سه‌ره‌تا، له‌ گێژاوێكدا ده‌ژیم پێویستم به‌وه‌یه‌ سه‌رله‌نوێ پێناسه‌ی چه‌مك و وشه‌كان بكه‌مه‌وه‌. فره‌ كه‌س ده‌بینم یه‌كتر به‌ خیانه‌ت تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، تا ئه‌ راده‌یه‌ی نازانم خیانه‌ت پێناسه‌ بكه‌م، بۆیه‌ به‌ خه‌یاڵ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ حاڵی نووسه‌ر له‌ كاتی جه‌نگدا، ئه‌گه‌رچی جه‌نگ به‌رۆكی وڵاتی خۆتی نه‌تەنیبێت جیاوازه‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ روانگه‌ جیاوازه‌كان بیرۆكه‌ی تازه‌یان تێدا به‌دی بكرێت.


(ناتوانم بنووسم، هه‌ست ده‌كه‌م زانیاریم سه‌باره‌ت به‌ سوپا و جه‌نگ كه‌مه‌... من ته‌نیا گرنگی به‌ ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵك ده‌ده‌م، جگه‌ له‌ ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانی قوربانییانی جه‌نگ هیچی دیكه‌ نابینم...) ئه‌مانه‌ وشه‌كانی گێڵهۆڕن بوون بۆ هه‌مه‌نگوای، له‌ فیلمی هه‌مه‌نگوای و گیڵهۆڕن. ئه‌م فیلمه‌ له‌ 2012 له‌ ئه‌مەریكا به‌رهه‌م هاتووه‌، له‌ ده‌رهێنانی فیلیب كۆفمان و به‌ پاڵه‌وانێتیی نیكۆڵ كیدمان و كڵایف ئۆین. فیلمێكی دوورودرێژ و ئاڵۆزه‌ و بینه‌ر ده‌باته‌وه‌ بۆ ساڵی 1936، چه‌ندین چیرۆك و سه‌ربورده‌ و هه‌واڵ و زانیاریی تێدایه‌ كه‌ مرۆڤ ناتوانێت بی‌ بینینی یه‌ك جاری هه‌رسیان بكات.


مارتا گێڵهۆڕن و ئارنست هه‌مه‌نگوای، دوو نووسه‌ری كاریگه‌ری ئه‌مه‌ریكی بوونه‌، له‌ لاوێتیی خۆیان وه‌كوو زۆری نووسه‌ران هه‌واڵگری جه‌نگ بوونه‌. فیلمه‌كه‌ به‌ فلاش باك نمایش كراوه‌ و له‌سه‌ره‌تاكه‌یه‌وه‌ گێڵهۆڕن به‌ پیری سه‌ربورده‌كان ده‌گێڕێته‌وه‌. سه‌ره‌تا، به‌نیازی رۆیشتن بۆ ئیسپانیا و روماڵكردنی هه‌واڵه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆی ئه‌و وڵاته‌، له‌ یانه‌یه‌كدا یه‌كدی ده‌ناسن و پێكه‌وه‌ ده‌ڕۆن و له‌ سه‌فه‌ره‌كه‌یاندا چه‌ندین كه‌سایه‌تیی دیكه‌ ده‌بینن و ده‌ناسن و تراژیدیا و هه‌واڵی چه‌ندین وڵات و چه‌ندین جه‌نگ ده‌گوێزنه‌وه‌.


