەگەڕێتەوە.

 

پاراستنی نهێنی لای ئیخوانیش وەک لای ماسۆنی، یەکێکە لە پرەنسیپە گرینگەکان، ئەوەی لە نێوان دوو ئیخواندا ڕوو دەدات لە غەیری ئەو دووانە نابێت کەسی دیکە بیزانێت، با ئەو کەسە تەواو نزیکیش بیت لێیانەوە. (نهێنییەک خۆت نەیپارێزیت، کەسی دیکە بۆت ناپارێزێت، دەبێت لەگەڵ مردنی خۆتدا، نهێنییەکانیش ببەیە گڵەوە!) ئەمە یەکێکە لەو وەسێتانەی ماسۆنی و ئیخوان، بۆیان نییە بە موو لێی لا بدەن. پاراستنی نهێنی بە پلەی یەکەم دێت، با لە هەموو ڕوویەکیشەوە جێی ڕەزامەندیی مەحفەل یان جەماعە بیت، ئەگەر نهێنی پارێز نەبێت، متمانە لە دەست دەدەیت. حیزبێک نیازی پاک بێت و بۆ بەرژەوەندیی گشتی کار بکات، لایەنی نهێنی و شاراوەی نابێت.

 

ئیمیل ئەمین دەڵێت: (ئیخوان دەنگدانەوەی هاواری ماسۆنییە و هەر وایش دەمێنێتەوە.) ماسۆنی و ئیخوان هەردوو لایان ئەندامی هەڵگەڕاوە و نهێنی درکێن بە مەرگ سزا دەدەن، هەردوو لایان سەرەتا هەوڵی شێواندنی ناوبانگی قوربانی دەدەن و دواتر دەیکوژن، ماسۆنی بە شمشێر، ئیخوان بە دەمانچە. لایەنێکی دیکەی هاوبەشی ماسۆنی و ئیخوان ئەوەیە، هەم بایەخ بە میدیا دەدەن و هەم هەوڵی کڕینی ویژدانی ڕاگەیاندنکار دەدەن، بۆ ئەوەی سەروەختی زڕاندنی ناوی قوربانی، سوودیان لێ ببینن. موستەفا ئەلسەباعی ڕێبەری ئیخوانی سووریا کە بە (میانڕۆ) ناسراوبوو، دەڵێت: (ئەگەر ویستمان یەکێک بڕووخێنین، کارێکی پێ دەکەین، مۆساد ناتوانێت پێی بکات.) ئیخوانەکانی کوردستان بۆ زڕاندنی ناوی نەیارانیان سوود لە لڤین وەردەگرن.

 

ئەوی دەبێت بە ئەندامی ماسۆنی، لە ئەتمۆسفیرێکی سەیر و ترسناکدا، بە چاو بەستراوی دەیبەن بۆ لای سەرۆک، کە پەڕۆ لەسەر چاوی لا برا، دەبینێت چەند شمشێرێک دەوری ملیان داوە. مەحموود عەساف کە سکرتێری حەسەن ئەلبەننا بوو، دەڵێت: کە 1944 چووم بۆ ئەوەی بەیعەت بدەم، بۆ ژوورێکی تاریکیان بردم، کەسێک کە لەبەر تاریکی نەدەناسرایەوە، لە دوای مێزێکی نزمەوە چوارمەشقی دانیشتبوو، لەسەر مێزەکە قورئانێک و دەمانچەیەک هەبوو، کە کەسەکە داوای لێ کردم سوێند بخۆم، ئیش بۆ سەرخستنی ئیسلام دەکەم، بە دەنگیدا ناسیمەوە، دامەزرێنەری ڕۆژنامەگەریی ئیخوان: ساڵح عەشماوی (1911- 1983) بوو.

 

یوسف ئەلقەرزاوی، (ئیخوان)ی لە میسر هەڵاتوو کە بە شێخی فیتنە ناوی ڕۆیشتووە، لە کتێبی: (سیره‌ ومسیره‌)دا دەڵێت: (ئیخوان کەسێکیان خۆش بوێت، بۆ حەوتەمین تەبەقەی ئاسمان بەرزی دەکەنەوە، ڕقیان لێی بێت، دەیبەن بە ناخی ئەرزدا.) أبو العلا ماضی کە پارێزەرێکی کۆنە ئیخوانە دەڵێت: (ڕەوتی ئیسلامی نەک هەر ناوبانگی ئەم و ئەوی دەزڕاند، بەڵکوو سڵی لە تیرۆکردنی نەیارانیشی نەدەکردەوە، بۆیە پێویستە بەر لەوەی ڕەخنە لە کەس بگرین، لە خۆمانی بگرین.)

