داعش لە کوێی ئیسلامدایە.. 6

حزبی ئیسلامی، ئیسلامیان لە بیروباوەڕ و ئایینی خەڵکەوە کردە موڵک و ئامڕازی دەست حزب

ژیان و ئەزموون و خوێندنی ئەو کوڕە کوردە شایانی لێوردبوونەوە و لێکۆڵینەوەیە
هاتووچۆی مزگەوت بە بەردەوامی.
خوێندنەوەی کتێبەکانی سەید قوتب.
گوێگرتن لە بانگخوازان.
دۆستایەتی حزبە ئیسلامیەکان.
ئەوە پڕۆفایلی ئەو گەنجە کوردەیە کە هەموو ئومێدێکی خستووەتە سەر هەوڵی سەربازی و بەکارهێنانی چەک و لەکۆتاییشدا پەیوەندی کردن بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، تا دەگاتە دەسگیرکردنی.
ئایا دڵنیایی چییە کاتێک کوڕێکی دیکەی شازدە ساڵان خەریکی خوێندنەوەی کتێبەکانی سەید قوتب یان هەر نووسەرێکی دیکەی ئسلامی سیاسییە کە هەمان ڕێگا ئەو گەنجەی سەرەوە ناگرێ؟
ئایا چۆن دڵنیابم کە کەسانی ئازیزم کاتێک گوێ لە بانگخوازە ئیسلامییەکان دەگرن دنیایان لەبەر چاو ناکەوێ و هەوڵ نادەن بە زووترین کات و پڕخێرترین کار بچنە بەهەشت، کە ئەویش خۆتەقاندنەوە و خەڵک کوشتنە؟
ئەوە نموونەیەکە لە سەدان و هەزاران نموونە، من کە دەڵێم ڕووبەڕووبونەوە، یان بەرگریکردن لە ئیسلام ئازایەتی یان بوێریی دەوێت مەبەستم ئەوەیە.
دکتۆرێک کاتێک نەشتەرگەرییەک بۆ برینێک یان ئەندامێکی شێرپەنجەیی دەکات، دەبێ ئەوپەڕی دڵڕەق بێت و چەقۆ بەکار بێنێ و خوێن بڕێژێ و ئەندامەکە ببڕێ، بەشی زۆری جاریش نەخۆشە ئازاری پێدەگات.
جەستەی کۆمەڵگەی ئیسلامیی ئەمڕۆ نەخۆشە، نەخۆشە و پێویستی بە چارەسەر هەیە و شارازیان و دڵسۆزانی کۆمەڵگە و ئایینەکەی دەبێ ئەوەندەی ئەو دکتۆر دڵڕەق بن.
هەڵە زەقەکانی خۆمان دەستنیشان بکەین و ئاشکرایان کەین و ددانیان پێدا بنێین، بەبێ ئەوەی بە بوختان یان بە دوژمنایەتی سەیری ڕەخنەگرەکان کەین، بەتایبەتی ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە خودایان خۆش دەوێ، بانگەشەی ئەوە دەکەن بانگخوازن و لە پێناوی ئیسلامدا هەوڵ دەدەن، هەموو موسڵمانان دەبێ دەست بەبوێری و ڕاستیەوە بگرین و بڵێن (بەڵێ ئێمە سەرچاوەیەکی سەرەکیی دروستکردنی کەسایەتیی داعشیین). کەسایەتیی داعشی وەک ئەو کوڕە کوردەی لەسەرەوە باسمان کرد. ئایا ئێمە نەبووین ئەو کەسایەتیەمان لە باخەڵی دایکی دەرهێنا و، ترسانمان کە لەپێناوی خودادا هەوڵ نەدا و خۆی بە کوشت نەدا گومڕایە و سزا دەدرێ؟
کە دەشکوژرێ بە کافری ناو دەبەین. ئایا گەر بڵێن هەڵەمان بەرانبەر تەمەنی ئەو گەنجە و خێزانەکەی و کۆمەڵگەکەمان و ئایینەکەمان کردووە، گومڕا دەبین و ئیسلام لەبەین دەچێ؟
کە دانمان بەو هەڵەی خۆماندا نا، ئەو ئامانجامانەمان دەست دەکەوێ:
یەکەم: ئەو ڕاستییەمان لا ڕوون دەبێتەوە کە لە شێوازی فێرکردن و ئاڕاستەکردنمان بۆ باوەڕداران هەڵەی قورس یان ناتەواویی گەورەمان هەیە دەبێ دەستنیشانیان بکەین.
