حەوت وێستگەی کراوەی تەمەن - 39

منداڵەکەت لە مەترسی و هەڕەشە و بیروباوەڕ و ئایدیاکانی خۆت بپارێزە

ن: ئۆشۆ
و: شێرزاد حەسەن

 

پرسیار: ئۆشۆ-ی خۆشەویست.. باشترین شێواز و رێگەچارە چییە بۆ یارمەتیدانی منداڵەکانمان بۆ گەشەکردن؟
وەڵام: کەواتە ئێمەی مرۆڤ کە گەشەمان کرد و لە زۆر کایە و بوارەکانی ژیاندا پێگەیشتین و تێگەیشتین بۆ ئەو ناقایلبوونە دەگەڕێتەوە کە هیچ نەوەیەک نەیویستووە هەمان میراتی فیکری و رۆحی و زانستی و رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتیی دووبارە بکاتەوە، بەو مانایەی فەرزەندەکان کەم و زۆر جیاوازییان هەبووە لەگەڵ باوک و باپیران و نەوەی پێشین، بگرە تا ئەندازەی ناکۆکی و ململانێ و پێشبڕکێ رۆیشتووە، ئەوەشیان یاسا و رێسای ژیان و بوونە، هەر لە سۆنگەی ئەو ململانێ و خەون بینینەدا بە جیهانێکی تازە و باشتر بۆ مرۆڤ وای کردووە، ئێمە لەناو یەک سەردەم و قۆناغ و جوگرافیا و مێژوودا چەق نەبەستین، هەر هەمان هۆکار و هاندەر بوون بە مایەی ئەوەی لە رۆژگاری (ئادەم و حەوا)دا گیر نەخۆین، یان لە مرۆڤی نیاندرتال و بگرە مەیموون ئاکار بە رۆح و جەستە خۆمان بەند نەکەین و بگەینە ئێروکانە، کە هێشتا زانا و دانا مرۆڤپەروەرەکان گومانیان لە رۆحپەروەری و مرۆڤبوونی ئێمە هەیە، وەک هەڵگری خەسڵەتە جوانەکانی نزیک بە خێر و جوانی و راستی کە لەمڕۆکەدا بە (هیومانیزم) نەخشی گرتووە.


کەواتە رەوایە کچەکان و کوڕەکانمان لەگەڵ ئێمەدا یەکدی نەگرنەوە و خاوەن دیدگا و بۆچوونی خۆیان بن، مەرجە ئەوانیش کە دەبن بە مامۆستا و دایک و باوک چاوەڕوانی ئەوە بن کە فەرزەندەکانیان قسە و خەون و روانینی جیاواز و تازەیان هەبێت، بگرە دەکرێت و دەلوێت لە بەرامبەر کۆی کولتوور و میرات و ترادسیۆنی نەوەی نوێ گومان و پرسیاریان هەبێت، هەر ئەم چەشنە لە مامەڵەکردن و هەست و ئاوەز و رۆحە زەمینە خۆش دەکات بۆ گەشەکردن و پێشکەوتن.


هەرچی گەشەکردن و پێشکەوتنێک لە کایە و بوارە جیاوازەکاندا هەن لەسەر زەمین و ژیان و بوونی ئێمەدا بەرهەمی ئەو ململانێ و قایلنەبوون و گومان و رەتکردنەوەی میرات و مێژووی کۆنە، سەرباری دابڕانێکی مەزن و ئازایانە لەگەڵ رابردوودا، گەرچی هەر هەمووشمان رێز لە بەش و بڕە میرات و مێژووە دەگرین، کە بۆ هەنووکە کەڵک و سوودی بۆ ئێمە هەبێت، بەڵام ناکۆکبوون و رێکنەکەوتن لەبەرامبەر میراتێک بمانباتەوە بۆ سەردەمی ئەشکەوتەکان و سەردەمە تاریکەکان، بێ گومان جێگەی گومان و پرسیار و هەڵوەشاندنەوەیە.


نکۆڵی لەوە ناکرێت کە چەندە زیرەک و خوێندەوار و هوشیار بین، بایی ئەوەندە و بگرە پتر و پتر تەبا و کۆک نابین لەگەڵ خەڵکی کۆنەپارێز و کۆی کولتووری باو و عەمبارەپۆ، زووتر هەست بە نەنگی و کەموکوڕی نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین، بەڵام داخی گرانم کە دایکان و باوکان پتر ئاسوودەن لەگەڵ ئەو کچ و کوڕانەی کە بۆ هەر هەموو کار و کردار و بیر و بۆچوونەکان سەری رەزامەندی دەلەقێنن، مامۆستاکان کەیفیان بەو قوتابییانە دێت کە گوێڕایەڵن و پرسیار و گومانیان نییە، بەڵام گەر کچەکان و کوڕەکانمان ناکۆک و ناتەبا بن و لە ململانێدا بن لەگەڵ ئێمەدا، ئێمە نیگەران دەبین و بگرە سەرزەنشتیان دەکەین و بە سنووربەزاندن تاوانباریان دەکەین.


