ساماڵ و بارانی گریاند

سه‌ری هارومار

رۆژی 2/2/1996، تڕومبێلی هیلال ئه‌حمه‌ر له‌به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری راوه‌ستا، ساماڵیان به‌ چوارده‌سته‌ خسته‌ ناو ئیسعافه‌كه‌وه‌، دایكی و خوشكه‌ گه‌وره‌ی یاوه‌ری بوون، من نه‌مده‌وێرا بچم بۆ مووسڵ، به‌رله‌وه‌ی بڕۆن چوومه‌ ژوور سه‌ری ساماڵ و ده‌ستم له‌ مل كرد، هه‌وڵم دا خۆم راگرم و به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كه‌وه‌ گوتم:
ـ هیوادارم زوو بگه‌ڕێنه‌وه‌.
به‌ چاوی پڕ له‌ فرمێسكه‌وه‌ ته‌ماشایه‌كی كردم، هه‌وڵی دا یه‌ك دوو قسه‌ بكات، به‌ڵام توانای نه‌بوو، له‌ هێكڕا دوو كانی له‌ چاوه‌كانم ده‌ربوون و له‌ پڕمه‌ی گریانم دا، ئه‌وان به‌ڕێ كه‌وتن و منیش به‌ دڵێكی توندی پڕ له‌ حه‌سره‌ت گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵی باوكم.
كه‌ چوومه‌ ئه‌وێ، زیلان و كاڵێ خۆیان به‌ باوه‌شمدا دا، زیلان ته‌مه‌نی 5 ساڵ و مانگێك و كاڵێش 2 ساڵ و مانگێك بوو، زیلان یه‌كسه‌ر پرسی ئه‌دی دایه‌؟
گوتم:
ـ چووەتە ماڵی پووره‌ خه‌بات له‌ مووسڵ، دوو سێ رۆژی دیكه‌ دێته‌وه‌.
كاڵێش یه‌ك دوو جار گوتی دایه‌، دایه‌، به‌ڵام ده‌ستم گرت و بردم هه‌ندێك نه‌سته‌له‌م بۆ كڕی. ئه‌و كاته‌ په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنی له‌نێوان هه‌ولێر و مووسڵدا نه‌بوو، ده‌بوایه‌ ته‌له‌فۆن بۆ برای ساماڵ بكه‌م، كه‌ له‌ سوید بوو، ئه‌ویش ته‌له‌فۆن بۆ مووسڵ بکا، ئینجا هه‌واڵێكم ده‌ست ده‌كه‌وت. دوو رۆژ تێپه‌ڕی و هیچ هه‌ست و خوست نه‌بوو، ته‌له‌فۆنم بۆ سوید كرد، شێرزاد وه‌رامی دامه‌وه‌ و گوتی:
ـ دوێنێ قسه‌م له‌گه‌ڵ دایكم كرد، ساماڵ تا بڵێی وه‌زعی خراپه‌.
به‌یه‌كجاری هیوابڕ بووم، بیرم له‌وه‌ كرده‌وه‌ ملی رێگا بگرم و بچم ساماڵ ببینم، به‌ڵام بیرم له‌وه‌ كرده‌وه‌ من له‌ بواری راگه‌یاندن كار ده‌كه‌م، ئه‌وێ پڕیه‌تی له‌ سیخوڕ و پیاوانی به‌عس، ئه‌گه‌ر بمگرن ئه‌وا یه‌گجاری زیلان و كاڵێ بێكه‌س ده‌مێننه‌وه‌.
رۆژانه‌ به‌ده‌م خه‌یاڵات و لێكدانه‌وه‌، ده‌قه‌ و سه‌عاتم ده‌ژمارد، به‌رده‌وام ده‌مویست دوو كچه‌كه‌م خه‌ریك بكه‌م تا بیر له‌ دایكیان نه‌كه‌نه‌وه‌، چه‌ندان یاریی منداڵانه‌ و پایسكلێكی گه‌وره‌م بۆ كڕین، شه‌وان له‌ به‌ینی هه‌ردووكیان ده‌نووستم، جار جار به‌خه‌به‌ر ده‌هاتن و ده‌یانگوت دایه‌، ده‌ستم به‌سه‌ردا ده‌هێنان و خه‌ویان لێ ده‌كه‌وته‌وه‌.
