(سه‌نته‌رى دیالۆگ)ی ڕۆشنبیریى كورد

ئاوا ژیاین.. 2

به‌ره‌و كۆتایى سه‌رده‌مێكى ڕۆشنبیرى
دوای ئه‌وه‌ى رۆژ به‌ڕۆژ سه‌نته‌ر ده‌گه‌شایه‌وه‌‌ و له‌ چالاكییه‌ ناوازه‌كانیدا به‌رده‌وام بوو، زۆربه‌ى قه‌ڵه‌مه‌ پاك‌ و به‌بڕشته‌كانى كوردیش تێیدا كۆ بوونه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌ندامبوو ن تێیدا مایه‌ى شه‌ره‌ف‌ و شانازییه‌كى بێهاوتا بوو.


ئه‌مه‌ بووه‌ مایه‌ى سه‌غڵه‌تبوونى هه‌ندێ ده‌سته‌‌ و دایه‌ره‌ له‌ شاره‌كه‌دا، به‌تایبه‌تى دواى دامه‌زراندنى بنكه‌یەكى ڕووناكبیرى به‌ ناوى (گه‌لاوێژ)ه‌وه‌. له‌و ڕۆژگاره‌ سه‌خت‌ و گرانییه‌دا، بودجه‌یەكى خه‌یاڵیى بۆ ته‌رخان كرا. له‌برى ئه‌وه‌ى ئه‌ندامان (وه‌ك ئه‌وانه‌ى سه‌نته‌ر) ئابوونه‌ى مانگانه‌ بده‌ن، به‌ هه‌زاران دینارى سویسرى، مووچه‌ى مانگانه‌یان بۆ ئه‌ندامانیان بڕیبووەوه‌. سه‌ره‌ڕاى ئه‌و هه‌موو كچ‌ و ژنانه‌ى وه‌ك فه‌رمانبه‌ر‌ و تایپێستى كۆمپیوته‌ره‌كان‌ و ژمێریار‌ و كارگێڕى‌ و...تد، کە له‌ ته‌لاره‌ مه‌ڕمه‌رینه‌كانى ئه‌و بنكه‌یه‌دا به‌ مووچه‌‌ و ده‌وامى تایبه‌ت دامه‌زرابوون. هاوكات ده‌یان كوڕ‌ و پیاو وه‌ك شۆفێرى ئوتومبێله‌ دوا مۆدێله‌كان‌ و پاسه‌وان‌ و مه‌فره‌زه‌ى كاتى پێویستى بنكه‌ (ڕووناكبیرى)یەكه‌ى (گه‌لاوێژ)! دامه‌زرابوون.


