چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

کێشەکانی دەنگدانی کوردستانییانی هەندەران بۆ راپرسی و سەربەخۆیی کوردستان

ئەو هەموو عێراقییەت و شتە عێراقییانە چییە لە خەڵک داوا دەکرێن!

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی (کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی) بۆ هاووڵاتییانی دەرەوەی وڵات، واتە: کوردستانییانی هەندەرانشین، داوایان لێ دەکرێت تا بتوانن بەشداریی پرۆسێسی دەنگدان و راپرسیی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکەن، لەنێوان 1-9-2017 تا 7-9-2017، سەردانی ماڵپەڕی ئەو کۆمسیۆنە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بکەن، کە ئەمەی خوارێیە:


www.khec.krd
کە مرۆڤ دەچێتە نێو ئەو ماڵپەڕەوە، دەتوانێت هەر یەک لە زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی هەڵبژێرێت، کە دەچێتە سەر هەر یەکێک لەو زمانانە، تۆمارێکی دەنگیی یەک خولەک و نیویی دانراوە، کە بە کوردییە، بەڵام زووزوویش دەنگەکە دەبڕێ و دێتەوە و گەلێک بەخێرایی، باسی شێوازی خۆتۆمارکردن و پڕکردنەوەی فۆرمێک دەکات و پێت دەڵێ، بۆ ئەوەی بتوانیت فۆرمەکە پڕکەیتەوە دەبێ تەختەکلیلی، من بۆ خۆم دەڵێم تەختەکلیل، دەنا دەنگە دەڵێ: کیبوورد (Keyboard)ی عەرەبیت هەبێت. ئەوجا باسی نووسینی ناوی سیانی و ژمارە و وێنەی کارتی ناسنامەی عێراقی و ڕەگەزنامەی عێراقی و دواتریش ژمارەی فۆرمی خۆراک دەکات. من بۆ خۆم، هەرکە لە 2-9-2017دا، ئەو تۆمارە دەنگییەم بیست و چوومە نێو ئەو ماڵپەڕەوە، خۆم پێ نەگیرا و دەستبەجێ نامەیەکم بۆ سێ ناونیشانی ئیمەیلی جیاوازی ئەو کۆمسیۆنە نووسی. کۆمەڵێک خاڵم بۆیان ڕوون کردەوە و دواتر لە ڕۆژی 3-9-2017دا، لەوانەوە دوو وەڵامی کورت و هیچ نەگەیەنم بۆ هاتەوە، کە وا لێرەدا ڕێک وەک خۆیان دایاندەنێم:


یەکەم وەڵامی کۆمسیۆن: "سڵاو به‌ڕێزم، به‌ڕێزم ده‌توانى سوود له‌ فورمى خۆراكى خێزانیى وه‌رگریت له‌ناوه‌وه‌ى هه‌رێم، بۆ به‌رى یه‌كه‌م به‌ڕێز ده‌بیت ناوه‌كه‌ به‌ دروستى داخیل بكه‌یت، به‌ زمانى عه‌ره‌بى ده‌توانن ناوه‌كانتان بنێرن بۆتان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌، ده‌توانى په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ بكه‌ن له‌ رێگه‌ى وه‌تس ئه‌ب و فایبه‌ر".


دووەم وەڵامی کۆمسیۆن:"سڵاو بەڕێز ..جەژنتان پیرۆز، بەڕێز گیان سوپاس بۆ تێبینییەکەت، بەڵام ڕەچاوی ئەوانە کراوە و دەکرێ هەر کەسێك لەسەر فۆرمی خۆراکی ماڵی باوکی دەنگ بدات، بەداخەوە ئەگەر کوردێكیش لەدەرەوە ژیابێت دەبێ هاتبێتەوە کوردستان و فۆرمی خۆراکی دەرکردبێت، ئەگەرنا لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، بۆ زانیاریشت وێبسایتەکە بە زمانی ئینگلیزی و عەرەبیشە و تەنیا بە زمانی کوردی نییە. لەگەڵ ڕێزدا ".


من هیچ ناڵێم، بەڵام ئەو وەڵامانە بە کەسێکی کوردستانی، کە بە خۆیەوە سێ پشتی دانیشتووی، ئەڵمانیا، ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرانسا، سوێد یا هەر وڵاتێکی دیکەی هەندەران بێت و بیەوێت دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستان بدات، چ دەڵێت! ئەمە بێجگە لە ڕەشکردن و دزێوکردنی راپرسی و سەربەخۆیی کوردستان و دەستبەڕوودانانی کوردستانییانی هەندەران و پاڵپێوەنانیان بۆ بەشدارنەبوون و دەنگنەدان هیچی دیکە دەگەیەنێت؟


من لێرەدا ئەو خاڵە لاوازانەی پێوەندیدارن بەو بانگەوازە و بەو ڕێنوێنییانەی کۆمسیۆنەوە، کە بەشێکیم بۆ ئەوانیش نارد، دەخەمە پێش چاوی ئێوەی هێژا:


1 - ئەو دەنگەی ڕێنوێنییەکان دەخوێنێتەوە هەر زۆر خێرا دەیڵێتەوە و زووزوویش دەبڕێ، واتە: زۆر ڕوون نییە.


2 - تۆ بچیتە سەر هەر کام لەو زمانانە: کوردی، عەرەبی یا ئینگلیزی، تۆمارە دەنگییەکە هەر هەمان دەنگە و تەنیا بە زمانی کوردی دەیخوێنێتەوە، ئەویش کوردیی خواروو. لەنێو کوردانی هەندەراندا، هەموو جۆرە کوردێک هەن و بە شێوەزاری جیاوازیش قسە دەکەن: کرمانج، هەورامی، کەڵهوڕ، فەیلی، سۆران، زازا و..کە هی وایان تێدایە لە شێوەزارەکەی خۆی زیاتر، شێوەزارێکی دیکەی کوردی نازانێت. دەبوو ئەو تۆمارە دەنگییە بە کۆمەڵێک شێوەزاری کوردی دانرابا.


3 - باشووری کوردستان، تەنیا کوردی لێ ناژی، تورکمان، کلدان، ئاشووری، ئەرمەن و عەرەبیشی لێ دەژین. لەنێو کوردستانییانی هەندەراندا تەواوی ئەو نەتەوانە هەن، دەبوو تۆمارە دەنگییەکە بەو زمانانەش هەبووایە.


4 - بەشێکی زۆری لاوان و گەنجانی کوردستانییانی دەرێی کوردستان، دەتوانم بڵێم پتر لە 90%یان زمانی کوردی بە باشی نازانن و ڕەنگە وشەوشەیەک قسەی پێ بکەن و زۆریان هەرگیز کوردستانیان نەبینیوە و تێیدا نەژیاون، دەبوو تۆمارە دەنگییەکە بێجگە لە زمانی کوردی (بە هەموو شێوەزارەکانی)، بە زمانانی عەرەبی، تورکمانی، کلدانی، سریانی، ئاشووری، ئەرمەنی، فارسی، ئینگلیزی، فەرانسی، ئەڵمانی، ئیسپانی، ڕووسی و زۆرێک لە زمانە ئەوروپاییەکانی دیکە هەبوایە، چونکە ئەوان زمانی ئەو وڵاتانەی لە هەندەران تێیدا دەژین، زۆر بە باشی دەزانن و بۆ ئەوان زمانی یەکەمیانە.


