سێ دەسک جەرجیڕ بۆ جەنابی ئەمیر!

 

هەر زۆرم پێ سەیر بوو کە لەو دۆخە ناهەموارەدا بڕیاری دا ژنێکی تر بهێنێت، ئاخر کە رێوی خۆی بە کونەوە نەچێ، چۆن دەبێ میوانیش لەگەڵ خۆی بەرێ! توخوا وازم لێ بێنن ئەو ئەمیرە هەر خۆی نەگبەت و بەدبەختە، بەڵام لەگەڵ کەفوکوڵی پیاواندا چی دەگوترێ! خوا بە حەقت بڕیاری وا لە رۆژی وادا بەس بە پیاوی وەکوو ئەمیر دەدرێ، دەنا کێ لە وەزعێکی وا ناهەموار و ناقۆڵا و ناگونجاودا، بیر لە تەعەدودی زەوجات دەکاتەوە! راستتر وایە بڵێم گەر ئەمیر نەبێ، چ پیاوێ لەو بار و زرووفەدا زەکەر و زاکیرەی بەفوولی ئیش دەکەن! ئەسڵەن کێ تاقەتی هەیە لەم رۆژە نازێڕێنەی وڵاتدا، داخڵی قەفەسێکی تری زیڕێن بێ! جگە لە ئەمیر کێ لەو رۆژە سەختەدا، بیر لە تاقیکردنەوەیەکی تری بەخت دەکاتەوە!


بمبوورن، دەزانم مەراقتانە، بیرم چوو ئەمیرتان پێ بناسێنم... ئەگەر ئێوە گەرەکتان بێ ئەمیر بناسن، دەبێ سەرەتا باس لە خۆم بکەم، ئەوجا بێمە سەر باسی ئەمیر و ئەو بڕیارە نابەجێیەی لەم رۆژانەدا دای.


من ئێستا قوتابیم و چوارەمین ساڵی خوێندنی زانکۆمە، لەو بەشەناوخۆییەی هەولێر کە لەگەڵ هاوڕێکانمدا لێی دەژیم، سێ قوتابیی تر هاوژوورمن، لەو چوارەمان تەنیا (ئەمیر) کە ئەندامی حزبێکی ئیسلامیی کوردستانییە، ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و دوو منداڵی جوانکیلەشی هەیە، خوای گەورە تەمەنی زۆر و دواڕۆژێکی باشیان بەنسیب بکات. ئەمیر لە تەمەنیشدا چوار پێنج ساڵێک لە ئێمە گەورترە و هەندێ جار پیشنوێژی بۆ قوتابییە دیندارەکانی بەشەناوخۆییەکەشمان دەکات.


گەلێ جار ئەمیر باسی رەوشی ژیانی خۆی بۆ دەکردین، کە خۆی و ژنەکەی و هەرسێ منداڵەکەی لە یەک خانووی سێ هۆدەییدا لەگەڵ دایک و باوکی و سێ خوشک و برایەکیدا دەژیان، ئەو دەیگوت باوکم کرێکاری زێراب بەردانە و رۆژێ ئیشی هەیە سێ رۆژ بێ کارە، خۆیشم تەنیا مووچەیەکی کەمی حزبەکەمم هەیە و ئیدارەیەکی مەمرە و مەژیی خۆم و منداڵەکانمی پێ دەکەم.


(هێرش و سەریاز)ی هاوژوورمان، دوو گەنجی قۆشمە و سوعبەتچین، شەوانێ کە ئەو سیانەمان پێکەوە باسمان لە کچە جوانەکانی کۆلێژ دەکرد، یان لەڕێی تۆڕەکانی ئەنتەرنێتەوە قسەمان لەگەڵ کچانی هاوڕێمان دەکرد، ئەمیری هاوژوورمان سەرزەنشتی دەکردین: ”کورە عەیبە بۆتان.. ئەگەر هەر حەزتان لە ئافرەتە، ئەوە ئەنواع و ئەشکاڵ کچ لەبەردەستاندایە، هەتا گەنجن و تاقەتتان هەیە، بڕۆن وەکوو من کچێکی باش و بەعەیەب بە حەڵاڵی بگوزانەوە و خۆتان لەکۆڵ ئەم ئاخ و ئۆفەی شەوان بکەنەوە!“.. سەریاس کە ئەمیری بە (جەنابی ئەمیر) ناودێر کردبوو، بەتوانجەوە پێ دەگوت: ”جەنابی ئەمیری برام، راستە ئێمە ئاخ و ئۆفی بێ ژنیمانە، بەڵام تۆ بەو وەزعە شڕەوە، خۆت تووشی ئەنواعی ئاخوئۆفی تر کردووە!“.. هێرشیش گەلێ جار بەم شێوەیە وەڵامی دەدایەوە: ”کاکە ئەمیر راست دەکەیت، ئەترسم ئێمە کاتێ بتوانین ژن بهێنین کە پێویستمان بە جەرجیڕ و ڤیاگرا بێت!“، ئەمیر تەنیا وەڵامی بۆ توانجەکەی هێرش حازربەدەست بوو، دەیگوت: ”ئەرێ وەڵا هەر کە گەیشتیە ئەوەی بابی دوو منداڵ بیت، پێویستت بە هەردووکیان دەبێ، جا خۆ جەجیڕ و ڤیاگرا حەڕام نییە برام، ئەویش نیعمەتێکی ئیلاهییە خوا بە پیاوانی داوە، ئیتر بۆ نایانخۆن؟“.. منیش هەمیشە بە ئەمیرم دەگوت: ”بۆ خاتری خوا ئەمیری برام مەمانترسێنە، لە ئێستاوە بەم گەنجییە جەرجیڕ و ڤیاگرای چی؟!“. خوا پێم نەگرێ و بە گوناحم لەسەر حساب نەکات، ئەمیر خۆیشی لابەلا دوو هەندی ئێمە بەڵام بەدزییەوە، هەمیشە لە فەیسبووک لە خەت بوو، ئیتر نازانم خەریکی چ بوو!