له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا تا نزیكه‌ى ساڵێ، جگه‌ له‌ چه‌ند قه‌ڵه‌مێكى حزبى‌ نه‌بێت، ئه‌ندامێ، ناوێ، كه‌سێتییه‌كمان تێیاندا نه‌بینى نرخ‌ و به‌هایەكى ڕوناكبیرى‌ و كۆمه‌ڵایه‌تیى ئه‌وتۆى هه‌بێت، په‌نجه‌ى بۆ ڕابكێشین. ئه‌وه‌بوو وه‌ك هه‌موو ده‌زگه‌یەكى هه‌واڵگرى، كه‌وتنه‌ وێزه‌ى سه‌نته‌ر‌ و ئه‌ندامانى. سه‌ره‌تا فریودانیان به‌ مووچه‌ى چه‌ور، ئه‌وجا به‌ هه‌ڕه‌شه‌ى نانبڕین‌ و ئیستیقاله‌پێكردن‌ و پاكانه‌ پێنووسینیشه‌وه‌ نه‌وه‌ستان، ده‌ست كرا به‌ چوونه‌ سه‌ر ماڵانى ئه‌ندامانمان‌ و گرتن، تا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى به‌ئاشكرا‌ و له‌ میكرۆفۆنى دووه‌مین فێستڤاڵ‌ و له‌ شاشه‌ى ته‌له‌ڤزیۆنه‌ ئه‌نه‌لۆگه‌كانى ئه‌و ڕۆژگاره‌وه‌، له‌ژێر دروشمى (با هه‌وره‌كانى كوردستانتان نه‌تۆرێن، با چراى ده‌نگه‌كان نه‌كوژێنه‌وه‌!) یەكه‌م به‌رپرسى ئه‌م بنكه‌ ڕوناكبیرییه‌ فێستیڤاڵه‌كه‌ى به‌ ده‌ركردنى، حوكمى، یان هه‌ڕه‌شه‌ لە پێنج شه‌ش ئه‌ندامى سه‌نته‌ر كرده‌وه‌. هه‌ڕه‌شه‌ به‌ كرده‌وه‌ هه‌ر به‌رده‌وام بوو. دواتر سه‌نته‌رى دایه‌لۆگى ڕۆشنبیریى كورد ناچار بوو له‌ نامیلكه‌یەكى 40 لاپه‌ڕه‌ییدا‌ و به‌ هه‌مان دروشمى فێستڤاڵه‌كه‌یانه‌وه‌، وه‌لێ به‌ كه‌مێ هه‌ڵگه‌ڕاوه‌یی پڕ واتا‌ و پڕ له‌ ته‌حه‌داوه‌ (هه‌وره‌كانى كوردستانتان تۆران، به‌ڵام ناتوانن چراى ده‌نگه‌كان بكوژێننه‌وه‌)دا، به‌ ناوى شایه‌ت‌ و كه‌سێتیى زیندوو ‌و دێكۆمێنته‌وه‌، وه‌ڵامى هه‌ر هه‌مزو ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌‌ و هه‌ڵمه‌ت‌ و تۆمه‌ت‌ و بوختانانه‌ بۆ سه‌ر سه‌نته‌ر هۆنرابوونه‌وه‌‌ و له‌ئارادا بوون، بڵاو بكاته‌وه‌. له‌كاتێكدا سه‌نته‌ر له‌ یەكه‌مین فێستڤاڵیدا به‌ خۆم‌ و 17 ئه‌ندامه‌وه‌، به‌ تۆژینه‌وه‌‌ و چیرۆك‌ و شیعر‌ و وتار به‌شداریمان كرد‌ و هه‌ر ئه‌مه‌یش بوو، بووه‌ مایه‌ى سه‌ركه‌وتنێكى كه‌مهاوتاى ئه‌و میهره‌جانه‌یان. ئه‌مانه‌ جگه‌ له‌وه‌ى، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى دامه‌زراندنى ئه‌و بنكه‌یه‌دا، به‌ ئاماده‌بوونى گه‌لێ له‌ ڕۆشنبیرانى كورد، یەكه‌مین كه‌سێ بووم هه‌ستام، نه‌ هه‌ر گه‌رمترین پیرۆزباییم لێ كردن‌ و هیواى سه‌ركه‌وتنم بۆ خواستن، به‌ڵكوو دواى ئه‌وه‌ى داوام لێ كردن ڕۆشنیریى كوردى نه‌كه‌نه‌ قوربانیى ڕۆشنبیریى حزبیى، وه‌ك ئه‌و ئیسلامییانه‌ى ڕۆشنبیریى كوردییان كردووته‌ ڕۆشنبیریى ئیسلامیى. ئه‌وجا ڕام گه‌یاند، هه‌رده‌م سه‌نته‌ر نه‌ هه‌ر هاوكار‌ و نزیكترین دۆستتان ده‌بێت، به‌ڵكوو بنكه‌ به‌ به‌شێك له‌ سه‌نته‌رى دایه‌لۆگ داده‌نێت. ئه‌گه‌ر ئێوه‌ به‌وه‌ ڕازى نه‌بوون به‌شێ له‌ ئێمه‌ بن، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ (سه‌نته‌ر) خۆى به‌ به‌شێ له‌ ئێوه‌ ده‌زانێت.