دووەم: ناکرێ، ناکرێ و ناکرێ پەروەردەی ئیسلامی لە مزگەوت، لە قوتابخانەکان، لەناو حزبەکان، خۆیان لەو ئەندامانەی داعش بێبەری کەن و بە زۆڵیان بزانن. وابیر بکەنەوە کە ئەوان دەستیان نەبووە لە دروستکردنیاندا.
سێیەم: دەستنیشانکردنی ڕێگای چارەسەرکردنی ئەو هەڵەیە تەنیا لای ئەو دامودەزگا و حزب و کەسانەیە کە دروستیان کردوون و ڕێگایان بۆ خۆش کردوون.

کێشە سەرەکییەکان
ناگەڕێمەوە بۆ مێژووی دوور، تاکە کێشەی هەرە قورسی سەدەی ڕابردوو، کێشەی هەر قورس جەنگە گەورەکان نەبوون، برسیەتیی گەورە نەبوو، کارەساتە سروشتییەکان نەبوون، نا، کێشەی هەرە گەورەی سەدەی ڕابردوو ئەوە بوو، حزبی ئیسلامی سەری هەڵدا، ئەوەبوو ئیسلامیان لە بیروباوەڕ و ئایینی خەڵکەوە کردە موڵک و ئامڕازی دەست حزب. بەوەش ناشیرینییەکانی حزب بوونە ناشیرینیی ئیسلام و جوانییەکانی ئیسلام بوونە جوانییەکانی حزب. یەکەم کاری ئسلامی سیاسییش ڕووبەڕووبوونەوەی داهێنانە گەورەکانی دنیا بوو، کە پێشتر زانا گەورەکان و سۆفیە بەناوبانگەکان داهێنانیان وەک بەرهەمی عیلم و زانست قبووڵ کردبوو، ئەوەش بەبیانووی ئەوەی لەگەڵ ئیعجازی دینیدا دژبەیەکن. لە بەکارهێنانی بۆری و بەلوعە و دابەشکردنی ئاوەوە تا دەگاتە تێزە جیهان هەژێنەکانی داروین و داهێنانەکانی ئەنیشتاین، بڵاوبوونەوەی ڕادیۆ و چارەسەرە پزیشکییەکان و نوێکردنەوە فکری ئینسان لەو سەدەیەدا، ئیسلامی سیاسی بەوپەڕی توانایەوە ئەوانەی بە داهێنانی کافران وەسف کرد و دژیان وەستایەوە، لەکاتێکدا ئەو نوخبە حزبیە بۆ خۆیان کەڵکیان لەو داهێنانانە وەردەگرت. بۆ گەیاندنی پەیامی خۆیان بەکاریان دەهێنا.
ئەوە جگە لەوەی {حزب} دیاردەیەکی عیلمانی و جیهانی مۆدێرنە و پەیوەندیی بە کۆمەڵگای ئیسلامییەوە نییە.
