خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ر له‌بیر ناكرێت

مه‌وداكان

له‌و شه‌و16ی ئۆکتۆبەری 2017دا گه‌وره‌ترین خیانه‌ت له‌ حزبه‌كه‌ى خۆت (یه‌كێتى) و كورد و كوردستان كرا، له‌و شه‌وه‌دا شكۆى پێشمه‌رگه‌ شكا، له‌و شه‌وه‌دا (خورماتوو و كه‌ركووك) تاڵان و فه‌رهوود و قه‌تلوعام كران، له‌و شه‌وه‌دا به‌ هه‌زاران کورد ده‌ربه‌ده‌ر كران، چ كوردێك هه‌یه‌ بتوانێ ئەو کارەساتە له‌بیر بكات، له‌و شه‌وه‌دا خه‌بات و تێكۆشانى بێ وچانى گه‌لێك و خاك و وڵاتى كورد و كوردستان هه‌رزان فرۆشران، له‌و شه‌وه‌دا ڕووبارێك خوێنى چه‌ندین ساڵه‌ى گه‌لێكى سته‌مدیده‌ خرایه‌ ژێر پێى خیانه‌تكاران و حه‌شدى شه‌عبى و دوژمنانى كورد. هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ زه‌نگى خه‌باتێكى نوێ به‌ گوێى كوردستاندا جاڕ درا، له‌ولاشه‌وه‌ جه‌نابى سه‌رۆك كۆمارى عێراق كه‌ هێشتا داوایان لێ ده‌كات ئه‌و شه‌وه‌ نه‌گریسه‌ له‌بیر بكه‌ن و ده‌ڵێ: (وه‌رنه‌وه‌ با كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى كه‌ركووك به‌ڕێوه‌ بچێت و پارێزگارێكى نوێ هه‌ڵبژێرن)، كاندیده‌كه‌شى له‌ گرووپى خیانه‌تكارانە. كه‌ جه‌نابى سه‌رۆكیش هەواداری رەفتارەکانی ئەو گرووپه‌یه‌ و ده‌یه‌وێ ئه‌و شه‌وه‌ ڕه‌ش و پڕ له‌ شه‌رمه‌زارییه‌یان له‌بیر بباته‌وه‌، به‌ڵام سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌ن و زۆرینه‌ى ئه‌ندامه‌ كورده‌كانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا داواكارییه‌كه‌یان ڕه‌ت كرده‌وه‌.


چونكه‌ له‌سایه‌ى ئه‌و و خیانه‌تكاران وه‌كوو به‌خۆیان باسى ده‌كه‌ن، ناو كه‌ركووك ئه‌من و زه‌مانه‌ته‌ و ماڵه‌كانیان به‌ سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نیشه‌وه‌ تاڵان كراون و داگیر كراون، وه‌كوو چۆن (عه‌بادى) داواى چه‌سپاندنى ده‌ستوور له‌ ناوچه‌ (جێناكۆكه‌كان) ده‌كات، به‌ هه‌ڕه‌شه‌ى جوڵاندنى هێز و داگیركردنى سه‌رجه‌م خاكى هه‌رێمى كوردستانى پێداگری بكات، دیاره‌ سه‌رۆك كۆماریش هه‌مان داواى (عه‌بادى)ی هه‌یه‌ و ئه‌ویش له‌گه‌ڵ داوا ناڕه‌وایه‌كانى دوژمنانى كورد هاوڕایه‌، له‌ولاشه‌وه‌ (عه‌بادى) به‌ هاوكاریى خیانه‌تكاران كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى كه‌ركووك و ده‌وروبه‌رى داگیر كردووه‌ و به‌ته‌مایه‌ ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ش بخوا، كه‌ ئه‌وه‌ چه‌ندین ساڵه‌ له‌ ڕێى گه‌نده‌ڵكاره‌ عێراقییه‌كان لێى ده‌خۆن و به‌شیان ناكات، وه‌ك ده‌ڵێن (به‌شى خۆم بۆ خۆم، به‌شى تۆش ده‌خۆم).


هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ دكتۆر فوئاد مەعسووم ده‌ڵێت: (ئه‌م جاره‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانم به‌كار ده‌هێنم)، واته‌ ده‌سه‌ڵاتى هه‌بووه‌ و به‌كارى نه‌هێناوه‌، یان نه‌یوێراوه‌ به‌كارى بهێنێت، ئه‌ویش له‌ دژى كورد به‌گشتى و كه‌ركووك و كه‌ركووكییه‌كان به‌تایبه‌تى و له‌گه‌ڵ مه‌رامه‌ سیاسییه‌كانى ده‌سه‌ڵاتى شۆڤێنیی شیعه‌گه‌رایی هاوڕایه‌، كورد گوته‌نى (ئه‌گه‌ر دار كلكى تەورەکەی له‌ خۆى نه‌بێ كه‌س ناتوانێ بیبڕێ).


