رۆژێك له‌ مه‌كته‌ب ده‌هاتمه‌وه‌، ماڵێكم بینی هه‌موو گه‌ڕه‌ك لێیان كۆ بووبوونه‌وه‌ و ژن و پیاویان له‌پێش ده‌رگای ماڵه‌وه‌ قوڕاویان گرتبووه‌ و هه‌ر هه‌موویان له‌ناو قوڕاوه‌كه‌ شیوه‌نیان ده‌كرد و ژنه‌كان سینگیان ده‌كوتا و قژیان ده‌ڕنی. دایكم گوتی ئه‌وانه‌ عه‌ره‌بن، كوڕیان له‌ قادسییه‌ كوژراوه‌ و ئه‌وه‌ نه‌ریتیانه‌ بۆ پرسه‌گێڕان! نزیكه‌ی ده‌ ساڵێك دوای ئه‌وه‌، كه‌ باوكی خۆم كۆچی دوایی كرد، قوڕاوه‌كه‌ی لێ نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌ڵقه‌ی شیوه‌ن و سینگ كوتانی ژنانم بینی، ئه‌مجاره‌یان خۆم ئه‌ندامی ئه‌ڵقه‌کە بووم!


جیاواز له‌ خه‌ڵكی دیكه‌، ئێمه‌ كه‌ باوكمان مرد، دایكیشمان له‌ نه‌خۆشخانه‌ بێهۆش بوو، بۆیه‌ خزم و كه‌سوكار سه‌رپه‌رشتیی پرسه‌یان ده‌كرد. قسه‌كانیانم بیر ماوه‌:


- هه‌ڵسه‌ هه‌ی عه‌مرت نه‌مێنێت باوكت مردووه‌، كۆستت كه‌وتووه‌، سینگ بكوته‌ خۆ تۆ ناتۆپیت! ژنێك به‌شێنه‌یی چرپاندی: گوێ بگره‌، نابێ به‌هێز له‌ خۆت بده‌یت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیت به‌ پێوه‌ خۆت راگریت له‌مڕۆوه‌ ده‌بێت خۆت و خوشكه‌كانت فێری ئسووڵی شیوه‌ن بن! ناكرێ دوو ده‌قه‌ی جارێك بێهۆش بن و ...تاد!


ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین دوو جارم بوو شیوه‌نی ژنانم بینی و پاشان بوو به‌ بابه‌تێكی ئاسایی، هه‌ر كه‌سێ مردبا ده‌بوو ژنان بڕۆنه‌ بازنه‌ی شیوه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ قه‌رزه‌ و ده‌بێ هه‌ر به‌ شیوه‌ن بۆ مردوو بدرێته‌وه‌! ئاخر ئێمه‌ دایكمان نزیكه‌ی ساڵێك له‌ناو گه‌چدا بوو، بۆیه‌ ده‌بوو كچه‌كان ئه‌و قه‌رزه‌ بده‌نه‌وه‌!


كاتێك هاتم بۆ هه‌ولێر، له‌ پرسه‌كانیاندا شیوه‌نم نه‌بینی، دواتر كه‌ گه‌وره‌تر ده‌بووم، ئیسلامییه‌كانم بینی ده‌یانگوت هه‌رچی گریان و شیوه‌ن هه‌یه‌ ده‌بێ به‌ گوناه بۆ مردوو سزای پێ ده‌درێت. (ئه‌مه‌ تاكه‌ كاری چاكی ئیسلامییه‌كان بوو كه‌ هوشیاریی ئه‌وه‌یان بڵاو ده‌كرده‌وه‌ شیوه‌ن نه‌ریتێكی جاهیلیی عه‌ره‌به‌ و گوناهیشه‌ و نابێ ژنان بیكه‌ن).


ساڵانێكه‌ نه‌ریتی بازنه‌ی شیوه‌نی ژنان كه‌م بووه‌ته‌وه‌ و خۆم ده‌مێكه‌ نه‌مدیوه‌، بەڵام له‌ پرسه‌ی سه‌ركرده‌ی مه‌زنی كورد و سه‌رۆكی پێشووی عێراق مام جه‌لال دیسان بازنه‌ی شیوه‌ن و سینگ كوتانی ژنانم بینی! ئه‌مجاره‌یان له‌ كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ ژنه‌كان به‌ بازنه‌ راوه‌ستابوون سینگیان ده‌كوتا!
نایشارمەوە کە نیگەران بووم بەو دیاردەیە، ئاخر مام جه‌لال له‌ سه‌ركرده‌ یه‌كه‌مه‌كانی پشتیوانیی ژن بووه‌ و كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وتی به‌رچاوی بۆ پێشخستنی باری ژنانی كوردی هه‌بووه‌، چۆن ده‌بێت به ‌شیوه‌ن و نه‌ریتێكی كۆ‌نی عه‌ره‌ب پاداشتی بده‌نه‌وه‌؟ شیوه‌ن نه‌ریتێكی عه‌ره‌بیی كۆنه،‌ له‌ پرسه‌ی سه‌ركرده‌یەکی كورد ناوه‌شێته‌وه‌ کە خەبات و خزمەتێکی زۆری کردووە.


كه‌ بیرم له‌و شتانه‌ ده‌كرده‌وه‌ وێنه‌ی نووسینی شیعه‌یه‌كی عه‌ره‌بم به‌رچاو كه‌وت، ئه‌میان شیوه‌نی به‌ ئسووڵی خۆی بوو:


له‌ رێوڕه‌سمی پێشوازیكردن و ناشتنی تاڵه‌بانی، بارزانی و سه‌ركردایه‌تیی كورد سووكایه‌تیی توندیان به‌ حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراق كردووه‌. ئۆفیسی راگه‌یاندنی موه‌فه‌ق روبه‌یعی، دانه‌ دانه‌ خاڵه‌كانی سووكایه‌تییه‌كه‌ ده‌ژمێرێت، منیش خۆشترینیان ده‌كوردێنم:


- ته‌رمی تاڵه‌بانی به‌ ئاڵای كوردستان داپۆشراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رۆكی عێراق بووه‌.


- به‌رزنه‌كردنه‌وه‌ی ئاڵا عێراق له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی عێراق و په‌رله‌مانه‌كه‌ی و زۆر كه‌سایه‌تیی به‌رپرسی دیكه‌ له‌وێ بوونه‌.
- سروودی نیشتمانیی كوردستانی خوێنراوه‌ته‌وه‌ له‌بری عێراقی.


- سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، پێش فڵان و فیسار گوڵی له‌سه‌ر ته‌رمه‌كه‌ داناوه،‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی فڵان و فیساری عێراقی...


له‌ دڵی خۆمه‌وه‌ گوتم، ئه‌ی خانمی كورد، مەرگی کەسایەتییەکی وەکوو مام، خەمێکی گەلێ گەورەیە، بەڵام سینگ مه‌كوته‌ و وەکوو عەرەب شیوەن مەکە، شیوه‌ن پیشه‌ی ئەوانە و خۆیان له‌ ئسووڵه‌كه‌ی ده‌زانن! مامەی ئێمە تەنانەت به‌ مردنه‌كه‌یشی به‌ردێكی دیكه‌ی له‌ بناخه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دانا، ئه‌وانیش با عێڕاق رۆ بكه‌ن، شیوه‌نی ئه‌وان فره‌ سه‌خته‌!


ماڵئاوا مامه‌، هەزاران چەپکە گوڵ بۆ سەر گۆڕت، بژی كورد و بژی كوردستانی سه‌ربەخۆ.