دەوڵەتی عەلمانی

عەلمانیبوونی و ئیلحاد شتێک نییین، دوو شتی تەواو جیاوازن

٢ لە ٢

دزێوترین تیرۆر و تاوان و جینۆساید بە ناوی دینەوە کراون، بە ناوی دینەوە مۆزە و شوێنەوار و کەلەپووری مرۆڤایەتی تێک دراون. تا دین لە سیاسەت جوێ نەکرێتەوە، تاوانی گەورە هەر درێژەی دەبێت، ئاخر دین و سیاسەت پێکەوە، قاعیدە و تالیبان و داعش بەرهەم دەهێنن. سیکولاریزم کرۆکێکی ئینساندۆستانەی هەیە، ئیشی ئەوە نییە، دین بسڕێتەوە، ئاخر بەگژدا چوونەوەی دین، لەگەڵ دیموکراتیدا نایەتەوە. سیکولاریزم کولتوورێکی گەردوونییە، ئینسانێک بەرهەم دەهێنێت، ڕێز لە بەهاکانی ئەوی دی و لە جیاوازییەکان بگرێت. دین یەکێکە لە پێکهاتە ڕووحی و دەروونییەکانی تاک، سیکولاریزم خوێندنەوەی تایبەتی بۆی هەیە، بەڵام نیازی ئەوەی نییە ڕیشەکێشی بکات.

 

عەلمانیبوونی و ئیلحاد شتێک نییین، دوو شتی تەواو جیاوازن، لە سایەی سیستەمی عەلمانیدا، ئازادین دەچین بۆ پەرستگە یان نا. لە فەرەنسادا کە دەوڵەتێکی عەلمانییە، لە ٢٠٠٨دا ٢٢٦٠ مزگەوت هەبووە. جیاوازیی سەرەکیی نێوان دەوڵەتی دینی و عەلمانی ئەوەیە، یەکەمیان تەنیا ڕێز لە دینی زاڵ دەگرێت و دینەکانی دیکە سەرکوت دەکات، بەڵام لە دووەمیاندا هەموو دینەکان هەمان ڕێز و بایەخیان هەیە. دەوڵەتی عەلمانی، دەوڵەتێکی ئیلحادی نییە، ئاخر لە دەوڵەتی ئیلحادیدا هەموو دینێک قەدەغەیە، بەڵام لە دەوڵەتی عەلمانیدا هەموو دینێک ئازادە. لە دەوڵەتی عەلمانیدا، هاووەڵاتی بە چاوپۆشین لەوەی سەر بەکام ئایین، یان ئایینزایە، هەمان ڕێز و هەمان مافی هەیە. لای عەلمانییەکان، ئیسلام کێشە نییە، حیزبی ئیسلامی کێشەیە، ئیسلام کە وەک بەشێک لە کولتووری لێ هاتووە، سەرچاوەی تیرۆر نییە، ئەوە حیزبی توندڕۆی ئیسلامییە کە سەرچاوەی تیرۆرە. ئەوە ڕەچاوکردنی سیاسەتی کافراندنی ئەوانی دیکەیە، ئەم یان ئەو دین وەک سەرچاوەی تیرۆر پیشان دەدات، نەک عەلمانییەکان. لە ئەورووپا لەمێژە شەڕی نێوان ڕۆشنگەران و تاریکبیران، لە قازانجی بەرەی یەکەم کۆتایی پێ هاتووە، بەڵام لە گەلێک وەڵاتی دونیای ئیسلامدا، هێشتا دین لەژێر چەپۆکی حیزبی ئیسلامیدایە.

 

عەلمانیبوون ئەوەیە، وەک چۆن پێڕەوی هەر دینێک بکەیت، ئازاد و ڕێزلێگیراویت، هەر وایش ئازاد و ڕێزلێگیراویت، ئەگەر پێڕەوی هیچ دینێکیش نەکەیت. کانت (١٧٢٤ – ١٨٠٤) گوتوویەتی: (دینێک جاڕی شەڕ لەگەڵ عەقڵدا بدات، بە تێپەڕینی کات، ناتوانێت خۆی لە بەردەم عەقڵدا ڕابگرێت.) ئیسلامییەکان چونکە وەک دوژمنی عەقڵ خۆیان بە دونیا ناساندووە، لەسەر ئاستی ئەورووپا و ئەمریکا، دوژمنێکی زۆریان بۆ موسوڵمانان پەیدا کردووە و مەترسیی ئەوە لە ئارادایە، لە ڕوانگەی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکەوە، موسوڵمانبوون وەک تۆمەتی لێ بێت. ئەوە ئەرکی ڕۆشنفیکرانە، لێ نەگەڕێن (عەق)یدە بەسەر (عەق)ڵدا زاڵ ببێت. بۆچی ئیبن ڕوشدیان (١١٢٦ – ١١٩٨) کافراند و کتێبخانەکەیان سووتاند؟ چونکە دەیویست بۆ لێکدانەوەی دەق، عەقڵ بەگەڕ بخەین، نەک پشت بە نەقڵ ببەستین و شتی کۆن کاوێژ بکەینەوە.

 

جۆن لۆک (١٦٣٢ – ١٧٠٤) دەیگوت: (دین بۆ ئەوە دانەهاتووە، سرووتەکانی جێبەجێ بکەین، یان بە هۆیەوە دەست بەسەر دەوڵەتدا بگرین، یان بە ناوییەوە هانا بۆ ستەم ببەین، بۆ ئەوە داهاتووە، ژیانی ئینسان ڕێک بخات و جوانتری بکات.) دین مافی ئەوەی نییە بەسەر عەقڵ و ویژدانمانەوە چاودێر بێت و مافە سەرەتایییەکانمان لێ زەوت بکات. عەلمانیبوون بەها بۆ ئینسان دەگەڕێنێتەوە و پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، ئەوە ئینسان خۆیەتی، خۆی ڕزگار دەکات، نەک ئەم یان ئەو ئایین. ڤۆلتێر (١٦٩٤ – ١٧٧٨) دەڵێت: (چونکە دەمارگیری زادەی هەمەجیبوونە، بۆیە کەس مافی ئەوەی نییە دەمارگیر بێت. پڵنگی برسی بۆیە نێچیرەکەی لەتوپەت دەکات بۆ ئەوەی بیخوات، بەڵام ئینسانی دەمارگیر، بە حوکمی ئەم یان ئەو دەق، نەیارەکەی سەردەبڕێت!)

 

هەیە هیچ شک نابات پێشکەشی مرۆڤایەتیی بکات، غەیری هەندێک دەقی دینی، کە ئینسان بۆ کوشتوبڕ و خوێنڕشتن هان دەدەن. (ئەگەر نەهاتە سەر دینی تۆ، یان سەرانەی نەدا، بیکوژە!) بۆچی ئەو بێتە سەر دینی من؟ بۆچی سەرانەی لێ بسەنم؟ بۆچی بیکوژم؟ ئەوە چۆن یاسایەکە، ئەو مافانە بە من ڕەوا دەبینێت؟ بۆ ئەوەی سنوور بۆ کوشتوبڕ دابنرێت، بۆ ئەوەی بەر بە لافاوی خوێن بگیرێت، بۆ ئەوەی ڕێزگرتن لە جیاوازی، جێی دەمارگیری بگرێتەوە، سیکورلاریزم سەری هەڵدا، کە نەک هەر دژایەتیکردنی ئایین نییە، بەڵکوو لە بەهایەکی دینییەوە کە (لێبوردەیی)یە، دەستی پێ کرد.

 

بەڵام لێبوردەیی چارەسەر نییە، عەقڵ چارەسەرە، عەقڵ هێژاترە لە دەق، ئاخر ئەوە عەقڵە ئینسان لە زیندانی لاهووت ئازاد دەکات. ئینسان ئەگەر ئازاد نەبێت، ئینسانبوونی خۆی لە دەست دەدات، بۆیە ئامانج، ئینسانی ئازادە. هەموو شتێک پێویستە لە خزمەتی ئینساندا بێت و هیچ شتێک لەسەروو ئینسانەوە نەبێت، ئاخر ئینسان تا ئازاد و ڕێزلێگیراو نەبێت، لە دەست دەمارگیری و وەهم ڕزگاری نابێت. ئەگەر ئەوانەی بازرگانی بە دینەوە دەکەن، لێ بگەڕێن، بێباوەڕ و باوەڕدار، دەتوانن بە ئاشتەوایی پێکەوە بژین.