له‌و ماوه‌یه‌ى دواییشدا، له‌وه‌ته‌ى خه‌ریكه‌ شه‌ڕى داعش كۆتایی بێت، هه‌موو گرووپه‌ باڵاده‌سته‌كانى شیعه‌گه‌را لێدوان دواى لێدوان ده‌ده‌ن و هه‌ندێكیان سه‌ر به‌ ئێران و هه‌ندێكیشیان سه‌ر به‌ مه‌رجه‌عه‌ ئایینییه‌كانى شیعه‌ن. له‌ پرۆسه‌ى داهاتووى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌ چه‌ندین لیستى جیاواز به‌شدارى ده‌كه‌ن، دیارترینیان لیستى (حزبى ده‌عوه‌)یه‌، كه‌ به‌ دوو لیست (لیستى مالیكى و لیستى عه‌بادى) به‌شدار ده‌بن، لیستى (عطا‌ء)ى فالح فەیاز و لیستى (تیار الحكمة)ى عەمار حەكیم، لیستى (بدر)ى هادى عامرى و لیستى (الاحرار)ى سه‌درییه‌كان، وه‌ك ڕاشیان گه‌یاندووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى شیعه‌ زۆرینه‌یه‌، ده‌بێ به‌ته‌نیا حكوومه‌تى عێراقى پێكبهێنێت، دواى پێكهێنانى هاوپه‌یمانى له‌نێوان هه‌موو لیسته‌كان و قۆرخكردنى ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن عەرەبە شیعه‌كانى عێراق.


جه‌نابى سه‌رکۆمار.. ده‌بوایه‌ له‌ ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ت له‌دواى جێبه‌جێكردنى مادده‌ى 140ى ده‌ستوور و داواى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى زیانلێكه‌وتوانى خه‌ڵكى كوردستان له‌ كاره‌ساته‌كانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ و ته‌عریب و ته‌رحیل و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانى بیابانى عه‌رعه‌ر له‌ باشوورى عێراقت بكردایه‌، وه‌ك چۆن ئه‌وه‌ چه‌ندین ساڵه‌ عێراق قه‌ره‌بووى زیانه‌كانى وڵاتى (كوێت) ده‌ژمێرێ و تا ئێستاش ئه‌و قه‌رزانه‌ به‌رده‌وامن و كۆتاییان نه‌هاتووه‌، ئه‌وه‌ له‌و دواییه‌ش زه‌ره‌رى گیانى و ماددى زۆر و زه‌وه‌ندى له‌ خورماتوو و كه‌ركووك و كه‌ركووكییه‌كان درا، له‌لایه‌ن ئه‌و حكوومه‌ته‌ شیعییه‌ى جه‌نابتان تیایدا سه‌رۆك كۆمارن، ئه‌و بێ هه‌ڵوێستییه‌ى به‌ڕێزتان هه‌روا به‌ئاسانى تێناپه‌ڕى و مژده‌ى ڕاپه‌ڕینێكى سه‌رتاسه‌رى له‌ كوردستان به‌ڕێوه‌یه‌ و سه‌ره‌تا بڵێسه‌كه‌ى له‌ خورماتوو و گه‌رمیان و خانه‌قین و كه‌ركووك له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى بابه‌گوڕگوڕ و باى حه‌سه‌ن و هاڤانا سه‌ر هه‌ڵده‌دات و سه‌ره‌تاى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌كه‌ش له‌لایەن هێزێكى خۆبه‌خشى ڕۆڵه‌ جوامێره‌كانى كوردستانە، كه‌ به‌ ناوى (هێزى ڕزگارى) دامه‌زراوه‌ و ده‌ستیان داوه‌ته‌ چه‌ك و له‌و دواییانه‌ش چه‌ندین گورزى جەرگبڕیان له‌ هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى و هاوكاره‌ خائینه‌كانیان داوه‌ و له‌ ماوه‌یه‌كى نزیكدا خورماتوو و ده‌وروبه‌رى ئازاد ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر دیسان خاكفرۆشان له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێك نه‌كه‌ون و به‌ناوى ده‌ستوور و یاسا هێز كۆ بكه‌نه‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌و هێزه‌ كوردپه‌روه‌ر و نیشتمانپه‌روه‌ره‌.