چەند هەفتەیەک لەوەوبەر، کارەساتی 16ی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی کەرکووک و خورماتوو و خانەقین و ناوچەکانی تر لەلایەن حەشدی شەعبیەوە، هەموو کوردستانی تاساند، ئێمەش وەک هەموو کوردێک تووشی شۆک بووین و تەنانەت خولق و تاقەتی خوێندن و باسی کچان و چات و ماتیشمان نەمابوو، جگە لە ئەمیر کە چەند رۆژێک بوو سەفەری کردبووەوە بۆ شارۆچکەکەی خۆیان. ئەو رۆژانە ئێمە هەموومان تەنیا تەماشای ماڵپەڕە هەواڵییەکانمان دەکرد و لە خەمی ئاوارەیی و لێقەومان و ماڵوێرانیی خەڵکی کەرکووک و خورماتوودا بووین، بەردەوام هەواڵی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگەمان لە پردێ بۆ یەکدی باس دەکرد، ئیدی هەر قوتابییەکیش کەسوکاری پیشمەرگەی هەبوا، پەیوەندیی پێوە دەکرد و لە تازەترین گۆڕانکارییە سەربازییەکانی بەرەکانی شەڕی ئاگەدار دەکردینەوە، تەنانەت قوتابی هەبوو هەر ئەو شەوانە شاری هەولێری بەجێ هێشت و رۆیشتەوە. کەچی ئەو ئەمیرە خوا نەکات پەیوەندییەکیشمان پێوە بکات، هەر دەنگی نەما، دەتگوت ئەرز قووتی داوە، کە ئێمەش پەیوەندیمان پێوە دەکرد، موعەدەلی خوا یان مۆبایلی داخرابوو، یاخود زەنگی بۆ دەچوو، بەڵام وەڵامی نەدەداینەوە.


نەگەڕانەوەی ئەمیر بۆ زانکۆ، چوار پێنج هەفتەی خایاند، تەنانەت بوومەلەرزەکەشی بەسەردا هات، ئەم (جەنابی ئەمیرە) خەبەرێکی نەبوو، هەر بە پەیامێکی فەیسبووکیش هاوخەمییەک هەواڵپرسییەکی دەرنەبڕی.


نیوەڕۆیەک دوای تەواوبوونی دەوامی کۆلێژمان، من و سەریاس و هێرش، گەیشتینەوە بەشەناوخۆیی و لە ژوورەکەی خۆمان لە مشتومڕی ئەوەدا بووین، بڕێک تەماتە سوور کەینەوە و بە سەموونی گەرمەوە بیخۆین، وەختێکم زانی کاکم (ئەمیر) بە خۆی و جانتایەکەوە، بە رەنگ و روویەکی کراوە و خۆشەوە خۆی کرد بە ژوورا، دەتگوت نە بای دیوە و نە بۆران، ریشی جوان جوان قەڵەمی کرابوو و بەرسمێڵی دەتگوت بە ماجیکی خەتاتی کێشراوە، سەرکوڵمەکانی سوور و جوان، وا شەوقی دەدایەوە دەتگوت ئێستا نا دەمێکی تر قڵیش دەبات! تەنانەت سەریاسی هاوڕێمان بەتوانجەوە گوتی: ”راوەستن کاکە، تەماتەی چی سوور دەکەنەوە؟ خۆ کوڵمەکانی ئەمیر لە تەماتە جوانترن“... هێرش گوتی: ”های های لە جەنابی ئەمیر، ئەڵێی تازە لە حەمام هاتووەتە دەرەوە!“.. ئەمیر هێندە دڵی خۆش بوو، بە سنگفراوانییەوە هەموو توانجەکانی قبووڵ کرد، باوەشی پێدا کردین و ئەملاولای ماچ کردین،: ”براکانم وەڵا بیری ئەو قسە خۆشانەم دەکردن“.. گوتم: ”ئەمیری برام واز لەو قسە قۆڕانە بێنە، تۆ پێم بڵێ، ئەم هەموو ماوەیە لە کوێ بوویت؟ دنیا کاول بوو، کەرکووک گیرا، سەدان هەزار لە خەڵکی خورماتوو و گەرمیان ئاوارە بوون، بوومەلەرزە دنیای وێران کرد، دەوامی زانکۆت هەمووی فت، بەس پێمان بڵێ لە کوێ بوویت؟!“.


