کوێمان دەگرن؟

 

ئەو دێیەی ئێمە، هێندە باخ و باخات و رەزی تێکەڵ بەیەکی تێدایە، خوا نەبێ کەس نازانێ لە کوێوە بۆ کوێ هی کێیە! بۆ نموونە رەزەکەی قالەسوور و حاجی سمایلی بۆرەخزممان، بە شێوەیەک تێکەڵ بووە، ساڵانە لە وەرزی پێگەیشتنی ترێدا، دەبێتە شەڕیان. هەرچەندە پێشتر کوێڕەکەڵەکێکی خواروخوێچ لەنێوانیاندا وەک سنوور هەبووە، بەڵام بە تێپەڕینی ساڵ و عەیامان و بە کاریگەریی بەفر و باران، کوێرەکەڵەک بەحاڵ ئەسەری ماوە. بۆیە قالە دەڵێ ئەو پەڵەمێوەی خوار بەردەشکاو هی منە، چونکە رەگ و قەدیان چەند سانتیمێک کەوتووەتە ئەمدیو کوێرەکەڵەکی سنوورەوە، لە بەرامبەردا، حاجی سمایلی بۆرەخزمیش دەڵێ: نەخێر هی منە، چونکە پەلوپۆ و مێو و بەرەکەیان لەم دیو کوێرەکەڵەکەوەیە.


ئەی مەسەلەی چوار باخە تێکپرژاوەکە بۆ ناڵێی! ئەوە هەر مەپرسە، ساڵ و زەمانێك قسە و باسی بەردەوامی ئەو دێیەی ئێمە بوو، لەسەر دوو بنە قۆخ و دارێکی هەنجیرە رەشە و سێ بنە هەرمێ کیویلە، موعەدەلی خوا شەڕ و دەمەقاڵێ بوو، جاری وا هەبوو دەگەیشتە ئەوەی چەک لەیەکتر راکێشن، پیاوماقووڵێک نەبوو دوو قسەی خێری تێدا بکات و ئاوێ بەو ئاگرەدا کا. خۆیان پیاوی پیاوکوشتن نەبوون، دەنا لەمێژ بوو، یەکتریان تەفروتوونا کردبوو!


عومەری ساوەرکوت و ساڵحی حاجی عەزیز و رەشەی خورشە و جەمالی سەعە جامولکە، چوار باخیان هەبوو، گۆشەی هەر چوار باخەکە، لە پانتاییەکی چوار پێنج مەتر چوارگۆشەدا یەکیان دەگرتەوە کە ئەهلی دێ پێیان دەگوت (ناوچە کێشە لەسەرەکە). ئەو چوار پێنج مەترەش ئەو دارە میوانەی تێدا بوو کە بۆم باس کردن، هەریەک لەو چوار پیاوە، بە موڵکی خۆی دەزانی و هیچ کاتیش نەبووە موڵکی هیچیان، ئیتر ئەم شەڕ و ئاژاوانەی بۆم باس کردن، بەردەوام بوو، تا عارفی سەبیح دەگەیەکی لێ دان، ئێستا و ئەوسا نەهاتنەوە سەر خۆیان.


ئاخر عارف، عاردێکی پان و بەرینی هەبوو، کە لە بەرزاییەوە بەسەر هەر چوار باخەکەدا دەیڕوانی، ساڵانە تووتنی تێدا دەکرد، عارفی سەبیح لە چاندنی تووتن بەولاوە، سەری لە هیچ کارێکی تری کشتوکالی دەرنەدەچوو، بۆیە کاتێ کارگە جگەرەکانی کوردستان، هەموو داخران و ماڵی جووتیارانی تووتنیان کاول کرد، ئیدی عارفیش زەوییەکەی خۆی بەرەڵا کرد و ببڕا و ببڕا بێڵێکیشیی لێ نەدایەوە.


ئاوی کانی مێو کە لەنێو زەوییەکەی عارفدا حەوزێکی گەورەی گلدانەوەی بۆ کرابوو، تاقە سەرچاوەی ئاوی ئەو زەوییە و چوار باخەکە بوو، سێ دارچناری گەورەی بەتەمەنی زەبەلاحیش لەو زەوییەوە بەسەر چوار باخەکەدا دەیڕوانی.


لەناکاوێ، عارفی سەبیح، لە شەوێکی زستاندا بە پارەیەکی باش زەوییەکەی خۆی بە راجیی ناجی بەگ فرۆشت، ئەو راجییە دایکی باوکی لە بەرەبابی ماڵباتێکی گوندەکەمان بوو، ماڵی راجی بە حوکمی نزیکییان لە حزبی دەسەڵاتەوە، لەم ماوەیەی دواییدا، بەهۆی مەسفای نەوت و ئەو جۆرە کاسبییانەوە زۆر دەوڵەمەند بووبوون، بۆیە نیازی هەبوو ئەو زەوییەی لە عارفی کڕیوە، بکاتە ڤیلایەکی هاوینەی گەورە و مەلەوانگە و کەپر و شوێنی مەجلیسی میوانان.


هەموو شتێکی ئەم مامەڵەی فرۆشتنە بەبێ پرس و ئاگاداریی عومەری ساوەرکوت و ساڵحی حاجی عەزیز و رەشەی خورشە و جەمالی سەعە جامولکە بوو، کە چوار باخەکەیان لە خوار زەوییەکەی عارفەوە هەبوو و سەرچاوەی ئاوی باخەکەشیان لەوێندەرێوە دەهات.


