پێگەی ژن

ئاریشەکانی تاکی کورد - 27

نێر بێت یان مێ، ئازادیی مافی هەر مرۆڤێکە، خۆ ئازادیی پاپووج نییە، تاکوو مێردەکەی بە دیاری پێشکەشی بکات! کۆمەڵی ئێمە چینایەتی، پاشڤەڕۆ و بابسالارە. ئافرەت لەکنەمە بۆ جەستە هێمایە نەک بۆ ئەقڵ و ڕۆح. کۆمەڵی ئێمـە بەهای ئافرەتی لە جەستەدا کورت کردووەتەوە. ئایینیش هەر گرنگیی بە جەستەی ئافرەت دەدات. ئەوجا جەستەی ئافرەتیش بە سەرچاوەی چێژ و لەزەتەوە گرێ دراوە. چونکە نێر چێژ لە جەستەی مێ دەبینێت، نەک لە ئاوەزی. لە دەقی چیرۆک، ڕۆمان و فیلمی سینەماشدا، جەستەی ژن بووە بە چەق و بابەت. لە کلیپدا دەبێت بە پاشخانی گۆرانی. واتە کەسێک لە ئێمە نایەت باس لە ڕەنج و ئاوەزی ژن بکات. خۆ دیارە جەستەیش سەرچاوەی کار و چالاکییە، بەڵام بە کاریگەریی ئایین، جەستەی مێ وەک ئاماژە بۆ گوناهـ و بێهێزیی باس دەکرێت. بەشی زۆری خەباتی ژنان، لای ئێمە و لە دونیاشدا، هەر لەو پێناوەدایە، کە ژن ببێتەوە بە خاوەنی جەستەی خۆی.


لە هەر جێیەک، لە پێناوی پاروویەک ناندا، ئاسایی بێت ژن وەک پایسکلی کرێ، هەر ساتە لەژێر پیاوێکدا بێت، لەوێ، ژن نە مافی هەیە نە نیشتمان.


ئەوەی وا ژنانی کوردی بەم ڕادەیە بێ ئیعتیبار کردووە، دوو هۆکارە، ئایین و ئاوەزی خێڵەکییانەیە. لە کتێبی مێنتەلێتیی خێڵدا، بەدرێژیی باسی گەلەکۆمەکەی دین و خێڵم لە دژی ژنی کورد کردووە. دیارە فەرموودە هەن بەڕێزەوە لە ژن دەدوێن. وەلێ ئەوانەی وا لە کۆمەڵدا خاوەنی دەسەڵاتن، بەرژەوەندییان لەوەدایە ئاماژە بەو دەقانە نەدرێن و لێفەیەکی ئەستووریان پێ دادەن.


تاکەیلی توندمەزەب و خێڵەکی، ڕەنجی فەرهادانەی ژنی کوردیان لەبەرچاو نییە. ژنی کورد یەکەم ئەندامی خێزانە، بەیانیی پێش هەمووان لە خەو ڕادەبێت، بەرچایی ئامادە دەکات. لە دێهات باڵندە ماڵییەکان تاقەت دەکات، دەیاننێتەوە. خۆی تەویلە دەماڵێت، پەزەکان بەرەوڕووی شوان دەکاتەوە، شیرەمەنی بەرهەم دێنێت، لە مەزرادا کار دەکات. بەهاران لێ دەبڕێت گژوگیای دەشتیی کۆ بکاتەوە. خۆیەتی منداڵ پەروردە دەکات و سێ ژەمە نان بۆ خێزان ئامادە دەکات. هەر خۆی منداڵان بۆ قوتانخانە بەڕێ دەکات، ماڵ خاوێن دەکاتەوە و دەفرەکان دەشوات و منداڵەکان دەنوێنێت، جێ ڕادەخات و جێ کۆ دەکاتەوە.


مافوور و بەڕە، تەختەڕەشماڵ، هۆڕ و چیغ، هەر لە پاککردنەوەی خوری و مووەوە تا دەگاتە ڕستن و چنینیان، کاری ژنی کوردە. هەموو ئەو نەخش و نیگارانەیشی کە ئێستا وەک بەشێک لە کولتووری مرۆڤی کورد سەیر دەکرێن، هەر ئەوانەن کە ژنی کورد لەسەر ڕووبەری بەڕە و قاڵی نەخشاندوونی. هەموو ئەوانە بەرهەمی ژنە دەستڕەنگینەکانی کوردن. ئەو ڕەنگانەشی، کە هونەرمەندە شێوەکارەکان پێیان دەڵێن ڕەنگی کوردەواری، بەرهەمی سەلیقەی خۆڕسکی ژنانن و ئەوان دەستنیشانیان کردوون و گشتاندوویانن. دواتر هونەرمەندان پەسندیان کردوون و لە ڕووبەری کەڤاڵی خۆیاندا دووبارەیان کردوونەتەوە. سوودیشیان لە نەخش، ڕەنگ و تۆنە ڕەنگ و فیگەرەکان بینیوە.


ژنی کورد بەزۆری دڵتەنگن و گوێیان لێ ناگیرێت. د، نوال السعداوی، لە (دراسات عن المراة والرجل فی المجتمح العربي)دا دەڵێت: "لەدەستدانی خۆشەویستی لە ژیانی خەڵکدا، دەبێتە هۆی تووشبوونیان بە نەخۆشییە دەروونییەکان. لێ خۆشەویستی بە یەکسانیی نێوان مرۆڤەکان و دادپەروەری و ڕاستگۆیی و ئازادییەوە بەندە. بۆیە ڕێژەی نەخۆشییە دەروونییەکان لەناو ژناندا بەرزترە، چونکە کۆمەڵ ژن و پیاو بە یەکسان سەیر ناکات، چونکە ژنان کۆت و بەندی زیاتریان بەسەردا سەپێنراوە، هەتا پیاوان“. ل ٣١٨ ،


ئەگەر هاوسەرگیری لەسەر بناغەی پێشەکی، پاشەکی، مارەیی لەسەر زێڕ و زەمبەر دامەزرابێت، ئەوا هەر لە سەرەتاوە ڕێز و ڕەوشتی بەرزی تێدا نییە، بەڵکوو زێڕی تێدایە.


پێویستە ئەو ڕاستییەش بڵێم، کە بەم دواییە، کچانی باکوور و ڕۆژئاوا، هەموو ئەو ناتۆرانەیان سڕییەوە، کە چەندان سەدەیە دوای مێینە خراون.


مێینە کە لە نەهامەتییەکاندا ڕۆڵی خۆڕنینەوە بووە، گریان و پۆشینی بەرگی پرسەی پێ ڕەوا بینراوە و بە شەرەفی پیاو هاتووەتە ژماردن. ئێستا ئەو کچانە لە ڕۆژئاوا، شان بە شانی پیاو، بەرەنگاری داگیرکار بوونەتەوە، ئەوانن نیشتمان دەپارێزن. هاتنە مەیدانی ژنانی باکوور و ڕۆژئاوا بەو گوڕ و تینەوە، خاڵی وەرچەرخانە لە مێژوی ژنانی کورددا. چیتر کەس ڕایەکی ناکەوێت ژنی کورد بە بێهێز و کەم سەیر بکات، لە حاڵێکدا ئەوان وا خەریکن مێژوو دروست دەکەن.


كچانی باکوور و خۆرئاوا ڕاست و چەپێکیان بەسەر ئەو مێژووە تاریکەدا هێنا، کە خێڵ و ئایین بە زۆردارەکی و بە هەرەوەزی بە باڵای ژنی کوردیان بڕیبوو. خێڵ، ژنی بە نامووس و شەرەفی خۆی حسێب کردبوو. بە ئەقڵی شڕ و کۆنی خۆی، شەرەفی لەوتاوی بە خوێن پاک دەکردەوە. ئایینیش دووانی بە شایەتێک حسێب دەکرد، ئیتر کەس بۆی نییە ئەم قسە کاڵانەی لە زار دەربێت. نها ئەوە ژنی کوردە شەرەفی خێڵ دەپارێزێت، کە نیشتمانە. بە شایەتی هەموو دونیا، ژنی کورد کارەکتەری زیندووی مێژووە. بە یەکجاری ئەو مێژووە چڵکنەیشی لەپشت خۆیەوە جێهێشت، کە وەک ناتۆرە دوایانخستبوو. چییتر ژن و تاکی کوردیش قوربانی نین، بەڵکوو کارەکتەری زیندووی مێژوون.

 

زامی قسە
پەندێکی خۆماڵیمان هەیە لەو جۆرەیە، بۆ سەلماندنی دروستیی ئەو واتا و حیکمەتەی وا لە ناوەڕکیدا هەڵیگرتووە، حیکایەتێکی لەپشتەوەیە. ڕەنگە زۆربەتان هەم پەند هەمیش حیکایەتەکەتان بیستبێت. پەندە کوردییەکە دەڵێت: (زامی خەنجەر ساڕێژ دەبێت، زامی قسە ساڕێژ نابێت)، بەو واتایەی تۆ ئەگەر بە تیغ یان بە گوللە زامدار کرایت، دوای ماوەیەک زامەکە ساڕێژ دەبێت، واتە لەبیرت دەچێتەوە، لە بکەریش خۆش دەبیت. وەلێ هەرچیی زامی قسەیە، نە ساڕێژ دەبێت، نە لە یاد ناچێتەوە، کەواتە لێخۆشبوونیشی نییە.


حیکایەتەکە دەستکردی خەیاڵە و جۆری فێبڵ- ە. لەوێدا شێرێک لە دارستاندا لەگەڵ داربڕێکدا گفتوگۆ دەکات. من لێرەدا قسە لەسەر ئەو واتا ناهاوسەنگە دەکەم، کە ئەم حیکایەتە کوردییە بەرهەمی هێناوە و ئەم پەندەیشی لێوە لەدایک بووە، کە زۆرینەی کورد وەک یاسای نەنووسراو، یان وەک حیکمەت سەیری دەکەن. بۆیە ئەوان لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیاندا پەیڕەوی دەکەن. هەزاران مرۆڤی کورد هەن لەسەر قسەیەکی کاڵ، جارێکی تر بە یەکەوە نانووسێنەوە و لە یەک دادەبڕێن. ئەوان داخی ئەو قسەیەیان لە دڵ دەرناچێت. جار هەبووە لەسەر قسەیەک کارەسات قەوماوە.


دەسا ئەم هاوکێشەیەی کە ئێمە زۆر بە گرنگ گرتوومانە، لە دونیای نوێدا کاری پێ ناکرێت. دەیان قسەی کاڵ، لە توندوتیژیدا ناگاتە ئەو ئاستەی، تۆ دەست لە یەکێک هەڵبێنیتەوە، بەو نیازەی لێی بدەیت و زیانی پێ بگەیەنیت، چجای خەنجەر وەشاندن و گوللە پێوەنان. زۆر جاران، بیستنی دەیان قسەی سووک، شایانی ئەوە نین هەر وەڵامیش بدرێنەوە. کەچی لە دۆخی بەکارهێنانی خەنجەر و گوللەدا، ئەگەر قوربانی خۆیشی لێیان خۆش ببێت، ئەوا مافی گشتی لەسەریان بەوەڵام دێت و لێشیان دەپرسێتەوە.