5 - زۆرێک لەو کوردستانییانەی دەرێی کوردستان، هیچ جۆرە بەڵگەنامە و ناسنامە و ڕەگەزنامە و پاسپۆرت و ئەو شتە عێراقییانەیان نییە و لە تەمەنێکیشدان، کە مافی دەنگدانیان هەیە و نزیکەی هەر هەموویشیان لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندان، زۆرێک لەوانە نەک هەر خۆیان، کە لە هەندەران لەدایک بوون، ڕەنگە باوک و دایکیشیان لە هەندەران لەدایک بوو بن، یا هەیە دایکی یا باوکی بیانییە و یەکێکیان عێراقییە، ئەویش بە ڕەگەز، کە ئەویش هیچ بەڵگەنامەیەکی نییە. زۆرێک لە کوردانی فەیلی لە هەندەرانن، ئەوان زۆریان نە کوردی دەزانن و نە کوردی تێدەگەن و نە کوردی دەخوێننەوە، بەڵام لە من و تۆیش کوردترن و سەد لەسەد لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستانیشدان، زۆرینەی ئەوانەش هیچ جۆرە ڕەگەزنامەی عێراقی و ئەوانەیان نییە، چونکە لەنێوان عێراق و ئێراندا هەمیشە ماڵوێران و دەربەدەر بوون، چۆن دەنگی ئەوانە وەردەگیرێت؟


6 - پڕکردنەوەی فۆرم بە عەرەبی، سەختییەکی گەورەیە بۆ کوردستانییانی دەرێی کوردستان، چونکە هەموو ئەو خەڵکە کیبووردی عەرەبییان نییە و پێویستیشیان بە کیبووردی عەرەبی نییە، تەنانەت ئەگەر هەشیان بێت ڕەنگە عەرەبی هەر نەزانن و نەتوانن فۆرمی عەرەبی پڕ بکەنەوە.


7 - ناوی سیانی لەو وڵاتانەی هەندەران، کە کوردستانییانی تێدا دەژین، هەرگیز نە هەیە و نە باوی هەیە، چونکە سیستمی ناو لە هەندەران جۆرێکی دیکەیە. ئەو بۆی هەبێ دەنگ بدات، بۆ بە بەڵگەنامە بیانییەکانی خۆیەوە دەنگ نەدات؟ بۆ وەک چۆن دەنگ بۆ هەڵبژاردنێک لە سوێد، دانمارک، بەریتانیا یا ئەمەریکا دەدات، بۆ سەربەخۆیی کوردستانیش وەک خۆی و بەو جۆرە دەنگ نەدات؟ ئەو ناوی سیانی و سیستمە کۆنە عێراقییە بۆ کوردستانییانی هەندەران، کێشەیەکی گەورەیە.


8 - لە تۆمارە دەنگییەکەدا داوا دەکرێت ژمارەی فۆرمی خۆراک لە فۆرمی خۆتۆمارکردنەکەدا بنووسرێت. کوردستانییەکی لە ئەوروپا، ئەمەریکا، ئوسترالیا، ئەفریقا، ئەمەریکای لاتین، چین، هیندوستان، یا هەر وڵاتێکی دیکەی ئەو دنیایە دەژی، کوا فۆرمی خۆراکی هەیە؟ نەک خۆی کە ڕەنگە لاوێکی 19 ساڵان بێت نییەتی، باوک و دایک و داپیر و باپیریشی، کە ڕەنگە دانیشتووی هەندەران بن، هەر نییانە.


9 - لەو ماڵپەڕەی کۆمسیۆندا بێجگە لە تۆمارە دەنگییەکە، هیچ نووسینێک لەمەڕ ئەو راپرسییەوە نەنووسراوە، کە دەبوو بێجگە لە تۆمارە دەنگییەکە، بە نووسین، بە زمانە گرنگ و سەرەکییە جیاوازەکانی دنیا، ڕێنوێنییەکان پەخش کرابایەوە و مرۆڤ بیتوانیایە وەک فۆرم لەسەر کاغەز کۆپیی کردبا.


