فینلاند له‌ براكوژییه‌وه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی

بێ چاوه‌ڕوانیی ئۆكه‌ی و ڕه‌زامه‌ندیی هیچ لایه‌نێكی ده‌ره‌كی، بڕیاری سه‌ربه‌خۆییان دا

ئه‌مڕۆ شه‌شی مانگی دێسه‌مبه‌ر، له‌ كاتێكدا ئه‌م وتاره‌ ده‌نووسم، سه‌رتاسه‌ری وڵاتی فینلاند، به‌ گه‌ل و حكوومه‌ته‌وه‌، به‌ بۆنه‌ی یادی سه‌ت ساڵه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی وڵاته‌كه‌یان، ئاهه‌نگی شادی و كه‌رنه‌ڤاڵی خۆشی ده‌گێڕن، سه‌رانسه‌ر فینلاند خرۆشاوه‌، كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن ته‌واو سه‌رقاڵی ئه‌م ڕووداوه‌ مه‌زنه‌ن، منیش دانیشتوووم ته‌ماشا ده‌كه‌م و گوێ ده‌گرم، پاشان تێڕامام: چۆن وڵاتێكی وا بچووك، له‌و بارودۆخه‌ سه‌خت و ناهه‌مواره‌وه‌، ته‌نراو به‌ دوو وڵاتی نه‌یار، سوێد و ڕووسیا، كه‌ چه‌ند سه‌ته‌یه‌ك ژێرده‌ستەی وڵاتی سوێد بوو، پتر له‌ سه‌ت ساڵیش ژێرده‌ستەی ڕووسیای قه‌یسه‌ری بوو، گه‌یشته‌ ئه‌م ئاسته‌ به‌رزه‌ جیهانه‌ییه‌ی ئه‌مڕۆ؟


له‌م ساڵانه‌ی دواییه‌دا فینلاند له‌ زۆر بوار ڕێچكه‌شكێن و ڕێكۆردبه‌زێنه‌: له‌ سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی نوێدا له‌پێشی پێشه‌وه‌یه‌، هه‌روه‌ها ساڵی 2015 فینلاند دووه‌م پله‌ی جیهانی له‌ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵیدا به‌ده‌ست هێنا، ئه‌مه‌یش به‌ بڕوای من، گه‌ورەترین هۆكاری پێشكه‌وتنى فینلانده‌. فینله‌ندییه‌كان به‌ ته‌نزه‌وه‌ ده‌ڵێن: ئێمه‌ ساونا و سیبیلیۆس (سه‌مفۆنیست) و ته‌لیفۆنی (نۆكیا)مان به‌ جیهان به‌خشی!


سه‌ت ساڵ به‌ر له‌ ئێستا، له‌ ڕۆژێكی وه‌كوو ئه‌مڕۆدا، فینلاند سه‌ربه‌خۆیی ڕاگه‌یاند، به‌رله‌وه‌ فینلاند ناوچه‌یه‌كی ئۆتۆنۆمی ئیمپراتوریه‌تی ڕووسیا بوو، فینلاندییه‌كان هه‌میشه‌ بۆ ده‌رفه‌تێك ده‌گه‌ڕان سه‌ربه‌خۆیی وڵاته‌كه‌یان ڕابگه‌یەنن، تاكوو شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر به‌رپا بوو و ئیمپراتۆریه‌تی قه‌یسەر ڕووخا، فینلاندییه‌كان بارودۆخی بێ سه‌روبه‌ر و ئاژاوه‌ی ناوخۆی ڕووسیایان زیره‌كانه‌ قۆسته‌وه‌، ئه‌وان ده‌ستبه‌جێ تێگه‌یشتن كه‌ نابێت ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ زێڕینه‌ له‌ده‌ست بده‌ن، یه‌كسه‌ر له‌لای خۆیانه‌وه‌، بێ چاوه‌ڕوانیی ئۆكه‌ی و ڕه‌زامه‌ندیی هیچ لایه‌نێكی ده‌ره‌كی، بڕیاری سه‌ربه‌خۆییان دا.


ئه‌وه‌بوو سه‌رۆكی فینلاند سڤینهوڤود، به‌ پشتبه‌ستن به‌ ئیراده‌ی میلله‌ته‌كه‌ی، له‌ 6ی دێسه‌مبه‌ر سه‌ربه‌خۆیی ڕاگه‌یاند، له‌ 30ی هه‌مان مانگدا بۆ سانت پیته‌ربورگ، سه‌فه‌ری كرد و به‌ ڕووسه‌كانی راگه‌یاند كه‌ فینلاند ئێستا وڵاتێكی سه‌ره‌به‌خۆیه‌ و چیدی سه‌ر به‌ ڕووسیا نییه‌، له‌ 4ی یه‌نایه‌ری ساڵی 1918دا كۆمیساری میللی (به‌ واژووی لێنین و ترۆتسكی و ستالین) ناچار بڕیاره‌كه‌ی حكوومه‌تی فینلاندی په‌سه‌ند كرد، هه‌رچی ئه‌مەریكا و به‌ریتانیایه‌ پاش ساڵێك ئنجا دانیان به‌ سه‌ربه‌خۆیی فینلاندا نا.


سڤینهیوڤد، سه‌رۆكی ئه‌وكاتی فینلاند، به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ یه‌كه‌م سه‌رۆك بوو، سه‌ربه‌خۆیی فینلاندی كردبوو به‌ ستراتیج و ئامانجی خۆی، نه‌یاره‌كانی به‌رامبه‌ر به‌م ستراتیجه‌ زۆر ڕه‌خنه‌یان لێ ده‌گرت، كه‌ كاته‌كه‌ی گونجاو نییه‌، ئه‌ویش هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ی دووپات ده‌كرده‌وه‌: فینلاند هه‌ر ده‌بێت سه‌ربه‌خۆیی خۆی ڕابگه‌یەنێت. جارێك لێیان پرسی: به‌ڵام چۆن؟ به‌تایبه‌تی ئێمه‌ كه‌ ژێرده‌سته‌ی وڵاتێكی زلهێزی زه‌بربه‌ده‌ستی وه‌كو ڕووسیاین، له‌ وه‌ڵامدا گوتی: به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت، ده‌بێ سه‌ربه‌خۆیی خۆمان ڕابگه‌یەنین.


سڤینهیوڤد، به‌ر ه‌وه‌ی بڕیار بدات، داوای پشتگیریی له‌ سوێد و نه‌رویج و دانمارك و ئه‌ڵمانیا و فەره‌نسا و به‌ریتانیا كرد، به‌ڵام ئه‌وان پێیان ڕاگه‌یاند كه‌ ده‌بێ به‌ر له‌ هه‌موو شتێك ڕه‌زامه‌ندیی لێنین وه‌ربگرێت، ڕه‌زامه‌ندیی ئه‌وان پێوه‌سته‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندیی ڕووسیاوه‌، ئه‌گه‌ر ڕووسیا ڕای له‌سه‌ر بێت، ئه‌وانیش پشتگیریی سه‌ربه‌خۆیی فینلاند ده‌كه‌ن.


هه‌رچی سڤینهود بوو، پێی وابوو، پێویست ناكات پرس به‌ ڕووسیا بكرێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتگیریی خۆیان پیشان بده‌ن، ئه‌وده‌م ڕووسیایش ناچار ده‌بێت دان به‌ سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌دا بنێت.


ده‌گوترێت بارودۆخی بێ سه‌روبه‌ر و ئاژاوه‌ی ناوخۆی ڕووسیا له‌ سه‌رده‌می شۆِرشی ئۆكتۆبه‌ردا ده‌رگایه‌كی نیمچه‌كراوه‌ و نیمچه‌داخراو بوو، سڤینهیوڤد ژیرانه‌ ده‌رفه‌ته‌كه‌ی قۆسته‌وه‌ و بوێرانه‌ خۆی پێدا كرد.