 

گەلێک لەو سەرکردانەی ئیخوان کە بزاڤەکیان بەجێ هێشتووە، باسی پێوەندیی نێوان ماسۆنی و ئیخوانیان کردووە، سەروەت ئەلخەرباوی، کۆنە سەرکردەی ئیخوان، لە کتێبی (نهێنیی پەرستگە)دا دەڵێت: (ئیخوان ئەگەر بەشێکیش نەبێت لە بزاڤی ماسۆنی، ئەوا لە ڕێی سەرکردەکانییەوە، پلانی ماسۆنییەکان جێبەجێ دەکات.) ماسۆنی و ئیخوان وەک یەک سوودیان لە مەکیاڤیللی (1469 - 1527) بینیوە، ئاخر هەردوو لایان بۆ گەییشتن بە ئامانج، سڵ لە گرتنەبەری هیچ ڕێگەیەک ناکەنەوە و هانا بۆ هەموو ئامرازێک دەبن. عەبدوڵڵای دووەمی شای ئوردن، لە گوتوبێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووس (جێفری گۆڵدبێرگ)دا، بۆ گۆڤاری ئەتلانتیک، دەڵێت: (ئیخوان گورگن لە پێستی مەڕدا، بەشێکن لە ماسۆنییەکان، تەنیا وابەستەی ڕێبەری گشتیی خۆیانن و هیچ داوێک نایانبەسێتەوە بە نیشتمانەوە.)

 

ئایا ئەوەی شێوازی کاری ئیخوان لە زۆر ڕووەوە لە هی ماسۆنی دەچێت، ڕێکەوتە، یان زادەی کاریگەرییەتیی دەستەی یەکەمە لە ڕێبەرانی ئیخوان کە پێوەندییان بە ماسۆنییەوە پتەوبوو؟ بەگوێرەی ڕای ئاشکرای ئیخوان، ماسۆنی: ڕێکخستنێکی یەهوودی، جیهانی، نهێنی، تەمومژاوی و تیرۆریستە، بەرەڵایی و بێدینی بڵاو دەکاتەوە و هەوڵ بۆ ئەوەیش دەدات جوولەکە دەست بەسەر دونیادا بگرێت، ئەوەیشی دروشمگەلی وەک ئازادی، برایەتی و یەکسانی بەرز دەکاتەوە، بۆ فریودانی خەڵکە. بەڵام ئەم پێناسەیەی ئیخوان بۆ ماسۆنی، بەس نییە بۆ ئەوەی، چاوپۆشی لە پێوەندیی پتەوی نێوان ئیخوان و ماسۆنی بکەین، ئاخر بۆ چاوبەستە.

 

سەرهەڵدانی ماسۆنی لە میسر، بۆ ئەو وەختە دەگەڕێتەوە کە ناپلیۆن 1798 میسر داگیر دەکات، ئاخر هەر ئەوسا جەنەڕاڵ )کلیبەر)ی ماسۆنی (1800 - 1853) کە دوای گەڕانەوەی ناپلیۆن، دەبێتە فەرماندەی لەشکرەکەی فەرەنسا، لە میسر کۆڕبەندێکی ماسۆنیی دادەمەزرێنێت. لەوە بەدواوە زۆر لە ئەندامانی ماڵباتی پاشا، بە (شا فوئاد)یشەوە، زۆر لە سەرانی حیزبە میسرییەکان بە سەعد زەغلوولیشەوە، بە ماسۆنییەکانەوە پێوەست دەبن. جەمالەددینی ئەڤغانی (1838 - 1897) و موحەممەد عەبدە (1849 - 1905) کە دوو سەری زلی بزاڤی فیکریی ئیسلامیین، سەر بە ماسۆنییەکان دەبن و یەکەمیان کە لە مەحفەلی ماسۆنیی فەرەنسایی جودا دەبێتەوە، پێوەندیی بە مەحفەلی ماسۆنی ئینگلیزییەوە دەکات. موحەممەد عەبدە هاوزەمان ماسۆنی و موفتیی میسریش بووە. حەسەن ئەلبەننا کە شاگردی ئەڤغانی و عەبدە بوو، ئەوەی لێ چاوەڕێ دەکرا، شوێنپێی وان هەڵبگرێت، هەر وایشی کرد. سەیید قوتبیش کە بە تیۆریستی ئیخوان هەژمار دەکرێت، خۆی ئەوەی ڕەت نەکردووەتەوە کە ماسۆنی بووە و یەکێک بووە لە نووسەرانی ئۆرگانی ماسۆنییەکانی میسر. (حەسەن ئەلهەزیبی)یش (1891 – 1973) کە دووەمین ڕێبەری ئیخوان بوو، هیچ گومان لە ماسۆنیبوونی نەبوو.