توومەسم کاکم قەوماندوێتی، وەک خۆی بۆی باس کردین، لەنێو ئەو هەرا و هورایا و کارەساتەنەدا کە بەسەر کوردستانییاندا هاتووە، ئەمیری برامان لە زەماوەندی گواستنەوەی ژنی دووەمدا بووە، کیژۆڵەیەکی ١٧ ساڵیی لە خۆی مارە کردووە!


کە ئەم هەواڵەی پێ گوتین، سەریاس دای بە ناوچەوانیدا: ”دەک عەمری ئێمە نەمێنێ، جەنابی ئەمیر کردی بە دوو ژن و، ئێمەش تا ئێستا بە مەرحەبایی کچێکی زانکۆ، وەختە لە خۆشییا بفڕین!“ هێرش گوتی: “وەڵا عەفیە کاک ئەمیر، ئێمە وامانزانی بوویتە پێشمەرگەی خۆبەخش و لە پردێ شەهید بوویت، کەچی لەملاوە خەریکی مانۆڕی هێنانی ژنی دووەم بوویت!“.. منیش هەر ئەوەندەم بۆ مایەوە لێی بپرسم: ”بەس پێم بڵێ ئەمیر، لەو وەزعە ناهەموارە ئابوورییەی ماڵی خۆتان و لەم هەموو رووداوە ناخۆشەی ئەم وڵاتەدا، چۆن توانیت ببیتە زاوا؟“.


ئەمیر هەر ماچی دەکردین و دەیگوت: ”ئێوە برای منن، خودای گەورە حەڵاڵی کردووە و ئەو کچەش دڵی پێمەوە بوو و ئیدی نسیبی تێ کەوت، ئیتر بۆ نەیکەم!“...


بە هەرحاڵ، تەسلیمی ئەو هەواڵە بووین و هەموو پیرۆزباییمان لێ کرد، لەنێو خۆماندا (مەبەستم زۆربەی ئەو قوتابییانەیە کە لە بەشە ناوخۆییەکە ئەمیریان دەناسی) رێک کەوتین کە لەنێو ژوورەکەی خۆماندا، هەریەکە و بەپێی توانای خۆی، دیارییەکی سادە پێشکەش بە ئەمیری زاوا بکات، بەبۆنەی ژنهێنانی دووەمیەوە.


چەند قوتابییەک پێکەوە، سۆپایەکی نەوتیان بۆ کڕی، یەکێکی تر کراسێک و ئەوی دی عەترێک و هێرش چاویلکەیەکی جوان و منیش تاقمێکی موکێش و مقەستی بەرسمێڵ و و موعەتەڕێکی هەرزانم بۆ کڕی، لە ئاهەنگێکی بچووکدا خواردنێکی خۆشمان دروست کرد تا پێشکەشی بکەین، خوا هەڵناگرێ ئەمیر زۆر خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەو رێزلێنانە، بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانی هەمووان بوو، سەریاسی هاوڕێمان لەو ئاهەنگەدا سەر و سۆراخی نەبوو، تا سفرەی نان خواردنمان داخست، وەختێکم زانی سەریاس بە سێ دەسک جەرجیڕەوە، خۆی کرد بەژوورا و پڕ بەو ژوورە هاواری کرد: ”سێ دەسک جەرجیڕ، پیشکەش بە جەنابی ئەمیر“.. هەموو دامانە قاقای پێکەنین بە ئەمیرییشەوە، لەپڕ ئەمیر لێی پرسی: ”سەریاسی برام، وامزانی چەپکێ گوڵم بۆ دەهێنیت، ئەم چەپکە جەرجیڕانە چییە؟!“.. سەریاس بەپێکەنینەوە وەڵامی دایەوە: ”جەنابی ئەمیر.. توو شەرەف، لەم رۆژە رەشەدا، کەس هەیە بەو عومرەی تۆوە بەبێ جەرجیڕ بتوانێ ببێتە زاوا!“.


بەر لە بڵاوکردنەوەی، ئەم وتارەم بۆ هاوڕێیەکی رۆژنامەوانم نارد تا رای خۆیم پێ بڵێ، کەچی بە ڤایبەر پەیامێکی بۆ ناردم و نووسیبووی: ”مردووت مرێ، وامزانی باسی هاوسەرگیریی چوارەمی ئەمیری کۆمەڵ دەکەیت!“... منیش بەم شێوەیە وەڵامم دایەوە: ”ببوورە هاوڕێ، من تەنیا پێوەند بە هەڵە و بڕیار و هەڵوێستی سیاسی، رەخنە لە سیاسییەکانی وڵاتی خۆم دەگرم و هەقی رەخنەگرتن لە رەفتاری کۆمەڵایەتیی ئەوانم نییە!“.