بوومه‌له‌رزه‌ی ڕیفراندۆم

 

له‌پاش خیانه‌ته‌ گه‌وره‌كه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و ڕاده‌ستكردنی کەرکووک و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم به‌ به‌غدا، كاره‌ساتێكی دڵته‌زێنی تر به‌سه‌ر گه‌لی كوردستاندا هات. ئه‌و كاره‌ساته‌ دڵته‌زێنه‌، بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی 12ی نۆڤه‌مبه‌ری هه‌فته‌ی ڕابردوو بوو، كه‌ ناوچه‌كانی باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانی گرته‌وه‌ و بووه‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدان و برینداربوونی هه‌زاران كه‌س له‌ دانیشتووانی ناوچه‌ جیاجیاكانی كوردستان.


به‌داخه‌وه‌ له‌و بوومه‌له‌رزه‌یه‌ی كه‌ شاره‌كانی كوردستانی هه‌ژاند، پارێزگای كرماشان‌ پشكی شێری به‌ركه‌وت. ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌یه‌ی كه‌ به‌ گوڕی‌ 7.3 پله‌ به‌ پێوه‌ری‌ رێخته‌ر شاره‌كانی سه‌ر به‌ پارێزگای كرماشانی هه‌ژاند، مه‌رگبارترین بوومه‌له‌رزه‌ی ئه‌مساڵی جیهان بوو، كه‌ بووە هۆکاری گیانلەدەستدان و برینداربوون و ماڵوێرانبوونی ده‌یان هه‌زار دانیشتووی خه‌ڵكی ئه‌و پارێزگایه‌.


هێشتا بوومه‌له‌رزه‌ بچووكه‌كانی دوای بوومه‌له‌رزه‌ به‌هێزه‌كه‌ كۆتایی نه‌هاتبوون كه‌ (عه‌لی محه‌ممه‌دی لوڕوه‌ند)، ئیمام و وتارخوێنی شاری كه‌نگاوه‌ری سه‌ر به‌ پارێزگای كرماشان، له‌باتی ئه‌وه‌ی داوا له‌ حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی بكات به‌هانای قوربانییان و زیان لێكه‌وتووانی كاره‌ساتی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌ بچن، له‌ لێدوانێكدا ڕای گه‌یاند كه‌: "ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌یه به‌هۆی پرۆسه‌ی ڕیفراندۆمه‌وه بووه‌‌". كه‌ به‌ قسه‌ی ناوبراو گوایه‌: "ناحه‌قییه‌كی زۆری تێدا كراوه"‌.


ئه‌گه‌ر هه‌ندێك كه‌س پێیان وابێت كه‌ ئه‌و لێدوانه‌ی ئیمام و وتارخوێنی شاری كه‌نگاوه‌ر له‌ نه‌زانیی ناوبراوه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، من هاوڕایانم، به‌ڵام له‌وه‌ی كه‌ لێدوانه‌كه‌ی ته‌نیا به‌هۆی نه‌زانی و جه‌هله‌وه‌یه‌، نه‌خێر، چونكه‌ هه‌موو مرۆڤێكی عاقڵ ده‌زانێت و لۆژێكیش ده‌ڵێت كه‌‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌نێوان پرۆسه‌یه‌كی دیمۆكراسیی وه‌كوو ڕیفراندۆم و كاره‌ساتێكی سروشتیی وه‌كوو بوومه‌له‌رزه‌دا نییه‌.


لێدوانه‌كه‌ی (لوڕوه‌ند)ى ئیمام جومعه‌ی كه‌نگاوه‌ر له‌لایه‌كه‌وه‌ شاكامیبردن به‌ خه‌ڵكی كوردستان و جۆرێك له‌ ده‌ربڕینی خۆشحاڵییه‌ له‌ ڕوودانی ئه‌و كاره‌ساته‌ له‌و عه‌قڵیه‌ته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ گوایه‌ ڕیفراندۆم تاوانێكی گه‌وره‌ بووه‌ گه‌لی كورد ئه‌نجامی داوه‌ و بوومه‌له‌رزه‌كه‌ش عه‌زابێكی ئیلاهییه‌ كه‌ به‌هۆی ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانه‌وه‌ بۆ گه‌لی كوردستان نێردراوه‌.


له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ په‌یامێكی سیاسیی تێدایه‌، كه‌ ده‌یه‌وێت بڵێت‌ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ بوومه‌له‌رزه‌ لێیان داوه‌، ئه‌وانه‌ن كه‌ پاڵپشت و پشتیوانی‌ ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بوون. ئه‌م بابه‌ته‌ش له‌و ڕق و قینه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ له‌پاش به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌كه‌، سه‌دان كه‌س له‌ هاونیشتمانیانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ ورمێ، بانه‌، سنه‌، سه‌قز، مه‌هاباد، مه‌ریوان، كرماشان و شاره‌كانی دیكه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، ڕژانه‌ نێو شه‌قامه‌كان و به‌ده‌م گوتنه‌وه‌ی چه‌ندین دروشمی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان و ئاهه‌نگگێڕان، پاڵپشتیی خۆیان بۆ پرۆسه‌ی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌ربڕی. ئه‌وه‌ بوو ڕۆژی دواتر ده‌یان كه‌س له‌ خەڵکی شاره‌ جیاجیاكانی ڕۆژهه‌ڵات، به‌ تۆمه‌تی پشتیوانیكردن له‌ ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیر كران.


