حکوومەتی هەرێمی كوردستان یان حکوومەتی ئەلیکترۆنی؟

 

شۆڕشی زانیاری و تەکنەلۆژیای زانیاری یەکێکە لە کەرەستە سەرەکییەکانی پەرەپێدانی ئابووریی و کۆمەڵایەتی جیهانی هاوچەرخمان.


دیارە پەرەسەندنە مەزنەکانی بواری زانیاریی و تەکنەلۆژیای زانیاریی و ئامرازەکانی گەیاندن ڕۆڵێکی ئەرێنیان هەبووە لە ڕەخساندنی ڕەگەز و ئامرازی نوێ و پێشەنگ، کە پەیوەندی پتەویان هەیە بە سەرجەم چالاکیە ژیوەریەکانی مرۆڤ و دەروزاەی ئاسۆیەکی فراوانتر بەڕووی ئەنجامدانی چالاکی دەکەنەوە لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئامرازە ئیلکترۆنیەکان.


بۆیە ئێمە بە پێویستی دەزانین دووبارە چاوپێخشاندنەوەیەكی بنەڕەتی بکرێ بە نموونەی شێوازی حوکمڕانی کلاسیکی و کار بکرێ بۆ داهێنانی نموونەیەكی تری نوێ، کە کارئاسانی بکات و هاوکار بێت لە پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان.


ئەزموونی حووکمرانی ئەلیکترۆنی لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە وڵاتانی ئیسکەندەناڤی تاقیکرایەوە، ئەو کاتە کارکرا بە گرێدانی گوندە دوورەکان بە شارەکانەوە، ئەو هەنگاوە ناونرا "گوندی ئەلیکترۆنی"، ئەو ئەزموونە لە ساڵی ١٩٨٩ لە بریتانیا، بە تایبەتی لە گوندەکانی دەڤەری مانجستەر بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی دانیمارکی تاقیکرایەوە، دواتر لەندەن و شارەکانی تریشی گرتەوە. سەرەتا گرینگی بە کۆکردنەوەی زانیاری درا و پاشان پەرە بە زانیاری درا لە ڕێگەی ئیلکتۆرنی، بۆنموونە نامەی ئیلکترۆنی و لە دوورەوە گەیشتن بە داتا بەیس. لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ویلایەتی فلۆریدا هەوڵی ئەو کارە درا و پاشانان لە وڵاتانی تر ئەو ئەزموونە تاقیکرایەوە.


بیرۆکەی حکوومەتی ئەلیکترۆنی ئەوەیە، کە دامەزراوە و دام و دەزگا حکوومییەکان ببن بە سەرچاو بۆ خزمەتگوزاریی و هاووڵاتی و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەتی سوودی لێ وەربگرن، بەو مەبەستەی ئەم ئامرازە لە پێناو دەستەبەرکردنی چاکسازی و گۆڕینی پرۆسە و پێکهاتە و ڕۆشنبیری کەرەتی گشتی حکوومەت و باشتربوونی. دیارە باشتر کردنی گەیاندن و پەیوەندی لەگەڵ هاوڵاتی مەودای دیموکراسیەت فراوانتر دەکات.


پرنسیپەکانی حکومەتی ئیلکترۆنی لە پێناو بەکارهێنانی ڕێگەی ئاسانە لە لایەن هاوڵاتیەوە بۆ گەیشتن بە دام و دەزگا حکوومییەکان و نەهێشتنی بەربەست و ئاستەنگەکانی شوێن و کات و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی بەکاربەرانە، بەو شێوەیە هاوڵاتی دەتوانێ لە هەر پێگە و ژینگەیەکی جوگرافییەوە پەیوەندی بکات بە حکوومەت. حکوومەتی ئەلیکترۆنی پێویستە نهێنی زانیارییەکان و ئاسایشی زانیار و پشتڕاستی دەستەبەر بکات، کە دەبێتە مایەی متمانە هەبوونی لە نێوان هاووڵاتی و حکوومەت. لە ڕێگەی ئەلیکترۆنی دەکرێ هاوەڵی سەرجەم گۆڕانکارییە نوێیەکانی بواری خزمەتگوزاری بکرێ و هەموو ئۆرگانەکانی حکوومەتی و کەرتی تایبەت و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و سەنتەرەکانی توێژینەوە بە پێی ئەزموون و شارەزایی بەشدار بن لە دانانی ڕێگا چارە و هاوکاری کردنی حکوومەت. بەو شێوەیە تێچوو کەم دەبێتەوە شێوازی کاری حکوومەت بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە سەر ئاستی تاك و کۆمەڵ دەگۆڕدرێ.


دیارە بۆ دامەزراندنی حکوومەتی ئەلیکترۆنی بڕیاری سیاسی پێویستە، هەروەها پێویسە تۆڕەکانی پەیوەندی ئەلیکترۆنی فراوانتر بکرێن و سەرجەم دامەزراوەکان بە کۆمپیوتەر پڕ چەك بکرێن و دامەزراوە حکوومییەکان پەرپێ بدرێن و بە پێی ستراتیژ گۆڕانکاری بکرێ، سەرەڕای چارەسەرکردنی کێشە واقعیەکان پێش گواستنەوە بۆ ناو ژینگەی ئیلکترۆنی. پێوویستە کار بکرێ لەسەر کێشە یاساییەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئامرازەکانی تەکنەلۆژیا و بەسیستەم کردن دەستەبەر بکرێن تا دەگاتە ژێرخانێکی تۆکمەتر.


بۆ ئەوەی حکوومەت سەرکەوتوو بێ لە جێ بەجێ کردن یان گەیشتن بە حکوومەتی ئەلیکترۆنی پێویستە هەوڵەکانی کەرتی گشتی و تایبەت و کۆمەڵگەی مەدەنی پێکەوە گرێ بدڕێن یان یەك بخرێن، بە ئاڵوگۆرکردنی زانیاریی و شارەزایی نێوانیان.


پێویستە پلانی ستراتیژی گشتگیر بە هەبوونی ئارمانجی ڕوون دابڕێژرێ بۆ ئەو دەستپێشخەریەی حکومەت. پێوویستە وەزیر و بەڕێوبەرەگشتیەکان لە ناو دام و دەزگاکانی حکوومەت توانای سەرکردایەتیکردنی ئەو پرۆسەیەیان هەبێ، بۆ کەم کردنەوەی بیروکراسیەت و دووبارە دامەزراندنی ستراکچەری دامەزراوەکانی حکومەت، کە گونجاو بێ لەگەڵ جێ بەجێ کردنی حکوومەتی ئەلیکترۆنی. پێویستە دارایی باش بۆ تەکنەلۆژیای زانیاری و گەیاندن تەرخان بکرێ و ژێرخانی گۆنجاو دەستەبەر بکرێ. هەبوونی چوارچێوەی یاسایی و ڕێسا بۆ ڕێکخستنی بەڕێوەچوونی کاروباری ئیلکترۆنی گرینگە. بە هەمان شێوە گرینگە لە ڕێگەی کارەکانی حکوومەتی ئەلیکترۆنی متمانە لە لای هاووڵاتی درووست بێ و میدیا و ڕۆژنامەکان کار بکەن لەسەر بڵاوکردنەوەی لایەنە ئەرێنییەکانی حکوومەتی ئەلیکترۆنی و سوودەکانی بۆ هاووڵاتی.


پێویستە کار بکرێ بۆ بەرزکردنی ئاستی هۆشیاری هاووڵاتی و فەرمانبەران و هاندانیان بۆ سوود وەرگرتن لە خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان.