داستانی پردێ سەرکەوتن بوو بە سەر خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و گشت پیلانگێڕانی دژ بە کوردستان

 

 

 

مانگێک لەومەوبەر لە ٢٠/١٠/٢٠١٧دا، پێشمەرگە سەربەرزەکانی کوردستان، لە میحوەری ڕۆژاوای کەرکووک/ جبھەی پردێ/ سەربەرز و مەردانە، ھەڵۆئاسا پەلاماری داگیرکەرانیان تێکشکاند و راویان نان و وانەیەکیان پێدان کە ھەرگیز لە یادیان ناچێت.

 

کاتێ کە لە ئاکامی گەلەکۆمەیەکی ناوخۆیی و دەرەکی، بە پیلانگێڕی و جووڵاندنی ھێز و بە چاوساخی و ھاوکاریی خوێناوی گرووپە " کاڵفام" و بە خەیانەت گۆشکراوە ناسراوەکەی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دووز و خانەقین و کەرکووکی دڵی کوردستان رادەستی داگیرکەران کران، زۆر ماڵی ھاوڵاتیانی رەسەنی ناوچەکە بەر تاڵان و سووتان کەوتن و زیاتر لە ٢٠٠ ھاووڵاتیش شەھید کران. لە ئاکامی ئەو رووداوانەدا ، تراژیدیایەکی نەتەوەیی خوڵقاو و تاسان و نیگەرانی و نائۆمێدی باڵی بە سەر گشت کوردستاندا کێشا. لەو تەموومژە سیاسییەدا چارەنووسی باشووری کوردستان و ھەرێم و حکومەتەکەی کەوتنە بەر پرسیاری ناوخۆ وھەرێمی و جیھانی.

 

لەوەھا دۆخێکی سیاسی و سەربازی و سایکۆلۆژی دا بوو کە بەرەبەیانی رۆژی ٢٠ی ئۆکتوبەر، فەرماندەکانی ئەو ھێزە داگیرکەر و پەلاماردەرانە کە بۆنی نەوتی کەرکووک مەست و کەڕ و لاڵ و کوێری کرد ب وون، بە ئامانجی داگیرکردنی پایتەختی کوردستان، بەرەو تێپەڕین لە شارۆچکەی " پردێ" فەرمانی جووڵەیان دەرکرد.

 

ریز بوونی لەشکرێکی ھەزاران کەسیی ئیقلیمی، تەیار بە سەدان چەک و ئالیاتی جەنگیی پێشکەوتووی وەک: دەبابەی ئابرامز و ھامەر و باجەر و دۆشکە و مودەرعەی ئەمریکی و تۆپی دوورھاوێژ و کاتیۆشا و سارۆخی کۆرنێت لە بەرەی دوژمن و لەبەرانبەریشدا، دامەزرانی بەرپرس و فەرماندە و پێشمەرگەکانی بەر فەرمانی مێحوەری رۆژاوای کەرکووک کە بۆ رێگرتن لە پێشڕەویی داگیرکەران بەرەو ھەولێر، پەیمانی سەرکەوتن یان شەھید بوون لەو سەنگەرانەیان بەستبوو ، تابڵۆیەک لە جەنگێکی مێژوویی و چارەنووسسازی نێوان کورد و داگیرکەرانی ، نەخشاند بوو. ئەو رۆژە چاو و دڵ و ھەست و ھیوای ھەموو کوردستان لە سەر پردێ بوو کە پێشمەرگە وەک ھێزی رۆژی تەنگانە و رۆژە سەختەکان، گەل و نیشتمان و پایتەختەکەی لە داگیرکەران بپارێزی.

 

سوپای کوردستان و سوپای داگیرکەران ئاوقای یەکتر بوون و بە توندی بە گژ یەکدا چوون. گرمەی تۆپ و شریقەی گوللە و بڵێسەی ئاگر و دووکەڵی بارووت و تۆزی ھاون و زڕەی زنجیری دەبابەی دوژمن، ئاسمانی پردێ و ناوچەکەی داگرتبوو. پێشمەرگە وەک چیاکان چەقیبوون و وەک داربەڕووەکان وەھا خۆیان داکوتابوو کە سینگیان ببووە قەڵغانی پاراستنی نیشتمان و بەھا بەرزەکانی. سەرەنجام بە ھەموو ئەو ناھاوسەنگییەی کە لە رووی سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسییەوە لە نێوان بەرەی وڵاتپارێزانی کورد و دوژمنانی داگیرکەر و خاکفرۆشان لە ئارادا بوو؛ پاش زیاترلە ٨ سەعات شەڕی بێ پسانەوە و بەردەوام ، دوژمن نەک ھەر نەیتوانی بەرەو ئامانجە دیاری کراوەکەی پێشڕەوی بکات، بەڵکوو تێکشکا ن و ھەلاتن و ڕاونران ، ھەموو ئەو غروور و لە خۆبایی بوونەی بە ھۆی خیانەتەکەی تاقمەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، کەڵەکەی سەر لەش و رۆحیان ببوو، پووکایەوە.

 

بەو حاڵەشەوە گرینگی و جێگای نەبەردی پردێ تەنیا بەو دیمەن و رەھەندانەوە شرۆڤە ناکرێت. ھەر جەنگ و نەبەردێک بە ئاکام و کارییگەرییە سیاسی و سەربازییەکانی و دەسکەوت و دۆڕانەکانییەوە ھەڵدەسەنگێندرێت. نەبەردی " پردێ"، ھاوکێشە ئاراییەکانی نێوان ١٦ تا ٢٠ی ئۆکتوبەری گۆڕی و ھەموو ئەو ئەوانەی دەست و رۆڵیان لەو پیلانگێری و لەشکرکێشیەدا ھەبوو و ئەوانەش کە وا چاوەڕێی ئاکامی ئەو ھێرشانە و بەلادا کەوتنی تەوازونی ھێز بوون، لە ئێوارەی ئەو رۆژەدا بە حیساباتی خۆیاندا چوونەوە.

 

نەبەردی پردێ، نەبەردی پاراستن و مانەوەی ھەولێر و حوکمڕانی کوردستان بوو. راسان لە ڕووی خەیانەت و نیشتمانفرۆشی و نائۆمێدی دا بوو. ھەڵمەتی نیشتمانپەروەران و دەرکەوتن و درەوشانەوەی سەربەرزانەی ھێز و لایەنی دڵسۆز بە گەل و خاکی کوردستان بوو. ھەروەھا بە ھێز بوونی زیاتری سیاسی و سەربازیی و دیپلۆماسیی ھەرێمی کوردستان بوو. ئەو نەبەردە مێژووییە ھەر لە ئاستی شان و شکۆی بەرزی پێشمەرگە دەوەشایەوە و پووچەڵ کردنەوەی پیلانی ھاوبەشی داگیرکەران بوو. ھەر لەو کاتەشدا مایەپووچ کردنی خاکفرۆشانی بەرەی خەیانەت بوو.

 

حەماسەی پڕ لە شانازیی پردێ، لە نەبەردەکانی مەحموودییە و زمار و مەخموور دووپات بوونەوە و ئێستا ھەموو بەرەکانی بەرگری لە کوردستان، پردێ و مەحموودییە و زمار و مەخموورن.

 

لە یادی ئەو حەماسە مێژووییەدا کە بە خوێنی پۆلێک لە رۆڵەکانی نیشتمان تۆمار کرا، ھەزاران سڵاو پێشکەشی شەھیدانی ئەو نەبەردە دەکەین و سەری رێز لە بەرانبەر شکۆ و گەورەییاندا دادەنەوێنین. سڵاوی ئەمەگ و وەفاداریی پێشکەشی ئەو فەرماندە و پێشمەرگانە دەکەین کە ئامادە بوون بمرن بەڵام، شکۆی نەتەوە ونیشتمانەکەیان پارێزراو بێت.