تاکە ڕێگا لەبەردەم ئەوانەی لە دڵەوە لە خەمی ئیسلامدان، ئەوانەی پێیان وایە داعش وێنەی ڕاستەقینەی ئسیلام نییە، دەبێ دان بەوەدا بنێن کە کەسایەتیە ئایینییەکان، موفتی و سیاسی و حزبی ئیسلامی هەموویان کارێکتەرێکی دووڕوویان لە کەسایەتیی موسڵمان دروست کرد. تا ئەمڕۆ زۆر دەگمەنن ئەو زانا ئایینییانەی بەڕاستی دەیانەوێ موسڵمانان لەو حاڵەت ڕزگار کەن. کە بەلوعە (حەنەفی) بۆ دابەشکردنی ئاو بەکاردێت ئیسلام ئەوەندە بچووک دەکەنەوە کە بڵێن (ئەوە داهێنراوی کافرانە و ئاوی بۆری بۆ دەستنوێژ ناشێ) حزبی ئیسلامی زۆرترین ئیشی لەسەر دوورخستنەوەی موسڵمانان کردووە لە داهێنان و زانست. ئەو شەڕی لەگەڵ هەموو داهێنراوەکان کردووە، تا دەگاتە سەتەلایت و ئەوانی دیکە.
بوێرییەکە لێرەدایە، دەبێ زانای خەمخۆری دین و کۆمەڵگە ددان بەو هەڵە گەورەیەی ڕێبەرانی ئەو کاتەدا دابنێ. چۆن دەکرێ تۆ کارێکتەرێکی یەک ڕوو و سەرڕاستت دەستکەوێ لە کاتێکدا هەموو گوتارمان لەسەر بەکافرکردن و بە گەمژەکردن و بە گڵاوکردنی ئەوروپا و غەیرەدین دەست پێ بکەین و کۆتایی پێ بێنین، لە هەمان کاتدا هەموو ئەو شتانەی بەکاری دەهێنین، لە جلوبەرگ و دەرمان و سەیارە و کۆمپیتەر و کارەبا و فێنککەرەوە و هەتا نەخشەی خانوو و سیستەمی ژیان و شێوازی پێکهاتەی خودی حزبە ئیسلامییەکان و هەتا ئەو ئامێر و جیهازانەی بانگی پێ دەدەین و مەراسیمی حەجی پێ دەگوازینەوە، هەموویان هی ئەو کافر و نەزان و چەپەڵ و دۆزەخیانە بن. دەبێ لەنێوان دوو ڕێگادا یەکێکیان هەڵبژێرین:
یەکەم: یان بۆ ئەبەد دەست لە هەموو کەلوپەلێکی ئەوان هەڵگرین، بە سەیارە هاتوچۆ نەکەین، دەرمان بەکار نەهێنین و بۆ چارەسەر نەچینە لای دکتۆری پەروەردە لەسەر زانستی کافران، ئەنتەرنێت و سیستمی دەوڵەتی ئەوان و هەتا شێوازی بەرهەمهێنانی تازەی کشتوکاڵ و ڕیگاکانی زۆرکردن و چاککردنی جۆرەکەی بەکار نەهێنین، بانگ بە بڵیندگۆ نەدەین و حەج بە سەتەلایت نەگوازینەوە، بۆ ئەبەد دەرگایان لەسەر داخەین و بە شێوازە ژیانی ئەو سەردەمە ڕازی بین کە ئیسلامی تێدا هاتووەتە خوار و ئەسحابەکانی تێدا ژیاون و چاوەڕێی دنیایەکی دیکە بکەین.
دووەم: یا جورئەتی ئەوەمان هەبێ کە ئێمەش لەگەڵ گەل و نەتەوە و ئایینی دیکە بە هاوبەشی لەسەر ئەو گۆی زەویە دەژین و کەڵکمان بۆ یەکتر هەیە. هەرگیز بیر لەوە نەکەینەوە دەسکاریی ژیانی دوای مردنی ئەوان بکەین، مامۆستا و بانگخوازەکان زۆر بەئاشکرا دان بەوەدا بنێن کە جیهان بە هەنگاوی گەورە بەرە پێشەوە چووە و ئێمەش سوود لەو پێشکەوتنەی ئەوان وەردەگرین.بە روونی ددان بەوەدا بنێین کە ئەوروپا، ئەمریکا، یابان تەواوی گەلان کە خزمەتی مرۆڤایەتیان کردووە بە ڕێگایەکی ڕاست و سروشتی ژیاندا ڕۆیشتوون و ئێمە بووینە بەربەست و تەگەرە لەبەردەم کۆمەڵگای خۆمان و بەڵێن بدەین هەڵەکانمان ڕاست کەینەوە. بەڕوونی سوپاسی هەموو داهێنەران بکەین، ئەوان بە دەرمانەکانیان ئازاریان کەم کردینەوە و بە سەیارەکانیان ژیانیان ئاسان کردین و بە کامێرا و ئەنتەرنێتیان مێژوویان تۆمار کردین و ژیانیان ڕەنگین کردین.