ئه‌م ڕاستییانه‌ به‌ تۆماركراوى (به‌ وێنه‌‌ و ده‌نگه‌وه‌) له‌ بنكه‌ى (گه‌لاوێژ) پارێزراون‌ و ئه‌گه‌ر وا نییه‌ ده‌توانن به‌درۆمان بخه‌نه‌وه‌‌ و زۆریش سوپاسیان ده‌كه‌ین.


تا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى، له‌ كۆتایى شوباتى 2000دا.. منیش وه‌ك ئه‌ندامه‌ دوایینه‌كانى سه‌نته‌ر، به‌ ناچاری‌ و به‌خێزانه‌وه‌ سلێمانیم به‌جێ هێشت و سێ ڕۆژ پێش نه‌ورۆز گه‌شتینه‌ ئه‌نكه‌ره‌.


به‌ر له‌ ڕۆیشتنم، به‌هۆى ڕۆژنامه‌وان كاكه‌ (سالار حه‌مه‌عه‌لى)، كه‌ ئیدى به‌ته‌نیا له‌ سه‌نته‌ردا مابووەوه‌‌ و سه‌رقاڵى ڕاییكردن‌ و چاپ‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ى زنجیره‌ 5ى كتێبى دیالۆگ بوو به‌ناوى (كێشه‌ى ئافره‌تان‌ و بزووتنه‌وه‌ى ژنان، له‌نێوان وه‌هم‌ و واقیعدا).. به‌هۆى ئه‌وه‌وه‌ به‌ نامه‌یێ مامۆستا (ئه‌حمه‌د سه‌ید عه‌لى به‌رزنجى)م له‌برى سه‌رۆكى سه‌نته‌ر ده‌ستنیشان‌ و سه‌رپشك کرد، بۆ ڕاییكردنى هه‌ر كارێكى پێویست له‌ سه‌نته‌ردا. وه‌لێ، ئه‌ویش نه‌یتوانى درێژه‌ به‌ ڕاپه‌ڕاندنى كار‌ و ئه‌ركه‌كانى سه‌نته‌ر بدات، چونكه‌ دواى دوو هه‌فته‌، هه‌واڵ گه‌یشته‌ ئه‌نكه‌ره‌، ئاساییشى سلێمانى له‌ نیوه‌شه‌ودا هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر باره‌گاى گشتی و هه‌رچى ئه‌رشیفى سه‌نته‌ره‌ بردوویانه‌، كه‌لوپه‌له‌كانیشیان تووڕ داوه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام‌ و كووچه‌‌ و كۆڵان.



هه‌ندێ له‌ چالاكییەكانى سه‌نته‌ر:
- ده‌ركردن‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ى 7 ژماره‌ لە هه‌فته‌نامه‌ى (دیالۆگ) به‌ 4‌ و 8 لاپه‌ڕه‌.. وه‌ك ده‌رهێنان‌ و لایه‌نى هونه‌ریى شپرزه‌ییان پێوه‌ دیاره‌.


- 4 ژماره‌ى گۆڤارى (دیالۆگ) به‌شێوه‌یەكى سه‌نگین‌ و تێر و ته‌سه‌لى بابه‌ت‌ و لایه‌نى هونه‌رى، به‌پێى ئه‌و ڕۆژگاره‌‌ و بارى سه‌ختى دارایى سه‌نته‌ر.


- به‌ دروشمى (وشه‌ نه‌ك فیشه‌ك) ڕۆژانى 30‌ و 31ى ئۆكتۆبه‌رى 997 یەكه‌مین فێستڤاڵى ڕۆشنبیریى سه‌نته‌ر له‌ كه‌لار گیرا.


- چاپكردنى چه‌ند كتێبێك له‌ بوارى ڕۆژنامه‌وانى‌ و ئه‌ده‌بدا.


- به‌رهه‌مهێنان‌ و چاپ‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ى كتێبى (كێشه‌ى ئافره‌تان...) دیالۆگى (سالار حه‌مه‌عه‌لى) له‌ دوتوێى زێتر له‌ 1000 لاپه‌ڕه‌دا.