 

لە زووەوە گوتراوە: دین هی خوایە، بەڵام وەتەن هی هەمووانە. مەبەست ئەوەیە، ئایین شتێکە تایبەت بەم یان بەو تاک، شتێکە لە نێوان تاک و خوادا، بەڵام سیاسەت گشتییە، تایبەت نییە بەم یان بەو هاووەڵاتی. لە دەوڵەتی تیۆکراتیدا، سەرۆک هەر فەرماندەی سیاسی نییە، باوکی ڕووحیشە، ئەمەیش بە قەدیسکردنی سیاسەتمەدارە. کە (مەسیح)یش گوتوویەتی: بەشی قەیسەر بۆ قەیسەر و بەشی خوایش بۆ خوا، هاوزەمان بەگژ دەمارگیریدا چووەتەوە و تەکەزی لەسەر ئەوەیش کردووە کە قەیسەر نوێنەری خوا نییە لەسەر زەوی.

 

کە موحەممەد عەبدە (١٨٤٩ – ١٩٠٥) گوتی: با خەلیفە فەرمانڕەوایەکی مەدەنی بێت، لەوە بە دواوە لە میسر، لەبری دەوڵەتی دینی، دەوڵەتی مەدەنی، بوو بە یەکێک لە خواستەکانی میللەت. ساتیع ئەلحوسرەی (١٨٧٩ – ١٩٦٩) کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی عورووبە، دەڵێت: (تەنیا خەڵکی نیمچە دوورگەی عەرەب، سەر بە عورووبە نیین، هەر کەسێک لە وەڵاتێکی عەرەبیدا بژی، سەر بە عورووبەیە. هەر کەسێک بە عەرەبی بپەیڤێت، بە چاوپۆشین لەوەی موسوڵمانە یان نا، سەر بە عورووبەیە.) چونکە دامەزراندنی سیستەمی عەلمانی، لە سەربەخۆیی دوورەدەستترە، بۆیە بۆ کورد و تورکمان و کریستیان، وا باشترە چی زووترە خۆیان لەبن هەژموونی دەوڵەتی عەرەب ڕزگار بکەن. کوردستان تا لەبن هەژموونی عێراقدا بێت، کە دەوڵەتێکی تیۆکراتی شیعە مەزهەبە، نابێتە خاوەنی سیستەمێکی عەلمانی.

 

لە ئەورووپا لە سەدەی هەژدەیەم بەدواوە، شێوازێکی نوێی فەرمانڕەوایی هاتە ئاراوە، شێوازێکی نادینی، کە نوێنەرایەتیی خوای نەدەکرد و فەرمانڕەوا خۆی بە سێبەری خوا نەدەزانی، سیستەمی عەلمانی بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە. نە عەلمانی، مولحیدە و نە عەلمانیبوون، ئیلحاد، لە سەرهەڵدانییەوە تا هەنووکە، سیکولاریزم دژی دین نەبووە و ئازادیی بیر و باوەڕی بۆ هەموو هاووەڵاتییان بە یەکسانی دابین کردووە. لە سایەی سیکولاریزمدا، نە دین دەست وەردەداتە سیاسەت، نە سیاسەت سواری سەری دین دەبێت. گەوهەری سیکولاریزم ئەوەیە کە جیاوازی لە نێوان فەزای گشتی و فەزای تایبەتیدا دەکات، هەر ئەمەیشە جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت. دەوڵەتی عەلمانی ڕەنگدانەوەی خواستی ئازادی خەڵکە، بە تۆپزی بەسەریاندا نەسپێندراوە. فەزای گشتی، گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە کە هاووەڵاتییانی خۆویستانە پێکەوە گرێ داوە. فەزای تایبەتی، ژیانی ڕووحی تاکەکانە کە دەسەڵات مافی ئەوەی نییە، دەستی تێ وەربدات. ئەوە ئەتککردنی فەزای تایبەتییە کە واعیزێک جۆری خۆراک و پۆشاک، بۆ هاووەڵاتییان دیاری بکات، یان لێخوڕینی ئۆتۆمۆبیل بۆ ژن بە تابوو لە قەڵەم دەدات.