چونکە بە هۆی دەرمانەکانیانەوە ئازارمان دەشکێ و بە فڕۆکە و کەشتی و سەیارەی ئەوان گەشت دەکەین و بەهۆی ئامێرەکانی ئەوانەوە ئەرکەکانی ئایینیمان باشتر جێبەجێ دەکەین، لەسەر بڵیندگۆی مزگەوتەکان وەک برای ئینسانی ناویان بەرین و داوا بکەین تووشی دەرد و ئازار نەبن، داوا بکەین لەبەر ئەو کەڵکەی بە موسڵمانانیان گەیاندووە خودا هاوکار و یارمەتیدەریان بێ.
ئەو دوو ڕێگایە هەر کامێکیان هەڵبژێرین لەو باشترە ئیزدیواجیەت و دووڕوویی ببێتە سیفەتی یەکەمی موسڵمانان. لەلایەک کەڵک لە داهێنانەکانیان وەرگرین و لەلایەکی دیکەشەوە بە چەپەڵ و گەمژە و پیس و نەزانیان بزانین، دەبێ بپرسین؟
یەکەم: ئەرێ ئێمە وەک موسڵمان ددانمان بەوەدا ناوە کە جیهان تەنها ئێمەی تیدا ناژین؟
دووەم: ئەرێ ئێمە باوەڕمان بەوە هەیە ئینسان توانای بیرکردنەوەی هەیە و ڕێگای خۆی دیاری دەکات و (سەرکەوتن یان سەرنەکەوتن) پەیوەندیی بە خۆیەوە هەیە؟
سێیەم: کە باوەڕمان هێنا دنیا تەنیا ئێمەی تێدا ناژین، خەڵکانی دیکە کارمان تێ دەکەن و کاریان تێ دەکەین. دەبێ ئەوەش وەک خۆی قبووڵ کەین.
بێگومان کۆڕانکاری یان چاکسازی بە کەسانی دەرەوەی ئایین ناکرێت و دەبێ چاکسازی لەناو خودی ئایینەوە دەست پێ بکات.

کورد و چاکسازیی ئایینی
کێشەی ئایین لەناو نەتەوەی سەردەست، کە عەرەبە بە هۆی شیعە و سوننە و شێوازی حکومڕانییان ئەوەندە قووڵە کە محاڵە بیر لە چاکسازی ئایینی یان هەوڵی رزگاری ئیسیلام و کۆمەڵگەکەیان بدەن، نەک هەر ئەوە ڕۆژ بەڕۆژ کەڵکی خراپ لە ئایین وەردەگرن و کێشەکانی قووڵ دەکەنەوە، ئەمڕۆ ئەگەر لەبەر یاسای نێو دەوڵەتی نەبێ، شیعە و سوننە ڕقێکی ئەوەندە قووڵیان لە ناخی باوەڕدارانیاندا بەرانبەر یەکتر چاندووە بەشی سەد ساڵی داهاتوو شەڕێکی بەردەوام دەکات، سوننە ئەوەندەی هەوڵ دەدات شیعەی (رافزی وەک خۆیان دەڵین) لەناو بەرێت نیو ئەوەندە هەوڵی خوداپەرستی و دینداری نادات. لە بەرانبەریشدا ئەوەندەی شیعە هەوڵی پانوانخوازی، فراوانکردنەوەی ناوچەی حوسیینیەکان دەدات، ئەوەندەی لە خەمی بەکافرکردنی سەرکردە سوننەکان و شانۆ لەسەر کردنیانە نیو ئەوەندە لە خەمی ڕازیکردنی خودا و چوونە بەهەشت نییە. نەتەوە موسڵمانەکانی دیکەش هەریەکەیان بە جۆرێک گیرۆدەی سیاسەت و فروانخوازیی نەتەوەی خۆیانن، وەک تورکیا و ئێران و ئایینی ئیسلامیش لەو پێناوەدا گەورەترین و کاریگەرترین چەکیانە.