10- میدیای کوردی و دەسگاکانی پێوەندیدار بە راپرسی، دەبوو لە باسکردنی راپرسی و سەربەخۆیی کوردستاندا، پتر جەخت و ئاراستەی قسە و میدیا و ڕێنوێنییەکانیان، بۆ کوردستانییان بوایە، نەک تەنیا کورد، بۆ هەموو باشووری کوردستان بوایە نەک تەنیا هەرێمی کوردستان. تۆ کە باس لە کەرکووک و مەندەلی و شنگال و خورماتوو و زرباتییە و بەدرە دەکەیت، دەبێ دەستەواژەی هەرێم کەمتر و دەستەواژەی باشووری کوردستان پتر بەکار بهێنیت.


11- نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و شوێنانی دیکە، حزب و هێزە کوردستانییەکان، ئەوانەی لەگەڵ سەربەخۆیی و راپرسیدان، کە لە دەرێی کوردستان نوێنەراتی و خەڵکیان هەن، ڕێکخراوە ناحکوومەتی و مەدەنی و چالاکوانەکانی کوردستان و بیانییانی دۆستی کوردستان، دەبوو چالاکانە و بەگوێرەی شێوەی ژیان و سیستمی سیاسی و جڤاکیی ئەو کۆمەڵ و وڵاتانەی تێیدا دەژین، پرۆسێسی بەشداربوون و راپرسییان لە هەندەران ئاسان کردبا. لاوانی کوردستانییانی زمانزان و بە فەرهەنگی ئەوروپایی و ئەمەریکایی و هەندەرانی گەورە بوو و بارهاتوو و پێگەیشتوو، بخستبایەتە گەڕ و ئەوان تەواوی ڕێکخستن و کارئاسانییەکیانیان جێبەجێ کردبا. بێجگە لەوەش دەکرێ بە ئاسانی سوود لە بیانییانی دۆستی کوردستان وەرگیرێت، کە پسپۆری و شارەزاییەکی باشیان لە بواری ئەم جۆرە کارانەدا هەیە. کۆمسیۆنیش دەتوانێت، سوود لە تەواوی ئەو وزانە وەرگرێت.


12- باشووری کوردستان، کە دەیەوێت لە عێراق دابڕێت و دوورکەوێتەوە و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دروست بکات، ئەو هەموو عێراقییەت و شتە عێراقییانە چییە لە خەڵک داوا دەکرێن! تۆ دەتەوێت وشەی عێراق و عێراقییەت لە خۆت و وڵاتەکەت بکەیتەوە، کەچی، گەنجێکی باشووری کوردستانی خۆی و دایک باوکی و داپیر و باپیری، لەدایکبووی سوێد، فەرانسا، توونس، ئەڵمانیا، ئەمەریکا و...بە تۆبزی دەکەنەوە عێراقی و داوای دەیان شتی عێراقییانەی لێ دەکەن، ئەمە کەی ڕەوایە!


13- ئەم راپرسییە بۆ سەربەخۆیی کوردستانە و گەلێک لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەوانە گرنگترە. بۆ ئەو هەڵبژاردنانە، لە هەندەران ئامادەییەکی پێشوەختەی باش و هەموو کارئاسانییەک بۆ دەنگدەران دەکرا و شایلۆغانی بۆ دەکرا، کەچی ئێستا کە کەمتر لە بیست ڕۆژی ماوە، ئامادەکارییەکی بەرچاوی بۆ نەکراوە.


کوردستانیگەلێکی یەکجار زۆر لە وڵاتانی جیاوازی هەندەران دەژین، ئەگەر کارەکان بەمجۆرە بەڕێوە بچێت و هێندە سەخت بێت، هەرگیز لە 1% زیاتری ئەو خەڵکەی هەندەران، ناتوانن دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدەن و 99%ی دەنگی کوردستانییانی هەندەراننشین دەسووتێ و دەفەوتێ و بەفێڕۆ دەڕوات. ڕەنگە لەم کاتەدا من ئەم کەلێنانەم بەرچاو کەوتبن، لێ لەوانەیە تۆ زیاترت بینیبن! دەنگی خۆت بڵند بکە و شتەکانی خۆت بڵێ!