 

سەپاندنی دەسەڵات بە ناوی دین و دابونەریتەوە، بە میراتی مانەوەی دەسەڵات لە باوکەوە بۆ کوڕ، مۆدێلی حوکمی سەدەکانی ناوەڕاست بوو، لە سایەی سیستەمی عەلمانیدا، ئەوە هاووەڵاتییانن متمانە بە دەسەڵات دەبەخشن، یان لێی وەردەگرنەوە. ئەوە نسکۆی سیستەمی عەلمانییە، ئەگەر دەسەڵات شەرعیبوونی خۆی لە کوودەتا یان شۆڕشەوە وەرگرتبێت، یان بەهۆی جاڕدانی باری نائاساییەوە، درێژە بە حوکم بدات. لە دەوڵەتی عەلمانیدا دەستاودەستکردنی دەسەڵات، ئاشتییانە ڕوو دەدات، ئینسان سەرکوت ناکرێت و زەبروزەنگی شۆڕشگێڕانە لە ئارادا نییە. سپینۆزا (١٦٣٢ – ١٦٧٧) گوتوویەتی: (مەبەست لە ڕۆنانی دەوڵەت بە کۆیلەکردن و ئامێراندنی هاووەڵاتییان نییە، بەڵکوو ئازادکردنی وزە شاراوەکانیانە و هاندانیانە بۆ ئەوەی بە ئازادی بیروڕای خۆیان دەرببڕن.) مەترسیی گەورەی دەوڵەتی ستەمکار، کوشتنی تاکی ناڕازی نییە، بەڵکوو بە مێگەلکردن و مل پێ کەچکردنی خەڵکە. لە دەوڵەتی عەلمانیدا عەقڵێکی ڕەخنەگرانە سەروەرە کە بەردەوام کۆمەڵ بەرەو پێشەوە دەبات.

 

دەمارگیریی دینی کە دوژمنە سەرسەختەکەی سیکولاریزمە، ئیش لەسەر شێواندنی ویژدان و دەروون دەکات. هەر دەوڵەتێک دین بکات بە ئایدۆلۆجیا و شەرعیبوونی خۆی لە دینەوە وەربگرێت، خۆی بە پیرۆز و نەیارانی بە دژەدین لە قەڵەم دەدات. دەوڵەتی وا فەزای گشتی بە دینی دەکات، ئیدی هەر لە حیزب و سەندیکاوە، تا زانکۆ و شانۆ. دەوڵەتی عەلمانی بە کۆمەکی کاوێژکردنەوەی کەلەپوور و وەڵامە دێرینەکان دانامەزرێت، لەڕێی ورووژاندنی پرسیاری نوێ و داهێنانەوە دێتە ئاراوە. سیکولاریزم، مامەڵەکردنێکی واقعییە لەگەڵ ئینسان و کاروبارە دونیایییەکاندا، مامەڵەکردنێکی بەدەر لە هەژموونی دین، بەڵام کێشەکە ئەوەیە، دینداری دەمارگیر، بڕوای بەوە نییە، شتێک هەبێت نەکەوێتە ژێر چەتری لێکدانەوەی خۆیەوە بۆ دین.

 

کە وەڵاتێکی وەک یەکێتیی سۆڤیەتی جاران، ئازادیی لەبەردەم ئەم یان ئەو دیندا بەرتەسک دەکردەوە، لە عەلمانیبوونییەوە نەبوو، لە سۆنگەی ئەوەوەبوو، ئەوسا لەوێ یەک گوتار زاڵبوو، یەک کولتوور سەروەربوو، پەرستنی یەک کەسیش باوبوو. جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت، بەردی بناغەی دامەزراندنی سیستەمی عەلمانییە، بەڵام بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی وەڵاتانەوە. لە سایەی سیستەمی عەلمانیدا ڕێز لە هەموو دینێک دەگیرێت و کەس ناچار ناکرێت بچێتە سەر دینێکی دیکە، بەڵام دەوڵەتی دینی، ئەو شێوازی ژیانە بەسەر خەڵکدا دەسەپێنێت کە بانگەشەی بۆ دەکات و ڕێ لە هەموو دەنگێکی جیاواز دەگرێت، تەنانەت ئەگەر دەنگێکی ڕیفۆرمخوازی سەر بە دینی فەرمییش بێت. عەلمانیبوون جاڕدانی جەنگ نییە لە دژی دین، قەبووڵکردنی ئەوی دیکەیە، سەر بە هەر ئایین و کولتوورێک بێت. عەلمانیبوون دیالۆگێکی هەمە لایەنەیە، لە گۆشەنیگا جیاوازەکانەوە، بە مەبەستی شکاندنی ئەو تابووانەی جەهل بەرهەمی هێناون و عەقڵی خەڵکانێکی زۆریان سڕ کردووە.