- سیمینارى (ئه‌ده‌ب‌ و هونه‌رى كوردى، پێش‌ و پاش ڕاپه‌ڕین) له‌ سلێمانى.*


- چه‌ندین سیمینار‌ و دیبه‌یتى فیكرى‌ و ڕ‌ۆشنبیری له‌ سلێمانى‌ و هه‌ولێر‌ و دهۆك‌ و ئاكرێ‌ و...تد.


- به‌ بۆنه‌ى كۆنگره‌ى نووسه‌رانى جیهانییەوه‌ له‌ (هێلسنكى)‌ و به‌شداریكردنى هه‌ر دوو نوێنه‌رى سه‌نته‌ر، ڕێزداران (شێرزاد حه‌سه‌ن)‌ و (عه‌بدوڵا سه‌راج) له‌و كۆنگره‌یه‌دا، سه‌نته‌ر له‌ پیرۆزبایینامه‌یەكدا به‌ هه‌ردوو زمانى ئینگلیزى‌ و كوردى، سڵاوى ڕۆشنبیرانى كورد‌ و ئومێدى سه‌ركه‌وتنى كاره‌كانى كۆنگره‌كه‌ى پێ ڕاگه‌یاندن، له‌گه‌ڵ هه‌ر چوار ژماره‌كه‌ى (دایه‌لۆگ) و مێژووى سه‌نته‌ر و چالاكییەكانى دیكه‌یشى به‌ هۆى (دیسك)ى تایبه‌تییەوه‌ بۆ ناردن. شێرزاد حه‌سه‌نیشى بۆ نوێنه‌رایه‌تیى سه‌نته‌ر له‌و شاره‌دا‌ و پێوه‌ندیى ڕۆشنبیریى‌ و دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ چه‌ند نووسه‌ر و ڕێكخراوێكى ئه‌ده‌بیدا سه‌رپشك كرد.


- به‌شداریكردنى 17 ئه‌ندامى سه‌نته‌ر به‌ تۆژینه‌وه‌‌ و چیرۆك‌ و شیعر‌ و بابه‌تى هونه‌رییەوه‌ له‌ یەكه‌مین میهره‌جانى بنكه‌ى ڕوناكبیریى گه‌لاوێژدا.


- سه‌نته‌ر به‌ نامه‌یەكى تایبه‌تیى بۆ (كۆمیته‌ى ئاشتیى كوردستان) له‌ هێلسنكى، عه‌بدوڵا سه‌راجى سه‌رپشك كرد، سه‌باره‌ت پێوه‌ندیى دۆستانه‌‌ و هاریكاریكردن له‌ بوارى چاپ‌ و په‌خشى كتێبى نووسه‌رانى كوردى باشوور له‌گه‌ڵیاندا گفتوگۆ بكات.


- له‌گه‌ڵ شاندێكى په‌رله‌مانتاریى ده‌ره‌ڤه‌ى وڵات، كه‌ له‌ ڕێزداران (فڵامه‌رز باشبۆگا‌) و (ڕه‌مزى كارتاڵ)‌ و یاوه‌ریى (د. سه‌برى) پێكهاتبوون، له‌ مه‌ڵبه‌ندى گشتیى سه‌نته‌ر له‌ سلێمانى كۆبووەوه‌. سه‌باره‌ت شێوازى هاریكاریكردنى ڕۆشنبیریى نێوان سه‌نته‌ر‌ و په‌رله‌مانى ده‌ره‌ڤه‌ى وڵات‌ و هه‌روه‌ها ئینستیتۆى به‌رلین دوان، هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆك بوون، ئه‌م ڕۆژگاره‌ سه‌رده‌مى دایه‌لۆگ‌ و زانست‌ و ڕۆشنبیرییه‌، پێویسته‌ ئه‌م چه‌مكه‌ شارستانییانه‌ به‌ شێوه‌یەكى چالاك‌ و كاریگه‌رانه‌ له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌‌ و لایه‌نه‌كانى كورده‌وه‌ پێڕه‌و بكرێن‌. هه‌روه‌ها جه‌خت له‌وه‌ كرا كه‌ پێویسته‌ خوێندنه‌وه‌یەكى تایبه‌تمه‌ند بۆ واقیعى كێشه‌ى كوردى كوردستانى باكوور له‌گه‌ڵ كۆمارى توركیادا بكرێت‌ و تێیدا ئه‌و جیاوازییه‌ى له‌گه‌ڵ داگیركه‌ره‌ ئیسلامییەكانى هه‌ر سێ پارچه‌كه‌ى دیكه‌ى كوردستاندا ڕه‌چاو بكرێت، ئه‌‌وپه‌ڕى ناچارییش نه‌بێت، په‌نا نه‌برێته‌ به‌ر چه‌ك‌ و توند‌وتیژى.


