دەمامکدارەکانی فەیسبووک

ئاریشەکانی تاکی کورد - 39

بەشێک وەک ڕاوچی لەبندا خۆیان مات داوە، وەک گۆرانییە میللییەکە دەڵێت (ڕاوی کەو دەکەن!)، دیارە ئەوانە بە شوێن ئارەزووەکانی خۆیانەوەن و مەبەستیانە کەس پێیان نەزانێت و لێیان نەپرسن، ئەرێ ئێوە لەوێندەرێ چی دەکەن و چی دەڵێن؟ دەشێت ئەوانە لە ترسی کولتووری باڵادەستیی خۆماڵی خۆیان شاردبێتەوە، کولتوورێک ماوە بە نێر و مێ نادات پێکەوە کۆ ببنەوە و گفتوگۆ بکەن، ئەویش کولتووری حەڵاڵ و حەرامە.
هەیانە نەخۆشن و بەو جۆرە سوکناییان بۆ دێت. نەخۆشن و دەترسن ڕاستیی دۆخی تەندروستیی خۆیان بۆ خەڵکی ئاشکرا بکەن. واتە ئەوانە بۆ هەڵاتن لە ڕاستی، دەمامک دەکەن، نەک بۆ سەرخستن و چەسپاندنی ڕاستییەکان. ئەوەشی بایی ئەوەندە غیرەتی نەبێت ناوی خۆی، وێنەی خۆی، جێ و مەسکەنی خۆی ئاشکرا بکات، مافی ئەوەیشی نییە، شایانی ئەوەیش نییە تۆ بە هاوڕێی خۆتی قەبووڵی بکەیت. لێرەدا دەشێت بڵێین، وەك چۆن کاتێک تەلەفۆنی دەستی گەیشتە کوردستان، کولتوور و ئیتیکی بەکارهێنانی لەگەڵدا نەگەیشت، فەیسبووکیش بە هەمان قۆناغدا ڕەت دەبێت.
ئەوانەیش لەو ڕێیە چەوتەوە دەتوانن قسەی خۆیان بکەن و پەیامی خۆیان بگەیەنن، ئەوانە خەڵکانی کەم بەهرەن، لەوە دەترسن هاوڕێیان بە ئاستی نزمی هۆشیاریی ئەوان بزانن و پێی بشکێن. وەکوتر کارەکە لە جەنگی پارتیزانیش دەچێت، کە بەلای زۆر تاکی کوردەوە لێی گرنگتر نییە و ئەوپەڕی ئازایەتییە. ئەوانە دەست دەوەشێنن و هەڵدێن. لێرەدا قسەی سەرکردەیەکی کۆچکردووی خۆمانم بیر دەکەوێتەوە، ئەو ڕۆژێک لە ڕۆژان گوتبووی: "ئەگەر تیرت هاوێشت، کەوانەکە بشارەوە!" بەڵام ئەو مەبەستی تیربارانی دوژمن بووە نەک دۆست.
ئەوانەی دەمامک دەکەن و ناتوانن بە ناوی خۆیانەوە، بە ڕووی ڕاستینەی خۆیانەوە دەربکەون ئەگەرچی ئێستا لەلای خۆمان پەراوێزێکیش لە ئازادی هەیە، با ڕوونتر بڵێین، ئەوانە پەروەردەی ئەو حزبانەن، کە لە ژێرزەمیندا چاویان هەڵهێناوە. فێری خەباتی ژێرزەمینی بوونە و بە ڕوونی و ئاشکرایی سەرزەمین قاڵسن و ڕانەهاتوون. دەخوازن لە تاریکیدا کاری خۆیان ڕایی بکەن. بۆیە ئەوانە پێگەی فەیسبووکیان کردووە بە مەملەکەتی تارمایییەکان و گەندەسوودی لێ دەبینن. هەشیانە بە فەرمانی حزبێک لەوێ دانراوە. چاودێریی ئەم و ئەوی پێ سپێردراوە. بۆیە ئەو لایکی هیچ پۆستێک ناکات و سەرنجیش نانووسێت. بەڵکوو کاری ئەو تەنیا سیخوڕییە بەسەر کەسانێکەوە، لە هەر سۆنگەیەکەوە بێت، سڵیان لێ دەکەنەوە. دیارە ئەوانە پێوەندیی حزبایەتییان زۆر بەلاوە گرنگترە تا هاوڕێیەتی.
وەختێ کەسێک هاتە ماڵی فەیسبووکەوە، چاوەڕوان دەکرێت دەنگ و ڕەنگی هەبێت، دەنا دەوروبەر لێی دەپرسن بۆچی هاتوویت؟ تۆ هەروا سەرنج بدە، چۆن حزب هەیە، تاک لە ناخەوە کلۆر دەکات و لە مرۆڤایەتیش بەتاڵی دەکاتەوە!
زۆریش هەن تەنیا کاریان ئەوەیە سووکایەتی بە ئایین بکەن، یان بەپێچەوانەوە. ئەوانەشی دوو فەیسبووک، یان زیاتریان هەیە، لە دووەمیاندا بە ناوی خوازراوەوە، واتە بە دەمامکەوە دەردەکەون و دەنووسن. لە یەکەمیاندا قسەی بەڕێوجێ دەکەن، کەچی لە دووەمیاندا کە بە دەمامکەوەیە، شەلم کوێرم ناپارێزم، پەلاماری ئەم و ئەو دەدەن. لە ڕاستیدا فەیسبووکی یەکەم کارتۆنییە، چاو و زەین خەڵەتێنیشە. ئەم جۆرەیان، کەسێکە تووشی دووفاقی بووە. ئەو دوو کەسیەتییە لە یەک جەستەدا، بەڵام دەماکدارەکەیان ڕووی ڕاستینەی خۆیەتی و گوزارشتی لێ دەکات. هەن لەبەر هەر هۆیەک بێت، بڕوایان بە توانای خۆیان نییە و ڕووی ناو جەماوەریشیان نییە. ئەوانە یان شەرمنن. یان هەتا ڕوون دەبێتەوە ئەمانە بۆچی خۆیان دەرناخەن، دەبنە جێی پرسیار و گومان.
ئەوەشی کە خۆی بە لایەنگری حزبێک بزانێت و بەنیاز بێت هێرش بکاتە سەر لایەنی ڕکابەر، دیارە دەبێت دەمامک بکات. لەناو ئەوانەدا نووسەریش هەن کە ناو و داویان هەیە و مەیلیان لەو گۆڵمەزەیە. ناشیانەوێت خەڵک بەو جۆرە بیانبینێت، کە ئەوان بەم شێوازە بۆشایییە دەروونییەکانی خۆیان پڕدەکەنەوە. هەرچۆنێک بێت، زۆربەی ئەوانەی خۆیان دەشارنەوە، نیازیشیان باش نییە، چونکە وەک پەندە کوردییەکە دەڵێ: "ڕاست بە و ڕێی شێر بگرە بەر!" واتە مرۆڤەیلی ڕوون و نیازپاک، کەمتر دەترسن. بۆیە خۆیان لە خەڵک ناشارنەوە. من پێم وایە ڕووناکبیر بە ڕەخنەی ڕاستەوخۆی ئاشکرا زیز نابێت، ئەگەر ئەو ڕەخنەیە بە سلوکەت بێت، سنوور نەبەزێنێت و دەربڕینەکانیش بریندارکەر نەبن.
دۆخی وەهایش هەیە، تۆ نابێت گلەیی لەوانە بکەیت کە ناچارن لە پەناوە، یان لەبن پەردەی ئەستوورەوە ڕاستییەکان دەدرکێنن. چونکە هێندێک کەس هەن، شایانی ئەوە نین تۆ ڕاستییان لەلا بدرکێنیت، جێی متمانە نین و ڕێزیش لە ڕاستی و خەڵکانی ڕاستی زانیش ناگرن. لە دۆخی وەهاشدا تۆ دەبێت گلەیی لە تەرەفی دووەم بکەیت و لێی بپرسی: ئەرێ تۆ بۆچی بە گوتنی فاکت و ڕاستییەکان قەڵس دەبیت؟ بڕێک جاران ئەوانەی وا خۆیان دەشارنەوە، بۆ گەڕانەوە و پاشگەزبوونەوە، پێیەکیان لەدواوەیە. ئەوانە نە باوەڕیان بە خۆیان هەیە، نە بە خەڵک. هەر ئەوانەیشن، لەژێر پەردەوە ڕەخنەی توند دەگرن و لە گیرفانەوە چەمۆڵە لەم و لەو دەنێن و بوختانیش هەڵدەبەستن.
باوەڕ بەخۆنەبوون مرۆڤ دەکات بە تاکێکی لەرزۆک، ئەو جۆرە کەسانە بەرگەی ئەوە ناگرن تۆ قسەیەکی نادروستیان ڕەت بکەیتەوە، بڕوایان بە گوتوبێژ و دیبەیت نییە. بۆیە ئەوان دەمامکیان کردووە. ئەوەیش بزانە، کە قەبووڵکردنی ئەوانەی لەپشت پەردەوە قسان دەکەن، لەپێشدا خۆت بێزار دەکەن.
خۆ ڕەنگیشە هێندێک شەرم لە ڕوخساری خۆیان بکەن و بە ڕووی ناو کۆمەڵی نەزانن. ئەویش لەبەر هەڵکەوتەی ڕەنگ و ڕوویان. خۆ فەیسبووک زۆرداریی تێدا نییە، تۆ بە حوسن و ڕەزای خۆت لاپەڕە دەکەیتەوە و هاوڕێ وەردەگریت. بە ئارەزووی خۆیشت لاپەڕەکەت دادەخەیت.
وەلێ لەکن ئێمە، زۆر تاک هەنە لەسەر ڕووبەری فەیسبووک، باڵا دەکەن و فوو دەکەنە خۆیان، دەبن بە تاکێکی تری جیاواز. هەن لە یەک کاتدا، ڕۆڵی سەرنووسەری گۆڤار و سکرتێری نووسین و ڕۆژنامەنووسی کارایش دەبینن، بێ ئەوەی هیچکامیان بن. وەک چون مامۆستا لە بەرزایی سەکۆیەکەوە قسە بۆ قوتابییان دەکات. خۆ دیارە هاوڕێکان دەبێت هاوشان بدوێن و دیواریان لەنێواندا نەبێت.
لە ماڵە ئاوەدانەکەی فەیسبووکدا تاکەکان بەزۆری یەکودوو ناناسن. ئەو کاتێک وتارێک دەنووسێت، پاشخانی ئەوانی تری لەلا مەبەست نییە. ئەو نازانێت بەرامبەر چی و چەندی لە هەگبەدایە. بۆیە لافی زانایی و مامۆستایەتی لێدان و خۆ بەشتزانین بە پۆست و بە نووسینی زۆریانەوە دیارە.
ئەوەندە هەیە هاوڕێیەتیی فەیسبووک پەیوەندیی فشۆڵی ئەلکترۆنییە، ڕۆحی نییە و ئەو گەرموگوڕییەی پێوە دیارنییە، وەک چۆن بە کلیکێک دەیکەیت بە هاوڕێی خۆت، هەر بە کلیکێکیش لە هاوڕێیەتی دەیسڕییەوە.