بێ گومان رەوشەکە ئاسایی بوو، تا هاوینێ داهات، رۆژێکیان راجیی ناجی بەگ بە خۆی بە حیمایەکانیەوە کە چوار پێنجێک بوون، لەگەڵ خاوەنەکانی چوار باخەکە لای حەوەزە ئاوەکەی سەر زەوییەکەی کە جاران هی عارف بوو، ئێستا هی ئەم بوو، کۆ بووەوە، داوای لی کردن بە هیمەت بێ یان بە قیمەت، بواری بدەن جادەیەک بۆ ڤیلاکەی بەنێو باخەکاندا راکێشێت کە چوارپێنج مەترە موتەنازیع عەلەیهاکەشی بەر دەکەوت.


بەڕێکەوت (رزە شێت)یش لەوێ بوو، رزگار گەنجێکی رۆحسووکی گوندەکەمان بوو، هەر لە منداڵییەوە نەخۆشیی دەروونیی هەبوو، کوڕانی گوند ناویان نابوو (رزە شێت) و کەس نە لێی دەگرت و نە بە قسەکانی تووڕە و نیگەران دەبوو.


راجی بەگ سەرەتا، کەوتە باسی وردەکاریی پرۆژەکەی خۆی (ڤیلا هاوینییەکەی)، کە هاتە سەر ئەوەی گوتی: ”ئا لەم لایەشەوە مەسبەحێکی جوان دروست دەکەم“... وەختێکم زانی رزە شێت یەک جڕتی توندی لێ دا و گوتی: ”مەگەر سەرەکەی بگری!“.. راجی بەگ و حیمایەکانی جگە لە خێسەیەکی جەماعی، هیچ کاردانەوەیەکی توندیان نەبوو.


کە باس هاتە سەر دروستکردنی جادەکە و هەر چوار خاوەنی باخەکان بەتوندی ئەو داوایەیان رەت کردەوە، ئیدی راجی بەگ کەوتە هەڕەشە لێیان: ”ئەگەر رێگەم پێ نەدەن ئەو جادەیە بۆ ڤیلاکەم راکێشم، رێی هاتوچۆی ئەم حەوزەشتان لێ دەگرم“.


هێشتا هیچ یەکێک لە خاوەن باخەکان وەڵامی نەدابووەوە، کە رزە شێت جڕتێکی تری لێ دا و گوتییەوە: ”مەگەر سەرەکەی بگری!“.


خاوەن باخەکان لە پێکەنیندا تریقانەوە، راجی بەگیش هیچی بۆ نەمایەوە جگە لەوەی دوو جنێوی ناشرینی بە رزە شێت دا و کەوتەوە هەڕەشەی تر لە خاوەن باخەکان: ”ئاخر ئەگەر رێگە بە جادەکەم نەدەن، ئەو سێ دارچنارە گەورەیەش دەبڕمەوە و ئەو سێبەرەشتان لێ دەگرم“.


دیسان رزە شێت بە جڕتێکەوە هەڵی دایە: ”مەگەر سەرەکەی بگری!“.


ئەمجارەیان راجی بەگ بەردێکی لە رزە شێت گرت و گوتی: ”یەڵە سەگی سەگباب.. دوور کەوەرەوە لەم ناوە“. حیمایەکانیش یەک دوو بەردیان تێ گرت، بەڵام رزە دیسان هاتەوە نزیک مەجلیس، لەو کاتەدا راجی بە هەڕەشەوە هاواری کرد بەسەر خاوەن باخەکاندا: ”خوا ئاگادارە، ئەو جادەیەم رانەکێشم، هەر حەوزەکە ئەکەمە مەسبەح و ئاوی کانی مێویشتان لێ دەگرم“.


دیسان رزە شێت لە چەند مەترێک لەولا مەجلیسەکەوە، جڕتێکی قایمتری لێ دا و ئەمجارەش هاواری کرد: ”مەگەر سەرەکەی بگری!“


ئیتر راجی تەحەمولی نەما و وەک راجیمەی لێ هات، دەمانچەی بەرپشتێنی لێ دەرهێنا و میلی راکێشا، رزە رای کرد، بەڵام راجی بە خۆ و چوارپێنج حیمایەوە، دوای رزە شێت کەوتن، تا گرتیان و تێروپڕیان لێ دا، ئەو راجیە نامەرد و بێ ویژدانە، ئەو رزە قوڕەبەسەرەی خستە ژیر پێلەقە و دەمانچەی خستە سەر ناوچەوانی گوتی: “ها.. شبر و شێتی سەگی سەگباب، ئەو (سەرەکەی بگرە.. سەرەکەی بگرە..)ت لە چییە، پێم بڵێ ئەتەوێ سەری چی بگرم؟“


رزە شێت بەگریانەوە گوتی: بەخوا مەخسەدم مەسبەحەکەیە کە دروستی ئەکەیت، ئەگەر سەرەکەی نەگریت، خۆت و ژنەکەت ناتوانن بەمایۆوە مەلەوانیی تیا بکەن، چونکە منداڵە ورتکەی گوند تەماشاتان ئەکەن!”.


ئێستا، ئەو هەڕەشانەی تورکیا و ئێران و عێراقیش کە لەپای سەرکەوتنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، لە کوردستانی دەکەن، هەر وەکوو هەڕەشەکانی راجی بەگە، هەموو هاوار دەکەن، رێ لە نەوت دەگرین، هاتوچۆ دەگرین، سنوورەکان دەگرین، هیچیشیان هیچ ناکەن، تەنیا عێراق نەبێ کە بە داخستنی فڕۆکەخانەکان، توانیی سەرەکەی بگرێت!