هەر منداڵێک تا تەمەنی دەگات بە حەوت ساڵی بەو پاکی و جوانی و سادەیی خۆیەوە ئازادی بکەین، بە بیر و باوەڕ و ئایدیاکانی خۆمان سەری لێ نەشێوێنین، وەک دایکان و باوکان و مامۆستاکان و قەشەکان و ئاخوەندەکان خۆمان بەسەریاندا زاڵ نەکەین، بە ناوی بەها پیرۆزەکانەوە گەمارۆیان نەدەین، ئیدی دوای ئەو تەمەنە زۆر ئاسان نییە ئەو رۆحە پاک و سادە و سەرکەشەی بکوژین، یان لەو گەشەکردنە خۆڕسکە بیانوەستێنین. حەوت ساڵی سەرەتای تەمەن بۆ هەموو کەسێک ناسکە و هەم ئاسانە دەستکاری بکرێت، جا بە دیوە هەرە خراپ یان جوانەکەی بێت، مەترسیی پەروەردەی منداڵان لەوەدایە دەکەونە ژێر سایەی ئاوەز و توانای فیکری و رۆحی نەوەی باوان، کە وایان رادێنن کە خۆیان پێیان باش و بەرکەماڵە، خودی کارەساتەکەش ئەو سەربەستییەی باوانە کە منداڵەکانیان دەخەنە ناو جیهانێکی زێدە ترسناک و تاریکەوە یان زێدە ئارام و رووناکەوە.


پرسیاری سەرەکی و گرنگ ئەوەیە کە ئایا ئێمە چۆنچۆنی بتوانین کچەکان و کوڕەکان لە دایکان و باوکان و قەشەکان و ئاخوندەکان و مامۆستایان بپارێزین، کە دیارە توانیویانە ژمارەیەکی زۆر لە نەوەی نوێ دەستخەڕۆ بکەن؟ بە رای من بە جۆرێک منداڵەکانمان گەمارۆ دراون کە لەوەدایە مەحاڵ بێت بتوانین رزگاریان بکەین. گرفتەکە لەوەدا چڕ نەبووەتەوە کە چۆنچۆنی بتوانین یارمەتیی کچەکان و کوڕەکان بدەین؟ بەڵکوو گرفتی سەرەکی لەوەدایە چۆن بتوانین بیانپارێزین و رزگاریان بکەین.


ئەگەر تۆ منداڵێکت هەیە، تا زووە لە مەترسی و هەڕەشە و بیر و باوەڕ و ئایدیاکانی خۆت بیپارێزە کە بێ ئاگا لە خۆت رەنگە زیانی زۆر بە ژیانی ئایندەی بگەیەنێت، لەو مەزهەبەی کە خۆت بە پیرۆزی دەزانیت و رەنگە منداڵەکەت بەکێش بکات بۆ ناو بازنەی زەبروزەنگ و کوشتارگاکان. هەوڵ بدە لەو کەسانە بیپارێزە کە ئەگەری ئەوە زۆرە دەستخەڕۆی بکەن و وێڵ و سەرگەردان بێت، مەهێڵە بەئاسانی ئەوانی دیکە کاریگەریی خراپیان بەسەر فەرزەندەکانتەوە هەبێت، لە ئایدیۆلۆژیاکان بیپارێزە کە بە دۆگما و کۆلەواری و دەمارگیری و خۆبەپیرۆزکردن کۆتایی دێت، بە وشکە بڕوایی و گەیشتن بە بنبەست و گیرۆدەبوون. بە لایەنی کەمەوە تا تەمەنی دەگات بە حەوت ساڵان بیپارێزە.. تکایە!


منداڵ وەک نەمامێکی ساوا وایە، ناسک و لاوازە، ڕەشەبایەک دەتوانێت لە رەگەوە هەڵی بکەنێت، هەر ئاژەڵێک دەتوانێت بە گوڵ و گەڵا و قەدەوە بیخوات، مەرجە تۆ تەیمان و پەرژینێک بە دەوریدا هەڵبەستیت، ئەوەیان بەندکردنی نەمامەکە نییە، بەڵکوو پارستنیەتی، کە گەشەی کرد و پێگەیی ئەوسا پێویستی بە پەرژین نامێنێت.