 

(زایۆنی، بە ئاشکرا بزاڤێکی یەهوودییە، - ماسۆنی - یش هەر بزاڤێکی یەهوودییە، بەڵام بە نهێنی. کە خەڵکانی غەیری جوولەکەیش دەبن بە ماسۆنی، ئەوە لەبەر بەرژەوەندیی تایبەتییە.) بەگوێرەی کتێبی پیرۆز، سولەیمان پەیامهێن کە کوڕی داوود پەیامهێن بووە، بە فەرمانی خوا لە ئۆرشەلیم ئەو پەرستگەیەی دروست کردووە کە بە هەیکەلی سولەیمان ناسراوە و بەر لە زایین دوو جار و لە سەدەی یەکەمی زایینشدا جارێک خاپوور کراوە. هەیکەلی سولەیمان گوایە وەختی خۆی لەجێی ئێستای مزگەوتی ئەقسادا، (ژێر گومبەزی بەردین) ڕۆنراوە، بەڵام موسوڵمانان ئەوە بە ڕاست نازانن. لۆگۆ ئەندازەیییەکەی ماسۆنی لەو هەیکەلەوە خوازراوە و کە خۆیشیان بە بیناساز ناودێر دەکەن، مەبەستیان بیناکردنی ئەو هەیکەلە پیرۆزەیە.

 

ئەستێرەی داوود و پەرستگەی سولەیمان چەند بە لای ئیسرائیلەوە گرنگن، هێندەیش لای ماسۆنی جێی بایەخن. بزاڤی ماسۆنی لە سەرەتاوە، ناوی هێزە نهێنییەکە بووە، دواتر بۆ ئەوەی لە ڕووی یاسایییەوە کێشەی بۆ دروست نەبێت، ناوی خۆی گۆڕیوە بە (برایانی بیناساز،) ئیخوان لەو (برایان)ەوە هاتووە. لوبنان لای ماسۆنییەکان بایەخێکی زۆری هەیە، گوایە بیناسازێک کە ناوی حیرام ئابیف بووە، ئەندازیاری پەیکەری سولەیمان بووە. مەزاری ئەو بیناسازە کە پاشای شاری (سوور)یش بووە، لە گوندی (حەنناوییە)ی نزیک شاری (سوور)ە، ماسۆنییەکانی دونیا بە جێیەکی پیرۆزی دەزانن و سەردانی دەکەن. کە 1982 ئیسرائیل لوبنانی داگیر کرد، مەناحیم بیگن داوای لە لوبنانییەکان کرد، شوێنپێی حیرام ئابی هەڵبگرن و ددان بە ئیسرائیلدا بنێن.

 

کەی بزاڤی ماسۆنی دامەزرا؟ کێ دایمەزراند؟ لەکوێ دامەزرا؟ جورجی زەیدان (1861 – 1914) نووسەری گەورەی میسری کە بە ئەسڵ لوبنانی بوو، کریستیانێکی ماسۆنی بوو، وێڕای مێژووی ئیسلام، دیرۆکی بزاڤی ماسۆنیشی نووسیوەتەوە. وەک ئەو باسی دەکات، بیروڕای جیاواز دەربارەی کات و شوێن و دامەزرێنەری بزاڤی ماسۆنی هەیە. زۆرینە پێیان وایە، وەک ڕێکخستن، سەرەتای سەدەی هەژدەیەم لە لەندەن دامەزراوە، هەیە دەڵێت: کۆمەڵەی خاچی پەمەیی کە 1616دا سەری هەڵداوە، کۆمەڵەیەکی ماسۆنی بووە. هەیە دەیباتەوە بۆ سەردەمی شەڕی خاچپەرستان، هەیە دەیباتەوە بۆ پێش زایین و دەڵێت لە هەیکەلی سولەیماندا دامەزراوە. تەنانەت قسەی وایش کە ئادەم دامەزرێنەری بووە و لە بەهەشتدا دامەزراوە! کە ئەم دوو بۆچوونەی دوایی لە ئەفسانەوە نزیکترن.

 

بە گوتەی جورجی زەیدان و شاهین مەکاریۆس (کە ئەمیشیان ماسۆنییەکی میسری بە ئەسڵ لوبنانییە،) پێکهاتنی مەحفەلی ماسۆنی لە میسر، بۆ ساڵی 1798 بۆ دوای هاتنی ناپلیۆن، دەگەڕێتەوە. لە سەرەتاوە زۆرینەی مەحفەلە ماسۆنییەکانی میسر لە کەسانی بێگانەی دانیشتووی میسر پێک دەهاتن. دواتر هەندێک سەرکردەی ڕیفۆرمخوازی وەک ئەڤغانی، موحەممەد عەبدە و سەعد زەغلوول بە بزاڤی ماسۆنییەوە پێوەست دەبن، بەڵام هەر زوو ماسۆنی دەبێتە بزاڤێکی نانیشتمانی و دژ بە خواستەکانی گەلی میسر. کە ئەوە ئاشکرا دەبێت، زۆرینەی ماسۆنییە میسرییەکان پێوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە، 1964 بزاڤەکەیان قەدەغە دەکرێت و هەموو ئەو سەنتەرانەی گومانی ماسۆنیبوونیان لێ دەکرێت، دادەخرێن. جورجی زەیدان وێڕای عەرەبی، عیبری، سریانی، فەرەنسایی و ئینگلیزیشی دەزانی، گۆڤاری ناوداری (هیلال)، بەری ڕەنجی ئەوبوو. (ئەلـلەتائیف)، یەکەم گۆڤاری ماسۆنی بوو لە میسر دەربچێت، شاهین مەکاریۆس خاوەنی بوو.

 

د. عەلی شەلەش کە پسپۆڕی بزاڤی ماسۆنییە لە میسر و دونیای عەرەبدا دەڵێت: (ڕەمزە گەورەکانی میسر لە بوارەکانی فیکر و ئەدەب و سیاسەتدا، زانیارییان لەبارەی ئامانجی ماسۆنییەوە هەبوو، وەلێ پێیان وابوو دەتوانن لە قازانجی خۆیان بیخەنە گەڕ، بەڵام بە پێچەوانەوە کەوتەوە.) ئەحمەد فەرەحات دەڵێت: (ئەوە لە گومان بەدەرە، ئیخوان موسلیمین هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە، لەڕێی ئیخوان ماسۆنەوە، پێوەندیی بە بزاڤی زایۆنییەوە هەبووە. بۆ ئەوەی کەس پێی وا نەبێت، ستەمیان لێ دەکەم، بەڵگە لە قسەی خۆیان دەهێنمەوە. پارێزەر: سەروەت ئەلخەرباوی کە یەکێک بوو لە سەرکردەکانی ئیخوانی میسر، 2003 وازی لێ هێنان و کتێبێکی بەناوی: (نهێنیی پەرستگە)وە لەسەر بڵاو کردنەوە کە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، تێیدا دەڵێت: ئیخوان ڕێکخستنیکی ترسناکی ماسۆنییە، نهێنییەکانی لە سندووقێکدا لای کاهینە گەورەکانی پارێزروان.)

 

ئەلخەرباوی دەنووسێت: (کە خوێندکاری ماف بووم، کتێبەکەی کۆنە مەرجەعی ئیخوان: شێخ موحەممەد غەزالیم بەر چاو کەوت کە تێیدا دەڵێت: ڕێبەری دووەمی ئیخوان، حەسەن ئەلهەزیبی ماسۆنی بووە، بڕوام پێ نەکرد، دواتر کە گەڕامەوە بۆ لای کتێبەکەی هەستم کرد، لێکدانەوەکانی هەموویان دروستن.) کە حەسەن ئەلبەننا تیرۆر دەکرێت، ئەلهەزیبی یەکێک نابێت لە سەرکردەکانی ئیخوان، دەستێکی دەرەکی، یان ڕوونتر، بزاڤی ماسۆنی، دەیهێنێت و دەیکات، بە ڕێبەری گشتی. ئێستایش دەستووری پیرۆز لای ئیخوان، کتێبی (معالم فی الطریق)ی سەیید قوتبی ماسۆنییە کە بانگەشە بۆ خوێنڕشتن، کاولکاری، زەبروزەنگ، تۆقاندن و تیرۆر دەکات. ئایا ئەوە ڕێکەوتە لە هەموو قورئاندا، ئیخوان ئایەتێک لە سوورەتی (ئەنفال) دەکات بە دروشم کە داوای: ئامادەکردنی هێز بۆ (تۆقاندن)ی دوژمن دەکات! (ۆأَعِدُّوا ڵهُمْ مَا اسْتَگَعْتُمْ مِنْ قُوَّه‌ٍ ۆمِنْ ڕبَاط الْخَیْلِ - تُرْهِبُونَ - بِهِ عَدُوَّ اللَّهِ ۆعَدُوَّكُمْ. ئەنفال ٦٠) ئایا هەبوونی قورئان و دوو شمشێر، لە لۆگۆی ئیخواندا، لە غەیری: بە زەبروزەنگ ئیسلام دەسەپێنین، هیچ مانایەکی دیکەی هەیە؟

 

*

(*) لە دوا بەشدا سەرچاوەکان تۆمار دەکەم.