نه‌ك ته‌نیا له‌ پاڵپشتیكردنی ڕیفراندۆم، به‌ڵكوو له‌دوای ته‌واوبوونی واده‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیش، ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان به‌ دروشمی (بارزانی بارزانی) و (كورد زیندووه‌) شه‌قامه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتیان هه‌ژاند و به‌ڕوونی به‌ گوێی داگیركه‌رانیان چرپاند كه‌ گه‌لی كوردستان زیندووه‌ و پشتیوانیی سه‌رسه‌ختی سه‌رۆك بارزانین، بۆ گه‌یشتن به‌ خه‌ونی له‌مێژینه‌ی گه‌لی كوردستان و سه‌ربه‌خۆبوون. خرۆشانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی ڕۆژهه‌ڵات له‌ كاتێكدا بوو كه‌ سه‌رۆك بارزانی نامه‌ی ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كرد و قبووڵنه‌كردنی درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی به‌ په‌رله‌مانی كوردستان ڕاگه‌یاند و دووپاتی له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ نایه‌وێ چیتر یاسای بۆ هه‌موار بكرێ و ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی درێژ بكرێته‌وه‌، به‌ڵكوو ئه‌و وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك به‌رده‌وام ده‌بێ له‌ خزمه‌تی كوردستان.


ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ نیشتمانییانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان له‌ پاڵپشتیكردن له‌ ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و سه‌رۆك بارزانی، جارێكی دیكه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ی دووپات كرده‌وه‌ كه‌ نه‌ سنووره‌ ده‌ستكرده‌كانی سایكس پیكۆ توانیویه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ پارچه‌كانی تری نیشتیمان جیا بكاته‌وه‌ و نه‌ش ئه‌و هه‌موو زوڵم و سته‌مه‌ی كه‌ له‌ چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا ده‌رهه‌قیان ئه‌نجام دراوه‌‌، توانیویه‌تی‌ هه‌ستی كوردبوونیان تێدا بكوژێ. ئه‌وان دیسان سه‌لماندیان كه‌ سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕبوونی سه‌ده‌یه‌ك به‌سه‌ر داگیركاری و بنده‌ستیدا، ڕۆژهه‌ڵات هه‌ر ماوه‌ و نه‌كه‌وتووه‌ و هێشتاش هه‌ر كانگای بیر و هزری نه‌ته‌وه‌یی و كوردایه‌تییه‌. ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان ئه‌و ڕاستییه‌ی دووپات كرده‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌ڕای دابه‌شكردنیشی، كوردستان هه‌ر یه‌كپارچه‌یه‌ و هه‌روه‌كچۆن له‌ كاتی چه‌ندجار ئاواره‌بوونی براكانیان له‌ باشوور، ئه‌وان وه‌ك خاوه‌ن ماڵ پێشوازییان لێ كردن و ماڵ و حاڵ و پارووی ده‌میان له‌گه‌ڵ به‌ش كردن، ئێستاش به‌ هه‌مان روحیه‌تی جاران و بگره‌ زیاتریش، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پاڵپشتی و پشتیوانییان‌ لێ ده‌كه‌ن. بێ گومان ئه‌م ڕاستییه‌ تاڵه‌ش بۆ داگیركه‌ران شكستێكی گه‌وره‌یه‌ و هه‌رسكردنی ئه‌سته‌مه‌.


لێدوانه‌كه‌ی ئیمام جومعه‌ی كه‌نگاوه‌ر و هاوبیره‌كانیشی هه‌ر له‌و شكسته مه‌زنه‌‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. ڕیفراندۆم به‌شێوه‌یه‌ك تووشی شۆك و هیستیریای كردوون، كه‌ ته‌نانه‌ت هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن كاره‌ساته‌ سروشتییه‌كانیش به‌ ڕیفراندۆم ببه‌ستنه‌وه‌. ئه‌و ده‌ڵێت كه‌: (بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی كوردستان به‌هۆی ڕیفراندۆمه‌وه بووه‌‌)، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌یه‌ی كه‌ كوردستانی هه‌ژاند‌، كاره‌ساتێكی سروشتی بووه‌‌ و به‌هۆی ڕیفراندۆمه‌وه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ بوومه‌له‌رزه‌ی ڕیفراندۆم بووه‌ كه‌ عه‌رشی داگیركه‌رانی هه‌ژاندووه‌. پاشانیش ده‌ڵێت: (له‌و ڕیفراندۆمه‌دا ناحه‌قییه‌كی زۆر كراوه)، ئه‌مه‌شیان دڵخۆشكه‌ره‌، چونكه‌ كاتێك داگیركه‌رێك ده‌ڵێت "ناحه‌قییه"‌، ئه‌وه‌ ئیدی زیاتر دڵنیا ده‌بینه‌وه‌ كه‌ ڕیفراندۆم "حه‌ق" بوو.