ئه‌رێ سه‌ركۆمارى عێراق له‌ كوێیە؟

مه‌وداكان

كورد سه‌رۆك كۆمارى هه‌یه‌ و سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانیشى هه‌یه‌، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كاك مه‌سعود بارزانى، ماوه‌یه‌كى دوور و درێژه‌ خه‌ریك و سه‌رقاڵه‌ به‌ پرۆسه‌ى ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى، كه‌ بووەته‌ قه‌ڵغانى كوردستان به‌رامبه‌ر ناحه‌زان و نه‌یارانى کێشەى كوردستانیمان، بۆ دابینكردنى ئاینده‌یه‌كى گه‌ش و ده‌رچوون له‌ژێر چه‌تره‌ ڕه‌شه‌كه‌ى عێراقى عه‌ره‌بى و ڕۆیشتن به‌ره‌و ئاسۆى كوردستانێكى سه‌ربه‌خۆ. ماوه‌یه‌كه‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌ بارودۆخێكى ناهه‌مواردان. سه‌رۆك كۆماریش كه‌ كورده‌ و چووەته‌ شوێنه‌كه‌ى جه‌نابى (مام جه‌لال)، ئه‌و پیاوه‌ كه‌ كورده‌ و سه‌رۆكى عێراقى عه‌ره‌بییه‌، له‌ كۆشكى كۆمارییەوە به‌ چاك و خراپ قسه‌یه‌ك له‌و بارودۆخه‌ ناكات،. خۆ ئه‌گه‌ر جه‌نابى (مام جه‌لال) بوایه‌ تا ئێستا هه‌موو عێراقى هه‌ژاندبوو، به‌ وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و وڵاتانى ئه‌وروپا و جیهان، به‌تایبه‌تى وڵاته‌ زلهێزه‌كان. باوه‌ڕ ناكه‌م تا ئێستا به‌ ته‌له‌فۆنێكیش سه‌رۆكى هه‌رێمى کوردستانی به‌سه‌ر كردبێته‌وه‌ و ڕاوێژێك و پرس و ڕایه‌كى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى هه‌رێم كردبێت، به‌تایبه‌تى له‌و پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌ى گه‌له‌كه‌مان بیروڕاى له‌گه‌ڵ گۆڕیبێته‌وه‌، به‌تایبه‌تییش کە عه‌ره‌به‌ شۆڤینیه‌كان به‌ سوننه‌ و شیعه‌وه‌ یه‌كیان گرتووه‌ و لێدوانى ژه‌هراوى دژى ئامانج و ویسته‌ سیاسییه‌كانى كوردستان ده‌ده‌ن. له‌ ته‌له‌ڤزیۆنێكى عه‌ره‌بیدا، بێژه‌ره‌كه‌ كه‌ ڕۆشنبیرێكى كورد میوانى به‌رنامه‌كه‌ى بوو، پێى ده‌گوت: كوردستان خاكى ئاشوورییه‌كان بووه‌، وه‌ك مێژووش باسى ده‌كات ئێوه‌ى كورد به‌ شارى (هه‌ولێر)یشه‌وه‌ خاكتان نییه‌ و داگیرتان كردووه‌ و بوونى كوردیش له‌ شارى هه‌ولێر له‌ دوو سه‌د ساڵ پێش ئێستاكه‌ تێپه‌ڕ ناكا.


هه‌ر له‌ هه‌فته‌ى ڕابردوودا (عه‌بادى)، له‌ وتارى هه‌فتانه‌ى خۆیدا سه‌ره‌تا به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ ده‌رباره‌ى ڕیفراندۆم و هه‌رێمى كوردستان ده‌ستى پێكرد و له‌كۆتاییدا باسى گفتوگۆ و دۆزینه‌وه‌ى چاره‌یه‌ك بۆ كێشه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا كرد، ئه‌و هێرش و هه‌ڕه‌شانه‌ت له‌ چى و ئه‌و گفتوگۆیه‌ت له‌گه‌ڵ هه‌رێم له‌ چى! به‌ڕاستى جێگاى پێكه‌نینه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانێك ئه‌مه‌ ده‌م و دووەى بێت.


له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌، په‌رله‌مانى عێراق هه‌ر له‌ناكاو و به‌په‌له‌ و به‌خێرایی عه‌ره‌به‌ شۆڤینیه‌كانى سوننه‌ و شیعه‌ بڕیارێكیان ده‌ركرد و داوایان له‌و سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ى عێراق كرد كه‌ سنوورێك بۆ ڕیفراندۆمى هه‌رێمى كوردستان دابنێت و خاكى عێراقى یه‌كگرتوو بپارێزێ. ئه‌وه‌شیان له‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌ى (عه‌بادى) هه‌ڵوێستێكى له‌رزۆك و شۆڤینیانه‌تره‌، په‌رله‌مانى عێراق مافى ئه‌وه‌ى نییه‌ دژى ئیراده‌ى گه‌لى كوردستان هه‌ڵوێست وه‌ربگرێ، چونكه‌ هه‌رێمى كوردستان په‌رله‌مانى خۆى هه‌یه‌ و نوێنه‌رایه‌تیى گه‌لى كوردستان به‌ هه‌موو چین و توێژ و پێکهاتەکانییەوە ده‌كات.


له‌و به‌زم و هه‌رایه‌ى نێوان عێراقى عه‌ره‌بى و هه‌رێمى كوردستاندا، به‌ تایبه‌تى له‌و پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌ى نه‌ته‌وه‌كه‌مان، ئه‌رێ سه‌ركۆماره‌ كورده‌كه‌مان جه‌نابت له‌ كوێى؟ نووقه‌ت لێوه‌ نایێ، یان خه‌مى كورسییه‌كه‌ته‌، كه‌ به‌ خه‌یاڵیشدا نه‌ده‌هات ئێمه‌ى كورد ڕۆژێ له‌ ڕۆژان بتكه‌ین به‌ سه‌رۆكى عێراق، چونكه‌ چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا لێدوانت ده‌دا و ده‌تگوت: چیتر له‌ په‌رله‌مان و له‌ حزبیش نامێنم و كاتى خۆم ته‌رخان ده‌كه‌م بۆ نووسینه‌وه‌ى بیره‌وه‌رییه‌كانم، دیاره‌ چاوه‌ڕێ ده‌كه‌یت كه‌ى عه‌ره‌به‌ شۆڤینیه‌كان له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ت لات بده‌ن و له‌ به‌غداش ده‌رت بكه‌ن.


له‌كۆتاییدا ده‌ڵێم، تاكو سه‌رۆكى هه‌رێم سوور بێت له‌ خه‌باتى سیاسیى خۆى له‌ هه‌ردوو پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌كه‌مان، ئێمه‌ش تا دوا هه‌ناسه‌مان له‌گه‌ڵیداین بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ ڕه‌واكانمان.


له‌ لایه‌كى تره‌وه‌، ده‌نگۆى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ په‌رله‌مانى عێراق ئیمزا كۆ بكاته‌وه‌ بۆ لادانى سه‌ركۆمارى عێراق له‌ پۆسته‌ سیادییه‌كه‌ى و متمانه‌شى لێ وه‌ربگرنه‌وه‌.


به‌ڕاى من به‌ڕێز (د. فوئاد مه‌عسوم) به‌خۆى پۆسته‌كه‌ى به‌جێ بهێڵێ و بگه‌ڕێته‌وه‌ كوردستان زۆر له‌وه‌ باشتره‌ له‌ به‌غدا ده‌رى بكه‌ن.