شه‌وی 5 له‌سه‌ر 6 ی/2/1996، سه‌عات 11 زه‌نگی ته‌له‌فۆن لێی دا، شێرزاد له‌ سویده‌وه‌ له‌سه‌ر خه‌ت بوو، ته‌له‌فۆنه‌كه‌م نا به‌ بناگوێمه‌وه‌، یه‌ك دوو جار گوتم هه‌له‌و هه‌له‌و هیچ ده‌نگ نه‌بوو، له‌پڕ گوێم له‌ پڕمه‌ی گریان بوو و شێرزاد هاواری كرد.
ـ ساماڵ ڕۆ، ساماڵ ڕۆ، ساماڵ مرد.
ته‌له‌فۆنه‌كه‌م له‌ ده‌ست كه‌وته‌ خواره‌وه‌، له‌ شوێنی خۆم سامگرتی بووم، نوتقم گیرا، دنیا له‌به‌رچاوم وه‌ك خۆڵه‌مێش دیار بوو، چه‌ند جارێك ویستم قیت ببمه‌وه‌، به‌ڵام لاقم له‌ دوو نه‌ده‌هاتن، له‌ هیكڕا هاوارم كرد:
ـ وه‌ی دایه‌ گیان، وه‌ی بابه‌، خۆ ساماڵ مرد. به‌په‌له‌ خۆم گه‌یانده‌ ماڵی باوكم، بینیم هێشتا زیلان و كاڵێ به‌خه‌به‌رن، گریان قوڕگی گرتبووم، به‌دزییەوە خه‌به‌رەكه‌م به‌ دایكم و باوكم گوت، شادیه‌ و شیرینی خوشكم راسپارد، كه‌ سبه‌ینێ زیلان و كاڵێ ببه‌نه‌ ماڵی نه‌وزادی برام، نه‌مده‌ویست دوو كچه‌كه‌م چاویان به‌ مه‌یتی دایكیان بكه‌وێت و گوێیان له‌ شین و رۆڕۆ بێت.
رۆژی 6/2/1996، له‌ گۆڕستانی مه‌عمه‌ل قیڕ، ساماڵمان به‌ خاك سپارد، هه‌ر سێ رۆژی پرسه‌ ده‌وروبه‌رم قه‌ره‌باڵغ بوو، هه‌ستم به‌ بۆشاییه‌كی ئه‌وتۆ نه‌كرد، به‌ڵام دوایی زانیم، كه‌ چه‌ند ته‌نیام. گه‌وره‌ترین كێشه‌ی به‌رده‌م زیلان و كاڵێ ئه‌وه‌ بوو، كه‌ چۆن بتوانم به‌و دوو منداڵه‌ بڵێم دایكتان مرد، چ ده‌روونناسێك ده‌توانێت به‌ دوو منداڵی سه‌ركه‌وبنكه‌ بڵێت ئیتر دایكتان نابیننه‌وه‌، به‌ تایبه‌تی زیلان، كه‌ فامی ده‌كرد.
چوار رۆژ بوو هیچیانم نه‌بینیبوو، یه‌كسه‌ر باوه‌شم پێدا كردن، زیلان گریا، به‌كوڵ گریا، كاڵێش، كه‌ زیلانی بینی ئه‌ویش تۆزێك نوزایه‌وه‌، ده‌ستم له‌ ملی هه‌ردووكیان كرد و دایكم و باوكم و خوشك و براكانم به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ پڕمه‌ی گریانیان دا، زیلان به‌ چاوه‌ گه‌شه‌كانی سه‌یری ده‌كردم و وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێت بڵێت:
ـ ده‌زانم دایكم مرد، به‌ڵام من نازانم وه‌كوو گه‌وران شینی بۆ بگێڕم.