له‌و دیمه‌نه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌دا وشه‌كانی گێڵهۆڕنم نووسیوه‌، سه‌رنجیان راكێشام، چونكه‌ ماوه‌یه‌كه‌، ئه‌گه‌رچی من كاره‌كه‌ی ئه‌وان ناكه‌م، به‌ڵام هه‌مان هه‌ستم هه‌یه‌ كه‌ وشه‌ و چیرۆك و بابه‌ت خیانه‌تم لێ ده‌كه‌ن و له‌وه‌ته‌ی وڵاته‌كه‌م له‌ جه‌نگدایه‌ به‌سه‌ختی ده‌نووسم. له‌و دیمه‌نه‌دا گێڵهۆڕن كه‌ منداڵێكی رزگار كردبوو، دوای ئه‌وه‌ی دایكی كوژرابوو، ده‌ست و جله‌كانی به‌ خوێنی دایكه‌كه‌وه‌ بوو، به‌ چاوی پڕ له‌ فرمێسكه‌وه‌ ده‌یگوت: (من ناتوانم بنووسم!) هه‌مه‌نگوای هاواری به‌سه‌ردا ده‌كات: (گێڵهۆڕن، ئێستا كاتی نووسین نییه‌، بیروباوه‌ڕی خۆت له‌بیر بكه‌ و له‌سه‌ر ئامێری چاپه‌كه‌ت دانیشه‌ و چی ده‌بینیت ئه‌وه‌ بگوێزه‌ره‌وه‌، سه‌یری خۆت بكه‌ و بزانه‌ حاڵت چۆنه‌ و بینووسه‌).


له‌سه‌ره‌تای فیلمه‌كه‌وه‌ تا كۆتایی، مارتا چه‌ندین جار باسی سۆزداری و لایه‌نگریی خۆی بۆ مه‌دریدییه‌كان ده‌كات و ئێژێت: (به‌ڕاستی دڵم شكا بۆیان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو دونیا فه‌رامۆشی كردوون و كه‌س به‌هانای مه‌ینه‌تییه‌كانیانه‌وه‌ نه‌هات). هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ مارتا ره‌خنه‌ی توند به‌تایه‌به‌تی له‌ ئه‌مەریكا كه‌ وڵاتی خۆیه‌تی ده‌گرێت و بۆ خۆی بڕیار ده‌دات: (من ده‌نگی بێده‌نگه‌كانم و ئازاره‌كانیان بۆ هه‌موو جیهان ده‌گوێزمه‌وه‌). به‌ڵام، ئیمڕۆ نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌ك به‌سه‌ر ئه‌م قسانه‌دا تێپه‌ڕیوه‌ و به‌شێكی راستیی ئه‌وه‌یه‌، عه‌وله‌مه‌ كه‌سی بێده‌نگی نه‌هێشتووه‌، كه‌واته‌ هه‌رچی بێژین هه‌ر له‌ روانگه‌ی خۆمانه‌ و تێڕوانینی خۆمانه‌ بۆ رووداوه‌كان.


له‌ كاتی جه‌نگدا هه‌میشه‌ دوو جه‌نگ هه‌یه‌، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی و له‌ شوێنی جه‌نگه‌كه‌ روو ده‌دات و ئه‌وی دیكه‌ش جه‌نگی مرۆڤه‌ له‌گه‌ڵ ناخی خۆیدا، له‌نێوان بیروباوه‌ڕی خۆت له‌گه‌ڵ راستیی ئه‌وه‌ی روو ده‌دات. ئه‌دی وشه‌ی راستی مانای چییه‌؟ راستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر كه‌سێك له‌ روانگه‌ و گۆشه‌ی خۆیه‌وه‌ ده‌یبینێت، ئه‌گه‌رنا هه‌رگیز یه‌ك راستی و یه‌ك گۆشه‌ له‌ئارادا نییه‌. راستی له‌ روانگه‌ی خه‌ڵكه‌وه‌ جیاوازه‌ له‌ روانگه‌ی سوپا و روانگه‌ی راگه‌یاندن و روانگه‌ی سه‌ركرده‌ و ده‌سه‌ڵاتداران، روانگه‌ی تۆ كامیانه‌؟ ئه‌م پرسیارانه‌ مێشكیان ته‌نیوم.


(خۆتان له‌ وشه‌ی حوكمدان به‌دوور بگرن)، له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌م وشانه‌ی مامۆستاكانم له‌ گوێمدا زرینگه‌یان دێت. حوكمدان وه‌كوو: باشترین، خراپترین، جوان، كرێت، ئازاد، كۆیله‌، خیانه‌ت... خیانه‌ت؟ ئه‌دی خیانه‌ت چۆن پێناسه‌ ده‌كرێت؟ ئێستاش نه‌مزانی خیانه‌ت كامیانه‌، ئه‌وه‌نده‌ خه‌ڵكم بینی یه‌كتر تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن!