سندووقی نەختی نێودەوڵەتی و دەزگای IDA

 

عەبادی كە بەپەلە سەركەوتنی دژی داعش راگەیاند و هێزە چەكدارەكان و میلیشیا شیعەكانی دژی گەلی كوردستان جووڵاند، چاوەڕێی بەدەستهێنانی دەسكەوتێكی گەورەی هەڵبژاردنە، بەتایبەت بەدەستهێنانی دەنگی شیعە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش چاوەڕوانی كۆمەك و هاوكاری و قەرزی نێودەوڵەتییە، بۆ ئەم مەبەستەش داوای لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی كردووە قەرزێكی نوێی پێ بدەن، بێ ئەوەی قەرزەكانی پێشووی سندوقەكە بداتەوە، كە بڕی 5 ملیار و 350 ملیۆن دۆلارە و لە چوارچێوەی قەرزێكی درێژخایەنی 16 ملیار دۆلاریی وەری گرتووە. هاوكات لەگەڵ دەزگای IDA لە گفتوگۆدایە بۆ وەرگرتنی قەرزێكی دیكە. ئەم دەزگایە تایبەتە بە پەرەپێدانی بەرنامەكانی گەشەی ئابووریی وڵاتانی هەژار و تازەپێگەیشتوو، بۆ ئەم مەبەستەش قەرزی بێ سوود دەداتە ئەو وڵاتانەی لەدوای شەڕ بۆ ئاوەدانكردنەوە و گەشەكردنی وڵاتەكانیان پێویستیان بەو قەرزەیە، ئامانجی ئەو دەزگایە نایەكسانی و ناهاوسەنگیی لەنێوان خەڵكی وڵاتی قەرزپێدراو كەم بكاتەوە و باری بژێوی و داهاتی تاكەكەسی هاووڵاتییانی ناو وڵاتەكە بەبێ جیاوازی بەرز بكاتەوە. لە حاڵەتی عێراقدا وەرگرتنی ئەم قەرزە ئامانجەكەی پێچەوانە دەبێتەوە، چونكە عەبادی و حكوومەتە تائیفییەكەی گەمارۆیەكی ئابووریی توندیان دژی هاووڵاتییانی كوردستان سەپاندووە و لە ناوچەكانی كەركووك و خورماتوو پرۆسەی تەعریبکردن دەكەن و ماڵ و حاڵی كوردیان سووتاندووە و دەست بەسەر زەوی و زاری خەڵكیدا دەگرن، هەر بۆیە نوێنەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە ناڕەزایەتی و رەخنە و گلەییەكانی گەلی كوردستان بگەیەننە ئەو دەزگایە و سندووقی نەختی نێودەوڵەتی، هەر هیچ نەبێت لە كاتی پێدانی قەرزدا راستەوخۆ زامنی وەرگرتنی بەشی هەرێمی كوردستان بكەن لەو قەرزە، راستە دانەوەی ئەو قەرزانە درێژخایەنە و بە سوودێكی كەمی لە 1% دەدرێتەوە، بەڵام دانەوەی ئەو قەرزە لەسەر شانی نەوەكانی داهاتووە، بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانیشەوە. هەروەها عەبادی چاوەڕێی قەرزێكی ترە لە دەزگای پەرەپێدانی پرۆژەكانی نیشتەجێبوونی بانكی نێودەوڵەتی، كە لەڕێی ئیعتمادی بانكییەوە هاوكاریی وڵاتانی دوای جەنگ دەكات، كە رەنگە قەرزێكی درێژخایەن بە نزیكەی زیاتر لە 20 ملیار دۆلار وەربگرێت، لەمەشدا نوێنەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەتایبەت لە ئەوروپا و نوێنەرانی پارتە سیاسییەكانی كوردستان نەیانتوانیوە بە بەڵگەوە سووتان و رووخانی هەزاران خانووی هاووڵاتییانی كورد بگەیەننە ئەو دەزگایە، هەوڵی ئەوە بدەن بەشێكی ئەو قەرزە راستەوخۆ لە بانكەكەوە بدرێتە چەند دەزگا و ئاژانسێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، بۆ ئەوەی ماڵ و خانوو بۆ هاووڵاتییانی زیانلێكەوتووی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دروست بكەن. تەسلیمكردنی بڕە پارەی قەرز بە شێوەیەكی راستەوخۆ جگە لە تەمویلكردنی میلیشیا شیعەكان و بەشیعەكردنی ناوچەی سوننەكان هیچی تری لێ ناكەوێتەوە، بەتایبەتی كە حكوومەتی عێراق لە گەمارۆدان و سزادانی گەلی كوردستان بە هاوكاریی ئەو میلیشیا چەكدارانە راستەوخۆ بەشدارە، ئەمە وێڕای ئەوەی عێراق بە هیچ شێوەیەك پابەندی مەرجەكانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و ئەو دەزگایانە نەبووە، بە خەرجكردنی قەرزەكە لە پرۆژەكانی پەرەپێدانی بەردەوام و ئەنجامدانی چاكسازی لە هەیكەلی حكوومەت و كەمكردنەوەی خەرجییەكانی و دابەشكردنی بە شێوەیەكی یەكسان، بەسەر هەموو ناوچەكانی وڵاتدا بە هەرێمی كوردستانیشەوە، تەنانەت كەمبوونەوەی یەدەگی دراوی بانكی نێودەوڵەتی لە 77 ملیار دۆلارەوە بۆ كەمتر لە 30 ملیار دۆلار و بوونی گەندەڵی و ناشەفافییەت لە دۆسێكانی بانكی ناوەندی و بەفیڕۆدانی 11 ملیار دۆلاری پشكی هەرێمی كوردستان لەو یەدەگە دراوەی بانكی ناوەندی و كەڵەكەبوونی قەرزێكی 123 ملیار دۆلاریی هەمووی كۆمەڵە بەڵگەیەكن، بەوەی حكوومەتی عێراق رەنگە توانیبێتی بەرتیل بداتە هەندێك لە بەرپرسانی سندووق و دەزگا نێودەوڵەتییەكان، بۆ ئەوەی چاوپۆشیی لە مەرجەكانیان بكەن، یاخود فشارەكانی كۆمەڵێك كۆمپانیای گەورە لەئارادایە كە سەرقاڵی سەفقەی بازرگانی و بەڵێندەرایەتین لەگەڵ حكوومەتی عێراق، بەتایبەتی لە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكان، نەدانەوەی قەرزەكانی پێشوو كورتهێنانی بودجە و گەندەڵی و ناشەفافییەت و بوونی قەرزێكی زۆری نێودەوڵەتی، هەمووی كۆمەڵێك بەڵگەن بەوەی عێراق ناتوانێت پابەندی دانەوەی قەرزەكە بێت. رەنگە لەدوای شەڕی داعش پاڵپشتییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی بۆ حكوومەتەكەی عەبادی و هاندانی ناردنی هاوكاری و كۆمەكی دارایی لەسەر حسابی كورد بێت، بەڵام سندووقی نەختی نێودەوڵەتی و بانكی نێودەوڵەتی و دەزگاكانی وەكوو دەزگای IDA رێكخراوی نێودەوڵەتین و كۆمەڵێك مەرج و پێوەری كاركردنی خۆیان هەیە، یەكێك لە هۆكارەكانی وەرگرتنی ئەو قەرزانە بۆ لاوازی و كەمتەرخەمیی لایەنە پەیوەندارەكانی ئابووری لە هەرێمی كوردستان لەناوخۆ و دەرەوە دەگەڕێتەوە، كە نەیانتوانیوە گفتوگۆیەك لەگەڵ ئەو دەزگا و رێكخراوە نێودەوڵەتییانە بكەن و راستییەكانیان بە داتا و دیكۆمێنت بگەیەنن، تا مەرجی پێدانی پشكی هەرێم بكەنە ئەمری واقیع و بەبێ زامنی بەشی هەرێم، قەرز بە حكوومەتی عێراقی نەدەن.