خوێندنەوەیەکی کولتووری بۆ شکستەکانی کورد..

مەهێڵن برینەکان قەتماغە بگرن

(4)

 

ئەوەی پەیوەندیی بە برینی دووەمەوە هەیە، کە بابەتی وتاری پێشوو بوو، بۆچی مێژووی ئەو برینە ئەوەندە قووڵە؟ مەبەست برینی خیانەت و پشت لە وڵاتکردن، بۆچی ئەوەندە زوو زوو دووبارە دەبێتەوە؟ ئایا چارەسەری یان هیچ کەس و گرووپێک لەسەر خیانەت سزا دراون؟ گومانێک کە لەناخەوە ئازارم دەدات ئەوەیە، لەناو ئەو گەلەدا کە لە سەرانسەری دنیادا جێگایەکی نییە، لە فەرهەنگی ئیداری و سیاسیدا پێناسێکی نییە، ئەرێ کەسێک، گرووپێک، دەزگایەک نییە بوێریی ئەوەی هەبێ خیانەتکاران سزا بدات، جاش وەک جاش بناسێنی!


مێژووی جاشایەتی یان خیانەت لەوە دەچێ ئەوەندەی کورد کۆن بێ؟ ئەوەی جێگای سەرنجە کەسانی ئاسایی کەمتر کەوتوونەتە ناو ئەو تەڵەوە، بنەماڵە گەورەکان، عەشیرەتە بەناوبانگەکان، کەسایەتییە ناسراوەکان زیاتر پێیان خزاوە. زیاتر هاوکاریی داگیرکەران بوون، زیاتر خۆفرۆش بوون.


هەر لە مێژووی نوێدا ئەوەی بنەماڵەی بەدەسەڵاتی بابانییەکان، واتا میر و پاشایەکان بە ئیمارەتی بابان و میرنشینەکەیان کرد، نە دوژمن و نە کەسایەتییە ئاساییەکان نەیانکرد، نەک هەر ئەوە میرەکانی بابان دەیان جار لەشکری داگیرکەری تورکی و فارسییان هێنایە سەر ئیمارەتەکەیان و بە داگیرکردنیاندا. رۆژێک برازا پێش لەشکری والیی بەغدا دەکەوت و سلێمانیی دەدایە دەستی سوپای داگیرکەر، ڕۆژێک مام سوپای ئێرانی دێنایە سەر ئیمارەتی بابان. ئەوەندە دڵگرانم بە مێژووی داگیرکاری، نامەوێ ئەو جارانە یاد کەمەوە کە حاکمانی بابان لەشکری بیگانەیان هێناوەتە سەر یەکتر.


چیرۆکی ئەردەلانییەکانیش زۆر لە چیرۆکی بابانییەکان پاکتر نییە، بە ڕادەیەک خیانەت بەربڵاو بووە کاتێک سەرۆک وەزیران و هەمەکارێکی کوردی ئەردەڵانی نامە بۆ شای ئێران دەنووسێ و داوای لێ دەکات کە سوپا بێنی و داگیریان کات ”چونکە ئێستا لە هەموو کاتێک ناتەباتر و خراپترین“، شای ئێران، هەر چەند دوژمنی کورد و دەسەڵاتەکەیەتی سەرسام دەبێت و هەر چەند دەکات نازانێ ئەو سەرۆک وەزیرانە کوردە بەنیازە ببێ بە چی کە داگیر بکرێن و بە چ نیازیک دەیەوێ وڵاتەکەی تەسلیمی سوپای داگیرکەر بکات!


مێژووی ئەو سەد ساڵەی ڕابردووی شۆڕش و خەباتی کوردیش لە هەموو بەشەکانی کوردستان پڕە لە چیرۆکی سەیر و سەمەرەی خیانەت. لە سەردەمی شێخ مەحموودەوە تا ئەمڕۆ. لە نیوەی یەکەمی سەدەی ڕابردوودا خیانەتی (چەکداری) ئەوەندە بڵاو نەبووە، ئەگەر بشکرابێ زوو ئاشکرا کراوە و ڕیسوا کراوە.


ئەوەی جێگای سەرنجە، لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردووەوە، ئەو دیاردەیە بەتەواوی ئاڵۆز و چەواشە دەکرێ، بەتایبەتی لەبەردەم ڕای گشتی، خیانەت و جاشەیەتی دەکرێتە جۆرێک لە بیر و باوەڕی جیاواز، جۆرێک لە ڕێڕەوی تایبەت، جۆرێک لەتۆڵەکردنەوە و خۆ جیاکردنەوە، تا دەگاتە ئەوەی بە شێوازێک لە خەبات بەسەر خەڵکدا بفرۆشرێتەوە. زۆرجاریش نموونەکانی جاشایەتی و خیانەت دەکرێنە پاڵەوان و تێکۆشەری مێژوویی.