- ئه‌مانه‌ و جگه‌ له‌وه‌ى به‌ بڕیارێكى ده‌سته‌ى باڵا، نووسه‌ر‌ و تێكۆشه‌رى گه‌وره‌ى تورك (ئیسماعیل بێشكچى) كرایه‌ ئه‌ندامى فه‌خریى سه‌نته‌ر.


- هه‌روه‌ها سه‌نته‌ر نامه‌یەكى (له‌مه‌ڕ دادگاییكردنى سه‌دام حسێن)ه‌وه‌، به‌ناوى ڕۆشنبیرانى كوردستانه‌وه‌ له‌ ئایارى 1997دا بۆ خاتوو (ئان كلۆید)ى په‌رله‌مانتارى به‌ریتانیا نارد.


- سه‌نته‌ر به‌ هاوكاریى دارایى وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیرى- هه‌ولێر، به‌نیازى فێستڤاڵێكى ڕۆشنبیریى سه‌رتاسه‌ریى كوردستان له‌ هه‌ولێر بوو. وێڕاى لایه‌نه‌ ئیدارییەكه‌، هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ ئه‌ده‌بى‌ و هونه‌رییەكانیش، به‌ پێشانگه‌ى شێوه‌كارى‌ و شانۆگه‌رییشه‌وه‌ له‌لایه‌ن سه‌نته‌ره‌وه‌، به‌ پوختى ده‌سته‌به‌ر كران. خه‌ڵات بۆ یەكه‌مینه‌كان دانرا‌ و نامه‌‌ و پێوه‌ندیكردن به‌ به‌شداران‌ و میوانانى ده‌رڤه‌ى هه‌رێم له‌گه‌ڵ كاك فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یى وه‌زیردا بڕێنرانه‌وه‌ و لیژنه‌یێ سه‌رجه‌م خه‌رجیى فێستیڤاڵكه‌ى قەبڵاند. به‌كورتى، سه‌نته‌ر ئه‌ركه‌كانى خۆى به‌زیاده‌وه‌ ڕاپه‌ڕاندبوو، ته‌نانه‌ت به‌ ڕه‌شنووسى ڕێکكه‌وتنه‌كه‌شه‌وه‌، ته‌نیا واژۆكردنى ڕێكکه‌وتنه‌كه‌ له‌نێوان سه‌نته‌ر‌ و وه‌زاره‌تدا مابوو، دوایى زانیمان ئه‌ندامێكى سه‌نته‌رى سه‌ر به‌وان، له‌وێ خراپ بۆى تێ چاندبووین. بۆیێ ڕۆژى واژۆكردنه‌كه،‌ لام سه‌یر بوو، کاک فه‌له‌كه‌دین خاتوو (یاسه‌مین به‌رزنجى)ی سكرتێرى ڕاسپاردبوو، به‌ ئه‌ده‌به‌وه‌ پێم بڵێت ئه‌گه‌ر هه‌ر كارێكى تایبه‌تى‌ و كه‌سێتیى هه‌یه‌ به‌سه‌رچاو، لێ، وه‌زیر ئاماده‌ نییه‌ بۆ واژووى ڕێكکه‌وتننامه‌ى فیستڤاڵه‌كه‌ پێشوازیت لێ بكات. یاسه‌مین هاوڕێى دێرینى ڕۆژنامه‌وانیمه‌، به‌ حوكمى ئه‌وه‌ى سكرتێرى كاكه‌ فه‌له‌كه‌دین بوو، هه‌ندێ ڕوونكردنه‌وه‌ى دامێ‌ و منیش ناردمه‌وه‌ لاى (كاكه‌یى) تا پێى بڵێت:


- ماڵئاوا.. كاكه‌ فه‌له‌كه‌دین، ئێمه‌ چه‌ند مانگێكه‌ به‌ ڕاپه‌ڕاندنى ئه‌و ئه‌ركانه‌وه‌ خه‌ریكین و له‌سه‌ریان رێك كه‌وتووین، ئێستا‌ گشت ئه‌رك‌ و ئیلتیزاماتى خۆمان به‌ پوختى ڕاپه‌ڕاندووه‌‌ و له‌سه‌ر ئه‌و گفت‌ و په‌یمانه‌ى نێوانمان هاتووین، ده‌نا جگه‌ له‌ ئیشى سه‌نته‌ر‌ و ڕێكکه‌وتنه‌كه‌مان، هیچ كارێكى شه‌خسیم پێتان نییه‌.


به‌م هه‌واڵه‌ ناخۆشه‌وه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ مه‌ڵبه‌ندى گشتیمان له‌ سلێمانى.


- له‌ یەكه‌مین ساڵڕۆژى دامه‌زراندنى سه‌نته‌ردا، به‌ به‌یاننامه‌یێ جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌و چه‌مكه‌ مه‌عریفییانه‌ كرد، كه‌ سه‌نته‌ر بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كردن‌ و بره‌وى پێ ده‌دان، وه‌ك چه‌مكى (سیاسه‌تى ڕۆشنبیریى نه‌ك ڕۆشنبیریى سیاسى‌ و حزبى)، فره‌چه‌شنى‌ و یێكگرتوویى (الوحده‌ والتعددیه‌)، (پێوه‌ندیى ڕۆشنبیر به‌ پرۆسه‌ى ڕه‌خنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌)، (ڕۆشنبیریى كوردیى نه‌ك ڕۆشنبیرى حزبى). مه‌به‌ستمان كاركردن وه‌ك ئۆپۆزیسیۆنێكى ڕه‌سه‌نى دڵسۆز به‌ گه‌ل‌ و نیشتمان، نه‌ك ئۆپۆزیسۆنێكى ساخته‌‌ و وابه‌سته‌ى سه‌رسه‌ختترین دوژمنى كورد‌ و كوردستان، له‌پێناوى پۆست‌ و ده‌ستكه‌وتى حزبایه‌تیدا‌. چه‌ندیش توانرا له‌ وێرانكاریدا، تا به‌رپاكرنى كوده‌تا به‌رده‌وام بن. نا ئۆپۆزیسیۆنى ڕاستینه‌ وه‌ك دۆست، نه‌ك دوژمنى ده‌سه‌ڵات‌ و به‌رنامه‌ى نه‌یاران كار ده‌كات، چه‌واشه‌كارییەكان ئاشكرا ده‌كات...تد.


- له‌ بوارى سیاسیشدا، سه‌نته‌ر دوو هه‌ڵوێستى مه‌بده‌ئیى له‌مه‌ڕ دوو كاره‌سات نواند.


- پێشوازی‌ و ڕێنماییكردنى سوپاى پاسدارانى كۆمارى ئیسلامى ئێران، له‌ 27ى ته‌موزى 1996دا له‌لایه‌ن ئیداره‌ى سلێمانیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، بۆ قووڵایى 200كم، بۆ نێوجه‌رگه‌ى سلێمانى‌ و تا سنووره‌كانى كۆیه‌‌ و ئه‌ولاتریش. به‌ شه‌رعییه‌ت پێدانێكمان وه‌سف كرد به‌ گه‌ڕانه‌وه‌، یان هاتنى به‌عس بۆ هه‌رێمه‌كه‌مان! ئه‌م پێشبینییه‌مان دواى ته‌نیا 34 ڕۆژ، له‌ 31ى ئابدا هاته‌ دى.