ساماڵ، بۆ من هه‌ر هاوسه‌ر و هاوژینێكی ئاسایی نه‌بوو، به‌ڵكوو براده‌ر و پاڵپشت و په‌نا بوو، ئه‌و توانیی منێكی په‌رش و بڵاو كۆ بكاته‌وه‌، له‌پێناوی مندا قوربانیی به‌ زۆر شت دا، له‌ من زیاتر په‌رۆشی دنیای خوێندنه‌وه‌ بوو، ساماڵ هه‌موو حه‌ز و ئاره‌زووی ئه‌وه‌ بوو، كه‌ من بۆ دنیای ئه‌ده‌ب و نووسین بژیم، به‌ڵام شه‌ڕی ناو‌خۆ هه‌موو خه‌ونه‌كانی هه‌ڵبزڕكاند.
تازه‌ بووك و زاوا بووین، كه‌ دووباره‌ بۆ عه‌سكه‌ری بانگیان كردمه‌وه‌، به‌ته‌نیا له‌ شوقه‌دا جێم هێشت، دووباره‌ فیرارم كرده‌وه‌ و دیسان خۆی بۆ ئاسووده‌یی و ئارامیی من ته‌رخان كرد، مووچه‌كه‌ی ده‌خسته‌ به‌رده‌مم، هه‌رچی زێڕی هه‌بوو هه‌مووی فرۆشت و لێ نه‌گه‌ڕا ده‌ست له‌ كه‌س پان بكه‌مه‌وه‌، ئاخ شه‌ڕی ناو‌خۆ، چه‌ند دڕندانه‌ هێلانه‌كه‌ت لێ تێكدام، چۆن ماڵت وێران كردم و زیلان و كاڵێت له‌ نازی دایك بێبه‌ش كردن.
ده‌رگای شوقه‌كه‌م داخست و له‌گه‌ڵ هه‌ردوو كیژه‌كه‌م چووینه‌ ماڵی باوكم، دایكم و باوكم و دوو خوشك و برایه‌كم، باوه‌شی میهر و پڕ له‌ سۆزیان بۆ كردینه‌وه‌، جار جار ده‌چوومه‌ قوتابخانه‌ یان باره‌گای رۆژنامه‌، به‌ڵام زوو ده‌گه‌ڕامه‌وه‌ لای زیلان و كاڵێ، هه‌موومان له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بووین، كه‌ ئه‌و دوو منداڵه‌ بێناز نه‌بن، زیلان ده‌یزانی، كه‌ ئه‌وه‌ دایكی مرد و جارێكی دیكه‌ نایبینێته‌وه‌، به‌ڵام كاڵێ ئه‌و فامه‌ی نه‌بوو، شه‌وان یه‌ك دوو جار له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستا، ده‌ستی ده‌گێڕا و نووزه‌ نووزێكی ده‌كرد، هه‌ر زوو ده‌ستم به‌ سه‌ر و قژی داده‌هێنا و ده‌مگوت:
ـ ئه‌وجه‌ سبه‌ینێ ده‌چین نه‌سته‌له‌ی میتڕۆت بۆ ده‌كڕم.
شه‌وان، هه‌ردووكیان له‌ته‌نیشت من ده‌خه‌وتن، باوكیشم هه‌ر له‌و ژووره‌ ده‌نووست، زۆر جاران، كه‌ ده‌یبینی وا ده‌ستم له‌ ملی زیلان و كاڵێ كردووه‌ و هه‌قایه‌تیان بۆ ده‌گێڕمه‌وه‌، ده‌مبینی وا هه‌ناوی جۆش ده‌دات، چاوی پڕ ده‌بوو له‌ فرمێسك و ده‌یگوت:
ـ ئیلاهی هه‌ر تۆ په‌ناهی.