تا ئەمڕۆ کورد بوێریی ئەوەی هەبووە لەسەر هەڵەیەک شۆڕشگێڕ و دڵسۆزەکانی سزا بدات، هیچ نەبێ دەنگیان بەسەردا هەڵبڕێ، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە ڕووبەڕووی خیانەتکاران یان جاشەکان ببێتەوە. کورد تاکە نەتەوەیە هێڵی نێوان دڵسۆزی و خیانەتکاری بە ڕادەیەک کاڵ کردووەتەوە کە نابینرێ، تەواو وەک هێڵی نێوان بلیمەت و شێتی لێ کردووە. کورد تاکە نەتەوەیە کە جاشەکانی دلێرن، بە دەنگی دلێر و ڕووی لە پێستی کیسەڵ قایمترەوە ئامۆژگاریی خەڵک دەکەن. کورد تاکە نەتەوەیە جورئەتی ئەوەی نییە نەک جاشەکانی سزا بدات، بەڵکوو هەرگیز بوێریی ئەوەی نەبووە هەتا پێشیان بڵێ خیانەتکار. هەتا ئەمڕۆش کورد ناتوانێ لیستی شۆڕشگێڕ و جاش لە یەکتری جیاکاتەوە. ئەوەش گەورەترین زەبری بە کاروانی شۆڕشگێڕی گەیاندووە. هێنانەوەی جاشەکان بۆ نێو ڕیزی خەباتکاران (ئەگەر ئەو ریزەش هەبووبێ) لە هەموو ئەو هەلانەی هەڵکەوتوون، بە ڕادەیەک خەڵکی لەسەر خیانەت ڕاهێناوە، کە کەسێکی ئاسایی ترسی ئەوەی هەیە جێگای نەبێتەوە، لەبەر ئەوەی لە مێژووی ژیانیدا خیانەتی نەکردووە.


هەڵوێستە سیاسی و ئیدارییەکانی ئەو بیست ساڵەی ڕابردووش بەتەواوی جاشایەتی گەیاندە خانەی پاشایەتی، چونکە جاش بە پاداشت و پشتگرتنی لە لایەن سوپا و هێزی داگیرکەرەوە هەرگیز ناگاتە پلەی پاشایەتی کە تەواوی شاری لەسەر تاپۆ کەن، جاش ئەو کاتە دەگاتە پلەی پاشایەتی کە خیانەتی ئەو لەگەڵ دڵسۆز و خەباتگێڕ و فیداکاران یەکسان دەبێتەوە. ئەو پڕۆسەیە بوو هێزی دادپەروەرانەوە و فیداکاری سەدەیەکی پیشمەرگەی بەتاڵ کردەوە. ئەو کاتەی کە خوێنی شەهید، کە بێ باوکیی منداڵانی خەباتگێڕ لە ڕێگای خانەنشینی و پارەوە یەکسان کرانەوە، نەک هەر ئەوە پلە و پۆستیان وەک پاداشتی جاشایەتی بەسەر هەموواندا بەرز کرایەوە و شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە و پێشمەرگەی ڕاستەقینەیان کردە بەردەستی جاشی پۆستدار و خاوەن پارە. بۆ ئەوەی بابەتەکە لە وتاری ڕۆژنامە درێژتر نەبێتەوە و دواتر بپڕژێمە سەر وردەکارییەکانی گەندەڵیی بەڕێوەبردن لە برینی چوارەمدا ئەو برینە لێرەدا دادەپۆشمەوە.


برینی سێیەم: گەلەکۆمەکیی دنیا، بڕیاری دنیا لەسەر پارچە پارچەکردنی کورد و مانەوەی بە ژێردەستەیی و تەنیایی.


ئایا جیهان هەمووی دژی کوردە؟ ئایا ئەو جیهانە جێگای کوردی تیدا نابێتەوە؟ دەپرسم بەهای ئەو ملیۆنان لاپەڕە و کتێبانە چین دەربارەی یەکتر قبووڵکردن و مافی مرۆڤ و مافی نەتەوەکان نووسراون؟ لە هەموو ئەو نووسراوانەدا کورد وەک دەعبایەکی دوور لە مرۆڤ سەیر کراوە؟ نهێنیی ئەوە لەچیدایە هەر کەسێک دەسەڵاتی هەبوو، هەر کەسێک پرسی پێ کرا و قسەی خواردی، دەبێ دژی کورد بێ؟ ئایا نەدیتنی کورد بەشێکە لە ئەتەکێتی بەرپرس و شارەزابوون لە شێوازی بەڕێوەبردنی دنیا؟ ئەوە چ سیحرێکە لە کورد کراوە، لە هەر شوێنێکی سەر ئەو زەمینە سەر دەربینێ، سەدان پێ هەن پانی کەنەوە؟


ئەو شارەزا و زانا و هەمەکارانەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە دەبەن، بە نووزەی مشکێکی تاقیگە گریانیان دێت و هەموو توانایان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی ڕزگاری کەن و دووبارە نەبێتەوە، کەچی بەرامبەر کوشتن و ماڵسووتاندن و وێرانکردنی کوردستان بەدرێژایی مێژوو نەک هەر بێدەنگن، بەڵکوو بەئاشکرا ڕاستییەکانی ئەو کاولکارییە دەشارنەوە، ئەوە چ نهێنییەکە هەموو دنیا کۆک بن لەسەر بێدەنگکردنت، لەسەر کوشتنت، لەسەر دابەشکردن و ڕیسواکردنت، لەسەر کۆیلەبوون و ژێردەستەییت!
لەبەردەم تەواوی جیهان، بەوپەڕی شانازییەوە، لەناو باڵەخانەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هاوار دەکەن لە تورکیا تەنیا یەک نەتەوە هەیە، تەنیا تورک هەیە، هاوار دەکەن هەموو تاکێکی تورکیا شانازی بە تورکبوونی خۆیەوە دەکات، ئەوە چ سیحرێکە لەناو ئەو هەموو خوێندەوار و ڕۆژهەڵاتناس و ئینسان ناسە، کە مێژووی تەواوی جیهانیان ئەزبەرە، تاقە کەسێک هەڵناستێ و بڵێ، پیاوە گەورەکانی دنیا، شازادە و سەرۆک و بلیمەتانی هەر چوار سووچی دنیا، لە تورکیا نەتەوەیەکی دیکەش هەیە، خەڵکانێکی دیکەش هەن، زمانی تورکی نازانن، شار و گوند و کانیاوی خۆیان هەیە، پشیلەکانیان بەناوبانگن، ئەو پشیلانە لەسەرانسەری دنیادا تاقانەن، چاوێکیان شینە و چاوەکەی دیکەیان زەردە، هەیانە چاویان سوورە. لەناو ئەو هەموو مرۆڤدۆستە کەسێک هەڵنەستا بڵێ، بەڕێزان تەواوی جیهان پێنج سەد ساڵە بەرامبەر ئەو نەتەوەیە کە ناوی کوردە تووشی نەخۆشیی ئاڵزهایمەر بووە. کەسێک نەبوو بڵێ برایان لەجیاتی گرنگیدان بە نەشتەرگەریی گەورەکردنی سمت و سینگ، دەبێ مێشکی جیهان نەشتەرگەریی بۆ بکرێت و لەو نەخۆشییە قورسە، لەو ئاڵزهایمەرە گشتییەی نەدیتنی کورد ڕزگار بکرێ.


سیستمی نوێی جیهان باوەڕ بە بوونی نەتەوەیەک ناکات، تەنیا لەبەر ئەوەی ژمارەیان شەش ملیۆن، بیست ملیۆن، چل ملیۆن کەسە. نا ئەوە بایەخێکی نییە، ژمارەی مرۆڤ و هەناسەدان و زاوزێکردنی نیشانەی بوونیان نییە. هەبوونی وڵات و شار و گوند نیشانەی ئاوەدانی نییە لای ئەوان، چیرۆکی خۆشەویستی و زەردەخەنەی سەر لێوی منداڵ و دووکەڵی لوولە سۆبەی سەربان نیشانەی ژیان نییە. نا ئەوانە ناچنە ناو فەرهەنگی بوونەوە، ئەوانە تەنیا باوەڕ بە هێڵێکی سووری سەر نەخشە دەکەن، هێڵێک لە هەموو جیهان جیات کاتەوە، سنوورت دیاری کات، ئەوە نیشانەی بوونە، ئەوە نیشانەی ژیان و وجوودی نەتەوەیە.


ئەوان دەتوانن بەو هێڵە سوورانە ژیانت پێ ببەخشن یان لێت بستێنەوە. ئەو هێڵە سوورانەیان کردووەتە هەوا و ئاو و ژیانی ڕاستەقینە، تەنیا لەبەرئەوەی بۆ خۆیان دەتوانن ئەو هێڵانە ببەخشن.


ڕاستە لە سەردەم و کاتی جیاوازدا دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان، چ ئەو کاتانەی دەسەڵاتدار بوون، یان بە مەبەستی کاری سیاسی و ئابووری و سیخوڕی، چاودێریی ئەو جوگرافیایەیان کردووە کە کوردی لێ دەژی، ئێستا هەزاران و ملیۆنان دۆکیومێنتیان لەسەر وڵاتی کوردان هەیە، تا ئێستا بەردەوامن، بەڵام ئەوان لە هەموو ئەو دۆکیۆمێنتانەدا کورد و وڵاتەکەیان تەنیا بە کەرەستەی ئابووری و سەربازی و سروشتی زانیوە. تەنیا بۆ لیکۆڵینەوە و چۆنیەتیی دەست بەسەرداگرتن و کۆنتڕۆڵکردنیان ویستوون. ئەویش لە دوو ڕووەوە:


یەکەمیان: کوردیان وەک کۆیلە بۆ کارکردن، وڵاتەکەشیان وەک سامان و دەستکەوت سەیر کردووە.