 

دەقی پیرۆز سیستەمێکی دیاری نەکردووە تا دەوڵەت پابەندی بێت، بەڵکوو موسوڵمانانی سەرپشک کردووە، ئەو سیستەمە ڕەچاو بکەن کە لەگەڵ هەلومەرجیاندا دەگونجێت. گرنگ ئەوەیە سیستەمەکە دادپەروەر بێت، ئازادی و یەکسانی لەبەر چاو بگرێت، نە سیاسەت بکات بە دین و نە دین بکات بە سیاسەت. دەوڵەتی عەلمانی شەرعیبوونی خۆی لە پیاوانی ئایینەوە وەرناگرێت، لەڕێی هەڵبژاردنەوە لە هاووەڵاتییانی وەردەگرێت. لە سیستەمی عەلمانیدا، نە دەوڵەت دەست وەردەداتە کاروباری ئایینەوە، نە ئایین دەست لە بینی دەوڵەت گیر دەکات.

 

سیستەمی عەلمانی نە گوێڕایەڵی ئەو جیهادیستانە دەبێت کە لە دەستی عەدالەت هەڵاتوون، نە ملکەچی ئەو ئیسلامیستانەی لە پەرلەمانەوە بەگژ نیشتماندا دەچنەوە و نە ڕێز لەو واعیزانە دەگرێت کە مزگەوتیان وەکوو کارگەی بەرهەمهێنانی داعش لێ کردووە. ناکرێت خۆمان بە عەلمانی بزانین و لافی دیموکراتی لێ بدەین، کەچی گوتاری ئایینێک بەسەر فەزای گشتیدا زاڵ بێت. دەوڵەتی دینی بۆیە لەسەر ئاستی دونیا شکستی هێناوە، چونکە ڕێز لە بەها ئینسانییەکان ناگرێت.

*سەرچاوەکان

(١) علي مبروک، العلمانیة ذات جوهر إنساني، الملحق الثقافي لجریدة الإتحاد ١٠ أب ٢٠١٧ أبو ظبي.
(٢) د. ألفة یوسف، الدولن الدینیة خارج العصر، الملحق الثقافي لجریدة الإتحاد ١٠ أب ٢٠١٧ أبو ظبي .
(٣) حنا عبود، الخروج علی الأیدولوجیا، الملحق الثقافي لجریدة الإتحاد١٠ أب ٢٠١٧ أبو ظبي .
(٤) أحمد فرحات، حرکة تحریر من عمی التعصب الدیني، الملحق الثقافي لجریدة الإتحاد١٠ أب ٢٠١٧ أبو ظبي.
(٥) أم الزین بنشیخة المسکیني، کانت ونقد التعصب، الملحق الثقافي لجریدة الإتحاد ١٠ أب ٢٠١٧ أبو ظبي.
(٦) هاشم صالح، هذه هي العلمانیة، الملحق الثقافي لجریدة الإتحاد ١٠ أب ٢٠١٧ أبو ظبي .
(٧) الفاهم محمد، الفکر العلماني، الملحق الثقافي لجریدة الإتحاد ١٠ أب ٢٠١٧ أبو ظبي.
(٨) محمود عبداللە، صحافة تنویریة، الملحق الثقافي لجریدة الإتحاد ١٧ أب ٢٠١٧ أبو ظبي.
(٩) أمین مسعود، الظلمة والدیاجیر، الملحق الثقافي لجریدة الإتحاد ١٧ أب ٢٠١٧ أبو ظبي.