پاش ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كێشه‌ی نێوان سپییه‌كان/ بۆرجوازییه‌ ڕاستڕه‌وه‌كان و سووره‌كان/ سۆسیالیسته‌كان، به‌ شێوه‌یه‌كی دراماتیكی و خۆیناوی ته‌شه‌نه‌ی كرد.


ته‌نیا بیست و چوار ڕۆژ پاش ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی شه‌ڕی براكوژی له‌ 28 یه‌نایه‌ری 1918 ده‌ستی پێ كرد.


شه‌ڕی براكوژیی فینلاندی، ڕاسته‌ ته‌نیا پێنج مانگی خه‌یاند، به‌ڵام به‌ یه‌كێك له‌ خوێناوترین و دڕنده‌ترین شه‌ڕی براكوژی داده‌نرێت، كه‌ پیلان و هێزی ده‌ره‌كی ڕوڵی كاریگه‌ری تێدابوو. سپییه‌كان ڕاسته‌خۆ له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانیاوه‌ كۆمه‌ك ده‌كران، سووره‌كانیش له‌ لایه‌ن ڕووسیاوه‌.


سه‌رجه‌می كوژراوه‌كانی شه‌ڕی براكوژی گه‌لی بچووكی فینلاندی له‌ ماوه‌ی پێنج مانگدا نزیكه‌ی 32 هه‌زار كوژراو بوو.


پاش دوو مانگ له‌ شه‌ڕه‌كه‌، سوپای ئه‌ڵمانی هێلسینكیی پایته‌ختی داگیر كرد، سووره‌كان به‌رگه‌یان نه‌گرت و ناچار بوون خۆیان بده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌. 17 مانگی مایو، ئه‌ڵمانه‌كان له‌ هێلسینكی كشانه‌وه‌ و پایته‌ختیان ڕاده‌ستی سپییه‌كان كرد، به‌و شێوه‌یه‌ شه‌ڕی ناوخۆ كۆتایی هات.


سڤینهیوڤد، پاش ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی فینلاندی ڕاگه‌یاند، بۆ ساڵانێك ده‌ستی له‌ كار كێشایه‌وه‌ و ده‌ستی له‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك هه‌ڵگرت، به‌ڵام له‌ 1931 فینله‌ندییەكان به‌ سه‌رۆك هه‌ڵیانبژارده‌وه‌ و تا ساڵی 1937 حوكمی كرد.


سڤینهیوڤد باوه‌ڕی پته‌وی به‌ یاسا و ڕۆڵی یاسا هه‌بوو، ئه‌ركی سه‌رەكیی خۆیشی له‌وه‌دا ده‌بیینه‌وه‌ كه‌ وڵات پێویسته‌ به‌پێی یاسایه‌كی دامه‌زراو به‌ڕێوه‌ بچێت، كۆمه‌ڵگه‌ی نوێی فینلاندی له‌سه‌ر بنه‌ماكانی یاسا بنیات بنرێت، تاكی فینلاندی ده‌بێت ڕێز له‌ یاسا بگرێت. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، سڤینهیوڤد باوه‌ڕی وابوو پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی ده‌وڵه‌وت ده‌بێت پۆستێكی ده‌سه‌ڵاتدار و به‌هێز بێت، سه‌رۆك پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتی فراوانی پێ بدرێت، تاكو بتوانێت وڵات به‌ڕێوه‌ ببات.


دوێنی ڕادیۆی فینلاند له‌ ئاهه‌نگی سه‌ربه‌خۆی فینلاند له‌ (نینستیۆ) سه‌رۆكی ئێستای فینلاندیان پرسی: هێزی فینلاندا له‌ چیدا خۆی ده‌نوێنێت؟


ئێمه‌ توانای زانستمان هه‌یه‌، ئێمه‌ جێگه‌ی باوه‌ڕ و متمانه‌ین، ئێمه‌ بایی ئه‌وه‌نده‌ وڵاتێكی بچووكین كه‌ ده‌توانین خێرا كردار بنوێنین. مه‌سه‌له‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ خۆمان باشین.