دووەم: زۆر جاریش لێکۆڵینەوەی وردیان لەسەر کورد کردووە تا بزانن چۆن دەتوانن بیانکەنە داردەستی خۆیان و دوژمنەکانیان پێ تەمبێ کەن، وەک سوارەی حەمیدی لە سەردەمی حوکمڕانیی عوسمانییەکان، بەکارهێنانی کورد بۆ قەڵاچۆکردنی ئێزدییەکان لەسەردەمە جیاوازەکا،ن لەلایەن دەسەڵاتە سیاسی و کولتووریی عەرەبەکانەوە، دواتریشیان بەکارهێنانی کورد وەک ئازا و چاونەترس و بەهەڵمەت و هێرشبەر دژی داعش، کە دنیا تا ئەمڕۆ بەدەست ئەو هێزە تیرۆرستەوە داماوە.


ڕاستە دواتر بەبێ پێشمەرگە داعش شکا و توانییان بەسەریاندا زاڵ بن، بەڵام یەک جیاوازییان لەگەڵ بەرگری و شەڕی پێشمەرگە هەبوو. ئەویش ئەوە بوو پێشمەرگە شەڕی بەرامبەر دەکردن، هێرشەکانی تێک دەشکاندن و شار و گوندەکانی لێ وەدەگرتنەوە، بەڵام هێزەکانی دیکە نەیانتوانی یەک تاقە شار لە داعش بستێننەوە، بەڵکوو پێشتر شارەکانیان بە سەدان جۆری بۆمبی مەزن و تیشکی و پێشکەوتوو دەسووتاند و وێرانیان دەکردن، جا دەچوونە ناویان، هیچ شارێک نییە بە سەلامەتی لە دەستی داعش وەرگیرابێتەوە، بەڵکوو تەنیا شەقامی هەڵدڕاو و خانووی سووتاو و وێرانیان دەست کەوتووەتەوە. لەگەڵ هەموو ئەوانەدا پێشمەرگە بە سیمبولی شکاندنی دڕندەترین هێزی جیهان ناسێندرا، لەگەڵ ئەوەشدا کورد لەو بازنەیە نەچووە دەر کە تەنیا بۆ سەرکوتکردنی ئەوانی دیکە تەواو وەک بەکارهێنای سوارەی حەمیدی سەیر کراوە، دەنا وەک مرۆڤی خاوەن وڵات و کەرامەت بە شایانی بستەخاکێکی نازانن.


بەشی هەرە زۆری فەیلەسوف و زانا و ئەدیبەکان ڕایان وایە کە مرۆڤەکان بۆ خۆیان چارەنووس، دواتریش مێژووی خۆیان دروست دەکەن. زۆریان ئەو قسەیان کردووە بۆیە، نامەوێ بیدەمە پاڵ یەکێکیان، ئەوانیش کەوتوونە هەمان هەڵەی ئەو سیستەمەی دنیا بەڕێوە دەبات، بەوەی کوردیان نەدیوە دەنا دەیانزانی تەنیا کورد لە داڕشتن و نووسینەوە و دروستکردنی مێژووی خۆی، داهاتووی خۆی هیچ ڕۆڵێکی نییە.


ئەوە سیستەمی دنیایە ڕۆڵ دابەش دەکات، تا ئەمڕۆ ڕۆڵی کورد لەسەر شانۆ جیهان ڕۆڵی قوربانییە، قوربانییەک هەتا توانای هەڵبژاردنی ئەو چەکەشی نییە کە پێی دەکوژرێ. ئەوەش دنیا بڕیاری لەسەر دەدات، سەردەمێک بە دەستڕێژی گوللە و سەردەمێک بە هەڵواسین و ڕۆژێک بە سلینگ و ڕۆژێک بە کارەبا و سەردەمێکی دیکە بە کیمیایی و ڕۆژێکی دیکە بە زیندەبەچاڵکردن و ئێستاش بە برسیکردن و ماڵ سووتاندن.


ئەو برینانە قووڵن، ئەوەندەی ڕەگی دنیا و هەتاو قووڵن. فراوانن، ئەوەندەی فراوانیی دنیا فراوانن. ئەوەی کورد دەکوژێ تەنیا نەتەوەکانی دراوسێ نین، تەنیا هاوئایینەکانمان نیین، نەخێر، دەکرێ بپرسین ئەی کێیە هێندە لە کورد داغدارە، دەیەوێ تا دنیا دنیایە بەسەر قەنارەوە بێ؟