ئەوەی لە نەتەوە موسڵمانەکان دەمێنێتەوە کە لە دڵەوە خزمەتی ئیسلامی کردووە تەنها کوردە. بە سەدان و هەزاران زانامان لە خۆشەویستیی ئایینەکەیان، خزمەتێکی زۆر گەورەی زمانی عەرەبی و کۆمەڵگەی عەرەبیان کرد و دەستیشیان خۆش بێ. بەڵام ئەمڕۆ هیچ کەس باوەڕی بە کومەڵگە ئیسلامی گەورە و وڵاتانی ئیسلامی نەماوە.گەر ئەو دەستەواژانەش بەکار بێنن تەنها مەبەستیانە لەو ڕێگایەوە باوەڕداران بخەنە خزمەتی خۆیان. بۆیە من داوا لە زانایانی موسڵمانی کورد دەکەم فریای ئایینەکە بکەون. ئەو ئایینەی دەبێتە ئایینی کۆمەڵگە، دەبێتە کولتوور سنوورەکانی خۆی فراوان دەکات و هەوڵ دەدات بەخشیش و خۆشەویستی بداتە تاکە تاکەی ئەندامانی کۆمەڵگەی بە باوەردار و بێدینیەوە.
دەشێ کەڵک لە زانا ئایینیە کوردەکان وەرگرین، کە بەڕاستی هەوڵیان دا چرای کۆمەڵگەکەی خۆیان بن، خەریکی خواپەرستی بوون و جگە لەوەی سزادانی بەندەیان بۆ خودا بەجێ هیشتبوو و بۆخۆشیان نزایان دەکرد خودا لە خراپەی خراپەکاران خۆش بێ.
تەریقەتەکانی کورد داهێنانی تێدا کردوون، تەریقەتی قادری و تەریقەتی نەقشبەندی و هەتا ڕێبازی حەقە و بە لایەنگرانی حەمە سووری کڵاو قووتیشەوە، هەموویان مەبەستیان قووڵبوونەوەی خوداپەرستی بوو، مەبەستیان پتەوکردنی پەیوەندی و خۆشەویستی بوو، هیچ کامێکیان باوەڕی خەڵکیان بە خودا بۆ شەڕ و تووندوتیژی بەکار نەهێناوە، متمانەی خەڵکیان نەگوڕیوە بە دەسەڵات و قوڵکردنەوەی درزی نێوان ئایینەکان و مەزهەبەکان، هەوڵی بەکافرکردنی کەسیان نەداوە، زانا گەورە موسڵمانەکانی کوردی سەدەی ڕابردوو هەتا ڕێگرییان لە لایەنگران و هەتا منداڵەکانی خۆشیان نەکرد کە چ ڕیبازێکی سیاسی هەڵدەبژێرن.
تا ئیسلامی سیاسیی عەرەبی وەبەرهێنانی بە ناوی ئیسلامەوە نەکرد، زانا کوردەکان هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ هیچ حزب و لایەنێک نەبوو بە چەپ و ڕاستەوە، ئەوان بەڕاستی ئایینیان لەدەرەوەی ئەو کێشە سیاسییانە دەدیت و باوەڕیان وابوو، کێشە سیاسییەکان کۆتاییان دێ، حزب بەرنامەی دەگۆڕێ یان نامێنێ بەڵام ئایین هی کۆمەڵگایە و هەر دەبێ بە خاوێنی بمێنێ و ڕێزی لێ بگیرێ. سەدان زانا وەک کاکە ئەحمەدی شێخ و مەولانە خالیدی نەقشبەندی و سوڵتان موزەفەری کەوکەبلی، هەتا دەکاتە مەلا عەبدولکەریمی مودەریس و مستەفا زەڵمی، مەلای گەورەی کۆیە و دەیان و سەدان زانای دیکە کە بەڕاستی ئایینیان ئەوەندە بچووک نەکردەوە، بۆ وەبەرهێنانی دنیای بەکاری بێنن.
دەشێ زانایانی کورد وەک هەمیشە ببنەوە ڕزگارکەری ئیسلام و ڕێگە نەدەن چیدیکە وەبەرهێنانی حزبی و شەخسی بە ئیسلامەوە بکرێ. ئیسلام لە ڕواڵەتبازی و فیتنەبازی و پاڵەوانبازیی ناو سیاسەت و سەر شاشەکان ڕزگار کەن و بیبەنەوە ناو دڵی باوەڕداران و بەلوتف بن لەسەرەتا وە لەگەڵ هەڵەکاران، باوەشی خۆشەویستی بۆ هەمووان بکەنەوە.

بەکورتی
یەکەم: دەبێ دان بەوەدا بنێین کە گوتاری ئیسلامی ئەو پەنجا ساڵەی دوای ئایینی ئیسلامی خستە خزمەت تووندوتیژییەوە، ئیسلامی لە حزب و حکوومەتدا بچووک کردەوە، ئەو گوتارەش بەهەڵە یان بەمەبەست کارێکتەری داعشی دروست کرد.
دووەم: ڕزگارکردنی ئیسلام لەو گوتارە بوێری، زانایی و شارەزایی و ئیمانێکی هێجگار گەورەی دەوێت.
سێیەم: مەرجعی ئایینی، یان هەرکەس لە ڕاست خۆیەوە، لە دڵەوە داوای لێبووردن لە قوربانیانی دەستی داعش بکات، بەتایبەتی ئەو بانگخوازانەی کە بەڕاستی ئیماندارن، بەڵام لەبەر هەر هۆکارێک بێ کەوتنە ژێر کاریگەریی گوتاری ئیسلامی سیاسی عەرەبی و تورکییەوە. ئەوەش بوو بەهۆی دروستکردنی سوپایەکی بێ ئەژماری مرۆڤکوژ و تووندڕەوی خۆبەخش، هەم خۆیان بە هیلاک بردوو هەم هەزاران کەسیان کوشت و هەم شارەکانیان وێران کرد.
من بم لەجیاتی ئەوانەی بەشدار بوون لە دروستکردنی گوتاری تووندڕەوی ئیسلامی و کارێکتەری داعشی شار بەشار و ماڵ بە ماڵ، کەمپ بە کەمپی ئاوارەکان دەگەڕێم دەستی ئەو منداڵ و بێوەژن و دایکانە ماچ دەکەم بە هۆی گوتارەکانی منەوە ئازیزانیان لەدەست دا و هەزاران جار داوای لێبوردنیان لێ دەکەم و هەر لەبەر خاتری ئەو دنیا گەردنی خۆمیان پێ ئازا دەکەم، ئەوە جگە لەوەی بە دوای کەسوکاری ئەو کوڕە خاوێن و دڵپاکانەدا دەگەڕیم کە خێزانەکانیان متمانەیان پێ کردم بۆ خوداپەرستی و قورئان خوێندن ناردیاننە لام و منیش لەجیاتی خوداپەرستی فێری دڵڕەقی و بەکافرکردنی خەڵک و خۆتەقاندنەوە و کوشتنم کردن.
من جارێ لەسەرەتای ئەو بابەتەدام بەڵام بەڵێنم دابوو تەواو بێ، ببوورن.